٢١ شوباتی ٢٠٢٣

کاڵکان: دەبێت گەل خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات

کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ڕایگەیاند: با گەل خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات و لەو سیستمە ڕانتخۆرە ڕزگاری ببێت. بگەنە ئەو ئاستە لە پارێزراوی و ئاسایشی سیاسییەوە، کە کارەساتە سروشتیەکان زیانیان پێ نەگەیەنێت. هەوڵەکانی ئێمەش بۆ ئەوەیە.

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بەشداریی لە ‘بەرنامەی تایبەت’ لە تەلەفزیۆنی میدیا خەبەردا کرد.

دوران کاڵکان باسی لە بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی مەرەش و کاریگەری لەسەر ١١ شار کرد و وتی: “خوا ڕەحم و بەزەیی خۆی بە نسیبی قوربانییەکان بکات و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان دەخوازم. من خۆم بە هاوبەشی ئازاری گەلی کوردستان و تورکیا و سوریا دەزانم”.

کاڵکان ئاماژەی بە پشتیوانی کۆمەڵایەتی کرد و وتی: “سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم، کە پشتیوانیان کرد. لە دەرەوەش پشتیوانی کرا، بەڵام هەمیشە دەوڵەتی تورک بە بنەما گیراوە، بەڵام ئەوە لە کاتێکدایە سیاسەتی ئەم دەوڵەتە دژ بەکورد ناسراوە. ڕەفتار و ڕێبازی ئاکەپە – مەهەپە بۆ کوردان ناسراوە. هەندێک لەهێزەکان توانیان دەستبەجێ و ڕاستەوخۆ یارمەتیەکان بە هێزە ناوخۆیی و خۆجێیەکان و کۆمەڵگە بگەیەنن. هەندێکیان هەڵوێستی ڕوون و کۆنکرێتیان نیشاندا. وتیان، جیاکاری دەکرێت، جیاکاری بەرامبەر بە کورد، عەلەویەکان و هێزە چەپ و شۆڕشگێڕە دیموکراتیەکان دەکرێت. بەرێوەبەریی ئاکەپە – مەهەپە بەردەوامە لەسەر درێژەدان بە شێوازی هێرشە فاشیستییە هەمەلایەنەکان، تیرۆر، وێرانکاری و ئەو هەڵوێست و سیاسەتەی لەسەر بومەلەرزە و لە کاتی بومەلەرزەدا درێژە پێدەدات.

هەوڵدەدات ڕێگری لەپشتیوانی کۆمەڵایەتیەکان و جموجوڵە کۆمەلایەتییەکان بگرێت. لەو کاتەدا زۆر هێز و لایەن دەیانتوانی ئەوە ببینن و بەو پێیە هەڵسوکەوت بکەن. من جارێکی تر بۆ گەلەکەمان دەڵێم، خۆتان سەلامەت بن. بەڕاستی ئێمە ئەو ئازارە وەردەگۆڕین بۆ هۆشمەندی، ڕێکخراوبوون، پشتیوانی و لەسەر ئەم بنەمایە دەیکەینە خەبات بۆ دیموکراسی و ڕزگاری”.

یادی بوومەلەرزەکەی ساڵی ١٩٧٦ی چاڵدران

دوران کاڵکان باسی لە بوومەلەرزەی زستانی ساڵی ١٩٧٦ی وان/چاڵدران کرد و وتی: “لەو کاتەدا ئێمە بە شێوەی گروپ و بە کۆمەڵ هاتبووینەوە بۆ وڵات. کوردان لە هەموو شارەکانەوە بە گروپی پێنج کەسی و دە کەسی چوونە شوێنی بوومەلەرزەکە و کاریان بۆ ڕزگارکردنی خەڵک کرد. لە دیلۆکەوە هەڤاڵ حەقی قەرار ڕۆیشت و هەماهەنگیی کارەکانی ڕزگارکردنی دەکرد. لەسەر ئەنجامی کارەکان لە کاتی ئەو بوومەلەرزەکەدا، لە ئەنجامی ئەوەدا، بزووتنەوەکەمان بە تێکۆشانی خۆمانەوە بوو بە پارت و حیزب. دەمانەوێت بە تێکۆشان لە دژی ئەنجامە قورسەکانی ئەم بوومەلەرزەیە بە سەرکەوتن بگەین، لەسەر بنەمای ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ، ئازادی و دیموکراسی بەدەست بهێنین. ئێمە دەتوانین ئەوە سەربخەین، هەڵسوکەوت و نزیکایەتی ڕاست و دروست بەو شێوەیە دەبێت”.

دوران کاڵکان ڕایگەیاند، ئەوان بە هەموو توانا و هێزی خۆیانەوە لە دژی ئەنجامە سەختەکانی بومەلەرزەکە تێکۆشان و وتی: “ئێمە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی گەلەکەمان، هەرچی پێویست بێت ئێمەی گەل و بزووتنەوە ئەنجامی دەدەین و بۆی تێدەکۆشین. بە بڕوای من، ئەوە هەڵوێستی ڕاست و دروستە”.

‘پێویستە گەل خۆی لەم سیستمە ڕانتخۆرە ڕزگار بکات’

دوران کاڵکان ڕایگەیاند، چۆن ٤٥ ساڵ پێش ئێستا لەسەر ئەنجامەکانی بوومەلەرزەکەی وان ڕاوەستاین، ئیرادە و دەستپێشخەریی گەل-یان لەسەر بنەمای تێکۆشانی ئازادی ئافراند، ئێستاش دەیانەوێت لەسەر ئەنجامەکانی ئەم بوومەلەرزەیە هەمان ئەنجام بە بەهێزی بەدەست بهێنن. دەبێت گەل چارەنووسی خۆی دیاری بکات و خۆی لەم سیستەمە ڕانتخۆش و سەرکوتکار و وێرانکارە ڕزگار بکات. با بتوانێت خۆی بگەیەنێتە ئەو ئاستە لە ئاسایشی سیاسی، کە هیچ کارەساتێکی سروشتی نەتوانێت زیانی پێ بگەیەنێت، دەرفەتەکان بە باشی بەکاربهێنێت، هاوبەشی بکات و لە خۆشیدا بژی. هەوڵەکانی ئێمەش بۆ ئەوەیە. لەسەر ئەم بنەمایە هەوڵەکانمان بەهێزتر دەکەین”.

‘دەسەڵات هەوڵ دەدات بوومەلەرزەکە بەکاربهێنێت و تەمەنی خۆی پێ درێژ بکاتەوە’

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە هەوڵ دەدات بومەلەرزەکەی بۆ خۆی وەک ‘خێرێک’ بەکاربهێنێت، بەوەش تەمەنی دەسەڵاتەکەی خۆی درێژ بکاتەوە و وتی: “نابێت رێگە بەم کارە بدرێت. ئەوان ناتوانن ئەوە بکەن. ئەنجامەکانی بومەلەرزەکە ڕاستی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپەی ئاشکرا کرد، دەمامکەکانی دەموچاویانی هێنایە خوارەوە، نیشانی هەمووانیان دا، کە چین. ناتوانێت متمانە هیچ کەسێک بۆ شتێکی تر دروست بکات. نە لەناوەوە نە لەدەرەوە. ڕەنگە هەندێک بۆ قازانجی خۆیان متمانەی پێ بکەن، بەشیک لە داگیرکەری وەربگرن و بە دەم بە پێکەنینەوە لێ نزیک ببنەوە، بەڵام نابێت کەس بڵێت، کە ئەوانەش هەمیشە پشتگیری تەیب ئەردۆغان دەکەن. بۆیە ناتوانن لێی ڕزگاریان بێت. ئەوان دەڵێن، حکومەت لە لێواری ڕووخان و تێکشکاندایە. ئەوە ڕاسته. ئاکەپە لە ئەنجامی سیاسەتی ڕانتخۆری و سیاسەتی بیناسازیی بەرپرسیارە. ماوەی ٢٠ ساڵە بینا دروست دەکات، کە هەموویان ئەو سەرئەنجامەیان بە دوای خۆیاندا هێنا. حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە بەرپرسیارە و بە دڵنیاییەوە باجەکەشی دەدات. پێویستە ئێمە ئەوە بزانین. لەبەر ئەوەش هەر کارێک بکەن ناتوانن خۆیان ڕزگار بکەن. بومەلەرزەکە ئەوانیش هەڵدەوەشێنێتەوە”.

‘نابێت هیچ کەسێک ڕێگرییەکانی ئاکەپە – مەهەپە قبوڵ بکات’

دوران کاڵکان ئاماژەی بەوەدا، دەبێت لایەنەکانی تر چالاکتر بن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی بومەلەرزەکە و کارکردن بە شێوەی بە کۆمەڵ و جەماوەری و خۆتەیارکردن و وتی: “هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی لە هەوڵدایە. ئەوانیش هەندێک درەنگ لە گرنگی و قورسیی بابەتەکە تێگەیشتن، بەڵام سەرباری ئەوەش ئەو کارەی ئەنجامی دەدەن کارێکی باشە. رێگرییان لێدەکرێت، نابێت ئۆپۆزسیۆن، هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی، کۆمەڵەکان، ڕێکخراوەکان، دامەزراوە کۆمەکبەخشەکان گوێ بە ئاستەنگەکانی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە بدەن”.

‘گرنگیی پشتگیری و هاوبەشیکردنی کۆمەڵگا ڕوون بوویەوە’

کاڵکان وتی، “دەتوانم ئەمە بۆ کۆمەڵگە بڵێم، بە ڕاستی گرینگیی گەورەیی پشتگیری و هاوبەشی کۆمەڵگا ڕوون بوویەوە” و وتیشی: “دەکرێت ژیانی کۆمەڵایەتی بە پشتیوانی باشتر بنیات بنرێت، واتە ئەوە شتە بریقەدارەکانی سەرمایەداری بۆ ژیان نییە. دەبێت خەڵک ڕوو لەو شوێنانە بکەن. بۆیە پێویستە کۆمەڵگاکەمان خۆڕاگر و بەرەنگار بێت”.

‘پێویستە زیاتر یارمەتیی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە بکرێت’

دوران کاڵکان ئەوەشی وت: “دەبێت لە هەموو ناوچەیەک، لە چوار پارچە، لە دەرەوەی وڵات بەشداری و هاوکاری زیاتر بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکە بکرێت. دەبێت ئێمە ئەمەش بگۆڕین بۆ ڕێکخستنکراوبوون. بێگومان پێویستە گرنگی وەفاداری و دڵسۆزیی خەڵک، سیستەمی دێموکراسی و ژیانی ئازادیپارێزی دیموکراتیک باشتر ببینین. دەبێت ئێمە چارەنووسمان بگرینە دەست. خۆمان ژیانی خۆمان دیاری و یەکلایی بکەینەوە. ئەم کۆمەڵگایە دەبێت ئیرادەیەکی وەهای هەبێت، خۆی بگەیەنێتە ڕێکخستنبوونێکی وەها. ئەگەر ئەوە ڕوونەدات، کارێکی هەڵەیە و ناکرێت. بانگەوازمان بۆ گەلەکەمان لەسەر ئەم بنەمایەیە.

بانگەوازی ئێمە بۆ هێزە شۆڕشگێڕە دیموکراتییەکان، لایەنەکانی سیاسەتی دیموکراتیک، ئەوەیە پشتیوانی بکەن، بۆ ساڕێژکردنی برینی کۆمەڵگا گوێ بە هیچ رێگری و لەمپەرێک نەدەن و قەدەغەکانی ئاکەپە – مەهەپە هەڵبوەشێنن. لە ئاستی خۆتەیارکردنی هەمەلایەنە و جەماوەری و سەرتاسەریدا هەوڵ بدەن. من جارێکی تر خۆم بە هاوبەشی ئازاری گەلەکەمان دەزانم و دەڵێم، ئەگەر ئێمە بەو شێوەیە نزیک بینەوە دەتوانن زووتر ئازارەکان کەم و ساڕێژ بکەین”.