٢٣ ئەیلوولی ٢٠٢٣
چاوپێکەوتنی جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (KCK) لە گەڵ دەزگای میدیایی شارپرێس
٢٣ی ئەیلول ٢٠٢٣
پرسیاریە یەکەم: تورکیا لە سیاسەتی ئێستای خۆیدا سەبارەت بە کورد پێداگری دەکات. داهاتووی سیاسەتێکی وەها چیە؟
جەمیل بایک: سیاسەتی ئێستای تورکیا ئەوەیە کە لە سەر بنەمای نکۆڵی کردنی لە هەبوونی گەلی کورد و پەیرەو کردنی جینوسایدی سیاسی و کەلتووری بتوانێت بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان پاکتاو بکات. هەبوونی PKK وەکو بیانوویەک نیشان دەدات بۆ ئەوەی کە هەژموونی خۆی لە سەر عێراق و سوریا و تەواوی هەرێمی رۆژهەڵاتی ناویندا بسەپێنێت. بێگومان ئەمە خەونێکی عوسمانیە و ئەردوغانی فاشیست خۆی وەکو بەردەوامی دەسەڵاتی عوسمانی و وەکو خەڵیفەی پێنجەم دەبینێت. لە زیهنییەتی دەوڵەتی تورکیادا، ئەم دەوڵەتانەی هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوین هەر یەکەو وەک ویلایەت و پارێزگایەکی تورکیان. تورکیا لەم بارەیەوە گرێیەکی دەروونی هەیە و خۆبەزلزانە. نە گەلانی هەرێمەکە و نە دەوڵەتانی هەرێمەکە ئەم جۆرە نزیکایەتییەی دەوڵەتی تورکیایان لا پەسەند نییە. دەوڵەتی تورکیا هەم پێگەی جیۆپۆلیتیکی خۆی و هەم ئەندامێتی لە NATOدا بۆ زەخت و گوشار و کۆمەڵکوژی لە بەرامبەر گەلی کورد و گەلانی دیکەی ناوچەکە بەکار دەهێنیت. تورکیا لەوەتەی دامەزرێنراوە هەمان سیاسەت پەیرەو دەکات. بەڵام وێڕای هەموو ئەو ئیمتیازانەی کە لەبەردەستیدایە نەیتوانیوە بزووتنەوەی ئازادی پاکتاو بکات. هەموو سیاسەتی ئابووری و سەربازی خۆی لەسەر ئەم بنەمایە دارشتووە، بەڵام ئەنجامێکی ئەوتۆی بەدەست نەخستووە. ئابووری تورکیا ئێستا تووشی داڕۆخان هاتووە و تەپیوە. بێکاری، هەژاری، هەڵاوسان لە لووتکەدایە. واتە، هەموو جۆمگەکانی تورکیا بەهای ئەم سیاسەتەی دەوڵەت لە دژی کورد دەدەن. وەکو بڵێی ئەمە بەس نەبێت، عێراق و باشوری کوردستان، سوریا و رۆژئاوای کوردستانی داگیر کردووە و لکاندوویانیەتی بە خاکی تورکیاوە. گەلانی ناوچەکە لەم سیاسەتە فراوانخوازییەی دەوڵەتی تورکیا ناڕازین. تورکیا بە بێ لەبەرچاوگرتنی یاساکانی شەڕ و بە پێشێل کردنی یاسای نێودەوڵەتی ئەم داگیرکارییە ئەنجام دەدات. هەربۆیە لە گەڵ هەموو کەس و لایەنێک لە ناو ناکۆکی، کێشە و پێکداداندایە. دەوڵەتێک کە خاوەن زیهنییەتێکی بەم شێوەیە بێت، ئەستەم بتوانێت درێژە بە هەبوونی خۆی بدات.
پرسیاری دووەم : لەم دواییانە جمۆجۆڵی دیپلۆماسی تورکیا لە عێراق و باشوری کوردستان زیادی کردووە. ئەمە پەیوەندییەکی نزیکی بە ئێوەوە هەیە و رای گشتی دەیەوێت تێڕوانینی ئێوە لەم بوارەدا بزانێت. ئێوە ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانەی تورکیا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ هەروەکو دەزانن هاکان فیدان هاتە باشوری کوردستان و زنجیرە چاوپێکەوتنێکی ئەنجامدا. دیمەنەکانی ئەم چاوپێکەوتنانە بۆ رای گشتی بڵاو بوونەوە. هەروەها سەبارەت بە ناوەڕۆکی چاوپێکەوتنەکان لێدوانیش هەبوون. ئێوە ئەم چاوپێکەوتنانەی هاکان فیدان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئامانجی دەولەتی تورکیا لەم چاوپێکەوتنانە چیین؟
جەمیل بایک: دوابەدوای هەڵبژاردنەکانی ١٤ی گوڵان و مانەوەی ئەردۆغان لە سەر دەسەڵات، یەکەم لێدوانی ئەردۆغان و کەسانی دەوروبەری ئەوە بوو کە لە پێناو ئەو پلانانەی کە دایانڕشتووە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان چڕتر دەکەنەوە. هەموو کەس دەزانێت کە پلانی ئەوان جینوسایدی گەلی کوردە. دیدارەکانی ئەوان لە عێراق و باشوری کوردستان لە چوارچێوەی ئەم پلانەدا رێکخراون و ئەنجام دراون. عێراق و باشوری کوردستان گرنگییەکی تایبەتیان بۆ تورکیا هەیە. هەروەکو دەزانن تورکیا ئەندامێکی NATOیە و لەم چوارچێوەیەدا هەم پشتیوانی لە NATO وەردەگرێت و هەم لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپادا پەیوەندی هەیە. لەلایەکی دیکە تورکیا لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و هێزەکانی ناوچەکەش پەیوەندی و رێککەوتنی هەیە. تورکیا دەیەوێت هەموو ئەم پەیوەندییانە بەکار بهێنێت بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ سیاسەتەکانی خۆی. بەڵام، لە چاو دەوڵەتی تورکیادا، لەناو ئەم هەموو پەیوەندییانەی دا، ئێراق و باشوری کوردستانی پێگەیەکی چارەنووسسازیان هەیە لە ئەنجامگرتنی سیاسەتەکانیدا. ئەگەر تورکیا نەتوانێت بەو جۆرەی کە دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ عێراق و باشوری کوردستاندا دانێت، لە شوێنەکانی دی چەندەش هاوکاری و پشتیوانی وەربگرێت ناتوانێت سیاسەتەکانی خۆی ئەنجامگیر بکات. هەربۆیە دەوڵەتی تورکیا گرنگییەکی تایبەت دەداتە عێراق و باشوری کوردستان. ئەڵبەتە، ئەم دۆخە گرێدراوی کێشەی کوردە. ئەوەندەی کە پەیوەندی بە کێشەی کوردەوە هەبێت، هەڵوێستی دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتی تورکیا لێک جیاوازن. تورکیا ئەو دەوڵەتەیە کە داهێنەر و درێژەپێدەری سیاسەتی نکۆڵی کردن لە گەلی کوردە. ئەم دەوڵەتە ئەم سیاسەتەی خۆی بە سەر هەموو لایەنێک، بە تایبەت بە سەر دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکانی سەر کوردستان دەسەپێنێت. بەڵام عێراق لاوازترین خاڵی ئەم سیاسەتە بووە و لە ئەنجامدا ئەو بووەتە شوێنێک کە لە قۆناخە جیاجیاکانی مێژوودا سیاسەتی نکۆڵی کورد درزی تێکەوتووە. هەربۆیە پێگەی عێراق و باشوری کوردستان بۆ دەوڵەتی تورکیا تا دوا ڕادە گرنگە. لە روانگەی دەوڵەتی تورکیاوە، عێراق و باشوری کوردستان ئەو شوێنانەن کە مسۆگەر پێویستە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بن و پەلکێشی ناو سیاسەتێک بکرێن کە خزمەت بە نکۆڵی کردن لە کورد بکات. چۆنکە لە دۆخێکی پێچەوانەی ئەمەدا دەوڵەتی تورکیا ئێدی ناتوانێت سیاسەتی نکۆڵی کردن لە کورد و جینوسایدی کورد بەڕێوە ببات. ئەمە بۆچوونی گشتی تورکیایە سەبارەت بە عێراق و باشوری کوردستان و تا ئەو کاتەی سیاسەتەکانی خۆی سەبارەت بە کورد نەگۆڕێت، ئەم بۆچوونەشی ناگۆڕدرێت.
دەوڵەتی تورکیا کۆنەپارێزترین دەولەتی رۆژهەڵاتی ناوینە و دەورێکی پاشبڕۆیانە دەگێڕێت. لە دژی گۆڕانکاری دا خۆڕاگری دەکات و بۆ درێژەپێدان بە سیستەمی کۆن پەلەقاژەیەتی. چیرۆکی چۆنێتی دروستکردنی سیستەمی دەوڵەت–نەتەوە لە رۆژهەڵاتی ناویندا کەم و بێش دەزانرێت. ئەم سیستەمە لە رۆژهەڵاتی ناوین لە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی لە لایەن دەوڵەتە هەژموونگەراکانی ئەو کاتە و لە پێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانیان دروست کراوە. بەداخەوە، ئەم سیستەمە لە سەر بنەمای دابەش کردنی کوردستان و بەجێهێشتنی گەلی کورد لە ناو بەرداشی سیاسەتی مژوکداری و جینوسایددا دامەزرێنرا. ئەم سیستەمە لە لایەن بەریتانیا و فەرەنسا، واتە هێزە سەردەستەکانی سیستەمی سەرمایەداری (ئێمە ئەم سیستەمە وەکو سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری پێناسە دەکەین) ئەو کاتە دامەزرێنرا. لە پاش شەڕی دووەمی جیهانیشدا، ئەوە ئەمریکا و NATOن کە فۆرم دەدەنە سیستەمی رۆژهەڵاتی ناوین و سیاسەتەکانی دیاری دەکەن. لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا رەنگە ئەم ستاتۆیەی رۆژهەڵاتی ناوین بە تەواوەتی نەگۆڕابێت، بەڵام بە هۆی شەڕ و ناکۆکییەکانەوە هەندێک گۆڕانکاری تیایدا هاتوونەتە ئاراوە. بەرلە هەموو شتێک، سیستەمی دەوڵەت–نەتەوە تووشی قەیران بووە و ئێدی قۆناخەکەی تێپەڕ بووە. رێبەر ئاپۆ سەبارەت بە دامەزراندن و کۆتایی هاتنی سیستەمی دەوڵەت–نەتەوە خاڵێکی مێژوویی زۆر سەرنجڕاکێش دەستنیشان دەکات. دەڵێت: “لە سێدارەدانی شای فەرەنسا( لویسی ١٦مین-XVI. Louis ) بوو بە سیمبۆلێک بۆ دەستپێکردن و دامەزراندنی سیستەمی دەوڵەت–نەتەوە. ئەم سیستەمە بە لەسێدارەدانی شای (سەرۆک دەوڵەتی) عێراق سەددام حسێن کۆتایی پێهات.” بێگومان هێزە ستاتیکۆپارێزەکانی رۆژهەڵاتی ناوین لە بەرامبەر گۆڕانکاریدا خۆڕاگری دەکەن و بۆ درێژەپێدان بە سیستەمی هەیی کار دەکەن. هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایداریش بە هۆی بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی خۆیانەوە زۆر جار پشتیوانی لە هێزە ستاتیکۆپارێزەکان دەکەن و لە گەڵ هێزە پاشبڕۆوەکان سازش دەکەن. ئەم دۆخە بۆ هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایداری قابیلی تێگەیشتنە. چۆنکە لە کاراکتەری ئەم سیستەمەدا پراگماتیزم و ئاژۆی مژوکداری هەیە. بەرژەوەندییەکانیان بە چ شێوەیەک مسۆگەر بکرێت، ئەوان وا دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم سەردەمەی ئێمە سەردەمی گوزارە. هێشتا دیار نییە کە چ سیستەمێکی ئابووری و سیاسی دابمەزرێنرێت. لە لایەک، سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و هەموو پێکهاتە و دامەزراوەکانی، بە تایبەت دامەزراوەی دەوڵەت–نەتەوە، تووشی قەیران بوون و خەریکە تێپەڕ دەبن، لە لایەکی دیکەوە، بە هۆی ئەوەی کە هێشتا سیستەمێکی نوێ خاوەن چوارچێوەیەکی دیاریکراو دانەمەزرێنراوە، هەموو هێزێک لە هەوڵی ئەوەدایە کە پێگەیە خۆی بپارێزێت و بەهێزتری بکات؛ ئەو هێزانەش کە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە هاوپەیمانی پێک دێنن و تەنانەت جار جار هەندێ هەنگاو دەنێن کە لە چاو رابردوو زۆر زۆر پاشبڕۆترن. ئەو قۆناخەی کە ئێستا وەکو شەڕی جیهانی سێهەم ناوزەد دەکرێت بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەنجامی ئەم دۆخە ئاڵۆز و نادیارەیە.
تورکیا نموونەی یەکێک لەو دەوڵەتانەیە کە نەک تەنیا لە رابردوودا ماوەتەوە، بەڵکۆ بەرەو دواوەوش هەنگاو دەنێت. دەوڵەتی تورکیا لەبەر ئەوەی خاوەن زیهنییەتێکی لاسار و سەرسەختە و هەروەها لەبەر ئەوەی کە هەڵوەشانەوەی دەوڵەت–نەتەوە رێگە لەبەردەم زۆرترین گۆڕانکاری لە تورکیادا دەکاتەوە، لە بەرامبەر گۆڕانکاری زۆرترین خۆڕاگری دەکات. هۆکاری بنەڕەتی هاتنە سەر دەسەڵاتی AKP-MHP لە تورکیادا ئەمەیە؛ وەستانەوە بەرامبەر گۆڕانکاری.
وەک دەزانرێت تێکۆشانی گەلی کورد ئەو زەختە لە سەر تورکیا دروست دەکات کە پێویستە گۆڕانکاری بکات. ئەم تێکۆشانە ٥٠ ساڵە بە پێشەنگایەتی بزووتنەوەکەمان کوردی سەر لە نوێ زیندوو کردەوە، راستینەی سیستەمی نکۆڵی کردن لە کورد و جینوسایدی کوردی بو هەموو کەسێک خستە روو و وای لێکرد کە ئەم سیستەمە ئێدی نەتوانێت درێژە بە خۆی بدات. دەوڵەتی تورکیا لە بەرامبەر ئەمە چی کرد؟ بە لۆژیکی دژ–هێرش هاتو AKP-MHPی کردە دەسەڵات. بەم شێوەیە وەڵامی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کوردی دایەوە و لە هەر کوێ دەسکەوتێکی گەلی کورد هەبێت، لە رۆژئاوا بێت، لە باکور، یان لە باشور، هەوڵی لەناو بردنی دا. چۆنکە دەوڵەتی تورکیا وا بیر دەکاتەوە کە ئەگەر کورد بە تەواوی جینوساید نەکات ناتوانێت هەبوونی تاکگەرا و زیهنییەتی دەوڵەت–نەتەوەی خۆی بپاریزێت. هەر بۆیە هێرشێکی گشتگیری لە دژی گەلی کورد دەستپێکردووە. ئەمە زیهنییەتێکی فاشی و جینوسایدکارە کە تەنانەت لە ئاستی رابردووش پاشکەوتووترە. ئەگەر ئێمە سیفەتی فاشی بۆ دەسەڵاتی AKP-MHP بەکار دەهێنین، لەبەر ئەم راستییەیە.
دەوڵەتی تورکیا خاوەن زیهنییەتێکی دژ کوردە. ىەڵام ئەم دوژمنایەتییە تایبەتە، لە هەر دوژمنایەتییەکی دی ناچێت. دوژمنایەتی دەوڵەتی تورکیا بۆ کورد لە سەر بنەمای نکۆڵی کردنە. لە لۆژیکی دەوڵەتی تورکیادا هەبوونێک نییە کە ناوی کورد بێت. ئەگەر کورد هەبێت، نەتەوەبوونی تورک خیلەلی تێ ئەکەوێت. لە لۆژیکی دەوڵەتی تورکیادا، کوردستان شوێنێکە بۆ بڵاوبوونەوەی نەتەوایەتی تورک. کوردستان پێویستە ببێتە شوێنی تورک و بەس. هەربۆیە لەم لۆژیکەدا جێگایەک بۆ کوردبوون نییە. وەک دەزانرێت، لەبەر زەختی بریتانیا باشوری کوردستان (کە ئەو کاتە ناوی ویلایەتی مووسڵ بوو) لە ناو سنوورەکانی دەوڵەتی عێراقدا مایەوە. تورکیا بە مەرجێک بەم شتە رازی بوو. ئەویش ئەوە بوو کە لەم بەشەی کوردستاندا هیچ جۆرە بەڕێوەبەرایەتییەک لە سەر ناوی کورد نەبێت. ئەو مەرجەی دانابوو کە ئەگەر هەر کاتێک ویلایەتی مۆسڵ (باشوری کوردستان) لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراق دەرچوو تورکیا بتوانێت دەستێوەردان بکات. واتە، دەوڵەتی تورکیا لە ئەنجامی زەختی بەریتانیا وازی لە باشوری کوردستان هێنا، بەڵام بە شەرتێک ئەمەی قبووڵ کرد، رێگەی پێبدرێت سیاسەتی جینوساید کردنی کورد لێرەش بەڕێوە ببات. هەروەها دەوڵەتی تورکیا بە هەمان لۆژیک و بۆچوون سەیری ویلایەتی حەلەب (رۆژئاوای کوردستان) دەکات. ئەم دۆخە زیهنییەت، ژیربێژی(لۆژیک) و سیاسەتی تورکیا بە شێوەیەکی ئاشکرادەخاتە روو. هێڕشکردنی تورکیا بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان و داگیرکردن و لکاندنی خاکی کوردستان بە خاکی تورکیاوە، گوایە بە بیانۆی هەبوونی PKK، هەمووی دەرەنجامی ئەم ژیربێژی(لۆژیک)، زیهنییەت و سیاسەتەیە. بێ گومان، تورکیا هەستێکی دوژمنایەتی زۆر مەزنی بەرامبەر PKK هەیە. چۆنکە دەرکەوتنی PKK و بەرهەمەکانی تێکۆشانی PKK، سیاسەتی جینوسایدکاری دەوڵەتی تورکیای بەرامبەر بە کورد پووچەڵ کردۆتەوە. ئەو تێکۆشانەی کە رێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد بوو بە هۆی ئەوەی کە لە باکووری کوردستاندا شۆڕشی ژیانەوەی کورد روو بدات، لە باشوری کوردستاندا کورد ببنە خاوەن ستاتۆ و پێگەی خۆی، لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا قۆناخێکی نوێ وشیاری نەتەوەیی–دیمۆکراتی بێتە ئاراوە و لە رۆژئاوای کوردستانیش شۆڕش بەرپا بکرێت. لەبەر ئەم هۆکارانەیە کە دەوڵەتی تورکیا ڕق و کینی لەڕادەبەدەری بەرامبەر بە رێبەر ئاپۆ و PKK هەیە.
دەوڵەتی تورکیا لە دەرەنجامی تێکۆشانی PKK لە باکووری کوردستاندا، ناچار ما کە ستاتۆی باشوری کوردستان قەبووڵ بکات. هەندێک کەس وادەزانن کە دەوڵەتی تورکیا هەروا لە خۆیەوە و تەنیا بە هۆی بەرژەوەندی ماددی و زەختەکانی ئەمریکا ستاتۆی باشوری کوردستانی قەبووڵ کردووە. ئەمە بۆچوونێکی هەڵەیە. ئەگەر فاکتەری PKK و سەنگ و گوشاری تێکۆشانی باکوور لە سەر دەوڵەتی تورکیا نەبوایە، ئەوا مسۆگەر تورکیا هەلومەرجی نوێ عێراق و ستاتۆی باشوری کوردستانی پەسند نەدەکرد. ئەم پەسندکردنەی دەوڵەتی تورکیا لە ئەنجامی ناچاریدا بوو. بۆ ئەوەی کە بەر لە تێکۆشانی PKK و پەرەسەندنی شۆڕشی کوردستان بگرێت، ناچار ما ستاتۆی باشوری کوردستان پەسند بکات. ئەمەیە چوارچێوەی سیاسەت و بۆچوونی دەوڵەتی تورکیا بۆ باشوری کوردستان. ئەگینا، شتێک نییە بەناوی دانپێدانان بە ئیرادە گەلی کورد و پەسند کردنی راستیەک بەناوی کوردستان. کاتێک کە شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان پەرەی سەند دەوڵەتی تورکیا رایگەیاند “ئەو هەڵەی کە لە باکووری عێراقدا کردمان لە باکوری سوریا دووپاتی ناکەینەوە“. ئەمە گوتەی ئەردۆغان خۆیەتی. هەروەکو دەزانن، دەوڵەتی تورکیا هێرشی داگیرکاری دەکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان، لەو شوێنانەی کە داگیری کردوو خەڵکە رەسەنەکەی دەردەکات و خەڵکی غەیری کورد، چەتەکانی سەر بە میت و ئاوارەکانی سوریا نیشتەجێ دەکات و وا دەکات کە ئەو شوێنانە ئێدی بەشێک نەبن لە نیشتمانی کوردان. هەمان سیاسەت لە دژی باشوری کوردستانیش پەیڕەو دەکات.
سیاسەتی ئێستای دەوڵەتی تورکیا جینوساید کردنی کوردە. دەیەوێت بە زووترین کات و لە کورتترین ماوەدە ئەمە پێک بێنێت. پێ وایە ئەگەر کات بە فیڕۆ بدات، رەنگە شەرت و مەرج ئێدی لەبار نەن. هەربۆیە بە کەڵک وەرگرتن لە نادیاری و ناجێگیری هەیی لە سیاسەتی جیهانی و هەرێمیدا لە جینوساید کردنی کورددا پەلە دەکات. بۆ ئەمەش بەرلە هەموو شتێک پێویستە PKK پاکتاو بکرێت و پاشان بە لەناوبردنی هەموو دەسکەوتەکانی کورد، هەموو کوردستان یان راستەوخۆ خۆی یان لە رێگەی چەتە بەکرێگیراوەکانییەوە داگیر بکات و هیچ شتێک بە ناوی کورد نەهێڵێتەوە. ئەمە ئەو ئەرک و میسیۆنەیە کە بە دەسەڵاتی AKP-MHP دراوە. وەک پێویستییەکی ئەم ئەرکە ئەوا زیاتر لە ٨ ساڵە دەسەڵاتی AKP-MHP شەڕێکی دژوار لە دژی بزووتنەوەی ئازادی کوردستان بەڕێوە دەبات. هەروەکو دەزانرێت، رێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەرکردنی سیاسی و دیمۆکراتی کێشەی کورد زۆر هەوڵیدا. بۆ ئەوەی کە ئەم کێشەیە چارەسەر ببێت گونجاوترین پێشنیاری چارەسەری پێشەکەش کرد. لەم پێناوەدا زۆر چانسی دا بە AKP. رێبەر ئاپۆ بەم شێوەیە ویستی لە زیهنییەتی دەوڵەتی تورکیادا گۆڕانکاری بکات و نەک تەنیا لە باکوری کوردستاندا، بەڵکۆ لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا کێشەی کورد چارەسەر بکات. تا ئەو کاتەی کە زیهنییەت و سیاسەتی دژەکوردی دەوڵەتی تورکیا هەبێت، کێشەی کورد لە هیچ شوێنێک چارەسەر نابێت و هیچ دەسکەوتێک لە سەر ناوی کورد دروست نابێت. دەوڵەتی تۆرکیا ئەمە پەسند ناکات و لەبەرامبەریدا دەوەستێتەوە. ڕێبەر ئاپۆش لە زۆر قۆناخدا هەوڵیدا کە دەوڵەتی تورکیا لە زیهنییەتی دژەکورد دابماڵێت. بەڵام ئەم زیهنییەتە دزەی کردووە ئێسکەمۆخی دەوڵەتی تورکیا و دەستی لێ هەڵناگرێت. لە رێگەی خراپ بەکار هێنانی هەوڵەکانی رێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەر کردنی دیمۆکراییانە و سیاسی کێشەی کورد، دەوڵەتی تورکیا ئەم قۆناخانەی دیالۆگی وەکو دەرفەتێک لە پێناو خۆ ئامادەکردن بۆ شاڵاوی نوێ پاکتاوکردن و جینوساید قۆستۆتەوە. AKP و تەییەب ئەردۆغانیش هەمان شتیان کردووە. لە کاتێکدا کە رێبەرئاپۆ لە هەلومەرجی دژواری گرتووخانەی ئیمرالیدا بۆ چارەسەری سیاسی و دیمۆکراتییانەی کێشەی کورد لە ناو هەوڵدان دا بوو، حکوومەتی AKP خەریکی ئامادەکاری پلانێکی نوێ پاکتاوکاری بەناوی “پلانی بەچۆکداهێنان” (çökürme planı) بوون. پاشان ئەم پلانەیان خستە واری جێبەجێ کردنەوە و شاڵاوێکی نوێ هێرشیان دەستپێکرد. شایانی ئاماژە پێکردنە کە ئەو کەسەی لە گرتووخانەی ئیمرالی ئەرکی سەرپرشتی و بەڕێوەبردنی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ رێبەر ئاپۆدا لە ئەستۆ بوو هاکان فیدان بوو. هاکان فیدان بۆ خۆی چەندین جار لەگەڵ رێبەر ئاپۆ چاوپێکەوتنی کردووە. بەرلەوەش، هاکان فیدان لە ناو ئەو وەفدەی دەوڵەتدا بوو کە لەگەڵ بزووتنەوەکاماندا چاوپێکەوتنیان دەکرد و گوایە وای خۆی نیشان دەدا کە لایەنگری چارەسەری سیاسی و دیمۆکراتییانەی کێشەی کوردە. بەڵام ئێستا هەموو کەسێک دەزانێت کە چەندە فێلباز و درۆزن بووە.
هەروەکو دەزانرێت دەوڵەتی تورکیا بە کۆتایی هێنان بە قۆناخی دیالۆگ لەگەڵ رێبەر ئاپۆ، لە بەرواری ٢٤ی تەمموزی ٢٠١٥دا دەستی بە شەڕێکی هەمەلایەنە کرد. گەلەکەمان و بزووتنەوەکامانیش ئەوە زیاتر لە ٨ ساڵە لەناو خۆڕاگرییەکی بەردەوام دان. نەک تەنیا لە باکور، بەڵکۆ لە باشور، لە شەنگال، لە رۆژئاوا و لەهەر شوێنێک گەلەکەمان لێی دەژی لە دژی هێرشە جینوسایدکارەکانی دەوڵەتی تورکیا خۆڕاگری دەکات. ٢٤ی تەمموز ساڵرۆژی پەیمانی لۆزانە. هەربۆیە دەوڵەتی تورکیا شاڵاوی نوێ شەڕ و داگیرکاری لەو رۆژەدا راگەیاند و خستیە بواری پراکتیکیەوە. چۆنکە پەیمانی لۆزان پەیمانی دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیایە. بەم پەیمانە، کوردستان دابەش کرا و گەلی کورد بێ ستاتۆ مایەوە و کەوتە نێو قۆناخی جینوسایدەوە. هەربۆیە مێژووناسان پەیمانی لۆزان وەک بەڵگەی دەستپێکی جینوسایدی کورد پێناسە دەکەن. بەتەنیا دەرک بەم راستییە بەسە بۆ ئەوەی کە مرۆڤ لە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا و سروشتی هێرشەکانی تێبگات. بازە کەسێک دەڵێن کە دەوڵەتی تورکیا کێشەی لەگەڵ PKK هەیە و ئەگەر PKK نەبێت ئەم هێرشانەش پێک نایەن. ئامانجی ئەم جۆرە گوتارانە بەلاڕێدابردنی راستییەکانە و خزمەت بە دەزگای شەڕی تایبەتی تورکیایە. ئەمە گوتاری دەوڵەتی تورکیا و ئەو کەسانەیە کە هاوکاری دەوڵەتی تورکیان. ئەمە تاکیتکی شەڕی هێزە هەژمونخوازەکانە. ئارمانجی ئەمانە ئەوەیە کە گەل دابەش بکەن، خۆڕاگری لاواز بکەن و لە هەمووی گرنگتر بەکرێگیراوێتی ئەوانەی کە هاوکاری دوژمن دەکەن بشارنەوە و رەوایەتی بە بەکرێگیراوێتی بدەن. بەتایبەت دەیانەوێت کە لە باشوری کوردستاندا پەرە بەم جۆرە تێگەیشتنانە بدەن. چۆنکە بۆ ئەوەی کە جینوساید کردنی کورد بەسەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت، پێویستی هەیە کە لە باشوری کوردستاندا پەرە بە رێبازی بەکرێگیراوی و خەیانەت بدرێت. ئەمە بنەمای پەیوەندی دەوڵەتی تورکیایە لەگەڵ باشوری کوردستان. بەداخەوە، PDK لە مێژە پەیوەندییەکی وەهای لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا هەیە و پشتیوانی لە جینوسایدکردنی کورد دەکات. ئەمە بەکرێگیراوێتی و خیانەتێکی ئاشکرایە و بە هیچ شێوەیەک ناشاردرێتەوە. پێویستە هەموو کەسێک ئەم خیانەتە ببینێت و هەڵوێست لەبەرامبەری وەربگرێت، بەکرێگیراوی و خیانەت تەنیا بەم شێوەیە بەری لێدەگیردرێت یان سنووردار دەکرێت.
لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی کە پشتیوانی بۆ سیاسەتی جینوسایدی کورد پەیدا بکات، بە پێویستی دەزانێت کە پەیوەندییەکانی زۆرتر پەرە پێبدات. ئامانجی دەسەڵاتی فاشی AKP-MHP بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان ئەوە بوو کە لە سەدساڵەی پەیمانی لۆزاندا PKK پاکتاو بکات و بەم شێوەیەش جینوسایدی کورد بە ئەنجام بگەیەنێت. هەشت ساڵە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەی هێرش دەکات. لەم هەشت ساڵەدا بە دەیان جار ئەم گوتنەی دووبارە کردۆتەوە: “بە تەواوی کێشەی بەقا (کێشەی هەبوون و مانەوەی دەوڵەتی تورکیا – وەرگێڕ) چارەسەر دەکەین و دەکەوینە سەد ساڵەی دووەمی کۆماری تورکیا“. مەبەستی لە “کێشەی بەقا” هەبوونی کوردە. دەیانەوێت هەبوونی کورد بە تەواوی لەناو ببەن و داهاتووی دەوڵەتی تورکیا بەم شێوەیە مسۆگەربکەن. ئەمەیە زیهنییەتی دەوڵەتی تورکیا و ئەو کەسانەیە کە لەگەڵ ئەردۆغان بەڕێوەی دەبەن. ئەوانەی کە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا پەیوەندی دروست بکەن ئەکەونە خزمەت وەها سیاسەتێکەوە. رەنگە، دەوڵەتەکانی دی یان هەندێک هێزی دی بەرژەوەندی جیاوازیان هەبێت و وەکو پێویستییەکی بەرژەوەندییەکانیان پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا دانێن. بەڵام کورد نابێت هیچ پەیوەندییەک لە گەڵ خاوەنی ئەم جۆرە سیاسەت و بیرکردنەوە دروست بکەن. هەر کوردێک کارێکی وەها بکات ئەوا خائین و بەکرێگیراوە. ئەمە شتێکی ئاشکرا و مسۆگەرە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی تورکیا تەنانەت پەیوەندییەکانیشی لە گەڵ ئەمریکا، ئەوروپا و وڵاتانی دیکە لە سەر بنەمای مسۆگەر کردنی پشتیوانی ئەوانە بۆ جینوسایدی کورد. هەموو کەسێک دەزانێت کە ئەگەر پشتیوانی دەرەکی نەبووایە، دەوڵەتی تورکیا تا ئێستا نەیدەتوانی سیاسەتی جینوسایدی کورد بەڕێوە ببات. دەوڵەتی تورکیا تا ئێستاش بە پشت بەستن بەم پشتیوانییە دەرەکییە درێژە بەم سیاسەتەی خۆی دەدات. ئێستا دەیەوێت ئەم پشتیوانییە زۆرتر و زۆرتر بێت. چۆنکە وەک پلانی بۆ دانابوو نەیتوانی لە سەد ساڵەی تەمەنی دەوڵەتی تورکیادا بزووتنەوەکەمان پاکتاو بکات و جینوسایدی کورد بە ئەنجام بگەیەنێت. گەلی کوردستان و گەریلای ئازادی کوردستان رێگەیان بەمە نەدا. بێگومان، رێبەر ئاپۆ زۆرترین خۆڕاگری کردووە. رێبەر ئاپۆ ئەمە ٢٥ ساڵە لە گرتووخانەی ئیمرالیدا لە ژێر گۆشەگیرییەکی دژواردایە. سێ ساڵە کە هیچ کەس نەیتوانیوە بیبینێت و هیچ شتێک لەبارەیەوە نازانرێت. بەڵام رێبەر ئاپۆ بەبێ ئەوەی کە گوێ بداتە شەرت و مەرجی ژیانی گرتووخانە، لە تێکۆشان بەردەوامە و تەنانەت یەک چرکەش ئەم تێکۆشانەی بەرنەداوە. ئێستا دەوڵەتی تورکیا بە وەرگرتنی هاوکاری زیاتر لە هێزە دەرەکییەکان دەیەوێت هێرشی گەورەتر بکات و پلانی جینوساید بە ئەنجام بگەیەنێت. سەردان و چاوپێکەوتنەکانی هاکان فیدان لە عێراق و باشوری کوردستان ئەم ئامانجەی لەپشتەوەیە.
بەلام وەکو دەزانرێت هاکان فیدان لەگەڵ حکوومەتی باشوری کوردستان چاوپێکەوتنی نەکرد. ئەوانەی کە پێشوازییان لە هاکان فیدان کرد و لە گەڵیدا دیداریان ئەنجام دا بارزانییەکان (مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی) بوون. پەیوەندی ئەمانە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا شتێکی شاراوە نییە. ئەم پەیوەندییانە بەتەواوی لە سەر بنەمای بەرژەوەندییە. بە داخەوە، ئەم بەرژەوەندییانە خزمەت بە جینوسایدکردنی کورد دەکەن و لە سەر حسابی خیانەت کردن لە کۆمەڵگای کوردستان پەرەیان پێ دەدرێت. ئەمە دۆخێکی بەئێش و ئازارە بۆ گەلی کوردستان، بەڵام بارزانییەکان لەمێژە ئەم سنوورانەیان تێپەڕاندووە و ئێدی لە نێو زەلکاوی خیانەتدا چەقیون. لە خۆیدا، شێوازی پێشوازیکردنیان لە هاکان فیدان بەسە بۆ تێگەیشتن لە دۆخەکە. پێم وابێ، راگەیندراوی KNK ئەم شێوازی پێشوازیکردنەی وەک شەرم پێناسە کردبوو. ئەمە پێناسەیەکی راست و لەجێی خۆیدایە. لە ئامێزگرتنی کەسێک کە هەموو رۆژێک کورد دەکوژێت و هەموو سیاسەتەکانی لەسەر بنەمای جینوسایدکردنی کوردە گوزارشت لە چی دەکات؟ئەمە غەیری قابلی تەحەمولە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت تێگەیشتنی بۆ بکرێت. ئەمە بەو واتایە دێت کە ئەمانە بەتەواوەتی لە گەل و لە رەوشت و لە کۆمەڵایەتیبوون دابڕاون. دەوڵەتی تورکیا هیچ کاتێک راستگۆیانە و لە دڵەوە لە گەلان، بەتایبەتی لە گەلی کورد، نزیک نەبۆتەوە و دۆستانە هەڵسوکەوتی نەکردووە. لە کاتی خۆیدا عوسمانیەکانیش بەو شێوەیە بوون. ئەمڕۆش دەوڵەتی تورک وەهایە. هەمان گرێ و هەمان هەستی خۆ بەزلزانین لە ئەردۆغانیشدا هەیە. لە لایەکی دیکەوە، بۆ هەموو کەسێک ئاشکرایە کە عوسمانییەکان و دەوڵەتی تورکیش چییان بەسەر بارزانییەکاندا هێناوە. عوسمانییەکان شێخ عبدالسلامیان لە سێدارە دا. دەوڵەتی تورکیاش شێخ ئەحمەد بارزانی رادەستی عێراق کردەوە و دەوڵەتی عێراقیش ئەوی لە مۆسڵ زیندانی کرد. کردەوە کۆمەڵکوژییەکانی ئێستای دەوڵەتی تورکیا بۆ هەموو کەسێک ئاشکرایە. هەموو ئەم نموونانە ئەوەمان پێ نیشان دەدەن کە هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا سەبارەت بە کورد، باشوری کوردستان و تەنانەت سەبارەت بە بارزانییەکانیش چۆنە. بەڵام ئەوانەی کە ئەمڕۆ بانگەشە دەکەن کە نوێنەرایەتی بارزانییەکان دەکەن، بە پێچەوانەی ئەم راستییە مێژووییانە و هەنووکەییانە هەڵسوکەوت دەکەن. ئەو کەسانە لە ئامێز دەگرن و باوەشیان بۆ دەکەنەوە کە کورد کۆمەڵکوژ دەکەن. کۆمەڵگای کوردستان و مێژوو حوکمی خۆی لەسەر ئەمە دەدات. دەتوانم بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەکەتان بدەمەوە. رەنگە وەڵامێکی دور و درێژ بێت، بەڵام لە بەر گرنگی بابەتەکە ئەمانەم بە پێویست زانی.
پرسیاری سێهەم: بە ڕای ئێوە هەڵوێست و نزیکایەتی حکومەتی عێراق و حکوومەتی باشوری کوردستان لە چاوپێکەوتنانەدا چۆن بوو و پێویست بوو چۆن هەڵوێستێکیان هەبووایا؟
جەمیل بایک: تەبعەن ئێمە نازانین کە لە چاوپێکەوتنەکاندا لەگەڵ حکومەتی عێراق و لەگەڵ بارزانییەکاندا (لێرەدا مەبەستم هەر سێ بارزانییەکەیە کە لەگەڵ هاکان فیدان چاوپێکەوتنیان کرد) لە سەر چی باس کراوە و ئایا گەیشتوونەتە رێککەوتنێک یاخود نا. هەر چی دەوڵەتی عێراقە، بەدەر لە هەندێک لێدوانی فەرمی و دیپلۆماتیک، شتێکی ئەوتۆیان لە گەڵ رای گشتی هاوبەشی نەکرد. بەڵام هەندێک کەسایەتی سیاسی عێراقی لێدوانیان بۆ رای گشتی دا. رایانگەیاند کە پێویستە دەوڵەتی تورکیا لە خاکی عێراق بچێتە دەرەوە. ئەمە هەڵوێستێکی راست و لەجێگای خۆیدایە. دەوڵەتی تورکیا هێزێکی داگیرکەرە لە عێراقدا و سیاسەتەکانی دژ بە عێراقن. پەیوەندی تورکیا و عێراق وەکو پەیوەندی نێوان دوو دەوڵەتی هاوتا و یەکسان نیین. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بنەمای سەرەکی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا دوژمنایەتی کوردە. ئامانجی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە کە عێراق بخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە و بیکاتە هاوبەشی خۆی لە سیاسەتی جینوساید کردنی کورددا. زۆر روون و ئاشکرایە کە هیچ بەرژەوەندییەکی عێراق لە سیاسەتێکی وەهادا نییە. بەپێچەوانەوە، پەیوەندییەکی وەها لەگەڵ تورکیا عێراق زۆرتر وابەستە دەکات. هەڵوێست و نزیکایەتی بارزانییەکان بەتایبەت لە کاتی پێشوازی کردنیان لە هاکان فیدان دیار بوو. هەموو کەسێک دەزانێت کە ئارمانجی دەوڵەتی تورکیا لە پەیوەندی لەگەڵ بارزانییەکان و PDK چییە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەش زەحمەت نییە بزانیین کە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لە هەموو ئەم چاوپێکەوتنانە چ بوون. دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت دەوڵەتی عێراق هاوبەشی بێت لە سیاسەتی جینوساید بەرامبەر بە کورد. لەم چاوپێکەوتنانەدا ئارمانجی دەوڵەتی تورکیا رازی کردنی بارزانییەکان و PDK بەم سیاسەتە نەبوو. لەخۆیدا، ئەوان شان بە شانی دەوڵەتی تورکیا نەک تەنیا لە باشوری کوردستان لە دژی گەریلای ئازادی کوردستان جمۆجۆڵ دەکەن، بەڵکۆ لە هەموو شوێنێک ئەوان و دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ یەکدان. هەربۆیە هەدەفی بنەڕەتی دەوڵەتی تورکیا لەم چاوپێکەوتنانەدا رازی کردنی دەوڵەتی عێراق و ئەو لایەنانەیە بوو کە خاون هێز و کاریگەرین لە عێراقدا. لە لایەکی دیکەوە، دەوڵەتی تورکیا ئەو ئیمکانانەی کە لە دەستیدان وەکو هەڕەشەیەک بەرامبەر بە عێراق بەکاری دەهێنیت. یەکێک لەمانە مەسەلەی ئاوە. عێراق پێویستییەکی زۆری بە ئاو هەیە. بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئەمە وەکو ئامرازێکی باج سێنی و زۆرسێنی بەکار دەهێنێت. دەیەوێت زۆر بۆ دەوڵەتی عێراق بهێنێت کە تورکیا چی بوێت ئەوە بکات. ئەمە گەوهەری سیاسەتی دەوڵەتی تورکیایە. دەوڵەتی تورکیا هەموو ئیمکانیات و تواناکارییە سەربازی، سیاسی و ئابوورییەکانی لە پێناو پشتیوانی وەرگرتن بۆ سیاسەتی جینوسایدی کورد بەکار دەهێنێت. بەم شێوازە نزیکی عێراقیش دەبێتەوە. هەروەها، دەوڵەتی تورکیا تەنیا بە بەکارهێنانی ئاو و ئیمکانیاتی دی وەکو ئامرازێکی زەخت ناوەستێت، بەڵکۆ لە رێگەی پەیوەندی لەگەڵ بارزانییەکان دزە دەکاتە ناو سیاسەتی عێراقیشدا. لە لایەکی دیکەوە، لە رێگەی پەرەدان بە سیاسەتی مەزهەبگەرایی هەول دەدات خۆی زیاتر بخزێنێتە ناو عێراق. لە رێگەی ئەمانەوە، هەنگاو بە هەنگاو عێراق تەنگەتاوتر دەکات. یەکێک لەم هەنگاوانە ئەوەیە کە عێراق تەڤگەرەکەمان وەکو تەڤگەرێکی نایاسایی رابگەیەنێت. لە رێگەی ناچار کردنی عێراق بۆ هەنگاوێکی لەم شێوە، دەوڵەتی تورکیا هەوڵ دەدات لە لایەکەوە رەوایەتی و فەرمییەت بۆ هەموو کردەوەکانی دروست بکات، لە لایەکی دیکەشەوە بەرگێکی یاسایی بکاتە بەر هاوبەشی خۆی لەگەڵ PDK و بەم شێوەیە بارزانییەکان زیاتر لە جاران پەلکێشی ناو بەکرێگیراوی بکات. هەروەها دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی کە گەلی ئێزیدی نەبنە خاوەنی ستاتۆیەکی دیمۆکراتی زەخت و گوشار لە عێڕاق دەکات و بە هەڕەشە و گوڕەشە هەوڵ دەدات دەوڵەتی عێڕاق هێرشی ئێزیدییەکان بکات. ئەمە ئەو هەنگاوانەیە کە دەوڵەتی تورکیا لە دەوڵەتی عێراق دەوێت. تەبعەن، پێویستە دەوڵەتی عێراق لە بەر کێشەی ئاو و چەندین کێشەی دی نەکەوێتە نێو ئەم داوەوە و هەنگاوی لەو شێوەیە نەنێت. ئەگەر دەوڵەتی عێراق بە گوێرەی داخوازییەکانی دەوڵەتی تورکیا هەنگاو بنێت و پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ تورکیا بخاتە خزمەت جینوسایدی کوردەوە، ئەوا کۆنترۆڵ و کاریگەری تورکیا لەسەر عێراق زیاد دەبێت و زۆر شوێنی عێراق دەبنە شوێنی ناکۆکی و پێکدادان. چۆنکە ئەو سیاسەتەی کە دەوڵەتی تورکیا پەیڕەوی دەکات هەموو کەسێک پەلکێشی ناو شەڕ و پێکدادان دەکات. دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت لە رێگەی جینوساید کردنی کوردەوە هەژموونی خۆی لە هەرێمەکەدا زیاد بکات. هەموو کەسێک ئەم راستییە دەزانێت. عێراقیش دەزانێت. هەربۆیە پێویستە دەوڵەتی عێراق بە گوێرەی خواستی تورکیا هەڵوێست وەرنەگرێت. تورکیا دەیەوێت کە عێراق تەنیا وەکو کێشەیەکی ئەمنییەتی سەیری مەسەلەی کورد بکات. بەڵام پێویستە عێراق وا نەکات. PKK کێشەیەکی ئەمنی نییە، بەڵکۆ بەشێکە لە مەسەلەی کورد. عێراقیش هەم بەشێکە لە کێشەی کورد و هەمیش موخاتەبی مەسەلەکەیە. ناتوانێت خۆی لەمە لابدات، پێویستیش ناکات کە خۆی لابدات. ئەو مافەی عێراق هەیە کە داوا لە دەوڵەتی تورکیا بکات کێشەی کورد لە رێگەی سیاسی و دیمۆکراتییەوە چارەسەر بکات، و پێویستە داواکارییەکی وەهای لە تورکیا هەبێت. ئێراق دەتوانێ بەم شێوەیە گوشار و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا ئاستەنگ بکات.
لە سەر بنەمای ئەو زانیاری و لێدوانانەی کە چاپەمەنیدا دەردەکەون وا دیار دەبێت کە هاکان فیدان نەیتوانیوە ئەو ئەنجامانەی کە مەبەستی بوو لە بەغداد وەریبگرێت. پێویستە کە هەر وەهاش بێت. پێویستە بەغداد ملکەچی ئەنکارا نەبێت. بەداخەوە کە ناتوانین هەمان شت سەبارەت بە چاوپێکەوتنی هاکان فیدان لە هەولێر بڵێین. ئەو چاوپێکەتنانەی کە لە باشور ئەنجام دران، ناوەڕۆکەکەی وەک هەمیشە شاراوە و سڕاوی بوون. ئەو شتانەی کە لە چاوپێکەوتنەکاندا باسیان لەسەر کراوە، لە خەڵک دەشاردرێنەوە. پاش تەواوبوونی چاوپێکەوتنەکان هاکان فیدان رایگەیاند کە چاوپێکەوتنی زۆر ئەرێنییان ئەنجام داوە و سپاسی بارزانییەکانی کرد. ئەم راستییە بۆ خۆی هەموو شتێک ئاشکرا دەکات. ئێدی پێویست ناکات شتێکی لەسەر زیاد بکرێت یان شرۆڤەی لەسەر بکرێت. گەلەکەمان پێویستە سروشتی پەیوەندی نێوان بارزانییەکان و دەوڵەتی تورکیا بزانێت. پەیوەندی بارزانییەکان لە گەڵ دەوڵەتی تورکیا بەتەواوی لە سەر بنەمای بەکرێگیراوی یە. هەموو هاوکارییەک پێشکەشی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا دەکات. زانیاری ئیستخباراتییان پێ دەدات، جێگە و رێگایان بۆ دابین دەکات، لۆجستیک و ئەرزاقیان پێ دەدات و لە سەر شوێنی مانەوەی گەریلاکان سیخوڕی دەکات. وادیارە کە لە چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ هاکان فیدان دا ئەم هاوکاری و بەکرێگیراوێتییە قووڵتر کراوەتەوە. بەغداد ملکەچی داواکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا نەبوو، بەڵام بەداخەوە هەولێر ملکەچی ئەردۆغان بوو.
پرسیاری چوارەم: ئایا ئەم چاوپێکەوتنانە بە شێوەیەکی تیر و تەسەل لە باشوری کوردستاندا باسیان لەسەر کرا. کاردانەوەی پارتە سیاسییەکان، رێکخراوەکان، رۆشنبیران، نووسەران، هونەرمەندان و هتد چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
جەمیل بایک: سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە کە دەیەوێت کورد جینوساید بکات و کوردایەتی بەتەواوی لەناو ببات. ئەم سیاسەتەی تورکیا تەنیا لە باکوری کوردستان کە لە ژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیادایە بەڕێوە ناچێت، بەڵکو لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا بە شێوازی جیاجیا بەڕێوە دەچێت. ئەگەر ئەمڕۆ بە راشکاوی لە دژی ستاتۆی باشوری کوردستان هەڵوێست وەرناگرێت و پەیوەندی لە گەڵ دروست دەکات، لە بەر ناچارییە. بۆ ئەوەی کە کورد جینوساید بکات، بۆ ئەم قۆناخە ناچارە ئەم جۆرە لە پەیوەندییانەی هەبێت. تا ئەو کاتەی کە لە زیهنییەتی دەوڵەتی تورکیادا دوژمنایەتی کورد هەبێت، هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتەکانیدا ناکرێت. لە هەموو شوێنێک دەوڵەتی تورکیا هەمان بۆچوونی سەبارەت بە کورد هەیە، ئەویش لەناو بردنی کوردە. وەک گەلی کورد، وەکو پێشەنگانی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد پێویستە باش لەم راستییە تێبگەین.
تاکە ئامانجی هاتنی هاکان فیدان بۆ باشوری کوردستان جینوسایدکردنی کوردە. پێویستە رێگەیان نەدابا هاتبایە باشوری کوردستان. ئەوانەی کە هەموو رۆژێک کورد دەکوژن، بە درۆن و بە فڕۆکەی شەڕکەر هەموو شوێنێک بۆردمان دەکەن، لە دژی گەریلا چەکی کیمیایی بەکار دێنن و تاوانی شەڕ ئەنجام دەدەن، لە دژی رۆژئاوای کوردستان هێرشی داگیرکاری ئەنجام دەدەن و خەڵکەکەی ئەنفال دەکەن، لە شەنگال و لە مەخمور و لە عەربەت کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن، قۆناخ بە قۆناخ باشوری کوردستان داگیر دەکەن، لە دژی گەلەکەمان لە باکوری کوردستان سیستەمی فاشیزم بەڕێوە دەبەن، بە هەزاران کورد دەخەنە زیندان و گۆشەگیرییەکی دژوار لە دژی رێبەر ئاپۆ ئەجام دەدەن چۆن دەبێ بێنە شوێنێک کە دەسەڵاتی کوردی لێیە و چاوپێکەوتن بکەن؟ پێویست بوو شتێکی وەها رووی نەدابا. بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی PDK بەبێ ئەوەی کە ڕەچاوی هیچ بنەما و پرەنسیپێک بکەن دەعوەتی باشوری دەکەن و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجام دەدەن. هەموو کەسێک بینی کە دەسەڵاتدارانی PDK چۆن بێپەروا بکوژی کوردان لەئامێز دەگرن و باوەشی بۆ دەکەنەوە. لە باشوردا رەخنە لەمە گیرا و خەڵک لە سەری هەڵوێستیان هەبوو. هەروەها هەندێک دامەزراوە و کەسایەتی کاردانەوەیان نیشان دا. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەڵوێستی هەبوو. هەروەها بەڕێز دوکتۆر مەحمود عوسمانیش لەم بارەیەوە لێدوانی هەبوو. ئەمانە گرنگ بوون، بەڵام پێویست بوو زۆرتر لەم هەڵوێستانە هەبایا. دەبوو رۆشنبیران، نووسەران، هونەرمەندان و بەتایبەتیش پارتە سیاسیەکان و ریکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەڵوێستیان نیشان دابا و رەخنەیان گرتبا. دەیانتوانی ئەم دۆخە پرۆتستۆ بکەن و پرسیاریان کردبا کە ئایا دەسەڵاتدارانی PDK لەسەر ناوی کێ و لەبەرامبەر چی دا ئەم چاوپێکەوتنانەیان ئەنجام داوە. دەتوانرا شیوازی پێشوازیکردن لە هاکان فیدان بە دەنگێکی بڵند رەخنەی لێ بگیرایە. دەتوانرا بگوترێ کە ئەم قابیلی قبوول نییە. پێویست بوو قیامەتیان بەرپا کردبایە. ئەمانە تا رادەیەک ئەنجام دران، بەڵام پێویستە زۆرتر بوایا. لە لایەکی دیکەوە، پێویستە رەخنە و کاردانەوەکان لە ئاستی گوتار دەرکەون و بکەونی بواری سیاسەت و چالاکییەوە. چۆنکە ئامانجی رەخنە و کاردانەوە ئەوەیە کە کۆمەلگا بخرێتە ناو جمۆجۆڵەوە، وشیاری دروست ببێت و بەم شێوەیە هەڵەکان راست بکرێنەوە. گەورەترین هێزێک کە بتوانێت هەڵەی سیاسیەکان راست بکاتەوە کۆمەڵگا و گەلە. ئەرکەی سیاسەت، زانست، هونەر و بیر ئەوەیە کە پێشەنگایەتی بۆ ئەمە بکەن. ئەگەر پێشەنگایەتییەکی وەها نەکەن خەسار دەبینن. لەو بڕوایەدان کە لەم بوارەدا کەم و کۆڕی هەیە و ئەمەش مەترسییدارە. پێویستە ئێمە وەکو کورد لەم بوارەدا لێپرسینەوە لە خۆمان بکەین. چۆنکە لەم دونیایەدا ئەوەی کە پێویستییان هەیە زۆرترین هۆشیاری و هەستی بەرپرسیارێتی نیشان بدەن کوردن.
لەو کاتانەدا کە سیاسیەکان نابنە وەڵام و لەڕێلادان هەیە، پێویست دەکات کە کۆمەڵگای مەدەنی، زانکۆکان، رۆشنبیران، هونەرمەندان و نووسەران بێنە مەیدان، لە سەر ناوی گەل قسە بکەن، رەخنە لە هەڵەکان بگرن و هەڵوێستی راست بخەنە روو. ئێمە وەک گەلی کورد زۆر پێویستیمان بەمە هەیە. چۆنکە دوژمنەکانمان لە رێگەی سیاسەتی کۆلۆنیالییەوە و بە شێوازی جۆراجۆری شەڕی تایبەت کۆمەڵگا تووشی داڕۆخان دەکەن و پاشان بە کەڵک وەرگرتن لەم داڕۆخانەی کۆمەڵگا، بە کڕینی هەندێک بنەماڵە و گروپ و کەس پەرە بە رێبازی بەکرێگیراوی و خەیانەت دەدەن. بەم شێوەیە دەیانەوێت کە تێکۆشانی ئازادیخوازی دەیان ساڵەی گەلەکەمان لە باشوری کوردستان بێ ئەنجام بمێنێت و سیاسەتی جینوساید بە هەدەفی خۆی بگات. لێرەدایە کە پێویست دەکات مرۆڤە زاناکانی ناو کۆمەڵگا لە پێناو پەرەدان بە رێبازی نیشتمانپەروەریدا زۆرتر خەبات و تێکۆشان بکەن. ئەمە رەهەندێکی گرنگی تێکۆشانی ئازادیخوازی کوردستانە. زانست و رۆشنگەری بنەڕەتیترین خەباتە بۆ وشیارکردنەوەی گەلە چەوساوەکان و گەیاندیان بە ئازادی. ئەم قۆناخە رەنگە لە هەندێک کۆمەڵگادا کورت بخایێنێت، بەڵام بۆ کۆمەلگایەکی وەکو کورد کە لە ناو بەرداشی جینوساید و مژوکداریدایە، ئەم قۆناخە زۆر دەخایێنێت، رەنگە دەیان ساڵ یان سەدان ساڵیش درێژە بکێشێت.
پێویستە بە بۆنەی چاوپێکەوتنەکانی وەزیری دەرەوی تورکیا لە باشور، ئەم پرسیارانە ئاراستەی دەوڵەتی تورکیا کرابان: بۆچی کێشەی کورد چارەسەر ناکەن؟ بۆ دان بە مافەکانی گەلی کورددا نانێن؟ بۆ رێگە نادەن کورد بە زمان و ناسنامە و ئیرادەی خۆی بژیت؟ بۆ هەر رۆژ کورد دەکوژن؟ بۆ بە دەیان هەزار کوردتان گرتووە و خستووتانە زیندانەوە؟ بۆ باشور و رۆژئاوای کوردستانتان داگیر کردووە؟ بۆ خەڵکە رەسەنەکەی وەدەر دەنێن و چەتەکانی داعش و بەرەی نۆسرە لە نێشتمانی کوردان نیشتەجێ دەکەن؟ بۆچی سێ ساڵە رێگا نادەن هیچ هەواڵێک لە رێبەر عبداللە ئۆجەلان هەبێت؟ پێویست بوو هەڵوێستێکی بەهیز هەبایە لە بەرامبەر ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیا PKK وەکو کێشەیەکی ئەمنی دەگرێتە دەست. پێویست بوو ئەو داوایە ئاراستەی دەوڵەتی تورکیا و وەزیری دەرەوەی تورکیا بکرایە کە کێشەی کورد لە رێگەی سیاسی دیمۆکراتییەوە چارەسەر بکرێت. پێویست بوو ئەم چاوپێکەوتنانە بەم شێوەیە بە رۆژەڤ بوونایە. بەڵام لەم بوارەدا کەم و کۆڕی هەبوو کە ئەمەش ورە دەبەخشێتە دوژمن و بەکرێگیراوەکانی.
پرسیاری پێنجەم: ئەم چاوپێکەوتنانە لە چاپەمەنیدا رەنگیاندایەوە. ئێوە نزیکایەتی چاپەمەنی و روژنامەنووسەکان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا چاپەمەنی توانی ئەم چاوپێکەوتنانە بەو شێوەیەی کە پێویست بوو بکاتە رۆژەڤ؟
جەمیل بایک: بێگومان میدیا و چاپەمەنی رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و ئاگادارکردنەوەی خەڵک لەرووداوەکان. هەبوونی زانیاری دروست سەبارەت بە راستیییەکان بیرکردنەوەی ئازاد و رەخنەیی لەگەڵ خۆی دەهێنیت. ئەمەش لە گەوهەری خۆیدا بە مانای ئازادی دێت. لە بەر ئەمەیە کە چاپەمەنی و رۆژنامەنووسان خاوەن رۆڵێکی وەها گرنگن. بەتایبەت بۆ ئەو گەلانەی وەک گەلی کورد کە ئازادییان لێ سێندراوەتەوە و لەژێر هێرشی جینوساید و داگیرکاریدان چاپەمەنی و کاری رۆژنامەنووسی گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئەم راستیە لە هەمانکاتدا بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەخاتە سەر شانی چاپەمەنی و رۆژنامەنووسان. رۆڵ و بەرپرسیارێتی رۆژنامەنووسان وەک هەمان رۆلێ رۆشنبیران و نووسەرانە. ئەگەر کۆمەڵگا زانیاری لەسەر راستییەکان هەبێت و رەخنەییانە بیر بکاتەوە دەسەڵاتداران ئەمە بە مەترسی بۆ سەر هەبوونی خۆیان دەبینن. چۆنکە ئەگەر کۆمەڵگا بتوانێت سەبارەت بە کردەوەکانی دەسەڵاتدارەکان ببێتە خاوەن زانیاری، دەسەڵاتدار ناتوانن هەر کارێک دڵیان ویستی بیکەن. هەربۆیە دەسەڵاتدارەکان لە دوو رێگاوە ئاستەنگی لەبەردەم چاپەمەنیدا دروست دەکەن و نایانەوێت دەوری خۆی بگێڕێت. یەکێک لەم رێگایانە زەخت و گوشارە. لەم رێگایەوە دەیانەوێت رۆژنامەنووسەکان چاوترسێن بکەن و بێدەنگییان بە سەدا بسەپێنن. رێگای دووەم ئەوەیە کە دەسەڵاتدارەکان هەوڵ دەدەن کە میدیا و چاپەمەنی بۆ خۆیان قۆڕخ بکەن، لەرێگەی پارەوە بیانکڕن و بەم شێوەیەش لەجیاتی راستییەکان هەندێک زانیاری درۆ و چەواشەکراو بە دەرخواردی خەلک بدەن و رۆژەڤ بەلاڕێدا بەرن. لە دۆخێکی وەهادا چاپەمەنی دەورێکی پێچەوانەی گەوهەری راستەقینەی خۆی دەگێڕێت. لە هەر دوو حاڵەتدا، ئامانج ئەوەیە کە کۆمەڵگا خاوەن زانیاری نەبێت و رەخنەیی بیر نەکاتەوە.
لە هەر شوێنیک کە لەدژی دەسەڵاتدارەکان و بەکرێگیراوەکانیان تێکۆشانی ئازادیخوازی هەبێت، دەسەڵاتدارەکان ئەم رێکارانە بە چڕی دەگرنە بەر. یەکێک لەم شوێنانە کوردستانە. بۆ ئەوەی کە گەلی کوردستان لە راستیی رووداو و پێشهاتەکان بێئاگا بێت، زەختێکی زۆر مەزن دەخەنە سەر چاپەمەنی. بەڵام بە هەر بەهایەک دەبێت با ببێت، پێویستە چاپەمەنی بێدەنگ نەبێت، راستییەکان بگێڕیتەوە و کۆمەڵگا وشیار بکاتەوە. پێویستە لەم بوارەدا ئازا بێت و پاشەکشە بۆ کەس نەکات. شەرت و مەرج هەرچی بن، پێویستە ملکەچی گوشار و هێزی پارە و ماددیات نەبێت. ئەمە پێویستییەکی چاپەمەنی و رۆژنامەنووسی ئازادە و یەکێکە لە بنەما ئەخلاقییەکانی کاری رۆژنامەنووسی. بێگومان ئێمە دەزانین کە وێڕای هەموو زەخت و گوشارەکان زۆر رۆژنامەنووسی ئازا، بوێر و چاونەترس هێشتا هەر لە گۆڕەپانەکەدا ماونەتەوە. ئەمە نەریتێکە لە بەرامبەر چاپەمەنی قۆڕخکراو و قەڵەمی فرۆشراو. لە مەسەلەی هاتنی هاکان فیداندا، ئەگەر راستییەکان وەکۆ خۆی لە گەڵ کۆمەڵگا هاوبەشی نەکرا و ئاستی رەخنە و هەڵوێست کەم بوو، لەم دۆخەدا چاپەمەنیش بەرپرسیارە، تەنانەت، بە لەبەرچاوگرتن و بەراوردکردنی لەگەڵ دەوری راستەقینە و پێویست، چاپەمەنی بەرپرسیاری یەکەمە.
پرسیاری شەشەم: ئایا ئەو هەڵوێستانەی کە پەدەکە لە دژی ئێوە هەیەتی لە بەر زەخت و گوشاری تورکیایە، یان لە بەر ئەوەیە کە لە PKK دەترسێت و بۆ خۆی وەکو هەڕەشەیەک دەیبینێت؟
جەمیل بایک: بە پێویستی دەزانم لەم بارەیەوە ئاماژە بە دوو خاڵی روون و ئاشکرا بکەم. یەکەمیان، لە لایەنی ئایدیۆلۆژی و پارادیمەوە ئێمە و PDK لە دوو خاڵی لە یەک جیاوازداین. ئەو سیاسەت و ئایدیۆلۆژیایەی کە PDK نوێنەرایەتی دەکات، سیاسەتێکە کە لە سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا باو بوو. لە هەر لایەکەوە کە سەرنجی لێبدەیت دەبینیت کە ئێدەی ماوەی ئەم جۆرە سیاسەت و ئایدیۆلۆژیایە بەسەر چووە. هەربۆیە داهاتووشی نییە. لەخۆیدا، چەند رۆژ لەمەوبەر، مەسرور بارزانی لە نامەیەکدا رایگەیاند کە حکوومەتەکەی ئێدی ئیفلاسی کردووە. ئەمەیە ئەنجامی ئەو سیاسەتەی کە PDK نوێنەرایەتی دەکات.
PKK بزووتنەوەیەکە کە سۆسیالیزمی دیمۆکراتی بە بنەما وەردەگرێت. واتە، لە کردەوە و دەرەنجامەکانی ریال سۆسیالیزم ( مۆدێلی سۆڤیەت) ئەزموونی پێویستی وەرگرتووە و پرەنسیپەکانی وەک ئازادی ژن، ژینگەپارێزی و پێشەنگایەتی گەنجان لە سیاسەتدا بەبنەما وەردەگرێت و گرنگی بە پتەوبوونی بنەماکانی کۆمەڵگا دەدات. هەربۆیە هەم خاوەن داهاتووە و هەم داهاتوو بونیاد دەنێت. ئەگەر سەرنج بدەن دەبینن کە ئێمە و PDK لە دوو شوێنی جیاوازداین. PDK لە بواری ئایدیۆلۆژی و پارادیمەوە لە PKK دوورەپەرێزی دەکات و لێی تۆڕەیە و ئەمەش جێی تێگەیشتنە. ئەگەر ئەم دۆخە لە ئاستی تێکۆشانی ئایدیۆلۆژی و پارادایمی دا بگرینە دەست، کێشەیەک دروست ناکات. بەڵام ئەگەر بکرێتە ئامراز و بیانۆیەک بۆ بەکرێگیراوی و بەرەو دۆخێک بڕوات کە PDK لە گەڵ دوژمنانی کورد لەدژی PKK هەمان هەڵوێست وەربگرێت، زۆر ئاشکرایە کە ئەمە هاوکارییە لەگەڵ دوژمن. دۆخی ئێستاش هەمان شتە. PDK بۆوەتە هاوکار و بەکرێگیراوی دوژمنانی گەلی کورد.
خاڵی دووەم کە دەمەوێت ئاماژەی پێبکەم، پەیوەندییەکانی PDKیە لە گەڵ دەوڵەتی تورکیا. بەر لە هەموو شتێک، دەوڵەتی تورکیا دوژمنی کوردە. ئەو کاتەی کە PDK خەریکی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بوو، هەموومان بە چاوی خۆمان بینیمان کە دەوڵەتی تورکیا چۆن سۆکایەتی بە PDK دەکرد و هەڵوێستێکی چەندە توندی هەبوو بەرامبەر بە ریفراندۆم. واتە، دەوڵەتی تورکیا هیچ بزووتنەوەیەکی کوردی و هیچ لایەنێکی کوردی وەکو موخاتەبێکی خاوەن ئیعتبار قبووڵ ناکات. تا ئەو رادەیەی کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی بکات پەرە بە پەیوەندییەکانی دەدات؛ واتە بەکاری دەهێنێت، پاشان وەک دوژمن سەیری دەکات و هێرشی دەکاتە سەر. لە بابەتی PKKشدا دیالێکیتکی پەیوەندی PDK لە گەڵ دەوڵەتی تورکیا ئەمەیە. بێگومان لە سەر بابەتی PKK رەنگە دەوڵەتی تورکیا زەخت لە PDK بکات. بەڵام لێرەدا گرنگ ئەوەیە کە PDK لە بەرامبەر ئەم زەخت و گوشارە چ هەڵوێستێک نیشان دەدات. دوو رێگا هەیە؛ PDK دەتوانێت هەڵوێستێکی شەرەفمەندانە نیشان بدات و هەموو داواکارییەکانی تورکیا رەت بکاتەوە، لە هەمان کاتدا ئەگەری ئەوەش هەیە کە ملکەچی داواکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بێت، بەکرێگیراوی هەڵبژێرێت و هاوبەش لەگەڵ تورکیا جموجۆڵ بکات. هەربۆیە دەتوانم بڵێیم کە هەڵوێستی PDK لە بەرامبەر ئێمە هەم لە هۆکاری وەک ئایدیۆلۆژی، پارادایم و ناسنامەوە سەرچاوە دگرێت و هەم پێویسییەکی بەرژەوەندی هاوبەش و چەمکی هاوبەشی ئەوانە لە گەڵ دەوڵەتی تورکیا.
پرسیاری حەوتەم : لەو هێرشانەی کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکرنە سەر ئێوە، زۆر شەهادەت روو دەدەن. هەروەها لەناو شارەکاندا کادێران و کەسانی نزیک لە ئێوە دەکرێنە ئامانج. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە ناو گەلدا جۆرێک لە بێ ورەیی و تۆڕەیی دروست بێت. ئایا هۆکاری ئەم هەموو هێرشە زانیاری خۆجێیەیە؟
جەمیل بایک: هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەم ماوەی دواییدا، بە تایبەت دوای سەردانی هاکان فیدان بۆ عێراق و باشوری کوردستان زیادی کردووە. لە سلێمانی بە درۆن هێرشکرایە سەر یەکێک لەو هێزانەی کە دەورێکی زۆر کاریگەری لە شەڕی دژ بە داعشدا هەبووە و هەیەتی. بەداخەوە، سێ رۆڵەی قارەمانی گەلەکەمان لەم هێرشەدا شەهید بوون. هەروەها هێرش کرایە سەر نوێنەرایەتی KNK لە هەولێر و هەڤاڵ دەنیز جەودەت بولبول شەهید بوو. لە رۆژئاو و لە شەنگالیش هێرشی هەمان شێوە هەبوون و شەهادەتی لێکەوتەوە. لە کەسایەتی ئەم شەهیدانەی دواییدا سەری رێز بۆ هەموو شەهیدەکانی شۆڕشی ئازادیخوازی گەلەکەمان دادەنەوێنم و لە سەر ناوی هەموو هەڤاڵانی کەجەکە پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی گەلی کوردستان و بەتایبەت بنەماڵەی شەهیدە سەربەرزەکان دەکەم و بەڵێن دەدەین کە تێکۆشانی ئەوان تا سەرکەوتن بەردەوام بکەین.
بە داخەوە لە هەموو ئەم هێرشانەدا دەستێکی خیانەت هەیە. ئەم هێرشانە نیشانەی بەهێزبوونی دوژمن نیین، بەڵکۆ ئەنجامی خیانەت و بەکرێگیراوین کە ئاسانکاری بۆ دوژمن دەکەن. ئیستیخباراتی دەوڵەتی تورکیا لە باشوری کوردستاندا بە شێوەیەکی چڕ و پڕ خەریکی خۆ ڕیکخستن کردنە. ئەم کارە ئیستخباراتییانە بە تایبەت لە هەولێردا زۆر چڕ بوونەتەوە. ئەگەر هاوکاری PDK نەبێت، ئیستیخباراتی دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت لە باشوری کوردستاندا هێندە بەکاریگەر بێت. پەیوەندی بارزانییەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا خیانەتێکی روون و ئاشکرایە و ئەم پەیوەندییەیە کە دەبێتە هۆی ئەم شەهادەتانە. ئەو کەسانەی کە لە سلێمانیدا کادێرانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی تیرۆر دەکەن و نیشتمانپەروەران دەکوژن زۆر بە ئاسانی هەڵدێن بۆ هەولێر و لەوێ دەمێننەوە. هەولێر ئێستا بۆتە شوێنی تەراتێنی ئەم بکوژانە. بێگومان PDK لەمەدا رۆڵێکی زۆر دیاریکەر دەگێڕێت. هەمان دۆخ بۆ هێرشە هەواییەکانیش راستە. بازە کەسێکی سەر بە تەنزیمی دەزگای سیخۆڕی MİT زانیاری دەدەن. لێرەدا گرنگ ئەوەیە کە لەبەرامبەر ئەم کەسە بەکرێگیراو، جاسۆس و خائینانەوە وریا بین و مەیدانیان پێ نەدەین. لە کاتێکدا کە پەیوەندی خیانەت و بەکرێگیراوی لە نێوان بارزانییەکان و دەوڵەتی تورکیا بۆ هەموو کەسێک ئاشکرایە، بەداخەوە ئەمە بە راشکاوانە باس ناکرێت و هەڵوێست لە بەرامبەری وەرناگیردرێت. بیرکردنەوەیەکی بەم شێوەیەی هەیە کە بارزانییەکان کوردن و ئەو پارتەی کە بەڕێوەی دەبەن پارتێکی کوردییە. ئەمەش لە بواری دەروونییەوە دۆخێکی وەهای خولقاندووە کە هەڵوێستی پێویست لە دژی خیانەتی بارزانییەکان وەرنەگیردرێت. ئەمەش رێگری دەکات لەوەی کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی بەهێز رووبەرووی ئەم خیانەت و بەکرێگیراویە ببنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بارزانییەکان خەمێکیان نییە بەناوی خەمی کورد و کوردستان. چەند شارێک هەبێت خزمەتیان بکات و خەڵکەکەی بڕۆتێننەوە و سەرچاوەی سەر زەوی و ژێرزەوی تاڵان بکەن بەسە بۆیان. باقی کوردستان چی بەسەر دێت بۆیان گرنگ نییە.
ئەگەر تا ئێستا لە بەرامبەر ئەم خیانەتە هەڵوێستی راست و پێویست هەبووایە و رێگری لە کاردانەوەی گەل لە دژی خیانەت نەکرابایا، دۆخەکە نەدەگەیشتە ئەم حاڵەتەی ئێستا و دوژمن هێندە هێرشی نەدەکرد و هێندە خەسار و هێندە ئێش و ئازار نەدەهاتە ئاراوە. هۆکاری ئەم دۆخە ئەوەیە کە ئەو رێکخراو و پارتی و دەزگایانەی کە پێویستە لە دژی خیانەت هەڵوێست وەربگرن و هەروەها ئەو رۆشنبیر و نووسەر و هونەرمەندانەی کە دەنگ و هۆشیاری کۆمەڵگان و نوێنەرایەتی ویژدانی کۆمەڵگا دەکەن لە کاتی خۆیدا هەڵوێست نیشان نادەن. ئەمەش ورەی بەخشیوە بە خیانەتکاران و خیانەتەکەیانی قووڵتر کردۆتەوە.
هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر نوێنەرایەتی KNK لە هەولێر شتێکی ئاسایی نییە، زۆر رەهەند و واتای هەیە. خەبات و تێکۆشانی KNK بەدیهێنانی یەکێتی نەتەوەییە لەنێوان گەلی کورددا و لەم بوارەدا زۆر خەباتی گرنگی ئەنجام داوە. یەکێک لەم خەباتانە ئەو کۆنفرانسەیە کە لە سەدەمین ساڵی پەیمانی لۆزاندا، لەو شوێنەی کە پەیمانەکەی لێی واژۆ کرا بەستی. بارزانییەکان بەشداری ئەم کۆنفرانسە نەبوون. چۆنکە ئەوان خەمێک یان ئارمانجێکیان نییە کە ناوی یەكیتی کوردان بێت. بەپێچەوانەوە، ئەمانە لە سەر جینوسایدی کورد و بەردەوامبوونی ئەم جینوسایدە لەسەر کورد چەکەرەیان کردووە. ئێدی پێویستە کەس بە لادەمەوە (شەرمنانە) لە سەر بارزانییەکان قسە نەکات. راستی چییە پێویستە بیڵێت. ئێدی ناچارین خیانەت بەناو بکەین. ناچارین بڵێین ئەمەی دەکرێت ناوەکەی خیانەتە. تەنیا لە حاڵەتێکی وەهادا دەتوانین پێش لە کەتن و کارەساتی خراپتر بگرین. یەکێتی نەتەوەیی کاتێک بەدی دێت کە بە خیانەتکار بڵێین تۆ خیانەتکاری. ئەگینا رێگا لەبەردەم خیانەتی گەورەتر و خەسارەتی گەورەتر دەکرێتەوە.
هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی بۆ چاوترسێنکردنی گەلی سلێمانی و بەگشتی گەلی سۆرانە. دەیانەوێت هەر وەکۆ چۆن هەرێمی بادینانیان کردۆتە شوێنی تەراتێنی سوپای داگیرکەری تورکیا و MIT، هەرێمی سۆران و سلێمانیش بۆ هەمان مەبەست بەکار بهێنن و YNK ناچار بکەن کە ئەویش وەک PDK هاوکاری دەولەتی تورکیا بکات. هێشتا سلێمانی و گەلی هەرێمی سۆران دەستی لە هەڵوێستی نیشتمانپەروەری خۆی بەرنەداوە، هەر بۆیە هێرشێکی نوێیان ئەنجام دا. ئێمە ئەم هێرشە بە توندی شەرمەزار دەکەین و رایدەگەینین کە بڕوای تەواومان هەیە کە سلێمانی و گەلەکەمان لە هەرێمی سۆران لە هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی خۆی بەردەوام دەبێت. لەمەدا هیچ گومانێکمان نییە. پێویستە گەلی سلێمانی و هەرێمی سۆران لەدژی ئەم هێرشانە کاردانەوە نیشان بدەن. پێویستیە هەموو کەسێک لە بەرامبەر خیانەت هەڵوێستی ئاشکرا و بەهێز نیشان بدات.
تیمەکانی ئێمە و یەکینەکانی پەیوەندیدار لەسەر ئەم کارانەی MİT ورد دەبنەوە و لە هەوڵدانی گرتنی تەگبیری پێویست دان. واتە، ئیستیخباراتی دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت هەر شتێک کە بیەوێت بیکات، تێکۆشانی ئێمە دژ بەمە لە هەموو ئاستێکدا بەردەوام دەکات. شتێک کە تەواوکەری ئەم تێکۆشانەی ئێمە بێت بێگومان ئەوەیە کە رێکخراو و دامەزراوە نیشتمانپەروەرەکان، کەسانی ئەکادیمی، رۆشنبیران و کەسایەتییەکان لە دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و لە دژی خەباتی سیخوڕی دەوڵەتی تورکیا دەنگی خۆیان هەڵبڕن و هەڵوێستی ئاشکرا وەربگرن. پێویستە گەلەکەمان ئەوە بزانێت هەرکەسێک کە لەگەڵ دەزگا سیخوڕی و جاسۆسییەکانی دوژمناندا کار بکات، بە توندترین شێوە سزا دەدرێت.
پرسیاری هەشتەم: لەم ماوەی دواییدا لە کەرکووک و دێرەزۆر شەڕ و پێکدادان هاتنە ئاراوە. ئێوە ئەم پەرەسەندنانە و تەقینەوەی ئەم رووداوانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
جەمیل بایک: زۆر رۆن و ئاشکرایە کە رووداوەکانی دێرەزۆر گێرەشێوێنییەک بوون لە دژی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان. دەستی زۆر هێز و لایەن لەم گێرەشێوینییەدا هەیە، بەڵام رۆڵی دەوڵەتی تورکیا دیاریکەربوو. دەوڵەتی تورکیا بە دەیان هەزار چەتەی زادەی داعش بەخێو دەکات. ئامانجی تورکیا لەمەدا ئەوەیە کە دەسکەوتەکانی کورد، بەتایبەتی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان پاکتاو بکات. دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەم کارە جۆڵەی بە زۆر گروپی چەتە کرد و ویستی کە لە رێگەی بنەماڵەی ئەم چەتانە و هەروەها هەندێک لە عەشیرەتەکانی هەرێمەکەوە لە دێرەزۆر ئەنجام وەربگرێت. بەڵام متمانەی کۆمەڵگای عەرەب و عەشیرەتەکانی دەڤەرەکە بە هێزەکانی سوریان دیمۆکرات (HSD) و عەقڵی سەلیمی ئەوان، هەروەها بەهێزبوونی هاوپەیمانێتی لە نێوان کورد و عەرەب و سریاندا، بوو بە هۆی پووچەڵ کردنەوەی هەموو ئەو سیناریۆیانەی کە لە دژی دێرەزۆر داڕێژرابوون.
دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە رووداوەکانی کەرکوکدا. PDK و لایەنگرەکانی بە پشتبەستن بە هەندێک هێزی تورکمان کە گرێدراوی تورکیان ویستی کە ئەنجامێک بە گوێرەی خۆی بەدەست بهێنێت. بێگومان ئامانجی سەرەکی ئەوان ئەوەیە چۆن دەست بە سەر نەوتی کەرکوکدا بگرن و چۆن بتوانن PDK لەم بوارەدا بەکار بهێنن. رووداوەکانی کەرکووک راستەوخۆ گرێدراوی ئەو پلانەیە کە هاکان فیدان لە سەردانەکەی خۆیدا بۆ هەولێر لەگەڵ بارزانییەکان دایڕشتووە. بارزانییەکان خەمی رزگارکردنی کەرکووکیان نییە، خەمی ئەوان ئەوەیە کە کەرکووک رادەستی تورکیا بکەن و لەبەرامبەردا بەشێک لە نەوتەکەی بۆ خۆیان تاڵان بکەن. لەگەڵ ئەمەشدا، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەمێژە دەیەوێت دیمۆگرافیای کەرکووک بگۆڕێت. لە کەرکوکدا PDK بە تەواوی بەگوێرەی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا جموجۆڵ دەکات. PDK لە کەرکوکدا نە یەکریزی و مافی کوردی دەوێت، نە پێکەوەژیانی کورد لە گەڵ پێکهاتەکانی دی کەرکووک، بە عەرەب و بە تورکمانەوە. بە پێچەوانەوە، هەموو هەولدانی PDK لە کەرکوک پەرتەوازەیی ماڵی کورد و نانەوەی ناکۆکی و پێکدادان لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوکە بە شێوەیەک کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بکات. ئەوەی PDK لە کەرکوک دەیکات، هیچ پەیوەندییەکی بە کوردایەتی و مافی کوردەوە نییە. بە تایبەت لە ساڵ ٢٠١٧ەوە PDK تا ئێستا لە کەرکوک چی کردووە بە زەرەری هەموو کورد بووە، بە زەرەری هەموو کەرکووکیەکان بووە و بە زەرەری هەموو عێراقیش بووە. چارەسەری ئەوە نییە کە ریفراندۆم بە خەڵکی کەرکوک بکەیت و پاشان هەڵبێت و لێ پەشیمان بیتەوە. خەڵک بڕژێنیتە سەر شەقامەکان، کورد بە کوشتن بدەیت و خۆت لە دوورەوە سەیر بکەیت.
باشترین مۆدێل بۆ چارەسەری کێشەی کەرکوک و کێشەکانی عێراقیش مۆدێلی نەتەوەی دیمۆکراتی و کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتییە. واتە هەموو گەل و پێکهاتە ئەتنیکی و ئایینییە جیاوازەکان بتوانن لە سەر بنەمای زیهییەتێکی دیمۆکراتی بە ئاشتییانە پێکەوە ژیان بکەن. بەم شێوەیە دەتوانرێت پیلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بووچەڵ بکریتەوە. نەتەوەی دیمۆکراتی نەتەوەیەکی سەر بە زمان، دین، خاک و یان ئابوورییەکی دیاریکراو نییە. لە نەتەوەی دیمۆکراتیدا یەكێتی زیهنییەت و کەلتوور ئەساسە. واتە لە چوارچێوەی ناسنامەی ژورینی(باڵا) ”عێراقی بوون” هەموو ناسنامە نەتەوەییەکانی دی دەتوانن ئازادنە پەرە بە ژیان و رێکخستنی خۆیان بدەن و بەشداری بکەن لە یەکێتی دیمۆکراتیدا. بۆ نموونە، لە کەرکووکدا هەموو پێکهاتە نەتەوەییی و ئایینییەکان دەتوانن ئازادنە خۆیان رێکبخەن و بەڕێوەببەن و لە هەمان کاتیشدا بە بەشدار بوون لە بەڕێوەبەرایەتییەکی باڵاتر دا کۆنفیدراسیۆنی دیمۆکراتی کەرکووک پێک بێنن. لێکچوونی کەلتووری و ئەو راستییەی کە ئەم پێکهاتانە بە درێژایی مێژوو لە سەر بنەمای خۆشک و برایەتی پێکەوە ژیانیان کردووە دەرفەتی مۆدێلێکی بەم شێوەیە دروست دەکات. تەنیا شتی پێویست ئەوەیە کە لەبواری زیهنییەتیدا یەکبگرن و بڕوایان بە بەڕێوەبەرایەتی دیمۆکراتی هەبێت.
نەتەوەی دیمۆکراتی بۆ عێراق و بۆ کەرکووک بژاردەیەک نییە لە بژاردەکان، بەڵکۆ تاکە بژاردە و مۆدێلی چارەسەرییە کە دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات و ئاشتی مسۆگەر بکات. واتە، نەتەوەی دیمۆکراتی تاکە سیستەم و شێوازی بەڕێوەبەرایەتیە کە بتوانێت کێشەکانی عێراق و کێشەکانی کەرکووک لە سەر بنەمای خۆسەری دیمۆکراتی هەموو پێکهاتەکان و پێکهێنانی بەڕێوەبەرایەتییەکی باڵای کۆنفیدراڵی و دیمۆکراتی چارەسەر بکات و ئاشتی بەرقەرار بکات. پێویستە کوردە ئازادیخوازەکان و ئەو هێزانە کە بڕوایان بە دیمۆکراسی هەیە لە دەوری ئەم مۆدێلە چارەسەرییەدا یەکبگرن و بۆ بەدیهاتنیشی تێکۆشانی هاوبەش بکەن. ئەگەر لەم ئەرکەدا درەنگ بمێنین یان چاوەڕوان بین کە مۆدێلیکی دی بەسەر کەرکووک دا بسەپێنرێت و تاقی بکرێتەوە، رەنگە کارەساتێکی نوێ بۆ کەرکوک روو بدات.
پرسیاری نۆیەم: لەم رۆژانەی دواییدا هێزەکانی PDK پاسەوانی سنووری عێراق بەرەو هەرێمی سیدەکان جووڵەیان پێکرا و هێزێکی زۆر رەوانەی دەڤەرەکەی کراوە. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە هەندێک پێکدادانیش رووی داوە. ئایا ئەم دۆخە بەرەو شەڕ دەڕوات؟ بۆچوونی ئێوە سەبارەت بەمە چییە؟
جەمیل بایک: راستە، لەم رۆژانەی دواییدا PDK لە سیدەکان و هەرێمی برادۆست هێزێکی زۆری کۆ کردۆتەوە. دەڵێن کە هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراقیش بەرەو ئەو شوێنانە جووڵەیان پێکراوە. ئەم دۆخە زەمینە خۆش دەکات بۆ هێرش و دەستێوردانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا. PDK بچێتە هەر شوێنێک ئاڵای باشوری کوردستان هەڵدەکات، بەڵام لە ژێر ئەو ئاڵایەدا سەربازەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک جێگیر دەکات. ئاڵای باشوری کوردستان بۆ پاراستن و شاردەنەوەی سەربازەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەکار دەهێنێت. ئەم دۆخەی ئێستای برادۆست و سیدەکان بەردەوامی هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیایە دژ بە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا. وادیارە ئەمەش یەکێکە لە بەرهەمەکانی چاوپێکەوتنی هاکان فیدان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی PDK. هەوڵدان و خواستێکی ئێمە بۆ شەڕ و پێکدادان لەگەڵ PDK نییە. بەڵام ئاشکرایە کە ئەو پەیوەندییانەی PDK لە گەڵ دەوڵەتی تورکیا، ئەو گێرەشێوێنیانەی کە دەکرێن و جووڵە پێکردنی هێز ئامادەکارییەکن بۆ شەڕ. ئەم سەنگەرگرتنەی ئەوان بیانۆیەکە بۆ شەڕ. بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین بە عەقڵی سەلیم و بە بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکەین. لێرەدا ئەگەر PDK لە سەر ئەم هەڵوێستانەی خۆی پێداگری بکات، هەر چەندە لە دەرەوەی خواستی ئێمەش بێت، مسۆگەر پێکدادان روودەدات. PDK هاوکاری هێزێک دەکات کە هەموو رۆژێک دەستی بە خوێنی کچ و لاوی کورد سور دەبێت. ئەمە دۆخێکی نەگریس و بێزاوییە. پێویستە گەلەکەمان لە بەرزترین ئاستدا لە بەرامبەر ئەم گێرەشێوێنیە هەڵوێست نیشان بدات. هەر لە ئێستاوە بانگەوازیمان بۆ گەلەکەمان و هەموو لایەنی پەیوەندیدار ئەوەیە بە وریاییەوە تەعامول لە گەڵ ئەم دۆخە بکەن.
پرسیاری دەیەم: بە ڕای ئێوە گەلی کورد پێویستە چی بکات؟ چۆن پێویستە بتوانێت ئەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، لایان ببات؟
جەمیل بایک: ١٠٠ ساڵ بە سەر پەیمانی لۆزان دا تێپەڕ بوو، ئەو پەیمانەی کە کوردستانی دابەش کرد و گەلی کوردی خستە ناو بەرداشی جینوساید. لەم سەد ساڵەدا گەلی کوردستان زۆر تێکۆشانی گەورەیان ئەنجام دا و قوربانی زۆریان دا. لە ئەنجامدا ئەم پەیماننامەیە نەیتوانی بگەیەتە هەدەفی خۆی. هەدەفی پەیمانی لۆزان مەرگی کورد بوو، لەبەرامبەر ئەمەشدا کورد بە تێکۆشانی خۆی سەرلەنوێ ژیایەوە. لەم واتایەدا، گەلی کورد پەیمانی لۆزانی پووچەڵ کردۆتەوە. ئێستاش دەوڵەتی تورکیا، وەکو لایەنی سەرەکی و جێبەجێکاری پەیمانی لۆزان، دەیەوێت دەسکەوتەکانی تێکۆشانی دژ–لۆزان لەناو بەرێت و جینوساید بە ئەنجام بگەیەنێت. ئەوەی کە بانگەشەی ئەمە دەکات و لە سەر ناوی دەوڵەتی تورکیا دەستی بە هێرشێکی هەمەلایەن کردووە، ئەردۆغان و کەسانی دەور و پشتین. پێویستە کورد لە بەرامبەر ئەم هێرشانە و ئەم پلانی جینوسایدە یەکبگرن و هەڵوێست وەربگرن لەبەرامبەر ئەوانەی کە بۆ خۆ دورگرتن لە یەكێتی نەتەوەیی هەر جارێک و بیانۆیەک دەهێننەوە. هیچ بیانۆیەک پێویستە نەبێتە کۆسپ لەبەرامبەر یەکگرتنی کورد لە سەر بنەمای رێبازی ئازادی و نیشتمانپەروەری. هێزی نیشتمانپەروەری کورد پێویستە بە بێ ئەوەی کە چاوەڕوانی کەسێک دی بکەن، لە سەر بنەمای رێبازی نیشتمانپەروەری و پرەنسیپەکانی دیمۆکراسی یەکێتی نەتەوەیی مسۆگەر بکەن. ئەمە ئەو شتەیە کە پێویستە نیشتمانپەروەران بیکەن لە بەرامبەر ئەو رێبازەی خیانەت کە دوژمن دەیەوێت لە کوردستاندا پەرەی پێبدات. ئەگەر هێزە نیشتمانپەروەرەکان کارێکی لەم شێوەیە بکەن، رێبازی خیانەت و بەکرێگیراوی بێ کاریگەر دەبێت و مەترسییەکان دەڕەوێنرێنەوە. پێویستە هەموو رۆشنبیران، هونەرمەندان، نووسەران، ئەکادیمییەکان، واتە کەسانی زانا و هۆشیاری کورد، بۆ ئەم کارە تێبکۆشن.
هیچ گەلێک هێندەی گەلی کورد پێویستی بە یەکێتی و یەکگرتوویی نییە. چۆنکە هیچ گەلێک هێندی گەلی کورد هێندە دۆژمنی زۆری نییە و هێندە دابەش و لەت لەت نەکراوە. ئەو جوگرافیایەی کە لەسەر دەژین، جوگرافیایەکە کە لە مێژوودا زۆرترین شەڕ و ناکۆکی لەسەر روویداوە. هەربۆیە کە یەكێتی و یەکگرتوویی شتێکە کە کورد زۆرترین پێویستی پێیەتی. ئێدی کاتی ئەوە هاتووە کە کورد ئەمە پێک بێنن. هەبوون و ئازادی گەلەکەمان تەنیا بە یەکێتی نەتەوەیی مەیسەر دەبێت. تەنیا بە یەکێتییە کە دەتوانین دەسکەوتەکانمان بپارێزین و پەرەی زیاتریان پێبدەین. ئێمە وەکو بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان ئەوەی لەدەستمان هات بۆ یەکێتی نەتەوەیی کردمان و هێشتاش هەر لەناو هەوڵدانداین. بانگەشەیەکی وامان نییە کە ئەوەی کردوومانە هەموو راست بووە و هیچ هەڵە و کەموکۆڕییەکمان نەبووە. بەڵام بۆ یەکێتی کورد هەمیشە لەناو هەوڵداندا بووین و وەکو گرنگترین خەبات سەیرمان کردووە. لەو بڕوایەداین ئەگەر حزب و لایەنەکانی دیش پێداگری لە سەر ئەمە بکەن و هەوڵی بۆ بدەن، سەرکەوتن لەمەدا مەیسەرە. گیانی یەکێتی نەتەوەیی و زانابوونی یەکێتی نەتەوەیی لە ناو گەلی کوردستاندا دروست بووە. ئەوەی کە لەبەرامبەر یەکێتی نەتەوەیی لەمپەر دروست دەکات، گەل نییە، بەڵکۆ حزب و لایەنەکانن. ساڵی ١٩٩١ PKK دهۆک و زاخۆی لە بەرامبەر هێرشی سەددام پاراست. گەلی باشور ئەمە دەزانن. ئەو کاتە گەلی کورد لە باشور ئەم دروشمەیان دەگوتەوە: ”ئێمە کوردی باشورین، پشتیوانی باکورین“. گەلەکەمان ئارەزۆی خۆی بۆ یەکێتی نەتەوەیی لەم دروشمەدا دەهێنایە سەر زمان: ”باکور، باشور، رۆژهەڵات، یەک ئارمانج و یەک خەبات“. ئەم دروشمە لەو سەردەمەدا گوزارشتیان لە هەڵوێست و زانابوونی خەڵک دەکرد. ئێمەش پێویستە ئەم هەڵوێستەی گەل وەکو ئەمرێک بزانین و بە گویرەی ئەوە بجووڵینەوە.
لە سەد ساڵەی پەیمانی لۆزاندا، لە شاری لۆزاندا، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کۆنفرانسێکی ئەنجام دا. وێڕای کەموکۆڕییەکان، ئەم کۆنفرانسە مێوانداری زۆر گفتوگۆی هێژای کرد و زۆر بڕیاری گرنگ وەرگیران. لەناو ئەم بڕیارانەدا، بڕیاری بەستنی کۆنفرانسی نەتەوەیی و ئازادی رێبەر ئاپۆش هەبوو. بۆ پێکهێنانی ئەم بڕیارانە پێویستە هەموومان، هەموو کورد پێکەوە خەبات و تێکۆشان بکەین. گۆشەگیرییەکی گران لە سەر رێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەبردرێت. سێ ساڵە هیچ هەواڵێکی نازانرێت. تەحەممولی ئەم دۆخە ئێدی بۆ گەلی کورد زەحمەتە. پێویستە کورد لە هەموو شوێنێک بۆ شکاندنی ئەم گۆشەگیرییە دژوارە هەڵوێست وەربگرن. خاوەن دەرکەوتن لە رێبەر ئاپۆ، ئەرک و هەڵوێستێکی نیشتمانپەروەرییە.
دوژمنانی گەلی کورد زۆر دڕەندە و ستەمکارن. دەیانەوێت بە جارێک کورد قووت بدەن و لەناوی بەرن. لە بەرامبەر دوژمنێکی وەهادا، تەنیا رێگایەک کە ئەنجامگیر بێت، تێکۆشانە و تێکۆشان. ئەم تێکۆشانەش پێویستە هەمە لایەنە و یەکگرتوو بێت. پێویستە هەم لەبەرامبەر هێرشەکاندا خۆڕاگری بکەین و خۆمان بپارێزین و هەمیش خۆمان وەکو کۆمەڵگا پەروەردە و رێکخستن بکەین. تەنیا بە تێکۆشانێکی یەکگرتوو دەتوانین ئەنجام بگرین و پلانی جینوساید تێکبشکێنین. پێویستە لە بیرمان نەچێت کە دوژمن هیچ کاتێک نەیویستووە و نایەوێت کە کورد تێکۆشان بکەن. دوژمن خۆی لە لایەکەوە هەموو جۆرە هێرشێک دەکات، لە لایەکی دیکەشەوە لە رێگەی دەزگاکانی شەڕی تایبەتەوە پرۆپاگەندەی ئەوە دەکات کە تێکۆشان کردن کارێکی هەڵە و بێخۆیە. دەیەوێت تێگەیشتنێکی وەها لەناو گەلدا دروست بکات. ئەمە تاکتیکی شەڕی دەسەڵاتدارانە. پێویستە هەموو کەسێک لە بەرامبەر ئەمەدا وریا بێت و خەڵکی دەوروبەری خۆی لەبەرامبەر ئەم شێوازی شەڕی تایبەتی دوژمن وریا بکاتەوە. گەورەترین پێویستی کورد، تێکۆشانە. ئێمە وەکو گەل تەنیا بە تێکۆشان دەتوانین هەبوونی خۆمان بپارێزین و ئازادیمان مسۆگەر بکەین.