چاوپێكه‌وتنه‌كانمان

بایک: هاوپەیمانی کورد و عەرەب بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت -٢-

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەمیل بایک ڕایگەیاند، کە هاوپەیمانی کورد و عەرەب بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و وتی، “تاکە هێزێک کە رێگری لە خەونەکانی دەوڵەتی عوسانی نوێی تورک دەکات، هاوپەیمانی کورد و عەرەبە”.

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەمیل بایک وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەی ئەلنەهاری دایەوە کە لە میسر دەردەچێت.

بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەی رۆژنامەى ئەلنەهاری میسری لەگەڵ جەمیل بایک بەم شێوەیەیە:

بەهۆی گوشارەکانی تورکیا بۆ سەر بەغدا و هەولێر، ئەوەمان بینی پەکەکە لە چەند ناوچەیەکی باکوری عێراق کشایەوە و هەندێک لە هێزەکانیشی لەوێ گۆڕی بۆ پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، ئایا ئەمە مانای ئەوەیە دەسەڵاتی ئێوە لە قەندیل و لە ناوچە شاخاوییەکانی سەر سنووری تورکیا و ئێران لاواز دەبێت؟

بەهۆی ئەو گوشارانەی، کە تورکیا خستویەتییە سەر بەغدا و هەولێر، ئێمە لە هیچ شوێنێک نەکشاوینەتەوە. ئێمە نازانین بۆچی هەڵسەنگاندنێکی لەو شێوەیە کراوە. ئێمە لە شەنگال هێزی سەربازیمان هەبوو. گەریلاکانی هەپەگە لە ١ی نیسانی ٢٠١٨ پاش ڕاهێنانی هێزەکانی ئێزدی یەکینەکانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە) و یەکینەکانی ژنانی شەنگال (یەژەشە) لە شەنگال کشانەوە. گەریلا هیچ شوێنێکی بۆ حەشدی شەعبی و پێشمەرگە چۆڵ نەکردووە. دوای ئەوەی هەپەگە کشایەوە، هێزە سەربازییەکانی ئێزدییەکان بۆ پاراستنی ناوچەکانیان لە هەندێک شوێن کشانەوە. سوپای عێراق چووەتە ئەو شوێنانە. هەر خۆی دوای ئەوەى داعش لە ناوچەکە دەرکرا حەشدی شەعبی پێشتر چووبووە چەند شوێنێک. پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بانگەشەی ئەوە دەکات، کە پەکەکە و هێزە سەربازییەکانی ئێزدی (یەبەشە) لە پەیوەندیدان لەگەڵ حەشدی شەعبی؛ ئەمریکا و هەندێک هێز هاندەری جوڵەیەکن لە دژی پەکەکە و یەبەشە. ئەو شتانەی، کە باسی دەکەن هیچیان پەیوەندییان بە ڕاستییەوە نییە.

کاتێک داعش هێرشی کرد، هێزەکانی گەریلا بۆ پاراستنی کەرکوک و هەولێر و مەخمور چوونە ئەو ناوچانە و ئەگەر هێرشێک رووبدات بۆ پاراستنی دهۆک چووەتە ئەو ناوچانە. گەریلاکان ڕێگرییان لەوە کرد، کە هەولێر و کەرکوک بکەوێتە دەستی داعش. پاشان وردە وردە ئەو هێزانەی کشانەوە. لە هەندێک شوێندا بەهۆی ئەگەری هێرشی چەتەکانی داعشەوە هەندێک لەو هێزانە ماونەتەوە.

بەرخۆدانی مێژوویی ئەم ٦ مانگەی ڕابردوو، هێز و ئامادەبوونی ئێمەی لەو ناوچانەدا ئاشکرا کرد. لە مانگی شوباتدا دەوڵەتی تورک ویستی بچێتە گارە، بەڵام گورزێکی قورسی لێدرا. ئەردۆغان خۆی وتی، ئێمە شکستمان هێناوە و دانی بەو شکستەدا نا.

هێزەکانی ئێمە بەچڕی و بە بەهێزی لە قەندیل دان و ئەوەش لەلایەن هەموو کەسێکەوە دەزانرێت. لەو شوێنانەدا و لە هیچ شوێنێکی نزیکی ئێران دا یەک سەنگەریش چۆڵ نەکراوە. هەر خۆی قەندیل هەموو کات وەک ئامانج نیشان دەدرێت. ئامادەبوون و هەبوومان لە سێگۆشەی تورکیا و ئێران و عێراق بەردەوامە. ماوەی ٢ ساڵە تورکیا بە پشتیوانیی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەستی بەسەر چەند گردێک دا لە نزیک سنوورە دا گرتووە. لەسەر سنوورەکانی دیکەی ئێرانیش هیچ هێزکی سەربازیمان نییە. دەزانرێت، کە هێزەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) ڕێکخستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو سنوورانەدان و ئەوان هێزێکی جیاوازن.

سیاسەتی بایدن بەرامبەر بە کورد هێشتا ڕوون نەبووەتەوە. مۆسکۆ و دیمەشق دەیانەوێت هەموو هێزە بیانییەکان لە سوریا بکشێنەوە. ئێمە دەزانین، کە پەکەکەش لەوێیە. ئایا ئێوە خۆتان لەناو ئەو هێزانەدا دەبینن، کە دەبێت سوریا بەجێبهێڵن؟ ئایا ئێوە سوریا بەجێ دەهێڵن؟

داواکردنی ئەوەى، کە دەبێت هەموو هێزە بیانییەکان لە سوریا بکشێنەوە داوایەکی ڕەوایە. ئێمە لەو بڕوایەدان بە تێپەڕبوونیکات ئەوە روودەدات. تورکیا بێگانەترین و داگیرکەرترین هێزە. تورکیا چەندین ناوچەى داگیرکردووە. ئەگەر بارودۆخ بەگونجاو بزانێت چەند ناوچەیەکی وەک حەوشەی دواوە داگیردەکەن.

کاتێک شەڕ و تێکۆشانی دژی داعش کرا، ئێمە بەشێک لە هێزە سەربازییەکانمان لە تورکیا نارد بۆ کۆبانێ. سەدان و هەزاران گەنجی باکوری کوردستان و تورکیا خۆیان بەسەر تەلە دڕکاوییەکاندا فڕێدا و ڕۆیشتن بۆ ڕۆژئاوا. ڕۆڵی گرنگیان لە تێکشکانی داعشدا گێڕا. هەزارانیان بریندار و شەهید بوون. ئێمە دوای تێکشکاندنی داعش هێزە سەربازییەکانمان کشاندەوە، جگە لەو کەسانەی ویستویان لەوێ بمێننەوە. ئەوێش وڵات و خاکی کوردانە. لەشارە کوردییەکان دەژین و بەشداری لە پاراستنی کورددا دەکەن. ئێمە ناتوانین بە زۆر پێیان بڵێین، کە بگەڕێنەوە. ئێمە هێزەکانی سەر بە هەپەگەمان کشاندەوە. هەندێکیان ماونەتەوە. ئەگەر بپرسن ئایا ئەوان دەکشێننەوە، ئیتر بارودۆخێک لە گۆڕێدا نییە، کە ئێمە بتوانین فەرمانیان پێ بکەین. ئەوان ویست و ئیرادەی خۆیان هەیە و خۆیان دەزانن.

پ.ک.ک وەک پارتێکی مارکسی پێناسە دەکرێت، بەڵام لە لایەکی ترەوە هەندێک گۆڕانکاری لە ئایدیۆلۆژیاکەیدا کردووە. لە دۆزی ڕەوای گەلی کوردەوە پەڕیوەتەوە بۆ دۆزی دێموکراسی و برایەتی. چارەسەری حیزبەکە ئەمڕۆ پەیوەندیی بە هەبوونی ئەمریکا لە سوریاوە هەیە، ئێوە لەوبارەیەوە چی دەڵێن و چۆن هەڵدەسەنگاندنی بۆ دەکەن؟

ڕاستە پەکەکە لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆیدا حیزبێکی مارکسیستی بوو، بەڵام پێش ئەوەی سۆڤیەت هەڵبوەشێتەوە، ڕاێبەر ڕەخنەی لە رەئال سۆسیالیزم گرت. لە دوای ناوەڕاستی هەشتاکان ڕەخنەکانی خۆی زیاتر کرد. لە ساڵانی ١٩٩٠دا و لە کۆنگرەی ٤هەمدا ئەو رەخنانەى زیاتر کرد. ڕێبەر ئاپۆ جەختی لەوە کردەوە، کە هەڵە لێکدانەوە و دەستنیشانکردن لە فیکر و تیۆرییەکانی مارکس و ئینگڵس و لینین دا رۆڵی لە هەڵوەشاندنەوەى رەئال سۆسیالیزم دا هەیە. بە لێوردبوونەوەکانی لە دیلێتیدا، ئەو تێزانەی لە چوارچێوەیەکی فیکریی و تیۆریی و پارادیگمایدا روونکردنەوە و دەستنیشانیکردووە. ئەگەر ئەمڕۆ ڕێبەر ئاپۆ هێڵێکی بەهێزی سۆسیالیستی دیموکراتیکی بەدەست هێنابێت، ئەوە هۆکارەکەى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە بیرکردنەوە و دیدی گرنگی بۆ بیرۆکەکانی خۆی هەیە، بەڵام ڕێبەری ئاپۆ ئەوانەى تێپەڕاندووە. لە هەندێک ڕووەوە ڕەخنەی لە تێزە هەڵەکانیان لە بواری ئایدۆلۆژی، فیکری و تیۆرییەکانیان گرتووە. لەبەر ئەوە مرۆڤ ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە بە مارکسی پێناسە بکات، هیچ ڕاستییەکی تیادا نییە و جێی خۆی ناگرێت. ئەگەر پێناسەیەک هەبێت ئێمە پێی دەڵێن، ئاپۆیزم، ئێمە زیاتر ئەوە بە راست و دروست دەزانین و دەیخەینەڕوو.

ڕێبەری ئاپۆ دەوڵەت و سۆسیالیزم وەک بابەتی دژ بە یەک نیشان دەدات. دەوڵەت لە مێژوودا ئامڕازی سەروەری و باڵادەستی بووە. ئێستا دەبێت بەڕێوەبەرایەتییەکی دیموکراتیک و بێ دەوڵەت دروست ببێت. هەر خۆی سەرنج دەخاتە سەر ئەوە، کە ئازادیی ژنان لە ئازادیی نەتەوەیی و چینایەتی گرنگتر و زیاتر ئەنجامی لێدەکەوێتەوە. فیکر و بیرەکانیشی لە بواری ئیکۆلۆژی و ژینگەدا زۆر سەرنجڕاکێشن.

ئەو بڕوای بەوە هەیە، کە ئازادیی کورد بە دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا بەدی دێت. بە تێگەیشتن و عەقڵییەتی نەتەوەی دیموکراتیک و بە تێزی برایەتیی گەلان لەسەر ئەوە راوەستاوە. لەو رووەوە نا، کە دەست لە ماف و دۆزی رەوانی کوردان هەڵبگیردرێت، بەڵکو ڕێبازەکەی و رامانەکەى ئەوەیە، کە بە دەستهێنانی مافەکان لە عەقڵییەت و تێگەیشتنی نەتەوە – دەوڵەت دا نابینێت.

ئەو چارەسەرەی، کە ئێمە لە سوریا پێشنیازی دەکەین و پێمانوایە ڕاستە، پەیوەندی بە بوونی ئەمریکاوە نییە لەوێ، بەڵکو لەسەر ڕێککەوتنی نێوان سوریا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەرە. هەبوون و نزیکایەتیی سیاسی و پێشنیازەکانی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر مانای لێکتێگەیشتن و رێککەوتن و ئاشتبوونەوەیە لە سوریادا. لە سوریاش نە بە پێداگریکردن لەسەر ئەوەی پێشتر و لە ڕابردوودا هەبووە و نە بە نزیکایەتیی ئەو چەتانە، تورکیا هاوکاری دەکات، ئاشتی و سەقامگیری پێکنایەت. ڕێکەوتنی نێوان سوریا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر دەبێتە چارەسەرێک، کە هەموو سوریاییەکان قبوڵی دەکەن.

ئێوە پێشتر ڕاتانگەیاندبوو، کە ئەمریکا لە نێوان ئێوە و تورکیادا ناوبژیوانی دەکات. دوای ئەوەی ئەمریکا ئێوە و موراد قەرەیلان و دوران کاڵکان-ی خستە لیستی داواکراوەکانەوە و بۆ دەستگیرکردنی ئێوە خەڵاتی دانا، ئێستاش ئەو پێشنیازە بەردەوامە؟

پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و تورکیا باشە. کاریگەرییان لەسەر تورکیا هەیە. ئەگەر بیانەوێت دەتوانن ڕۆڵی ئەرێنی لە چارەسەریدا بگێڕن، بۆیە پێشنیازی ئێمە، کە ئەمریکا دەتوانێت ناوبژیوانی بکات بەردەوامە. دەبێت ئەگەر ئەمریکا ڕۆڵێکی ناوبژیوانیی وەها بگێڕێت، ئەوە مانای ئەوەیە، کە ڕای خۆی لەسەر پەکەکە گۆڕیوە. ئەگەر ببێت بە ناوبژیوان ئەوا بڕیارەکەی لەسەر ئێمە بێ مانا دەبێت، چونکە لەناو بەڕێوەبەریدا، کە هەرسێ هەڤاڵەکەمانی تیادایە، لە نێوان ئێمە و تورکیا ناوبژیوانی دەکات. هەروەها دەتوانن راستەوخۆ لە نێوان ڕێبەر ئاپۆ و تورکیاش دا ببێتە ناوبژیوان. بە تورکی وتەیەک هەیە، کە دەڵێت، ئامانج لە خواردنی ترێ ئەوە نییە، کە مرۆڤ لە باخەوانەکە بدات، چونکە وڵاتێکە ڕۆڵی لە دیلکردنی رێبەرایەتیماندا هەیە، ئێمە داوا لە ئەمریکا دەکەین داوای لێبوردن بکات. بەم داوای لێبوردنە ئەمریکا دەتوانێت بەشداری لە چارەسەریی پرسی کورددا بکات. داوای لێبوردنێکی وا دەبێتە راستترین داوای لێبوردن.

پێتوایە چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی فورات لە سوریا چی دەبێت؟ داواکارییەکانی پەکەکە لەم بارەیەوە چیە؟

پەکەکە لایەنگری یەکێتیی سوریایە. کورد لەو ناوچەکانی خۆیاندا ببنە خاوەن خۆبەڕێوەبەری و خۆسەری دیموکراتیک. قبووڵکردنی پەروەردە بە کوردی لەسەر بنەمای فیکر و ئایدیا و رێکخستنکردن کێشەی دێموکراسی و بەڕێوەبەریی هەرێمی چارەسەر دەکات. هەر خۆی پاراستن و دیپلۆماسی و ئابووریی گشتی با لە بەرپرسیاریی بەڕێوەبەریی گشتیی سوریادا بێت. ئەگەر بەڕێوەبەریی ناوچەیی زمان، کولتور، پەروەردە، تەندروستی، خزمەتگوزاریی شارەوانی و ئاسایشی ناوخۆی بگرێتە ئەستۆ، ئەوە سوریا لاواز ناکات، بەڵکو بەهێزی دەکات. سوریایەکی دیموکراتیک، کە عەرەب، کورد، سریانی، ئەرمەنی، عەلەوی، سونە، دروزی و هەموو گەل و باوەڕەکانی دیکە بتوانن گوزارشت لە خۆیان بکەن، دەبێتە نموونەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. مێژووی سوریا و واقیعی کۆمەڵایەتیی سوریا توانای ئەوەیان هەیە، کە ڕۆڵی لەو جۆرە بگێڕێن.

ئێمە لەو باوەڕەداین، کە هاوپەیمانیی کورد و عەرەب لە سوریاش مێژوویەکی نوێ بۆ عەرەب و کورد دەست پێ دەکات. سوریا لەسەر ئەوە بنیاتنراوە. پێویستە هاوپەیمانیی کورد و عەرەب بپارێزرێت و ئەمە لە هەموو شوێنێک ئەنجام بدرێت بەو شێوەیە هەم عەرەبەکان هەم کوردیش بەهێز دەبن.

ئەگەر تورکیا بەم زووانە رایبگەیەنێت، کە گەڕاوەتەوە بۆ پرۆسەی چارەسەری، هەڵوێستی ئێوە چی دەبێت؟ ئێوە چارەسەرییەکی چۆنتان بۆ کورد لە تورکیا دەوێت؟

تورکیا هێشتا بە مانایەکی ڕاستەقینە نەچووەتە ناو پرۆسەی دیالۆگەوە. دەسەڵات و حکومەتی ئاکەپە دەیخواست سوود لە وەستانی شەڕ وەربگرێت تاەکو دەسەڵاتی خۆی لەسەر پێی بهێڵێتەوە و بەهێزی بکات، سیاسەتی کات بەڕێکردن و دواخستنی بەڕێوەبرد. ئێمەش رای گشتیمان بۆ ئەو پرۆسەیە ئامادە دەکرد و دەستمان بە هەوڵکرد تاوەکو دەسەڵاتی ئاکەپە و دەوڵەت بێنە ناو پرۆسەی چارەسەری، بەڵام هەموو هەوڵەکانمان نەیانتوانی هەنگاو بە دەسەڵاتی ئاکەپە و دەوڵەت بنێت. کاتێک بینییان گەلی کورد لە زۆر ڕووەوە بەهێزە، ئەمجارەیان پلانی چۆکپێدادانیان ئامادە کرد و دەستیان بە هێرش کرد. ئێستا هەموو ئامانجیان نەهێشتن و پاکتاوکردنی بزووتنەوەی ئازادییە. ئەوان دەزانن، ناتوانن جگە لە جەنگ دەسەڵاتی خۆیان لەسەر پێ بهێڵنەوە، لەبەر ئەوە ئاکەپە ئەو شەڕە راناوەستێنێت و ناچێتە ناو پرۆسەی دیالۆگەوە. بێگومان ئەگەر بڵێین، شەڕ ڕادەگرن و زیندانیانی سیاسی ئازاد دەکەن و کێشەکە لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر دەکەن و کێشەکە دەبەنە پەرلەمان و چارەسەری دەکەن، ئەو کاتە ئێمەش وەڵامی ئەرێنیمان دەبێت.

بۆ چارەسەریی پرسی کورد هیچ گەڕانێکمان بۆ چارەسەریی وەک دەوڵەت و دەوڵەتۆکە نییە. ڕێبەر ئاپۆ زۆرجار نەخشەیەکی بۆ خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک پێشکەش کردووە. پێشنیازی دەوڵەت+دیموکراسیی کرد. دەکرێت لە کوردستان دەوڵەت هەبێت، بەڵام پێویستە دیموکراسیی گەلی کورد و خۆسەریی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەریی گەلی کوردیش قبوڵ بکرێت. دەبێت هەبوونی کورد لە دەستووردا مسۆگەر بکرێت و دەبێت لەسەر ئەو بناغەیە، بنەماکانی ئازادیی زمان و کولتور و ناسنامە و خۆسەری و خۆبەڕێوەبەری قبوڵ بکەن. ئێمە دەتوانین لەسەر یەکپارچەیی تورکیا ڕێککەوین و نیگەرانییە سیاسییەکان لەو بوارەدا بنبڕ بکەین. ڕێککەوتنمان لەگەڵ تورکیایەک، کە لەسەر بنەمای تورکیای دیموکراتیک بێت قورس نییە.

دەوترێت هەندێک جار لە نێوان کادرە چەپەکانی ناو حیزب و کادرە لیبراڵەکانی لایەنگری ڕۆژئاوا و ئەمریکا تێکۆشانێک هەیە. هەروەها دەوترێت لەنێوان ئەندامانی کۆمیتەى سەرکردایەتی، کە بەڕێوەەری باڵای حیزبن، جیاوازییەکی گەورە هەیە. هۆکاری ئەم جیاوازییانە چییە؟ ئەم دۆخە چەندە مەترسیدارە بۆ بنکەی حیزب و جێبەجێکردن و بەردەوامبوونی؟

سەرچاوەی ئەو جۆرە هەواڵانە دەوڵەتی تورکە. لە بزووتنەوەیەکی سیاسیدا لەسەر هێڵی ڕێبەری ئاپۆ بێدەنگکردنی بیروڕای جیاواز و یەکدەنگ نییە. بێگومان هێڵێکی ئایدۆلۆژی و سیاسی هەیە، بەڵام لە ڕووی پراکتیکەوە بیرۆکەی جیاواز دروست دەبێت. دۆخێکی وەها بۆ ئێمە نییە، رۆژئاوا بەڕێوەببەین. لە نێو بەڕێوەبەریی ڕۆژئاوادا، لە بابەتە کرداری و پراکتیکییەکاندا ئەگەر بیرۆکەی جیاواز هەبێت، ئەوە مانای ئەوە نییە، کە کێشەیەک لە نێوانیاندا هەیە. ئێمە لەو بڕوایەدا نین، کە لە رۆژئاوا جگە لە هێڵی ئایدۆلۆژی و سیاسیی رێبەر ئاپۆ، داکۆکی لە فیکرێکی تری ئایدۆلۆژی و سیاسیی بکرێت. گەل و گەنجان و ژنانی ڕۆژاڤا پەیوەستن بە ڕێبەر ئاپۆوە.

ئەو پەیوەستبوون و پەیوەندی و هێزە، هەر جۆرە مەیلێکی هەڵە ڕاست دەکاتەوە. تەنانەت ئەگەر لە هەندێک کادری ڕۆژئاواش مەیلی هەڵە هەبێت، ئەستەمە ئەمە کاریگەری لەسەر بارودۆخی گشتی هەبێت و ببێتە بیرۆکەیەکی سیاسیی گشتی. ئێمە هەندێک بیرۆکەی جیاواز بە شتێکی زیانبەخش نابینین. ئەگەر ڕای هەموو کەسێک وەک یەک بێت، هیچ سیاسەت و بیرۆکەیەک نییە بەرەو پێشەوە بڕوات. لە ڕۆژئاوا ئەگەر لەسەر پرسە جیاوازەکان بیرۆکەی جیاوازیان هەبێت ئەوەی پەیوەندیی بە خۆیانەوە هەیە، بەڵام تا ئێستا جیاوازیی بیرۆکەکان، کە ببێتە هۆی دروستبوونی کێشەى گەورە، بە ئێمە نەگەیشتووە.

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، دەستەى بەڕێوەبەریی (کەجەکە)، بەڕێوەبەرایەتیی پاژک و کەژەکە، بەڕێوبەرایەتیی گەنجان و بڕیارگەى ناوەندی پاراستنی گەل هێزی بەڕێوەبەریی ئێمەن. ئەم دامەزراوە و ڕێکخراوانە بەرپرسیارێتیان هەیە. هەر ڕێکخراوێک کۆبونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و بەپێی شوێنی کارەکەی بڕیار دەدات. بڕیاری سیاسی لەلایەن دەستەى بەڕێوبەریی کەجەکە و کەژەکەوە دەدرێت و دەخرێنە پراکتیکەوە. لە کۆبوونەوەکانی پەکەکە، پاژک، کەجەکە و کەژەکەدا بیروڕای جیاواز تاوتوێ دەکرێن، کە ڕەنگە لەلایەن پێکهاتەکانی ڕێکخراوەکەمانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت. لە ڕووی جێبەجێکردنی هێڵی ئایدۆلۆژی و سیاسییەوە ناڵێین، کە نابێت هیچ بیرۆکەیەکی جیاواز هەبێت

هەموو بیرۆکەیەک بە ئاسانی لە کۆبوونەوەکاندا دەردەبڕدرێت و بڕیارێکی هاوبەشیش دەردەکرێت. ئەگەر لە ڕووی هێڵی ئایدۆلۆژی و سیاسیەوە جیاوازی فیکری هەبێت، ڕەنگە ئەوە لاببرێت، بەڵام لە بزووتنەوەکەی ئێمەدا هیچ بارودۆخێکی لەو جۆرە بوونی نییە. هەموو هەڤاڵان پەیوەستن بە هێڵی ئایدۆلۆژی و سیاسیی ڕێبەر ئاپۆوە. لە بەڵگەنامەکانی ڕێبەر ئاپۆدا کە لە ماوەی ٢٣ ساڵی ڕابردوودا ئامادەی کردوون، هێڵی ئایدۆلۆژی و سیاسیی ڕوونە. هێزەکانی دەرەوە دەیانەوێت لەناو پەکەکەدا شتی لەو جۆرە ببینن، دەوڵەتی تورک ئەمەی دەوێت، بەڵام پەکەکە نزیکەی ٥٠ ساڵ ئەزموونی بەڕێوەبردنی هەیە. خاوەن هێز و توانای بەڕێوەبردن و ئیرادەی چارەسەرکردنی هەموو جۆرە گرفتەکانی هەیە.

سیاسەتەکانی ١٠ ساڵی ڕابردووی حکومەتی ئاکەپە چەندین پایتەختی عەرەبی، کە پێشتر پەکەکەیان ڕەتدەکردەوە، لەگەڵ ئەنقەرە بوونەتە دوژمنی یەکتر، ئایا حیزبەکەی ئێوە، پەکەکە ناتوانێت بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییە پەیوەندییەکی گەرمتر لەگەڵ ئەو پایتەختانەدا دروست بکات؟

ئێمە لەگەڵ ڕەخنەکەی ئێوەداین. ئێمە هاوپەیمانی عەرەب – کوردمان بۆ خۆمان کردە ئامانج. ئەوەشمان هەموو کاتێک بڵاوکردەوە. ئێمە رێنوێنی و تێڕوانینی ئەوەمان هەم بۆ کاری دیپلۆماسی و هەم یەکە پەیوەندیدار ڕاگەیاند. هەندێک بەرەوپێشچوون روویاندا، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک هێندەی دەرفەت و دۆخەکان نەبوو. زەمینەیەکی مێژوویی بەهێز هەیە بۆ هاوپەیمانیی کورد – عەرەب. ڕێبەر ئاپۆ کاتێک لە لوبنان و سوریا و ڕۆژئاوا بوو، بناغەیەکی بەهێزی لەو بوارەدا دروست کرد. ئێستا ئەوەشی کردووە بە چوارچێوەیەکی تیۆری و فیکری. نەمانتوانی ئەو دۆخ و بوارە باش بەکار بهێنین، بەڵام وڵاتانی عەرەبیش پەیوەندیی کورد – عەرەب و هاوپەیمانیەتییان بە گرنگ نەبینیوە.

لەعێراقدا چارەسەری کێشەی کورد لەئاستێکی بەرچاودا بەدی هات. ئێمە باوەڕمان وایە، کە لە سوریاش ئەوە پێکدێت. ئەوەش ئەو بوارەیە، کە هاوپەیمانیی کورد – عەرەب بەهێز دەکات. ئێمە هیچ ئەجێندایەکی نهێنیمان نییە جگە لە چارەسەرێکی دێموکراسی بۆ پرسی کورد. ئێمە گەڕان بۆ دەوڵەت بە رەوا نابینین کە زەمینە و بوار بۆ شەڕ و کێشە لە ناو گەلاندا دروست دەکات. ئێمە خۆمان لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەردەوام و سەلامەت بۆ پرسی کوردین، کە ئەویش لەسەر بنەمای دیموکراتیزەکردنی بنەڕەتییە. بە بۆچوونی ئێمە نابێت بنیاتنانی ژیانێکی دێموکراسی و ئازاد بە دروستکردنی دەوڵەت و دەستنیشانکردنی سنوورەکان ببینرێت.

بێگومان ئێمە دەمانەوێت هەم لە عێراق و هەم لە سوریا هێزە سیاسییەکانی کورد هێشتا چالاکتر بن بۆ بەهێزکردنی یەکێتیی کورد – عەرەب. کورد لە بەغدا و لە دیمەشقیش دەبێت ڕێباز و شێوازە ناسیونالیستییە تەسکەکان بنبڕ بکەن، چونکە بنەمای هاوپەیمانیی کورد – عەرەب لە بنەڕەتدا لە عێراق و سوریادا دادەمەزرێت. ئەوەش بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت.

تاکە هێزێک، کە ڕێگرە لە خەونەکانی دەوڵەتی تورکی عوسمانیی نوێ، هاوپەیمانی کورد – عەرەبە. سیاسەتی ١٩ ساڵەی حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە ئەو ڕاستییەی بە کورد و گەلانی عەرەب سەلماندووە.