٦ شوبات ٢٠٢٣

کەجەکە لەبارەی رووداوی بومەلەرزەوە: با هەموو کەس تواناکانی خۆیان بخەنەکار

کەجەکە: بەتایبەتی گەلی باکوری کوردستان دەبێت هەموان بە گیانێکی بەرزی پشتیوانییەوە بجوڵێنەوە و هەموو تواناکانیان بخەنەکار. گەلەکەمان بە بێ ئەوەی چاوەڕێی دەوڵەت بکات لە هەموو شوێنێک دەبێت تواناکانی خۆی بەکاربهێنێ و بۆ خۆی برینەکانی خۆی ساڕێژ بکات.

راگەیەندراوی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەم جۆرەیە:

“سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەکی بەهێز روویدا کە ناوەندەکەی پازارجخی مەرەشە و بەتایبەتی زۆر شاری باکور، کاریگەریشی کردە سەر زۆر ناوچەی دیکە. سەرەتا سەرەخۆشی لە گەلانی باکوری کوردستان و تورکیا دەکەین، خودا لەو کەسانە خۆشبێت کە گیانیان لەدەستداوە و هیوای چابوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین. هاوبەشی ئازارەکانی گەلەکەمان و هەموو ئەوانەی دیکەین کە بە هۆی بومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە. بە گوێرەی زانیارییەکان بومەلەرزەکە کاریگەریشی کردووەتە سەر زۆر شاری رۆژئاوا و سوریاش و چەندین کەس ژیانیان لەدەستداوە لەهەمان کاتدا هەستی خۆمان بۆ گەلەکەمان لە رۆژئاوا و گەلانی سوریاش دەردەبڕین.

هۆکاری ئەوەی بومەلەرزەکە ئەو هەموو زیانەی لێکەوتووەتەوە دەوڵەت و دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەیە کە دەوڵەت بەڕێوەدەبەن. دەوڵەتی ئاکەپە-مەهەپە هەموو جارێک کە بوومەلەرزە روودەدات هەندێک هەوڵی فریودەرانە ئەنجام دەدات و بەم جۆرە هەوڵ دەدات وانیشانی بدات کە هاوکاری گەل دەکات. ئەو هەوڵانە هەمووی بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیەتی. دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لە بەرامبەر بومەلەرەدا هیچ رێوشوێنێک ناگرێتەبەر، سەرچاوەکانی وڵاتی خستووەتە خزمەت لایەنگرانی خۆیەوە و بۆ شەڕ دژی گەلی کورد بەکاریان دەهێنێت. ئەگەر لە بەرامبەر بومەلەرزە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر، دەتوانرێت رێگریی لە زیانەکانی بومەلەرزە بکرێت، بەڵام ئاکەپە کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە دەسەڵاتدایە تائێستا هیج رێوشوێنێکی نەگرتووەتەبەر و هەموو بومەلەرزەیەک بووەتە هۆکاری زیانی گیانی و ماددی زۆر. لە جوگرافیای تورکیا و کوردستان کە هێڵی رۆچوونی تێدایە و بەهۆی ئەوەی ئاستی مەترسی بومەلەرزە لەو هەرێمەدا زۆر بەرزە، بینا و سیستمی بیناسازی دەبێت بە گوێرەی ئەوە بێت. بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە کە حکومەتی شەڕ و گەندەڵییەنەک هەر رێکار بەرامبەر بە بومەلەرزە ناگرێتەبەر، بەڵکوو ئەو بودجەیەش کە بۆ بومەلەرزە دادەنرێت دەیخوات و بۆ سیاسەتە شەڕانگێزیەکانی بەکاریان دەهێنێت. هەربۆیە ئۆباڵی زیانە گیانی و مادییەکان لە ئەستۆی ئاکەپە-مەهەپەیە کە بەرپرسە لە گرتنەبەری رێوشوێن، کەچی هیچ رێوشوێنێکی نەگرتووەتەبەر.

لەبارەی بوومەلەرزەکەوە ئەم بانگەوازە رادەگەیەنین؛ بەتایبەتی گەلی باکوری کوردستان دەبێت هەموو کەس بە گیانێکی بەرزی پستیوانییەوە بچوڵێنەوە و هەموو تواناکانی خۆیان بخەنەکار. گەلەکەمان بە بێ ئەوەی چاوەڕێی دەوڵەت بکات، لەهەموو شوێنێک دەبێت دەرفەت و تواناکانی خۆی بەکاربهێنێت و بۆ خۆی برینی خۆی ساڕێژ بکات. هاوکات لەگەڵ کارەکانی رزگارکردن، بەهۆی هەلومەرجی زستانەوە دەبێت ماڵ و تواناکانیان لەگەڵ ئەو کەسانەی ماڵەکانیان وێران بووە هاوبەشی پێبکەن. دەزگا و دامەزراوە دیموکراتیکەکانیش دەبێت پاڵپستی لەگەل بکەن، خۆیان بگەیەننە ئەو مرۆڤانەی پێویستیان بە هاوکاری هەیە و یارمەتیان بدەن. گەلی کوردستان لە دەرەوەی وڵاتیش دەبێت بە هۆی بومەلەرزەکەوە پشتیوانی ناوخۆی وڵات بکات. ئەو بومەلەرزەیەی زیانی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتەوە، بە پشتیوانی گەل و دامەزراوە دیموکراتیکەکانی، بە هاوبەشی کردن بە تواناکان و پاڵپشتی کردن لە یەکتر دەتوانرێت تێپەڕێنرێت. ئێمە جاڕێکیتر بە هۆی زیانە گیانییەکان لە باکوری کوردستان، تورکیا، رۆژئاوا، سوریا و ناوچەکانی دیکە سەرەخۆشی خۆمان رادەگەیەنین، هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. رایدەگەیەنین کە پشتیوانی لە هەموو کەس دەکەین کە بوومەلەرزەکە کاریگەری کردووەتەسەریان، هاوبەشی ئازار و هەستەکانیانین. لەو بڕوایەداین کە وەک گەل بە هاوبەشی کردن بە تواناکانمان و بە پستیوانی دەتوانین ئەم قۆناغە دژوار و بەئازارە تێپەڕێنین”.