٣ ژانویەی ٢٠٢٣

بەسێ هۆزات: پێویستە دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان دادگایی بکرێن

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند، کۆمەڵکوژییەکەی ٢٣ی کانوونی یەکەم لە فەرەنسا لەلایەن میتەوە ئەنجام دراوە و ڕاشیگەیاند، پێویستە فەرەنسا ئەو کۆمەڵکوژییە ڕوونبکاتەوە و دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان دادگایی بکات.

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەشداریی ‘بەرنامەی تایبەت’ لە میدیا خەبەر بوو و شیکاریی بۆ کۆمەڵکوژییەکەی ٢٣ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ی پاریس کرد.

بەسێ هۆزات ڕایگەیاند، هەردوو کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ و ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە ناوەندی پاریس ئەنجامدراون و وتی: “لە هەموو شوێنەکاندا هێرش دەکرێتە سەر پێشەنگەکانی بزووتنەوەی ژنانی کورد و کادرە پێشەنگەکان. بە گشتی هێرشەکە لە دژی بزووتنەوەی ئازادیی کورد ئەنجامدراوە. لە کەسایەتیی ژنانی کورددا هێرش کرایە سەر بزووتنەوەی ئازادیی کورد و بزووتنەوەی گشتی، بۆیە هێرشکردنە سەر گەلی کوردە”.

بەسێ هۆزات ئاماژەی بەوەکرد، لە ماوەی چەند ساڵێکدا چەندین تاوانی سیاسی لە فەرەنسا ئەنجام دراون و وتی: “کاتێک مرۆڤ ئەم لایەنە لەبەرچاو بگرێت، ئەستەمە هەواڵگری فەرەنسا لەم کارەدا نەبێت. لەو دامەزراوانەدا، کە بەپێی یاسای فەرەنسا دامەزراون و گوایە لەلایەن فەرەنساوە دەپارێزرێن، ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و تاوانی سیاسیی لەمجۆرە، بەرپرسیارێتی و ڕۆڵی فەرەنسا لەم بوارەدا بە ڕوونی دەخاتە بەرچاو. ئێمە نامانەوێت هیچ کەسێک بخەینە ژێر گومانەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەشێک لە هەواڵگریی فەڕەنسا لەم کارەدایە. هەندێک کەس لە ناو پۆلیسی فەرەنساش دا لەم کارەدان. هەندێک کەس لە دەوڵەتی فەرەنساش بەشدارن لەم کارەدا، ئەگەر وانەبێت ئایا دەکرێت ئەمە ئەنجام بدرێت؟ ئایا میت دەتوانێت بەتەنیا خۆی بێت و دەوڵەتی تورک بڕوات و لە پایتەختی فەرەنسا و لە دامەزراوەیەکی سیاسیدا ئەو کۆمەڵکوژییانە ئەنجام بدات؟”.

پێویستە کۆمەڵکوژییەکە ڕوون بکرێتەوە

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە داوای لە دەوڵەتی فەرەنسا کرد، ئەم کۆمەڵکوژیانە ڕوون بکاتەوە و وتی: “بە دڵنیاییەوە دەبێت لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت، کە ئەم کۆمەڵکوژییەیان ئەنجام داوە. دەبێت دەوڵەتی تورکی فاشیست باجەکەی بدات. بکەری هەردوو کۆمەڵکوژەکە ڕوونە، دەوڵەتی تورکە. ئاشکرایە ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپەیە. دیکتاتۆریی فاشیستە. ئەوەی ئەمەی ئەنجامداوە، خودی میتە. ئەم کێشەیە تەنیا بە دەستگیرکردنی تەقەکەر چارەسەر نابێت، ئەم کێشەیە تەنیا بەتۆمەتبارکردنی تەقەکەرەکە چارەسەر نابێت. ئەوان هەر خۆیان تا ئێستاش دەڵێن، ئەمە تاوانێکی ڕەگەزپەرستانەیە. ئەوە چ پەیوەندییەکی بە بابەتەکەوە هەیە؟ بۆ عومەر گونەیش دەیانوت، کەسێک پارانۆیایە، نەخۆشە. ئەویش تەقەکەری کۆمەڵکوژیی ٩ی کانوونی دووەم پاریس بوو.

ئێمە دەوڵەتی تورک باش دەناسین. دەوڵەتی تورک هەر خۆی کەسە پرۆفیشناڵەکان و کەسە دیار و ئەندامەکانی میت وەک تەقەکەر بەکار ناهێنێت، کەسانی نەخۆشی لەمجۆرە بەکاردەهێنن. بکوژی ناگەهان ئاکارسلیش کەسێکی وەهایە. هەڤاڵانیش ڕایانگەیاند، یەکێک لە تاوانبارە تاوانکارەکان دەستگیرکراوە و دواتر ئازادکرا. ماوەیەکی کەم دوای ئازادبوونی هات بۆ سلێمانی. ناگەهان ئاکارسەلی شەهید کرد. زۆر تاوانی لەمشێوەیە هەیە. دەوڵەتی تورک ئەو کەسانە، کە چەندین ساڵە بەهۆی تاوانکارییەوە زیندانیکراون ئازادیان دەکات و وەک تەقەکەر بەکاریان دەهێنێت. ئەمە شێوازێکە، ئەمە شێوازی میتە. زۆربەی ئەو سیخوڕانەی لە دژی ئێمە بەکارهاتوون بەم شێوەیەن. ئەوانەی تاوانی دادیی وەک کوشتن، قاچاخچێتیی مادەی هۆشبەر، دزی و دەستدرێژیی سێکسییان ئەنجامداوە، بە هۆی کاری قێزەونی زۆرەوە دەستگیرکراون، دوای ماوەیەک ئازاد دەکرێن”

بکوژ و تەقەکەر بەکار دەهێنن

لە زیندان ئازاد دەکرێت، پێی دەوترێت، تۆ ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکەیت و سزاکەت کۆتایی پێدێت. پارەیەکی زۆریان پێدەدات و کۆتایی بە ماوەی سزاکەی دەهێنن. ئەم جۆرە کەسانە وەک تەقەکەر و بکوژ بەکاردەهێن. دەوڵەتی تورکلە پشت ئەم بابەتەوەیە. ئەمە ئاشکرایە. کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەمی پاریسیش لە هەموو ڕوویەکەوە ئاشکرا بوو، ئەندامانی میت دانیان پیادا نابوو. چەندین بەڵگە ئاشکرا کران. تۆماری دەنگیی عومەر گونەی ئاشکرا بوو، کە نیشانی دەدا چەند جارێک چووەتە ئەنقەرە و گەڕاوەتەوە. چەندین بەڵگەنامەی ڕوون و ئاشکرا بڵاوکرانەوە. هەموو ئەمانە پێشکەشی دەوڵەتی فەرەنسا کران. ڕوون و ئاشکرا بوو. کۆمەڵکوژییەکەی 9ی کانوونی دووەم ئاشکرا بوو. ئەوە ڕوون بوو، کە ئەم کۆمەڵکوژییە بە فەرمانی ئەردۆغان لەلایەن میتەوە ئەنجام دراوە، بەڵام فەڕەنسا چی کرد؟ ئاشکرای ناکات.

دەبێت فەرەنسا کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەم ڕوون بکاتەوە. گەرچی لە ڕاستیدا کۆمەڵکوژییە خۆی ڕوون بووەتەوە، ئەوەی کۆمەڵکوژیەکەی ئەنجامداوە دەوڵەتی تورکە. بە فەرمانی ئەردۆغان لەلایەن میتەوە ئەنجامدراوە. ئەی دەبێت فەڕەنسا چی بکات؟ دەبێت ئەوە ئاشکرا بکات. دەبێت ڕاستیەکان ئاشکرا بکات. دروستکردنی زەمینەی لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورک. دادگاییکردنی دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان. ئەمە دادگایکردنی میتە. دادگایکردنی هاوبەشەکانی میتە لە فەرەنسا. ئەوە دادگایی کردن و لێپرسینەوەی ئەوانەیە. ئەوەی کە دەبێت فەڕەنسا ئەنجامی بدات، ئەو کارەیە.

کۆمەڵکوژییەکەی ٢٣ی کانوونی یەکەمیش بەم شێوەیە ڕوون و ئاشکرایە. کوردان هەر لە یەکەم رۆژەکانی سەرەتاوە وتوویان، دەوڵەتی تورک بەرپرسیارە، چونکە ئەوان ئەوە باش دەزانن. خەبات، پێشینە، ئەزموون، هۆشیاری و پراکتیکی ٥٠ ساڵ هەیە. بۆچی دەبێت کەسێکی تر هێرش بکاتە سەریان؟ ئایا دەکرێت نەژادپەرستێکی فەڕەنسی تەنیا بۆ هێرشکردنە سەر ئەو کوردانە، کە لە دژی داعش شەڕیان کرد و داعشیان تێکشکاند و مرۆڤایەتییان لە بەڵا و گێچەلی داعش ڕزگار کرد، بوەستێتەوە؟ ئایە ئەمە شتێکی عاقڵانەیە؟ لەفەرەنسا خەڵکێکی زۆر لە گەلانی جۆراوجۆر و پەنابەر هەیە، لەنێو ئەوانەدا هەستیت پێشەنگەکانی بزووتنەوەی گەلی کورد بدۆزێتەوە و هێرش بکاەتە سەریان! ئەمە ئامانجێکی ئاسایی نییە. هەڤاڵ ئەڤین ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکەیە. بەڕێوبەری باڵای بزووتنەوەی ژنانە. یەکێکە لە کۆنترین هەڤاڵان، کە لە ساڵی ١٩٨٨ەوە بەشداری ئەم بزووتنەوەیە بووە. ڕەنج و تێکۆاشنێکی زۆری لەم بزووتنەوەیەدا هەیە. لە چوار پارچەی کوردستان تێکۆشاوە و کاری کردووە، ڕەنجێکی زۆری داوە، فیداکاریی زۆری کردووە، هەموو تەمەنی خۆی بەم تێکۆشانە بەخشیوە. هاوڕێ، هەڤاڵێکی بەو شێوەیەمان بوو. لە تێکۆشان و شەڕی دژ بە داعش لە ڕۆژئاوا ڕەنج و خەباتی زۆر گەورەی هەیە. ئەزموونەکانی خۆی لە ناو بزوتنەوەکەماندا گواستەوە بۆ هێزەکانی یەبەشە و یەپەگە. بەشدارییەکی جدیی لە پەروەردە و ڕاهێنانیاندا کرد، بەشدارییەکی گەورەی لە شەڕی دژ بە داعش دا کرد و بەشداری و هاوکارییەکی زۆر گەورەی پێشکەشی شۆڕشی ڕۆژئاوا کرد، ڕەنج و فیداکاریی زۆر گەورەی هەیە. ئەو کەسە ڕۆیشت هێرشی کردە سەر هەڤاڵ ئەڤین گۆیی. هەڤاڵانی تر لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئەو هەڤاڵەدا بوون، لەبەر ئەوەی لێی نزیک بوون شەهید کران.

لەکەسایەتیی هەڤاڵ ئەڤین، میر پەروەر و عەبدوڕەحمان کزل دا بە رێزەوە یادی هەموو شەهیدانی شۆڕش دەکەمەوە. بەڕاستی هەموویان لەم خەباتەدا رەنج و تێکۆشانی زۆر گەورەیان هەیە. لە ناوەندی پاریس لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کۆمەڵکوژکران. ئەو ناچارە و دەبێت باجی ئەمە بدات. فەرەنساش و دەوڵەتی تورکیش ناچارن باجی ئەمە بدەن. گەلەکەمان داوای لێپرسینەوە دەکەن. ئێمە داوای ئەم لێپرسینەوەیە دەکەین. ئەمە بەسەر دەوڵەتی تورکەوە ناچێت”.

پەیوەندی دەوڵەتی تورک لەگەڵ داعش، پەیوەندییەکی ڕوون و ئاشکرایە

بەسێ هۆزات ڕایگەیاند، پێویستە فەرەنسا بەخێرایی ئەم کۆمەڵکوژییە ڕوون بکاتەوە و وتی: “پێویستە دەوڵەتی تورک دادگایی بکرێت. ئەمە دەوڵەتێکی پاکتاوکارە. دەوڵەتێکی بکوژە، لە هەموو شوێنێکی جیهاندا تیرۆریزم بڵاو دەکاتەوە. ساڵانێکه هاوکاریی داعش دەکات. ئەو تەقینانەوانە، کە داعش لە ئەوروپا ئەنجامیان دەدات، بە دڵنیاییەوە هەمووی بە هاوکاری میت بوون. مێت پلانی بۆ داناون و رێکیخستوون. دەوڵەتی تورک لە پشتییانەوەیە. پێشتر لەفەرەنسا تەقینەوە ڕوویدابوو. تەقینەوەش لە وڵاتانی تری ئەوروپا ڕوویاندا بوو، هەموو ئەمانە لەلایەن میتەوە رێکخرابوون. لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە رێکخرابوون، داعش و دەوڵەتی تورک پێکەوە هاوپەیمانن و رێدەکەون بۆ ئەنجامدانی ئەو تەقینەوانە. هاوپەیمانییەکەیان ستراتیژیە، هێزێکی هاوپەیمانی یەکن. ساڵانێکە پێکەوە کار دەکەن. لە دژی کورد شەڕی قڕکردن و پاکتاوکردنیان بەرپا کرد. لە دژی گەلانی ناوچەکە، لە دژی مرۆڤەکان کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا و هێرشیان کردە سەریان. پەیوەندییەکانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ داعش ئاشکرا و لە بەرچاوە. دەوڵەتی تورک لە زۆربەی ناوچەکاندا داعش وەک ماشینێک و تەقەکەرێک و بکوژێک بەکاردەهێنێت. بۆ ئەوەی دەوڵەتانی ئەوروپا پەلکێشی سەر هێڵی خۆی بکات و سیاسەتەکانی خۆی جێبەجێ بکات، داعش لە دژی ئەوروپییەکان بەکار دەهێنێت. لە ڕێگەی داعشەوە لە ئەوروپا تیرۆر ئەنجام دەدات. دەوڵەتی تورک ئێستا ئیدی لە ڕێگەی چەتەکانەوە، لە ڕێگەی داعشەوە چووە بۆ ئەوروپاوە.

هێرشەکە لە هەهەمان کاتدا هێرشێکە لە دژی گەلی فەڕەنسا

ئایا هێرش لە فەڕەنسا هێرش نییە لە دژی گەلی فەڕەنسا؟ لە هەمان کاتدا هێرشەکە لە دژی گەلی فەڕەنسا، لە دژی مرۆڤایەتییە. لە دژی کۆمەڵگەی ئەوروپا و بەهاکانیانە. گەلەکەمان هەر لە سەرەتاوە ناڕەزاییەکی بێوێنەی پیشان دا. بەڕاستیش ناڕەزایەتی و هەڵوێستی زۆر بەهێزیان نیشاندا. من سڵاو لەو هەڵوێستە ڕەسەن و شکۆدارەی گەلەکەمان دەکەم. دەبێت ئەو بەرخۆدانە بەردەوام بێت تا کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەم ڕوون دەبێتەوە، تا ئەو کاتەی دەوڵەتی تورک دادگایی دەکرێت و لێپرسینەوەی لێدەکرێت”.

بەرخودانی بە بڕیار و پێداگرانە ئەنجامی دەبێت

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند، ئەم بابەتە لە ئێستادا لە میدیاکانی جیهان و ڕای گشتیدا تاوتوێ دەکرێت و وتی: “کۆمەڵکوژییەکەی پاریس تاوتوێ دەکرێت. ناڕەزاییەکی جدی هەیە. ناڕەزاییەکی گرنگ و بەرچاو لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەرەنساوە نیشاندرا. هەڵوێست و لێدوان هەبوو و هەموو ئەمانە لە سایەی بەرخۆدانی گەلەکەمان دا ئەنجامدرا. ئەوە ئاشکرایە. ئێمە بینیمان، ئەگەر ئێمە بەرخودان وبەرەنگارییەکان بە بەهێزتر بەڕێوەببەین، بە دڵنیاییەوە ئەنجام بەدەست دەهێنین. ئێمە لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورک دەکەین. ئێمە دۆخێک دروست دەکەین، کە دەوڵەتی تورک دادگایی بکرێت. فەرەنساش ناچار دەبێت ڕاستییەکان ئاشکرا بکات.

کۆمەڵکوژیی٢٣ی کانوونی یەکەمی پاریس بەردەوامیی کۆمەڵکوژیی ٩ی کانوونی دووەمە، لە ڕاستیدا بەردەوامی و بەشێکە لە هێرشە پاکتاوکارییەکان بۆ سەر کورد. بناغەی ئەو هێرشانە لە ئەوروپایە. دەوڵەتی تورک هێرشی پاکتاوکاریی گواستووەتەوە بۆ دەرەوەی هەر چوار پارچەی کوردستان. لە هەر کوێ کورد هەبێت، هێرشەکە لەوێ ئەنجام دەدات. لە هەموو شوێنێک هەوڵی کوشتنی کورد دەدات، تیرۆرکردنی پێشەنگەکانی کورد بە مافی خۆی دەزانێت و هەوڵ دەدات ئەمە بە جیهان قبوڵ بکات، بۆیە لە هەموو شوێنێک کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات. هەوڵ دەدات ئەوروپا ڕابکێشستە سەر هێڵی خۆی”.

بەسی هۆزات وتیشی: “ئێمە چووینە ناو مانگی کانوونی دووەمەوە. بەم بۆنەیەوە لە کەسایەتیی هەڤاڵان سارا، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەزدا بە ڕێز و پێزانینەوە یادی هەموو شەهیدانی شۆڕش و ئازادی دەکەمەوە. بێگومان و بە دڵنیاییەوە ئێمە خەون و تامەزرۆیی ئەو هەڤاڵانەمان بەدی دەهێنین. ئێمە ئەم تێکۆشانە سەردەخەین”.