١٠ شوباتی ٢٠٢٣

جەمیل بایک داوای لە هێزەکانیان کرد هەموو چالاکییە لەشکرییەکانیان ڕابگرن

جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لەبانگەوازێکدا داوای لە هەموو هێزەکانیان کرد، بە هۆی بومەلەرزەکانەوە سەرجەم چالاکییە لەشکرییەکانیان ڕابگرن و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان و گەلی کرد.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆماجڤاکێن کوردستان- کەجەکە پەیوەست بە بومەرزەکەی شەشی شوباتی ناوچەی پازاچخی مەرەشی باکوری کوردستان و بومەلەرزەکانی تورکیا و ناوچەکە پەیامێکیدا.

بایک لە پەیامەکەیدا بانگەوازیەکی گرنگی کرد و تێیدا داوای لە هەموو هێزەکانیان کرد، بە هۆی بومەلەرزەکانەوە سەرجەم چالاکییە لەشکرییەکانیان ڕابگرن.

”هەتا ڕژێمی تورک هێرش نەکات هێزەکانمان چالاکی ناکەن“

بایک ڕایگەیاند: ئێمە بڕیارمانداوە، هەتا ڕژێمی تورک هێرش نەکات و بەسەرماندا نەدات، هێزەکانمان هیچ پەرچەکردار و چالاکییەک لە نێو شارەکان، مەترۆپۆلەکان و تورکیا ئەنجام نەدەن. پێویستە هەموومان و سەرجەم هێزەکانمان پابەندی ئەم بڕیارە بین. هەڵبەتە هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیاش بەرامبەر بە بڕیارەکەمان دیاریکەر دەبێت بۆمان.

”دۆخی گەلە کارەساتبارەکەمان غەمباری کردین“

جەمیل بایک رووبە گەل و ڕای گشتیی ڕایگەیاندووە: گەلە هێژاکەمان، بومەلەرزەی بەهێز کارەساتی گەورەی خوڵقاندوە. بەوهۆیەوە لە باکور ورۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سوریا گەلەکەمان و گەلان لە ناو دۆخێکی سەختدان. بە تایبەتی بە هۆی سیاسەت و کردەوەکانی دەوڵەتی داگیرکەر و قڕکەری تورکەوە، خەڵکی رووبەڕووی ئازاری زیاتر بووەتەوە. گەلانی کورد، تورک و عەرەب کەوتوونەتە دۆخێکی زۆر دژوار و خراپەوە. ئەو دۆخە و هەستی کۆمەڵگە کاریگەری زۆری لەسەرمان داناوە و غەمباری کردین. بۆ ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، ڕەوانشادی و لای خودا بەزەییان بۆ دەخوازم. بۆ بریندارەکانیش خوازیاری زوو چاکبوونەوەیانم. پرسە و سەرەخۆشیش ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیان و هەموو گەلەکەمان دەکەم.

”دەبێت بەهەموو توانا و دەرفەتێکەوە سەفەربەر بین و بەهانای لێقەوماوانەوە بچین“

کارەساتباران و کەسوکاری قوربانیان، ئێمە ئێش و ئازارەکانتان هەست پێدەکەین و لەگەڵیاندا دەژین. بومەلەرزە لە هەموو شوێنێک و لە هەموو جیهان روو دەدات. بەڵام ئەوەی گرنگە زۆربەی دەوڵەتان ڕێوشوێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەگرنەبەر. بەوهۆیەشەوە زیانەکانی بومەلەرزە کەمتر دەبن. داڕووخانی خانوو و باڵەخانەکان و زیانە گیانییەکان کەم دەکرێنەوە. بەڵام کە لە دۆخی تورکیا دەڕوانین. گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست نابینن. بۆیە کارەساتی گەورە دەقەومن. هێشتاش هەزاران لە کەسوکارمان لە ژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە داڕووخاوەکاندان. پێویستە ئێمە هەرچی زووە ئەوان دەربهێنینەوە و رزگاریان بکەین. چوونکە زستانە، بەفرە و بارانە، ئەگەر هەیە بەو هۆکارە و زوو بەهاناوەنەچوونیانەوە، زۆرێکیان گیانیان لەدەست بدەن. بۆیە دەبێت دەستوبرد هەرکەس چی لەدەست دێت بیکات و لە چاوەڕوانیدا نەمێنێتەوە، بەهەموو توانا و دەرفەتێکەوە سەفەربەر ببێت و بەهانای لێقەوماوان و خەڵکە کارەساتبارەکەوە بچێت.

ئاکەپە-مەهەپە تورکیا وەک کۆمپانیایەک بەڕێوەدەبەن

ئاکەپە-مەهەپە لە دەسەڵاتی خۆیاندا پارەیەکی زۆریان کۆکردەوە، هەموو ساڵێک بۆ بوومەلەرزە پارەیان کۆدەکردەوە. بەڵام دەبینین کە ئەو پارەیە لەئارادا نییە. هەموویان بۆ شەڕ خەرج کردووەلەبەر ئەوەی لە رێگەی شەڕەوە بە ملیاران دۆلاریان قازانج کردووە. ئەگەر ئەو پارەیان بۆ گەل خەرج بکردایە، بۆ بومەلەرزەکە رێکاریان بگرتایە بەر، بۆ ئەوەی تەندروستی و پەروەردەی گەل بەرەوپێشبچوایە، ئەو ئێش و کاولکارییە رووینەدەدا. گەلی تورکیا لە ناو خۆشگوزەرانیدا بژیایە. ئەگەر ئەمڕۆ هەندێک زۆر دەوڵەمەند بوون و گەلیش لە رادەبەدەر هەژار بووە، ئەوە دەرەنجامی سیاسەتی ئاکەپە-مەهەپەیە کە لە دژی گەلی کورد پەیڕەوی دەکات. لەبەر ئەوەی دەیەوێت گەلی کورد قڕ بکات، بۆ ئەوەش هەموو تواناکانی تورکیا و دەرەوەی خستووەتە خزمەت ئەو شەڕە. ئاکەپە-مەهەپە تورکیا وەک کۆمپانیایەک بەڕێوەدەبەن. وەک ئاغا و سەرمایەدارێکی بێویژدان و ستەمکار مامەڵە لەگەڵ گەلدا دەکەن. هیچ پێویستییەکی گەل بۆ خۆیان بە بنەما ناگرن، هەرگیز ئامانجێکی لەم جۆرە ناگرنەبەر. بۆ ئەوەش پێویستە گەلەکەمان، گەلی کورد، تورک، عەرەب، گەلان لە تورکیا لێپێچینەوە ئەوەیان لەگەڵدا بکەن. هەم لێپێچینەوە بکەن، هەم هاوکارییەکانیان بۆ باڵاترین ئاست بەرزبکەنەوە.

بڕیارمان دا کە ئێمە چالاکی نەکەین

ئاکەپە-مەهەپە دۆخی نائاساییان راگەیاند، بۆچی رایانگەیاند؟ دەیانەوێت بومەلەرزەکە پەردەپۆش بکەن و بیشارنەوە. دەیانەوێت سەر ئازاری گەل، هاواری گەل داپۆشن بۆ ئەوەی هەرگیز دەنگی ئەوان نەگاتە هیچ شوێنێک. دەیانەوێت سەر بومەلەرزەکە بە تەواوەتی داپۆشن بۆ ئەوەی کەس هەستی پێنەکات و پێی نەزانێت. ئەو کێشانەی روودەدەن کەس پێیان نەزانێت. بۆ ئەوەش راگەیاندنی خۆیان خستووەتە جوڵەوە. وەک چۆن گەلان و جیهان دەخەڵەتێنێت، لەسەر ئەو بنەمایە پرۆپاگەندە دەکەن. زۆر شت دەشارنەوە. بەو جۆرە دەریدەخەن کە لەهەموو شوێنێک یارمەتی خەڵک دەدەن. ئەوانە درۆن. راگەیاندنی سەربەخۆ هەموو ئەو درۆیانەی ئەوانیان ئاشکرا کرد. دەیانەوێت رێگری لەو هاوکارییە بکەن کە گەل رەوانەی دەکات. دەیانەوێت رێگری لەو یەکگرتنە بکەن کە لەناو گەلدا پێشکەوتووە و بەتەواوەتی دەسەڵاتی خۆیان لەو شوێنانە بسەپێنن. ئەو هاوکاری و توانایەی کە لە دەرەوە یا خود لەناو تورکیاوە هاتوون جارێکیتر بخەنەوە خزمەتی خۆیان. بۆ ئەوەش لەم کاتەدا دەبێت دیموکراسی، گەلانی تورکیا، گەلی کورد درێژە بە هاوکارییەکانیان بدەن. نەهێڵن کە دەستی بەسەردا بگرن و سەری داپۆشن.لەو کاتەدا کە گەل لەم کارەساتەدا دەژین، لەناو خۆماندا وەک بزوتنەوە بە پێویستمان زانی دۆخی هەنوکەیی و ئەو پەرەسەندنانەی روویانداوە هەڵبسەنگێنین و لەسەر ئەو بنەمایە بگەیەنە هەندێک ئەنجام. لەبەر ئەوەی رێز لە گەل، ژیانی گەلان و مرۆڤایەتی دەگرین، ئازارێک بە ئازارەکان زیاد نەکەین. لە رووی مرۆڤایەتی، ویژدانی، ئەخلاقیەوە ئێمە دۆخەکەمان هەڵسەنگاند. داوا لە هەموو هێزەکانی چالاکی سەربازی دەکەین کە لە تورکیا، لە گەورەشارەکان، لەشارەکان چالاکییە سەربازییەکانیان رابگرن. هەروەها بڕیارمان دا کە تا دەوڵەتی تورک هەڵنەکوتێتەسەرمان و هێرش نەکاتە سەرمان، ئێمە چالاکی ناکەین. تا ئازاری گەلەکەمان کەم ببێتەوە، برینەکانی خۆیان ساڕێژ بکەن. ئەو بڕیارەمان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەڵبەتە هەڵوێستی دەوڵەتیش یەکلاکەرەوە دەبێت لەبارەی ئەو بڕیارەمانەوە. جارێکی تر دەیڵێمەوە؛ ئەوانەی ژیانیان لەدەستداوە بکەونە بەر بەزەیی و لێبوردەیی خودا و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازم و دەڵێم، سەری گەلەکەمان ساغ بێت. یەکگرتنی کۆمەڵایەتی بەسەر ئەو هێرشانەدا زاڵ دەبێت، بۆخۆمان بە دەستی خۆمان برینەکانمان ساڕێژ دەکەین”.