٣١ ژانویەی ٢٠٢٣

بەسێ هۆزات: گەلی کورد چاوەڕێی هەنگاوێکی ڕوون و بەرچاوە

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە شیکاریی بۆ ڕاگەیاندراوی کۆمیتەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە داوایکردبوو کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنرێت و وتی، گەلی کورد ئێستا ئیدی لە جیاتی قسەکردن هەنگاوێکی ڕوون و بەرچاوی دەوێت.

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە شیکاریی بۆ ڕاگەیاندراوی کۆمیتەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە داوایکردبوو کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنرێت و وتی، گەلی کورد ئێستا ئیدی لە جیاتی قسەکردن هەنگاوێکی ڕوون و بەرچاوی دەوێت.

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەشداریی لە بەرنامەی تایبەتی کەناڵی ئاسمانیی میدیا خەبەردا کرد.

بەسێ هۆزات لە سەرەتادا پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوباتی هەڵسەنگاند و وتی: “ئێمە دەچینە ناو بیست و پێنجەمین ساڵی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی. ١٥ی شوباتیش نزیک بووەتەوە. ئێمە ئەچینە ناو مانگی شوباتەوە. ١٥ی شوبات ڕۆژێکی ڕەشە بۆ کورد ڕۆژی پاکتاوکردنە، ئامانجی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژکردنی کوردە. من پیلانگێڕانی نێونەتەوەیی شەرمەزار دەکەم. پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٢٤ ساڵە بەشێوەیەکی جیاواز بەردەوامە. لە باکوری کوردستان، وەک هێرشی پاکتاوکردن، لە باشور وەک هێرشی پاکتاوکردن و داگیرکاری، لە ڕۆژئاوای کوردستان وەک هێرشی پاکتاوکاری و کۆمەڵکوژکردن و داگیرکردن بەردەوامە. لە ئەوروپا لە زۆر شوێنی جیهان بە شێوەی تیرۆرکردن و کوشتنی سیاسی و کوشتار بەردەوامە. لە دژی ئەمە تێکۆشانێکی بەهێز هەیە. تێکۆشانێکە بیست و چوار ساڵە بێ پسانەوە بەردەوامە. لە دەوری بەرخۆدانی رێبەرەکەمان، بەرخۆدانی گەلەکەمان، بەرخۆدانی گەریلا، بەرخۆدانی ژنان، بەرخۆدانی گەنجان لە هەموو شوێنێک دا بە شکۆدارترین شێوە ئەم تێکۆشان و خەباتە بەردەوامە. بەم شێوەیە ئەو بەرخۆدانە، کە بیست و چوار ساڵە لە دژی هێرشە پیلانگێڕییە نێونەتەوەییەکان بەردەوامە، رێگریی لە سەرکەوتنی پیلانگێڕییەکە کردووە. هاوکات پیلانگێڕییەکەی لەو پرۆسەیەدا پووچ کردەوە”.

‘ڕێبەر ئاپۆ هێشتاش لە دژی پیلانگێڕی تێدەکۆشت’

بەسێ هۆزات ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لەناوبردنی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پاکتاوکردن و لەناوبردنی بزووتنەوەی ئازادیی کورد بوو و وتی: “وەک قۆناغی سێیەم دەیانەوێت کورد بسڕنەوە، سیاسەتی سڕینەوە و پاکتاوکردنی سەدساڵەی دژ بە کورد بە ئەنجام بگەیەنن. بۆیە ئەو تێکۆشان و بەرخۆدانە، کە بیست و چوار ساڵە بەردەوامە. ئەو دید و چەمکەی پووچ کردووەتەوە. ڕێبەر ئاپۆ هێشتا لە تێکۆشاندایە. لە هەموو شوێنێک گەلی کورد لە تێکۆشاندایە، بەرخۆدان دەکات. گەریلاکانی کورد بەرخۆدان دەکەن. بزووتنەوەی ئازادیی کورد بە شکۆ و توانایەکی زۆرەوە، بە هێز و وزەیەکی زۆرەوە خۆی لەسەر پێ ڕاگرتووە و لە تێکۆشاندایە. تێکۆشان گەورە بووە. گەیشتۆتە ئاستێک، کە کاریگەریی لەسەر گەلانی ناوچەکە و ژنان هەیە و دەیانخاتە ناو کار و جموجوڵەوە. کاریگەریی کردووەتە سەر جیهان، کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا و گەلانی دروستکردووە، بزووتنەوەی ئازادیی کورد لە ڕووی سیاسییەوە بووە بە ئەکتەرێکی سیاسی گەورە و بنەڕەتی لە ناوچەکەدا و ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت”.

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەم بۆنەیەوە بە ڕێز و پێزانینەوە یادی شەهیدانی ‘ئێوە ناتوانن ڕۆژی ئێمە تاریک بکەن’ کردەوە و وتی: “هەڤاڵ ڤیان سۆران، لە شەوی ١-٢ی شوباتی ٢٠٠٦ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، بە ڕێز و پێزانینەوە یادی دەکەمەوە. هەروەها شوێنکەوتووانی ئەم هێڵە، هاوڕێ وەیسی تاش و محەمەد ئاکار، کە بەم دواییانە ئاگریان لە جەستەیان بەردا، بە ڕێز و پێزانینەوە یادی ئەو وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەرە ئازیز و هێژایانەکان دەکەمەوە”.

‘بە تێکۆشان ئەنجام بەدەست دێت’

بەسێ هۆزات رایگەیاند، سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمراڵی وەک درێژەپێدەری پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی جێبەجێ دەکرێت و وتی: “گۆشەگیریی ڕەها بەردەوامیی سیاسەتی پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژیی پیلانگێڕیی نێونەتەوەییە. پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە ئیمراڵی وەک سیستمی ئەشکەنجەدان بەردەوامە و تێکۆشانێکی بەهێزیشی لە دژ دەکرێت. ئەوە تێکۆشانێکی بێ ڕاوەستان و نەپساوەیە. ئەم تێکۆشانە ئەمڕۆ بە شێوازی جیا جیا بەردەوامە. لە ئەنجامی ئەم تێکۆشانەدایە، کە ئەمڕۆ کۆمیتەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ‘بە تەواوی پچڕاندن و نەهێشتنی پەیوەندی هەیە و دەبێت ئەوە کۆتایی پێ بێت’. وەک دەرەنجامێکی ئەم تێکۆشانە ناچار بوون ئەوە بڵێن. ئەم تێکۆشانە وایکرد، کە ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییانە ئەمانە بڵێن. ئەگرنا ئەوان هەموویان بەشێکن لەو پیلانگێڕییە. هەموویان لە پیلانگێڕی نێونەتەوەییدا هاوبەشن. ئەو پیلانگێڕییە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیییە. بە شێوەیەکی سەرەکی ئەمەریکا، ئینگلتەرا، ئیسرائیل و وڵاتانی ئەوروپا تیایدا بەشدار بوون. زۆرێک لە دەوڵەتەکانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەو پیلانگێڕییەدا بەشدار بوون. لە ڕووسیاوە بۆ میسر و ئێران. چەندین هێز لە پیلانگێڕییەکەدا بەشدار بوون. یۆنان چالاکانە لەم پیلانگێڕییەدا بەشدار بوو. ئەگەر کۆمیتەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە هەموو ئەو دەوڵەتانەی تیادایە و تورکیاشی تیدایە و بێت و ڕاگەیاندراوێکی لەو شێوەیە بدات، ئەوە دەرئەنجامی تێکۆشانێکی بیست و چوار ساڵەیە. دەبێت بەم شێوەیە ببینرێت و لێکبدرێتەوە. ئەوەتا لە دوای سەردان و داواکاریی ئەمدوایانەی پارێزەران ناچار بوون ڕاگەیاندراو بڵاو بکەنەوە.

‘پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر بە تورکیا هەڵوێستێکی کرداریی هەبێت’

بە دڵنیاییەوە ئەمە گرنگە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە، ئەگەر ئێمە تێکۆشین، بەبێ ڕاوەستان تێبکۆشین، بە دڵنیاییەوە ئەنجام بەدەست دەهێنین و واتایەکی وەهای هەیە. ئەمە گرنگە. ئەو شتە، کە کۆمیتەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان پێی دەڵێت، “پچڕاندنی تەواوەتیی پەیوەندیەکان” گۆشەگیریی تەواو و ڕەهایە و ئەو مانایە دەدات. کەواتە دەبێت هەنگاوی کرداری بنرێت. واتە نابێت ئەوە تەنها قسە بێت.

بۆیە پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بوارەدا بەرامبەر بە تورکیا هەڵوێستی جدی و پراکتیکی و کرداریی هەبێت. پێویستە بتوانێت جێبەجێی بکات، یان سزایەکی بەسەردا بسەپێنێت. ئێمە چاوەڕێی ئەوەین.

سی پی تی-یش پێشتر هەمان لێدوانی دابوو. چەند ساڵێکە کاردانەوە و ناڕەزایەتیی جدی بەرامبەر بە سی پی تی هەیە، ئیدانە کردن هەیە. بە تایبەتی لەم ساڵانەی دوایدا زیادیان کردووە. لە مانگی ئەیلولدا چوون بۆ ئیمرالی و هاتنەوە و هیچ لێدوانێکیان نەدا. چەندین بانگەشە و زانیاریی گوماناوی هەیە. چوو نەچوو، چۆن ڕۆیشت، چۆن پەیوەندی و چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە، ئەوانە نازانرێن. ئێمە ئیدی بەوە دەڵێین، پیس و قێزەون، یان چی بڵێین؟ زانیاری زۆر هەیە. زانیاری زۆر لەسەر تەندروستی ڕێبەرەکەمان هەیە. هیچ لێدوانێکی ڕوون و ئاشکرا نەدرا. هیچ هەڵوێستێک نیشان نەدرا.

گەلی کورد خۆی ئێستا لە لێدوان تێر بووە، ئەوە نەتەوە یەکگرتووەکان لێدوان دەدات، سی پی تی لێدوان دەدات، ڕەنگە سبەینێش دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاش لێدوان بدات. ڕۆژیکی تریش ئەنجومەنی ئەوروپا، یەکێتیی ئەوروپا، ئەمریکا دەیدەن. گەلی کورد لەو قسە و وشانە تێر بووە. ئەم گەل و بزووتنەوەیە داوا لەو هێزانە دەکەن هەنگاوێکی کرداریی ڕوون و ئاشکرا بگرنەبەر.

ئەشکەنجەی تەواو و ڕەهای ئیمراڵی، سیستمی گۆشەگیریی بەرهەمی ئەو هێزانەیە. ئەوان پیلانیان لە دژی ڕێبەرەکەمان گێڕا. دەیانویست ڕێبەرەکەمان لەناوبەرن. هەڵوێستی بەرپرسیارانەی ڕێبەرەکەمان ئەوەی پووچ کردەوە. پاشان ڕادەستی تورکیایان کرد. سیستمی ئەشکەنجەی ئیمراڵییان دامەزراند. ئەو هێزانە دروستیان کرد. ڕادەستی تورکیایان کرد و ڕۆڵی پاسەوانیان دایە تورکیا. تا ئێستا ئیمراڵی بووەتە ناوەندی سیاسەتی پاکتاوکردن و جینۆسایدی گەلی کورد، بووەتە ناوەندی شەڕ. جەنگی سەرەکی لە ئیمراڵی بەرپا دەبێت. ساڵەهای ساڵە تەواو بێدەنگن و هیچ ناڵێن. دەبنە شەریک لەسیاسەتی پاکتاوکردن و جینۆسایدکردنی کورددا. ئەوان ئێستا هاوبەشن لە ئەشکەنجەی ئیمراڵی، سیستمی گۆشەگیری و سیاسەتی جینۆساید و پاکتاوکردن. ئێمە چیتر نەک قسە و وتە، بەڵکو بە کردەوە شتمان دەوێت. ئەم گەلە وتەی ناوێت. کردەوەی دەوێت، هەڵوێستیان دەوێت. هەنگاوێکی ڕوون و کۆنکریتیان دەوێت”.

‘هێزە نێونەتەوەییەکان نابێت چیتر ببنە هاوبەشی سیستمی ئیمراڵی’

بەسێ هۆزات دەستنیشانی کرد کە سیستمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی دەبێت ئیتر تێکبشکێندرێت و وتی، “ئەمە دژی یاسا گەردوونییەکانی مافەکانی مرۆڤە، لە دژی پەیماننامە نێونەتەوەییەکانە، لە دژی ئەو پەیماننامانەیە کە تورکیاش واژۆی کردوون. دەبێت چیتر ئەنجومەنی ئەوروپا نەبێتە هاوبەشی ئەم تاوانە دژە مرۆڤایەتیە. نەتەوە یەکگرتووەکان نەبێتە هاوبەش. ئەمریکا ئیتر نەبێتە هاوبەش. ئەو هێزانەی کە پیلانگێرییەکەیان ئەنجامدا نەبنە هاوبەش. دەبێت لەبەرامبەر قڕکردنی گەلی کورد بێدەنگ نەبن. نەبنە بەشێک لەم قڕکردنە. گەلی کورد چاوەڕوانی ئەوەیە و داوای ئەوەیان لێدەکات.

لەسەر ئەو بنەمایە ئەو چالاکییانەی کە بەڕێوەدەچن زۆر گرنگن. ئەوەتا لەبەردەم پەرلەمان پەرلەمانتاران چەندین هەفتەیە چالاکی دەکەن. زۆر گرنگە، رای گشتی ساز کرد، بەرپرسیارێتی لێکەوتەوە. لە ٦ی شوباتیشەوە لە گەڤەر و قۆسەرەوە رێپێوانێک بەرەو گەملیک ساز دەکرێت. لە ئێستاوە سڵاو لەو رێپێوانە دەکەم، پیرۆزی دەکەم. ئەوە زۆر گرنگە و نابێت تەنیا ئەوە بێت. تەنیا بە گەملیک، قۆسەرەوە سنووردار نەبێت. ١٥ی شوبات نزیک دەبێتەوە. پێدەنێینە مانگی شوباتەوە. لە دژی پیلانگێریی نێونەتەوەیی چالاکی شەرمەزارکردن لە کوردستان و دەرەوەی وڵات دەبێت زۆر بە شێوەی شکۆدار بەڕێوەبجن. بە دڵنیاییەوە دەبێت ساڵی ٢٠٢٣ بکەینە ساڵی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ. چالاکی بەو جۆرە ئەنجام بدرێن”.

‘ئامانجی سەرەکی ئێمە ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆیە’

لە درێژەی قسەکانیدا بەسێ هۆزات وتی، “ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ دەستەبەر دەکەین. دەبێت ئامانجی سەرەکیمان ئەوە بێت. بەڵێ دەبێت گۆشەگیری تێکبشکێنین، بەڵام دەبێت تەنیا بە شکاندنی گۆشەگیرییەوە نەوەستین. دەبێت ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکەین. دەبێت ئامانجی سەرەکی ئەوە بێت و لەسەر ئەو بنەمایە لە هەموو شوێنێک چالاکی و بەرخودان بەرفراوان بکرێت”.

‘دەبێت خۆبەڕێوەبەری ئێزدییەکان بە فەرمی بناسرێت’

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەسێ هۆزات لە درێژەی قسەکانیدا سەرنجی راکێشا بۆ سەر بڕیاری پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان و وتی، ” بە جینۆساید ناسینی کۆمەڵکوژی سەر ئێزدییەکان گرنگە. بەر لەئێستا ١٢ وڵات جینۆسایدەکەیان بە فەرمی ناسیبوو. لە وڵاتانی ئەوروپا دووڕووییەکی بەم جۆرەیە هەیە، لەلایەکەوە جینۆسایدی ئێزدییەکان بە فەمی دەناسن، هێرشی سەر شەنگال وەک هێرشی جینۆساید پەسەند دەکەن و بەفەرمی دەناسێنن. لە دوایین نمونەدا پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا بە فەرمی ناسی. بەڵام هیچ شتێک ناکەن. لە حاڵەتی ئاساییدا ئەگەر وڵاتێک جینۆساید بە فەرمی بناسێت ئەو کاتە رێگریی لە کۆمەڵکوژی دەکات، بۆ ئەوەی نەهێڵێت فەرمان، جینۆساید دووبارە ببنەوە، دەبێت ئیرادە و خۆبەڕێوەبەری ئەو کۆمەڵگایە بە فەرمی بناسێت. دەبێت خۆپاراستنەکەی بە فەرمی بناسێت. لەبەر ئەوەی بەم جۆرە رێگریی لە فەرمان، رێگریی لە جینۆساید دەکرێت. ئەگەر خۆبەڕێوەبەری و هێزی خۆپاراستنی ئێزدییەکان، شەنگال نەبێت لە داهاتوودا ئەگەری هەیە فەرمان بەسەر ئەواندا جێبەجێ بکرێتەوە، ئەگەری هەیە کۆمەڵکوژ بکرێن. ئەگەری هەیە جارێکیتر جنۆساید بکرێنەوە. ئەڵمانیاش و ئەو ١٢ وڵاتەی دیکە کە جینۆسایدەکەیان بە فەرمی ناسیوە دەبێت دان بە خۆبەڕێوەبەری شەنگالدا بنێنن و بەفەرمی بیناسن. دەبێت هێزی خۆبەڕێوەبەرییەکەی بە فەرمی بناسن. تەنیا بەم جۆرە سیاسەتی دووڕوویانە دەتوانرێت لە ناو ببرێت. لایەنی دیکەی ئەوەش بەراستی گرنگە. بەڵام ئەگەر ئەوە بە کردەوە جێبەجێ نەکرێت، نەبێتە هۆکاری ئەوەی خۆبەڕێوەبەری بە فەرمی بناسرێت، ئەو کاتە لە کردەوەدا هیچ شتێکی ئەوتۆ روونادات. ئەوە گرنگە و دەمەوێت ئەوە دەستنیشان بکەم. جیالەوە ئەڵمانیا بەدەیان ساڵە لەسەر ئێزدییەکان سیاسەت بەڕێوە دەبات. لەم بابەتەدا سیاسەتێکی زۆر تایبەت بەڕێوە دەبات. ئەڵمانیا بۆ چەندین ساڵ ئەوەی کرد. چالاکی میسیۆنەری و بانگەشەی ئایینی بە جدی لەئارادان. سەبارەت بە ئێزدییەکان سیاسەتی هەمیشەیی هەیە. هەوڵ دەدات بیخاتە ژێر سێبەری خۆیەوە و سیاسەتێکی بەم جۆرە بەڕێوەدەبات.

ئەمە گرنگە؛ لە لای شەنگال، لە لای ئێزدییەکان هەرکە تێکۆشان دەکرێت ئەنجامیش بەدەست دەهێنرێت. واتە ئەمانە لە خۆڕاوە جێبەجێ نەکران. ئێزدییەکان و گەلی شەنگال بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژی بە جینۆساید بناسرێت زۆر هەوڵیان دا و تێکۆشان. لە رووی سیاسی، دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتییەوە تێکۆشانێکی پێداگرانەیان بەڕێوەبرد. وەک ئەنجامێکی ئەو تێکۆشانە ئەو پێناسەکردنە دەستەبەر بوو. ئەمەش هێزێکی گەورە، بوێرییەکی زۆری بە ئێزدییەکان بەخشێوە. لەسەر ئەو بنەمایە دەتوانن تێکۆشان گەورەتر بکەن و بەهێزتری بکەن. دەتوانن وابکەن دەوڵەتانی دیکەش جینۆسایدەکە بە فەرمی بناسێت. لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانن خۆبەڕێوەبەریشیان پێ بەفەرمی بناسێنن. ئەوەی گرنگە قەبوڵکردن و دانپێنانە بەوەدا. دەبێت وابکەن هەموو کەس و جیهان دان بە خۆبەڕێوەبەریدا بنێن. لەم رووەوە دەبێت ئێزدییەکان لە هەموو شوێنێک تێکۆشانێکی زۆر چالاکی سیاسی، یاسایی، دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتی پەیڕەو بکەن. دەبێت هەموو کەس وا لێبکەن دان بە کۆمەڵکوژیدا بنێنن، هاوکات دان بە خۆبەڕێوەبەریشدا بنێنن. ئێستا بە هەزاران کورد، ژنانی ئێزدی لە ژێر دەستی داعشدان. فەرمانی سەر شەنگال فەرمانێک بوو کە راستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەرکرا. داعش لەگەڵ دەوڵەتی تورک ئەو فەرمانەی ئەنجامدا. ئەو هێرشە لە دەوڵەتی تورک دابڕاو نییە. لەناو هێرشی داعشدا بۆ سەر شەنگال، لە پشت هێرشەکەوە دەوڵەتی تورک هەبوو. ئەو منداڵانەی رفێندران لە ئەنقەرە دۆزرانەوە. ئەو ئێزدیانەی چوونە تورکیا بە چوار لای جیهاندا بڵاوبوونەوە. ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵی ئێزدی بە دەست داعشەوەن. ئەو کۆمەڵکوژییە وەک جینۆساید قەبوڵ دەکەن. دەوڵەتی تورک بەشێک لەو جینۆسایدەیە. کەواتە ئەگەر بە فەرمی داناسن، دەبێت لە دژی تورکیاش بە فەرمی بیناسن. لەبەرامبەر ئەوە دەوڵەتی تورک هەیە. لەو هێرشە کۆمەڵکوژییانەدا بەشدار بووە. ئەو کاتە دەبێت هەڵوێستێک نیشان بدرێت. هاوکات دەبێت هەڵوێستێک هەبێت. دەوڵەتی تورکیا بەشێکیش بوو لەو هێرشانەی کرانە سەر کۆبانێ. راستەوخۆ بەشداری لە هێرشەکانی داعش بۆ سەر رۆژئاوا کرد. ئەوەتا ساڵیادی رزگارکردنی کۆبانێمان پیرۆز کرد. من پیرۆزی دەکەم، سڵاوی لێدەکەم. لە هێرشە کۆمەڵکوژکارانەکەی سەرکۆبانێدا، لە هێرشەکانی داعشدا دەوڵەتی تورکیش هەبوو. ئەو هێرشانە لەلایەن جەنەڕاڵە تورکەکانەوە رێکخران. دەوڵەتی تورک لە رووی لۆجستییەوە پشتیوانی لە داعش کرد. تەقەمەنیش لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دابینکرا. نیشاندانی هەڵوێستێکی بەم جۆرە واتادارە. بەڵام دەبێت بەکردەوە بکرێت. دەبێت ببێتە مایەی بە فەرمی ناسینی خۆبەڕێوەبەری، ئەو کاتەیە کە واتای دەبێت”.