بەسێ هۆزات وەك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە هاوشانی جەمیل بایك لە تەمموزی 2013 ەوە ئەو ئه‌ركه‌ی له‌ئه‌ستۆدایه‌. ئەو لەلایەن ئەنجومەنی گشتی كۆنگرەی گەل هەڵبژێردرا كە لە 30ی حوزەیران بۆ 5ی تەمموز 2013 بەڕێوەچوو. بەجێگرتنەوەی شوێنی موراد قەرەیەلان ئەو دەبێتە یەكەم ژن كە بۆ ئەم پێگەیەیەی نێو كەجەكە هەڵبژێردرێت. بەسێ هۆزات لەساڵی 1978 له‌ گوندی تانێر (لە پارێزگای دەرسیم، باكووری كوردستان) لە دایكبووە. ئەو وەك حەفتەمین منداڵی نێو نۆ منداڵی خانەوادەكەیان گەورە دەبێت. خانەوادەكەی پاشخانێكی كوردیی عەلەوییان هەیە. دوای تەواوكردنی قۆناغی سەرەتایی خوێندن لە گوندەكەی، ئەو قوناغی ناوەندی و ئامادەیی لە شاری قەیسەری تەواو دەكات. بنەمالەکەی دووچاری كۆمەڵكوژییەكەی دەرسیم دەبنەوە كە دەوڵەتی توركی لە 1937-1938 ئەنجامیدا و تێیدا چەندین كەس لە كەسە نزیكەكانی دەكوژرێن و داپیری زۆر بەزەحمەت دەتوانێت رابكات. لەماوەی خوێندنی ئامادەیی ئەو ئاشنای بیروبۆچوونەكانی عه‌بدوڵڵا ئۆجەلان دەبێت. لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەكان، بەسێ هۆزات بڕیاری هاتنە ریزی پەكەكە دەدات. ئەو بۆ ماوەی چەند ساڵێك لە دەرسیم دەمێنێتـەوە بەرلەوەی بەشداری خولە پەروەردەییەكانی عه‌بدوڵڵا ئۆجەلان بكات. لەوسا بەدواوە بەسێ هۆزات چەندین پێگەی وەرگرتووە و رۆڵی خۆی بینیوە لە رێبەرایەتیكردنی خۆڕێكخستنی ژنان لەنێو پەكەكە و كەجەكە.