٢ ڕێپێوان ٢٠٢٣

بایک: دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە هەڕەشە لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەمیل بایک لە دیدارێکدا لەگەڵ پەیمانگای ئاشتی کورد هەڵسەنگاندنی بۆ هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک کرد و وتی، “دەسەڵاتی فاشیستی تورک نەک هەر لە کورد، هەڕەشە لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات”.

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەمیل بایک وەڵامی پرسیارەکانی پەیمانگای ئاشتی کورد (Kurdish Peace Institute) دایەوە. دیدارەکە کە بە ئینگلیزی لەسەر ماڵپەڕی www.kurdishpeace.org بڵاوکرایەوە بەم جۆرەیە:

وادەی هەڵبژاردن لە تورکیا نزیک دەبێتەوە. لەبەر ئەوەی دەنگدەرانی کورد ئەنجامی هەڵبژاردنەکە یەکلایی دەکەنەوە، هەروەها حکومەتی ئەردۆغان بۆ ئەوەی پشتیوانی بۆ خۆی زیاد بکات قورسایی خۆی خستووەتە سەر هێڵێکی نەتەوەپەرستی رادیکاڵ لە دژی کوردان، پرسی کورد چەقی هەڵبژاردن دەبێت. ئێوە هەڵبژاردنەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن. لە روانگەی ئێوەوە ئەنجامی چاوەڕوانکراوی هەڵبژاردن بە چ شێوەیەکە و بەرامبەر بەو ئەنجامانە دەتوانن چی بکەن؟

وەک دەزانرێت لە ٦ی شوباتدا لە تورکیا و کوردستان دوو بوومەلەرزەی بەهێزی یەک لە دوای یەک روویاندا. بە گوێرەی ئامارەکانی دەوڵەتی تورک تائێستا زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس (بەپێی حەوتەم رۆژی بومەلەرزەکە) ژیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، ژمارەی ئەو مرۆڤانەی گیانیان لەدەستداوە سەدان هەزار کەسن. گەلانی تورکیا پسوڵەی شەڕی دەسەڵاتداری ئاکەپە لە دژی کورد و پەکەکە ئێستا خۆی دەیبینێت و بەو هۆیەوە قوربانی زۆر دەدات.

لەسەر ناوی بزوتنەوەکەمان بینیمان کە بومەلەرزە رۆژەڤی گەلانی تورکیای دیاریکردووە، بووەتە هۆی چ کاولکارییەک، هەر بۆیە بە باشمان زانی کە هەڵسەنگاندنیکی نوێ لەسەر دۆخەکە بکەین. لەو بڕوایەداین لە وەها دۆخێکی دژوار و ئەستەمدا دەبێت مرۆڤ لە سەرووی سیاسەتەوە مامەڵە بکەن، بەشێوەیەکی ئەخلاقی و بە هەستی مرۆڤانەی زیاترەوە مامەڵە بکەن. هەربۆیە وەک لە راگەیاندنەکانیشەوە بڵاوکرایەوە، بڕیارماندا چالاکییەکانمان رابگرین. لەسەر ناوی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە من خۆم ئەو بڕیارەم بۆ هەموو هێزەکانمان و رای گشتی راگەیاند. هێزەکانمان لە گەورەشارەکانی تورکیا و شارەکانی دیکە هیچ چالاکییەک ناکەن. تاهەڵنەکوتنە سەر هێزەکانی گەریلای ئێمە، هێزە سەربازییەکانمان هیچ چالاکییەک نەکەن. بێگومان هەڵوێستی دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە بەرامبەر ئەم بڕیارەمان ئاراستە و رەوتی رووداوەکان دیاری دەکات.

بابێینە سەر هەڵبژاردن بە ئەگەری زۆر دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لە وادەی دیاریکراودا هەڵبژاردن ناکات. لە راستیدا ئاکەپە دۆڕاندوویەتی. وای بۆ دەچم لە مێژووی تورکیادا هەرگیز وەک ئێستا کاری گەندەڵی، دزی و پێشێلکاری نەکراوە. کوڕ، زاوا، کچ، خزم و کەسوکار و دەوروبەرییەکانی ئەردۆغان هەموو بەهۆی کاری گەندەڵی و بەرتیلەوە ناویان کەوتووەتە سەر زار. کۆمەڵگا باش ئاگاداری ئەوەیە. لەماوەی دەسەڵاتداری ٢٠ ساڵەدا بە ئاشکرا دەرکەوتووە کە دەسەڵاتداری ئاکەپە چەندە نادادپەروەرە، بەرژەوەندیپەرستە. کۆمەڵگاش ئەوەی بۆ دەرکەوتووە. ئابووری تورکیا دەتوانرێت بوترێت لەناوچووە، هەڵاوسان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی ٤٠ ساڵی رابردوو. هەژاری و بێکاری لە بەرزترین ئاستدایە. هاوکات ناسەقامگیری سیاسی زۆر دەبێت. ئاکەپە لەگەڵ سیاسەتی ئێستای جیهانیش یەکناگرێتەوە و ناتەبایە. ئەردۆغان بە مێشکی عوسمانی و نەتەوەپەرستی وشکی خۆی هەموو کەسی کردووە بە دوژمن. هەربۆیە مسۆگەرە کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئاکەپە لە دەسەڵات لادەدرێت.

بێگومان بومەلەرزە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن دادەنێت. دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بەدڵنیاییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات. تاکە کارت کە بەدەستیانەوە ماوە نەتەوەپەرستیە. لە کاتێکدا کە کۆمەڵگا لە هەموو ئاستێکدا برسی کراوە، گەندەڵی و کردەوەی چەوت دەکرێن، گوشار و ستەم لەسەر کۆمەڵگا هەیە، کۆمەڵگا وەک پێشتر ناکەوێتە ژێر کارتێکەری پرۆپاگەندەی نەتەوەپەرستی، لەو بڕوایەدا نیم کە وەک پێشوو پاڵپشتی لە دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە بکات. ئاشکرایە کە لە هەڵبژاردندا هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بە پێشەنگایەتی هەدەپە یەکلاکەرەوە دەبێت. هاوپەیمانی جمهوریش و میلـلەتیش باش ئەوە دەزانن. بە بێ پشتیوانی هەدەپە نە هاوپەیمانی جمهور و نە هاوپەیمانی میلـلەت ناتوانن بیبەنەوە. هەڵبژاردن دوابخرێت و دوانەخرێت ئەو راستیە ناگۆڕێت. بە بڕوای من کامە کاندید یاخود هاوپەمانی بە شێوەیەکی ئەرێنی و یەکگرتوو مامەڵە لەگەڵ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کەرد و دیموکراتیکبوونی تورکیا بکات، هاوپەیمانی رەنج و ئازادیش پشتیوانی ئەوان دەکات. هەدەپە و پێکهاتەکانی ئەو دۆخە یەکلاکەرەوە و گرنگەی خۆی بەو تێگەیشتنە بەرپرسیارانەیە هەڵدەسەنگێنێت.هەڵبژاردن لە کاتی خۆیشیدا بکرێت بە بڕوای من هەدەپە و هێزە دیموکراسییەکان بۆ ئەوە ئامادەن. وەک دەزانرێت دۆسیەی داخستنی هەدەپە لە ئارادایە. دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە بە ئەگەری زۆر هەدەپە دادەخەن. سیاسەتی دیموکراتیکی کورد، هەروەها هێزە دیموکراتیکەکانی تورکیا ئامادەن بەپێی رووداوە چاوەڕوانکراوەکان لەسەر جێگرەوە و رێگە و رێبازی جیاجیا بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن؛ دەزانم کە بە دۆخی ئێستایانەوە ئەنجامی هەڵبژاردن یەکلا دەکەنەوە.

تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە پەکەکە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە، ئەو ناوچەیە بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی تورکیا بەکاردەهێنێت. هەربۆیەشە هەڕەشەی هێرشێکی نوێی زەمینی دەکات. چ پەیوەندییەکتان بە باکور و رۆژهەڵاتی سوریاوە هەیە. هێرشێکی چاوەڕوانکراو کاریگەری چۆن دەکاتە سەر داینەمۆ و بزوێنەرە سیاسی و سەربازییەکانی پرسی کورد؟

بەر لە هەموو شتێک بە پێچەوانەی بانگەشەکانی تورکیا پەکەکە نە سوریا و نە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بۆ هەڕەشەکردن لە سەر ئاسایشی تورکیا بەکارناهێنێت. ئەمە بەتەواوەتی درۆیەکی دەوڵەتی تورکە. دەیەوێت بۆ هێرشە داگیرکەری و قڕکەرییەکانی پاساو دابتاشێت. پەکەکە لە دژی داعش و بۆ پاراستنی کوردان، عەرەبەکان، کریستیانەکان و تەواوی مرۆڤایەتی چووە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. راستیەکە کە پەکەکە لە بەرەنگاربوونەوە دژی داعش باج و قوربانی قورسیدا، بە شێووەیەکی گەورە خۆڕاگری کرد، ئیرادەی داعشی تێکشکاند و سودی بەتەواوی مرۆڤایەتی گەیاند. بەتایبەتی لە قۆناغی کۆبانێدا بەبەڵگە و دۆلیۆمێنت ئاشکرا بوو کە دەسەڵاتداری ئاکەپە چۆن داعشی حەواندەوە و گرتیەخۆ، پەروەردەی کرد، پڕچەکی کرد و رووی کردنە کوردان و گەلانی سوریا. ئەردۆغان لەسەر ئەو بنەمایە و ئەو بڕوایە وتبووی ‘کۆبانێ دەکەوێت و لە لێواری کەوتندایە’. لەبەرامبەر ئەوە بە بەرخودانی گیانبازانەی پەکەکە، یەپەگە، یەپەژە و پشتیوانی هێزەکانی هاوپەیمانان بە پێشەنگایەتی ئەمریکا کۆبانێ نەکەوت، بە پێچەوانەوە؛ کۆبانێ رزگاربوو، بەڵام گورزێکی قورس لە داعشی فاشیست وەشێندرا. پەکەکە دوای شکستی داعش هێزەکانی خۆی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا / رۆژئاوا کشاندەوە، تەنیا گروپێک لە هەڤاڵانی نەخۆش، بەتەمەن و بریندار لەوێ مانەوە.

پەیوەندی ئێمە لەگەڵ باکور-رۆژهەڵاتی سوریا/ رۆژئاوا نزیکەی نیوسەدەیە بەردەوامە. رێبەر ئاپۆ ٢٠ ساڵ لە سوریا مایەوە. لەو ٢٠ ساڵەدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ زۆر لایەن ئەنجامدا، کۆبوونەوەی سازکرد، پەیوەندی دروست کرد. نەک هەر لە ناو کوردان لە رۆژئاوا، بەڵکوو لە ناو عەرەب و کریستیانەکانیش بووە جێگەی متمانەیەکی گەورە، بەهایەکی گەورە. خۆی لە خۆیدا کۆمەڵگاکانی عەرەب و کریستیان بە رێپێوان، میتینگ، ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و بە ملیۆنان واژۆ لە کۆیان کردەوە، ئەمڕۆ ئەو راستییە نیشان دەدەن. هەربۆیە پەیوەندیمان بە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەتەواوەتی لەو چوارچێوەدا بوو. ئێمە پارێزگاری لە گەلانی سوریا لە دژی چەتە فاشیستەکانی داعش کە پشتیوانیان لە دەوڵەتی تورک وەردەگرت، بۆ خۆمان بە ئەرکێکی شکۆمەندانە دانا. هەربۆیە زۆر سروشتییە کە کورد و گەلانی سوریا پەکەکەیان خۆش دەوێت و پشتیوانی لێدەکەن.

هەڕەشە لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن

ئێستا دەوڵەتی تورک هەڕەشە دەکات کە ئەو دۆخە لە دژی خۆی وەک مەترسی دەبینێت، لەبەر ئەوەش دوای هێرشەکان بۆ سەر عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی دەڵێت کە ئۆپراسیۆنی سێهەمی زەمینی بۆ سەر باکور-رۆژهەڵاتی سوریا دەکات. بە بانگەشەی ئەوەی ‘پەکەکە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە’ دەیەوێت رەوایەتی بەوە بدات. وەک وتم ئەوە درۆیە، چەواشەکارییە. ئێمە باش بە ئامانجە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست دەزانین کە لە سەرەدەمی عوسمانییەوە ماونەتەوە. خۆی لە خۆیدا ئەردۆغانی فاشیستیش خۆی وەک خەلیفەی پێنجەمی عوسمانی دادەنێت. گرێ و دەرونناسی ئەوەی بەم جۆرەیە. ئەو ئامانجە شاراوە و ئاشکرایانەی بە پشت بەستن بەوەی دووەم هێزی هاوپەیمانی ناتۆن جێبەجێ دەکات. وەک منداڵی لوتبەرز و لەخۆبایی ناتۆ هەڵسوکەوت دەکات. هەم پشت بە ناتۆ دەبەستێت و هەم لەناو هاوسەنگییەکانی ئەمریکا-روسیادا یاری دەکات، هەمیش لە باکوری ئەفریقاوە تا سوریا-رۆژئاوا و عێراق و باشور لە هێرشەکانیدا سنوورەکان ناناسێت. هەربۆیە دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە نەک هەر لە سەر کوردان، هەروەها لەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسییە. بە بڕوای من هەڕەشە لە سیاسەتی جیهانیش دەکات.

رێگە بە داگیرکەرییەکی نوێ نادەن

لەگەڵ ئەو راستیە ئەگەر دەوڵەتی تورک بۆ هێرشێکی نوێ پاساو و بیانووی نوێ دابتاشێت و هێرشێکی نوێی داگیرکەری بۆ سەر باکور-رۆژهەڵاتی سوریا و رۆژئاوا دەستپێبکات، دەتوانم بە ئاسانی بڵێم کە کاریگەریی و ئەنجامەکانی تەنیا بە کوردان و رۆژئاوا سنوردار دەبێت. پێشبینی من وایە کە هێرشی نوێی داگیرکەری کە دەوڵەتی تورک بیری لێدەکاتەوە وەک هێرشەکانی یەکەم و دووەمی داگیرکەری ئاسان نابێت، سەرکەوتووش نابێت. بە بڕوای من گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە قۆناغی رابردوو وانە و ئەنجامی گەورەیان وەرگرتووە. لە لێدواەکانیانەوە تێدەگەین کە لە بەرامبەر هێرشێکی چاوەڕێکراوی داگیرکەری ئامادەکاری گەورەیان کردووە. جگە لە بەرخودان لە ئاستی سەرکەوتن و بەرخودانی رێکخراو رێگەی دیکە لەبەردەم کورداندا نییە. ئەوەشی بیەوێت کۆچ بکات شوێنێکی دیکە نییە بۆی بچن. لەو بڕوایەدام کە گەلی باکور-رۆژهەڵاتی سوریا بە ئەزمونی قۆناغی رابردوو بەم تێگەیشتنە هەرگیز رێگە بە داگیرکەری نادەن.

کاریگەری هێرشێکی نوێ گەورە دەبێت

ئاشکرایە کە هێرشێکی نوێی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باکور-رۆژهەڵاتی سوریا بۆ کوردان داینەمۆی نوێی سیاسی و سەربازی دەخوڵقێنێت، یاخود کاریگەری گەورە دەکاتە سەر دۆخی سیاسی و سەربازی ئێستا. پارچەکردن و دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار بەشدا بە دڵنیاییەوە بەو واتایە نییە کە لە ناوکورداندا دیالێکتیکی یەکێتی رۆحی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی بوونی نییە. بۆیەش هێرشێکی نوێی داگیرکەری لە هەموو پارچەکانی کوردستان و لەناو تەواوی کوردان دەبێتە هۆی ئەوەی لە رووی سیاسی و سەربازییەوە هەڵسەنگاندنێکی نوێ بکرێت، پەیجوری هاوبەش، ئیرادە و هەڵوێستی یەکگرتوو بخوڵقێنێت. هەروەها کاریگەری بکاتە سەر گۆڕەپانی نێونەتەوەیی و دەبێتە ئیرادە و سیاسەتی نێونەتەوەیی بە بەهێزی لە کوردان نزیک دەکاتەوە. بە کورتی دەتوانێت لە کوردستان نەرمەوزەیەکی نوێی بەرخودان بخوڵقێنێت. هەربۆیە دەوڵتی تورک کاتێک هەوڵ دەدات کوردان لە رۆژئاوا سەرکوت بکات رووبەڕووی کێشەیەکی گەورەتری کورد دەبێتەوە. لەبەرامبەر بەرخودانی بەهێزی کوردان دوور نییە بێچارە بێت و وەک دواچارە ناچارە ناچار دەبێت کە ئیرادەی چارەسەری کوردان قەبوڵ بکات.

تورکیا تا ئێستا لە ئەمریکا و ڕووسیا، کە دوو هێزی گەرەنتیکاری ئاگربەستی ساڵی ٢٠١٩ن، ‘مۆڵەتی’ وەرنەگرتووە بۆ ئەوەی هێرشێکی نوێ ئەنجام بدات، بەڵام چالاکانە کار بۆ بەدەستهێنانی ئەو مۆڵەتە دەکات. ئەردۆغانیش بۆ هێرشکردنە سەر بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا ئاسایی بکاتەوە. ئێوە هەڵوێست و دۆخی ئەمریکا و ڕوسیا و نزیکبوونەوەیان لە تورکیا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئەگەر هەڵە نەبم ڕووسیا بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ لەگەڵ دەوڵەتی سوریا ڕێکەوتنی هەیە. ئەمەش نیشانی دەدات، کە پەیوەندییەکانی نێوان ڕوسیا و سوریا ستراتیژین. بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکانی ئێستا تەنیا ڕوسیا مافی سەربازیی لەسەر خاکی سوریا هەیە. پەیوەندییەکانی نێوان ڕوسیا و سوریا لەم ئاستەدا بەهێزە. بوونی ڕووسیا لە دەریای سپیدا، کاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پەیوەندیی لەگەڵ سوریادا و ڕێکەوتنێکی ٥٠ ساڵە هەیە، بۆیە ڕوسیا بەهەموو هێز و دەرفەت و تواناکانییەوە پشتیوانی لەسوریا کردووە. لەڕووی سەربازی و ئابوورییەوە پشتیوانی لێکردوە و لە پلاتفۆرمە نێونەتەوەییەکاندا بەرگری لێکردووە.

هەروەها ئەمەریکا خواستی بە پڕۆژەی پەروەردەکردن و ڕاهێنان و چەکدارکردن و بڵاوکردنەوەی هێزە ئیسلامییە میانڕەوەکان لە سوریا کاریگەریی هەبێت. پڕۆژە سەرەتاییەکەی ئەمریکا ئەوەبوو، بەو هێزە ئیسلامییە ساختانە لەگەڵ تورکیا، لەسەر خاکی تورکیا راهێنانیان پێ بکات، پڕ چەک و ئامادەیان بکات. بە تێپەڕبوونی کات ئەو پڕۆژەیە سەری نەگرت، چونکە بەڕاستی ئەو هێزانە بێ کەسایەتی و ناتەبا بوون. لەبەر ئەوە لە ئاستی پێویستدا نەبوونە جێگا متمانەی ئەمریکا. ئەو پەیوەندییە، کە دەوڵەتی تورک لەگەڵ ئەم گروپانەدا هەیبوو زۆر جیاواز بوو، لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە لێیان نزیک بوو. دەوڵەتی تورک لە ژێرەوە ئەوانەی ڕێکدەخست و هەوڵیدا بیانخاتە ژێر کاریگەریی خۆی. لەبەر ئەوەش ئەم پڕۆژەیە لەلایەن ئەمریکاوە سەرکەوتوو نەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەمریکا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هەندێک لەو گروپانە لە باکوری سوریا و ئیدلب و ناوچەکانی تر. ئەمریکا لەدوای دروستکردنی پەیوەندی لەگەل قەسەد زیاتر لە سوریا کاریگەری بۆ دروستبوو. بێگومان وەک هێزێکی ناتۆش پەیوەندیی لەگەڵ تورکیا هەیە، کە ناوچەیەکی گەورەی لەباکوری سوریا داگیرکردووە.

ئەو ئەنجامەی، کە لەوە دەردەکەوێت، ئەوەیە کە بارودۆخ و داهاتووی سوریا بەتەنیا لەلایەن ڕووسیاوە دیاری ناکرێت و بە تەنیاش لەلایەن ئەمریکاوە دیاری ناکرێت. لەم چوارچێوەیەدا پرۆسەکە بەشێوەیەکی ناکۆک و شەڕ و کێشەداربوونەوە بەردەوامە.

پەیوەندییەکانی ڕوسیا – تورکیا ئاڵۆز و قەیراناوین

من دەتوانم، نزیکبوونەوەکانی ڕووسیا و ئەمریکا لە تورکیا بەمشێوەیە کورت بکەمەوە: بەڕاستی پەیوەندیی نێوان ڕووسیا و تورکیا هەمیشە کێشە بووە. لەسیاسەتەکانی پەیوەست بەجیهان و ناوچەکە هەمیشە لە یەک دوور و ناکۆک بوون. پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ڕوسیا و سیاسەتەکانیان بە زۆری ئاڵۆز و قەیراناوییە. دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە بە پشت بەستن بە هێزەکانی ئەرگەنەکۆن و ئۆراسیا لە ئاستێکدا، کە ئاستێکی بچووک نیە مەیلی بەرەو ڕووسیا هەیە، بەڵام لە کۆتایی کۆتایی دا جیابوونەوە و دابڕانی تورکیا لە ناتۆ وەک ئەگەرێکی زۆر لاواز دەبینرێت. بەم شێوەیە تورکیا ئەندامێتی خۆی لە ناتۆ، ئەگەر وتەیەکی لە جێدا بێت، لە دژی ناتۆ وەک ئامرازێک بەکاردەهێنێت. واتە بۆ ئەوەی بتوانێت زیاتر باج، یان سازش لە ئەمریکا و ئەوروپاوە بەدەست بهێنێت، هەمیشە دەیەوێت ئەلتەرناتیڤی ڕووسی بە بیریان بهێنێتەوە. بێگومان ئەم سیاسەتە سیاسەتێکی بێ پێوەر و بێمانایە. ڕوسیاش هەر وەک تورکیا نزیکدەبێتەوە، واتە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی ئاکەپە بەتەواوی ئاڵۆزە. ئەگەرنا لە سیاسەتەکانی پەیوەندیدار بە دەریای سپی، ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی سەبارەت بە سوریا لە ڕووی بەرژەوەندییەوە لە یەکتر دوورن.

ئەمریکا خۆی زۆر بێ ئاگا دەردەخات

ئەمریکاش چاودێری دەکات و دەزانێت دەوڵەتی تورک دەیەوێت چی بکات، لە گەڕاندایە، کە سیاسەت و تاکتیکی چۆن پەیڕەو بکات. چونکە تورکیا ئەندامێکی گرنگی ناتۆیە، ئەمریکا سیاسەتێکی بە جۆرێک بەڕێوەدەبات، کە وادیارە سیاسەتەکە نادیار و نائاگایانە و هاوکات بە گەشبینییەوە لە تورکیا نزیک دەبێتەوە. هەرچەندە چەندین هەنگاوی دەسەڵاتی ئەردۆغان لەگەڵ بەرژەوەندی ئەمەریکا و ئەوروپادا نایەتەوە، بەتایبەتی ئەمریکا بێ هەڵوێستی دەگرێتەبەر، دەسەڵاتی ئاکەپە زیاتر لەخۆبایی و ڕاشکاو بووە و لەسەر ئەم بنەمایەش دەسەڵاتی ئاکەپە لە هەوڵی بەدەستهێنانی باج و سازەش لە ئەمریکا و ئەروپا.

ئێوە پرۆسەی ئاسایی بوونەوەی نێوان تورکیا و سوریا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئەردۆغان و دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە لە هەموو لایەکەوە تووشی کێشە بوون و لە تەنگاویدان. بەتایبەتی لەپڕۆسەی هەڵبژاردندا پێویستییان بەوە هەیە، هەناسەیەک بە بەریاندا بێتەوە. ئەردۆغان لەسیاسەتی سوریادا بە ببنبەست گەیشتوە. ئەگینا نەدەکەوتە دوای ڕێککەوتن لەگەڵ سوریادا. دەبێت مرۆڤ هەڵیسەنگێنێت و تێبگات، کە ئایا ئەمەش هەڕەشەیەکە لە دژی ئەمریکا و ئەوروپا یان نا. سەرەڕای ئەوەش، مرۆڤ لەوە تێدەگات، کە ئەردۆغان و ئاکەپە زۆر تەنگاو بوون و دەیانەوێت پەیوەندی لەگەڵ سوریا ڕاست بکەنەوە، دەوڵەتی ئەردۆغان – ئاکەپە تا کۆتایی پشتگیریی چەتە فاشیستەکانی داعش و ئەلنوسرە-ی کردوو. کوژرانی بەغدادی سەرکردەی داعش لە ئیدلب و تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە دووری سنوری تورکیا و چەندین ڕووداوی لەو جۆرە نیشانەی ئەو ڕاستییەن. ئەو چەتانە، کە ژمارەیان دەیان هەزار کەسە وەک ئەوەی ئێستا ئیدی قورساییان کەوتووەتە سەر تورکیا، واتە بوون بە کێشە. دەسەڵاتی ئەردۆغان- ئاکەپە نە دەتوانێت دەستبەرداری ئەمانە بێت و نە دەتوانێت بە تەواوی درێژە بە ستراتێژی خۆی لەسەر ئەو گروپە چەتانە بدات.

هەتا بەشێکی بەرچاوی خاکی سوریا داگیر بکات و پشتیوانی لەو چەتانە بکات، هەتا لە ناوچە داگیرکراوەکان نەکشێتەوە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی سوریا و تورکیا قورسە. لە بەرامبەر ئەوەدا هەتا دەوڵەتی تورک پەیوەندیی لەگەڵ سوریادا چاک بکاتەوە، ئاشکرایە ئەو دەیان هەزار چەتە چەکدارە دەبنە کێشەیەکی سەرەکی بۆ تورکیا، بۆیە کاری دەوڵەتی ئاکەپە ئاسان نییە. دەوڵەتی سوریا لەم بوارەدا زۆر سازش بۆ تورکیا ناکات، چونکە تورکیا تەنیا خاکی سووریای داگیر نەکردووە، بەڵکو زەوتیشی کردوە، دروست نییە، کە مرۆڤ چاوەڕێ دەوڵەتێکی خاوەن سیادی، واتە دەوڵەتی سوریا لەم هەلومەرجەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکاتەوە. ئەردۆغانیش هەوڵدەدات پرۆسەکە بەڕێوەببات تا هەڵبژاردن، واتە بەردەوام بێت ئەگەرنا، ئاسان نییە بڕیاری ستراتیژی نوێ بدرێت. لە هەر لایەکەوە هەڵبسەنگێنرێت ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە ئەردۆغانە کێشەدارە.

لەباکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ڕێگەگرتن لەشەڕ، پێویستی بە چۆن چارەسەرێک هەیە؟

لە جیاتی ئەوەی مرۆڤ تەنیا بیر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بکاتەوە، ڕاستتر ئەوەیە بیر لە چارەسەرێک بۆ تەواوی سوریا بکەینەوە، بەڵام سوریا لە دۆخێککدایە، کە دەستتێوەردانێکی زۆری تیادا کراوە و بەم نزیکانە و بە ئاسانی چارەسەرێک نابینرێت. ئەوەی پێویستە ڕووبدات، سوریایەکی دیموکراتیک و نوێیە. واتە دەبێت دیموکراتیک ببێت. باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاتر لە ١٠ ساڵە بە مۆدێلی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک خۆی بەڕێوەدەبات. لێرەدا هەموو گەلان، باوەڕ و کولتوورەکان بە ئازادی و دیموکراسیانە درێژە بە ژیانیان دەدەن. بێگومان دەبێت ئەم شێوازە دێموکراسییەی ژیان و پێگەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک بپارێزرێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت بە دڵنیاییەوە دەوڵەتی سوریا گۆڕانکارییەکی دیموکراتیک ئەنجام بدات. قبووڵکردنی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری سوریا نابێتە هۆی لاوازبوونی سوریا، بەپێچەوانەوە سوریای دیموکراتیک بەهێز دەکات و دەبێتە هۆی زیاتر بەهێزکردنی. ئەگەر سوریا دیموکراتیک نەبێت ئەوا ئەو ڕووداو و پێشکەوتنانە، کە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ڕوویان داوە، نابینرێن، لە مێشکدا گۆڕانکاری نەکرێت، هۆشمەندی و ئیرادەیەکی دیموکراتیانە نەئافرێنرێت، بێگومان ئەمە دەبێتە گرفت و کێشە.

گەلانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بێشک پارێزگاری لە دۆخ و پێگەی خۆبەڕێوەبەری دەکەن، چونکا ئەو ژیانە دیموکراتیک و ئازادەیان بە نرخ و قوربانیدانێکی گەورە دروست کردووە، بۆیە پێویستە هەموو ئەو هێزانە، کە دەیانەوێت سوریا دیموکراتیک بێت، دەبێت پشتگیری لە کۆمەڵگا و کلتور و بیروباوەڕەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بکەن، کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی دیموکراسیانە و ئازادانە بژین. لەگەڵ ئەوەشدا لە سوریادا چەندین بیروباوەڕ، کلتور و زۆرێک لە کۆمەڵگە ئیتنیکییەکان هەیە، ئێمە هەموو جۆر و شێوازەکانی نەتەوەپەرەستیی ئەتنیکی و ئایینی و کولتووری ڕەتدەکەینەوە. لەسەر ئەم بنەمایە هەموو جۆرە هەوڵێک بۆ چارەسەری بە ئەرێنی دەزانین و پشتیوانی لەو هەوڵانە دەکەین.

ئەمریکا پەکەکە بە “ڕێکخستنێکی تیرۆریستی” پێناسە دەکات و لە شەڕی دژی کورددا پشتیوانی سیاسی و سەربازی بۆ دەوڵەتی تورک دابین دەکات، ئێوە سەبارەت بەم تاوانبارکردنە چی دەڵێن؟

پێش هەموو شتێک ئەمە دەڵێم، ناساندنی پەکەکە بە “ڕێکخستنێکی تیرۆریستی” لەلایەن ئەمریکاوە زوڵم و ناهەقەیەکی گەورەیە. من لێرەدا قسە لەسەر نەبوونی ڕێکخستنێکی تیرۆریستیی پەیوەست بە پەکەکە بۆ خۆم بە ناهەقی و نادادپەروەری دەزانم. ئەمریکا خۆی باش لەوە ئاگادارە، کە پەکەکە بزووتنەوەیەکی تیرۆریستی نییە. پەکەکە بزووتنەوەیەکی وەهایە، کە لە بەرامبەر هەموو جۆرە نەتەوەپەرستییەک دەوەستێتەوە، داوای ژیانێکی ئازاد و دیموکراسییانە بۆ هەموو کلتور و باوەڕ و کۆمەڵگاکان دەکات، پارادایمی ئەمەی دروستکردووە و بۆ تێدەکۆشێت. هەرچەندە کردەوەی جدیی پاکتاوکردن و جینۆساید و دورخستنەوە لە دژی کورد هەیە، بەڵام بەم شێوەیە کار دەکات و دەجوڵێتەوە. کورد وەک گەل نکۆڵیی لێدەکرێت. باڵندەکانیش زمانیان هەیە، بەڵا تەنانەت فەرمیەت و بوون و رەسمیبوونی زمانی کوردی قبوڵ ناکرێت و ڕەت دەکرێتەوە.

بە نەبوو زانینی گەلێک و ڕەتکردنەوەیان، کە ژمارەی دانیشتوانەکەی دەیان ملیۆن کەسە، ڕەتکردنەوەی زمانیان شتێکی چۆنە؟ دەبێت مرۆڤ تێبگات. گەلی کورد لەگەڵ ئەوەشدا بە پێشەنگایەتیی پەکەکە بە هۆشمەندیی نەتەوەیی دیموکراتیک لە گەلی تورکیا نزیک دەبێتەوە. ئایا بزووتنەوەیەکی لەمجۆرە دەتوانێت تیرۆریست بێت؟ بەپێچەوانەوە دەوڵەتی تورک سەدان ساڵە دەستبەرداری سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردن و سڕینەوەی دژ بەکورد نەبووە. لەدژی ئەوە دەبێت هەندێک وشە و لێدوان بگوترێن و بوترێن، دەمەوێت کەمێک ڕوونتر بڵێم؛ دەوڵەتی تورک پشت بە هاوپەیمانی سەرەکیی خۆی ئەمریکا دەبەستێت و ئەم کردەوە و تاوانانە ئەنجام دەدات.