٣ شوباتی ٢٠٢٣

قەرەیلان: هێزە پیلانگێڕەکان پێویستە سیاسەتی خۆیان بگۆڕن

قەرەیلان رایگەیاند، ئەوەی داعشی تێکشکاند ئەمڕۆ لە ئیمڕالی لەژێر گۆشەگیریەکی رەهادایە و داوای لە ئەو دەوڵەتانە کرد کە دەستیان لە پیلانگێڕیدا هەیە، سیاسەتی خۆیان بگۆڕن و وتی، ” ئەگەر ئاشتیان دەوێت، پێویستە سەرەتا ‘لیستی تیرۆر’ هەڵوەشێننەوە.

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بەشداری لە ‘بەرنامەی تایبەتی’ی ستێرک تی ڤی کرد و لە بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەدا، هەڵسەنگاندنی بۆ ٢٤مین ساڵی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و کۆبوونەوەکانی نێوان روسیا، تورکیا، ئێران و سوریا کرد.

بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکە بەم شێوەیەیە:

ئێمە لە ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیداین. ئەم پیلانگێڕییە شومە لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدرا، ئێوە چۆن هەڵیدەسەنگێنن؟

سەرەتا لە ٢٤هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دا، پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و هەموو ئەو هێزانەی تیایدا بەشداربوون بە توندی ئیدانە دەکەم. لە کەسایەتیی هەڤاڵ خالید ئۆرال و ڕۆژبین عەرەب دا یادی ئەو فیدایانە دەکەمەوە، کە بە دروشمی ‘ئێوە ناتوانن ڕۆژمان تاریک بکەن’ و سەری رێز بۆ یادی و بیرەوەرییان دادەنەوێنم و ئەو بەڵێن و پەیمانە، کە بەوانمان داوە، من جارێکیتر دووبارە و نوێی دەکەمەوە. ئەوان بە هەڵوێستی خۆیان ئەوە نیشاندا، کە دەبێت مرۆڤ چۆن لە بەرامبەر پیلانگێڕیی نێونەتەوەییدا بوەستێتەوە. هەر لە سەرەتای پیلانگێڕییەکەدا گیانی خۆیان کرد بە تۆپێک لە ئاگر و ویستیان لە دژی پیلانگێڕییەکە بوەستنەوە. بە ئیرادەیەکی زۆرەوە خاوەندارییان لە ڕێبەرایەتی کرد، وەک شاگرد و شوێنکەوتوانی ڕێبەر ئاپۆ چالاکیی فیدایی لە کوردستان ئەنجامدرا. لە زیندانەکان، لە چیاکان و لە شەقامەکاندا، لە شارەکاندا نەک تەنها کادیران، بەڵکو لە لایەن نیشتیمانپەروەرانەوە چالاکی ئەنجام دران. کاردانەوەیەکی نەتەوەیی توند و بەهێز لە دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دەستیپێکرد. بێگومان پیلانگێڕییەکە لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا دا هێرشێک بوو لە دژی گەلەکەمان، هەبوونی گەلەکەمان، داهاتووی گەلەکەمان و ئازادیی گەلەکەمان. هێرشێک بوو بۆ چەسپاندن و سەپاندنی تەواوەتیی سیاسەتی پاکتاوکردن و جینۆسایدکردن.

بۆیە گەلەکەمان لە هەموو شوێنێک بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی قارەمانانە، ئەوەتا ئێستاش لەسەر شەقامەکانن، لەو کاتەشدا هەموویان ڕژانە سەر شەقامەکان و بە بوێرییەکی زۆرەوە خاوەندارییان لە ڕێبەر ئاپۆ کرد. لە سەرتاسەری کوردستان پەرەی سەند، لە ئەوروپا پەرەی سەند، لەوکاتەدا ئەو کەسانەی پیلانگێڕییەکەیان واژۆکردبوو، خودی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، “بەو ڕادەیە چاوەڕێمان نەدەکرد”. واتە لە ڕاستیدا گەلەکەمان بە شێوەیەکی جەماوەری لە دژی پیلانگێڕییەکە بوون، خاوەندارییان لە ڕێبەر ئاپۆ کرد، چونکە گەلەکەمان ئەو هێرشەی لە کەسایەتیی سەرۆکایەتیدا بە هێرشی بۆ سەر خۆی دەزانی. هەر خۆی هێرشێکی وەها بوو. لەو هەلومەرجە سەختەدا ڕێبەر ئاپۆ لە ئەشکەنجەی ئیمرالی دا بە شێوازێکی داهێنەرانە کرانەوەی دروستکرد، بە ئیرادەیەکی گەورە و ڕاوەستا. ئەو پێشوازیی لە قورسترین و گەورەترین ڕۆژەکان کرد. ئێمە هەموومان قەڵس بووین، ئێمە زۆر قەڵس بووین. ئێمە تەنها دەمانویست چالاکی بکەین، بەڵام رێبەر ئاپۆ وتی: “نەخێر، ئەوە تەننها چارەسەر نییە. ئەوەش ڕێبازێکە، بەڵام تەنها ئەوە نییە. دەبێت مرۆڤ پیلانگێڕییەکە تێکبشکێنێت. بەو سیاسەتە، کە لە ئیمرالی ڕێکیخست پیلانگێڕییەکەی پوچەڵ کردەوە. پاشان ڕێبەر ئاپۆ جارێکی دیکە کرانەوەیەکی نوێی بە پارادایمێک لەسەر بنەمای شۆڕشی دیموکراتیکی ژنان و ژینگە دەستپێکرد. دوژمنان دەیانویست هێڵی ڕێبەر ئاپۆ لەناوببەن، بەتەواوی لەناوی ببەن. بۆ ئەو مەبەستەش ئەم پیلانگێڕییە ئەنجامدرا، بەڵام لەگەڵ وەستانەوانەی ڕێبەر ئاپۆ و بە هەڵوێستی فیدایانە و بە ڕاستی بە فیداکاریی گەلەکەمان، ژنانی کورد، گەنجانی کورد، هەموو وڵاتپارێزانی کورد ماوەی ٢٤ ساڵە بەرخودان و بەرەنگاری دەکەن، لە دەرەوەی وڵات، لە ناوخۆی وڵات لە دژی پیلانگێڕییەکە بە ئیرادەیەکی گەورەوە، گەلی کورد، سیاسەتی کورد،بە شۆڕشگێڕەکانی خۆی، بە هەموو کەسەکانی خۆیەوە لە بەرامبەر پیلانگێڕیەیکەدا چوونەتە قۆناغی بەرخۆدانەوە. بەم شێوەیە بە پێچەوانەی ئامانجی دوژمن، بزووتنەوەی ئاپۆیی گەورە بوو و گەشەی کرد. پێشتر تەنیا لە باکوری کوردستان بوو، بەڵام بە چوارپارچەی کوردستاندا بڵاوبوویەوە.

دواتر لەگەڵ پەرەسەندنی پارادایمی نوێ، لە بەرامبەر فۆرمولاسیۆنی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست هێڵی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیکی پەرە پێدا و ئیدی ڕێبەر ئاپۆ نەک تەنها وەک سەرۆکی کوردستان، بەڵکو وەک سەرۆکی گەلان و سەرۆکی مۆدێرنیتەی دێموکراتیک ناسرا. ئەمڕۆ هێڵی ڕێبەر ئاپۆ بە بەراورد بە ٢٤ ساڵ لەمەوبەر زۆر بەهێزترە. لەوانەیە ٥ بۆ ٦ جار بەهێزتر بێت. لە ئاستی جیهاندا قورسایی هەیە و خاوەنی چوارچێوەیە. ڕێبەر ئاپۆ چارەسەری بۆ پارادایمی دیموکراتیکی مۆدێرنیتەی دژ بە ستەمی سەر زەوی لە ئاستی نێونەتەوەییدا پێشکەش بە ڕای گشتی کرد. بە دڵنیاییەوە ئەوانە پیلانگێڕییەکەیان پووچ کردەوە. ئەو بەرخۆدانە، ڕۆحی فیدایی، دەرکەوتنی داهێنەرانەی لەو شێوەیەی ڕێبەر ئاپۆ و هەڵوێستەکانی تاوەکو ئێستا بەرامبەر بە ئەشکەنجەی ئەشکەنجەی دەروونی و سایکۆلۆژی بە ئیرادەیەکی گەورەوە بەڕێوەدەچیت. بەهەمان شێوە بەشداری گەل، بەتایبەتی بە پێشخستنی هێڵی ژنان، ئیرادەی ژنی کورد، گەشەکردنی بزووتنەوەی ئازادیی ژنان، کاریگەری ئەمە لەسەر ناوچەکە و جیهان، دروشمی ‘ ژن، ژیان، ئازادی ‘ بەو شێوەیە بوو بە ئەجیندا و بەرنامەی کار و بەم شێوەیە پیلانگێڕی پوچەڵ کرایەوە.

بەڵام پیلانگێڕییەکە کۆتایی پێنەهات، واتە پلانگێڕییەکە هێشتا هەیە، بەڵام کاردانەوەیەکی گەورە بەرامبەر بە پیلانگێڕییەکە هەیە، هەڵوێستێکی جەماوەری هەیە، سیاسەتی تێکۆشان هەیە. پیلانەکە پووچەڵ بوویەوە، بۆچی؟ ئەوەتا ئێستا شۆڕشگێڕانی ئاپۆیی ئەمڕۆ لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا بەرخۆدانێک دەکەن، کە بۆ هەموو جیهان بووەتە نمونە. سیاسەتی کوردی بەرامبەر بە هەموو زوڵمێک بەرهەڵستی و بەرەنگاری دەکات.هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی خۆی دیمەنێکی بێوێنە و بێ هاوتایی بەرخۆدانە و ئەوە زۆر مانادارە. گەلەکەمان بەگشتی بەم شێوەیەن. ئەمانە دەریدەخەن، کە ئەم پیلانگێڕییە ئەنجامی نەبووە، بەڵام پیلانگێڕییەکە هێشتا بەردەوامە. گەلەکەمان ئیدی ئێستا بەو چالاکییانەوە پرسیار لە پیلانگێڕەکان دەکەن، چاوەڕێی بەیاننامە و ڕاگەیاندرا، یان ڕوونکردنەوەن. چونکە لە ماوەی ئەم ٢٤ ساڵەدا لەهەندێک ناوچەدا گەلەکەمان و هێزە پیلانگێڕەکانمان کەوتوونەتە یەک سەنگەرەوە. شتی لەم شێوەیە روویداوە، بۆیە ئێستا گەلەکەمان، ڕای گشتی، چاوەڕوانی لێدوان و ڕوونکردنەوە لەو پیلانگێڕانە. بۆچی ئەم پیلانگێڕییە ئەنجامدرا؟ ئێمە دەمانەوێت ئێستا تێبگەین، گەلی کورد چیی بەرامبەر بە ئێوە کردووە؟ بۆچی بەم شێوەیە هێرشتان کردە سەر ئەم گەلە؟ هۆکارەکەی چییە؟ ئەم بابەتانە ڕوون بکەنەوە. بە دڵنیاییەوە بەپێی خۆیان هۆکارێکیان هەیە، ئێمە دەزانین ئەوە چیە، بەڵام پێویستە ئەوانیش ئاشکرای بکەن. ئەوە یەک.

دووەم؛ بۆچی ئەم هێڵە پیلانگێڕییە تا ئەمڕۆش بەردەوامە؟ ئەگەر کەسێک بڵێت نەخێر، ئەوە وەک پێشتر نییە. ئێمە دەڵێن، نا بەردەوامە، ئەوەتا نیشانەکانی، ئەو همەوو گەمارۆ زۆرە لەسەر بزووتنەوەکەمان هەیە. ئەوەتا لیستی تیرۆر هەیە. دیارترین نیشانەی هەڵوێستی سی پی تی-یە، سی پی تی دامەزراوەیەکی نێونەتەوەیی ئەنجومەنی ئەوروپایە، کە رێگری لە ئەشکەنجە دەکات، بەڵام هەڵوێستی سی پی تی دەربارەی ئیمرالی جێگای مشتومڕە. ئایا بەڕاستی ڕۆڵی لە ڕێگرتن لە ئەشکەنجەدان هەیە، یان ڕۆڵی لە ئەنجامدانی ئەشکەنجەکەدا هەیە؟ ڕاگەیاندراو و لێدوانەکانیان گوماناوین. ئیرادەی گەلی کورد ڕەچاو ناکات و درۆ دەکات. سی پی تی خۆی ئەوە ناکات. سی پی تی نوێنەرایەتیی هێڵێکە. دیارە لە پێشخستنی ئەم پیلانگێڕییەدا ئەویش وەک دامەزراوەیەک ئەرکی پێدراوە. وەک جێبەجێکردن لە ئیمراڵی دا، ئەشکەنجەی دەروونی ئاسایی نیشان دەدات و ئاساییبوونەوە دەکات. بە تێپەڕبوونی کات و بەپێی کات هەندێک شت بڵاودەکاتەوە، ڕۆڵێکی ئاوەهای پێدراوە. ڕەنگە خۆی بڵێت، ڕۆڵێکی وەهای نییە، بەڵام لە پراکتیکدا ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت. با یەکێک بێت و بۆمان ڕوون بکاتەوە. ئەوە مانای چیه؟ ئێستا گەلەکەمان چاوەڕێن، ئەو هێزانەی پێشەنگایەتیان بۆ پیلانگێڕییەکە دەکرد، ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئیسرائیل ئەوانەن، کە ڕۆڵی سەرەکییان گێڕا، هەروەها چەندین هێزی دیکەش هەبوون، لەو هێزانە چاوەڕێی بەیاننامە و ڕوونکردنەوە دەکەن. ڕوونی بکەنەوە، یانی چیە، بۆچی ئەم کارەیان کرد و بۆچی بەردەوامە؟

لە تاریکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەو دۆگماتیزمەدا، کە تیایدایەتی، بزووتنەوەیەکی وەک داعش دروستبوو. ئەو بزووتنەوەیە بوو بە هەڕەشە بۆ سەر هەموو جیهان. میتۆدێک و شێوازێکی بەکارهێناوە، کە هیچ کەسێک نەیدەتوانی لەبەردەمیدا بوەستێت، نە دەوڵەتی سوریا، نە عێراق، هیچ کەسێک نەیتوانی لە بەرامبەریدا بوەستێت، بەڵام چۆن وەستێنرا، سەرەتادا کێ وەستاندی؟ ڕێبەر ئاپۆ وەستاندی. ڕێبەر ئاپۆ پێشتریش ڕێنوێنیی بۆ شەنگال دابوو، پاشان لە سەردەمی کۆبانێدا تەیارکردنی گشتیی ڕاگەیاند و بەوەش جەنگاوەران و سەربازانی ڕێبەر ئاپۆ بە شیوەیەکی فیدایانە دەستبەکار بوون. هەر چوون ئەو کاتە بە ئاشکرا وتیان، ئێمە دەستوەردان لە شەنگال دەکەین، بەشێوەیەش دەستێوەردانیان لە مەخمور کرد، ڕێگریان لێکردن بێنە هەولێر، دەستوەردانیان لە کەرکوک کرد، بۆ ئەوەی هاوکاریی پێشمەرگە بکەن. پاشان بۆ یارمەتیدانی یەپەگە و یەپەژە لە کۆبانێ دەستتێوەردانیان کرد. لێرەدا ڕۆڵیان زۆر بوو. ئێستا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ساڵیادی ڕزگارکردنی کۆبانێ بوو. بەم بۆنەیەوە یادی هەموو ئەو قارەمانانە دەکەمەوە، کە بەشدارییان لە بەرخۆدانی ڕزگاریی کۆبانێ دا کرد. ئێمە دەزانین کە ئەو بەرخۆدانە چۆن ئەنجامدرا و چۆن بەڕێوەچوو. هەندێک لە شیکەرەوەکان، میدیا ئازادەکان بە شرۆڤە و لێکدانەوەکانی وەک “هەمووان ڕوویان لە کۆبانێ کردوە، بەرەو کۆبانێ هەڵدێن’ وەک ئەوەی هەموو کەسێک کەمێک شەڕی کردووە و ڕزگار بووە، نیشانیاندا، بەلام ڕاستیەکە هەندێک جیاواز بوو. دەیانویست کۆبانێ بکەنە کوشتارگە، بۆ ئەوەی بەتەواوی کاولی بکەن و تێکیبشکێنن. لە کاتژمێرێکی وەهادا جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتی، چیتر هیچ شتێک نییە، کە ئێمە بتوانین بۆ کۆبانێی بکەین. سەرۆک وەزیرانی تورکیا ئەردۆغانیش هات بۆ عەنتاب و وتیی: ‘ئەوەتا کۆبانێ دەکەوێت’ بەڵام لەو کاتەدا ئیرادەیەک وتی، ‘نا، ناکەوێت’ ئەو ئیرادەیە کێ بوو؟ ئەوە ئیرادەی ئاپۆیی بوو. دەستوەردانی تیادا کرد. لە کاتێکدا کەس نەیدەتوانی ڕوو لە کۆبانێ بکات، لەو هەلومەرجەدا دەستێوەردان کرا و بەو شێوەیە بەرخۆدانی یەپەگە پەرەی سەند و گەورە بوو و ئیرادەیەک پیشان درا. ئەمە ڕاستیەکەیە.

ئەوەی داعشی تێکشکاند ئێستا لە ئیمراڵی لەژێر سیاسەتی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی دەروونیدایە. ڕاستیەکە بەم شێوەیەیە. ئەو کەسەی ئەم بیر و فەلسەفەیەی بنیاد نا و تەوژمی خۆتەیارکردنی گشتیی ڕاگەیاند ئێستا لە ژێر ئەشکەنجەدایە. هەموو مرۆڤایەتیی لە بەڵا و بەدبەختییەکی گەورە ڕزگار کرد. رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە پێشخستنی ئازادیی ژنان و بە پێشخستنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕووناک کردەوە. بۆچی ئەو هێزانە هێرشیان کردە سەر ئەم ڕووناکییە؟ ئێمە دەمانەوێت ئەوە ئاشکرا بکرێت. بۆچی دەیانەوێت ئەو ڕووناکییە تاریک بکەن؟ ئەگەر بەڕاستی دەیانەوێت لەگەڵ گەلی کورد دۆستایەتی بکەن، چارەسەری بەدی بێت و گەلی کورد لەسەر ئەم خاکە، لەسەر خاکی باوباپیرانی وەک هەموو گەلانی ناوچەکە ئازادانە بژی، ئەگەر ئەم هێزە جیهانیانە ئەمەیان بوێت، یان ئەو کەسانەی پیلانگێڕییەکەیان بەڕێوەبرد، نابێت هیچ ڕێکخستنێکی کوردی، کە بۆ ئازادی تێدەکۆشێت بخەنە ناو لیستی تیرۆرەوە. ئەو لیستە هەڵەیە. ئێستا دەوڵەتی تورکی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە ئەم لیستەیان بۆ خۆیان کردووەتە پاساو و هەر کەسێکی کورد، کە بۆ ئازادی تێبکۆشێت بە تیرۆری ناو دەبەن و هێرشی دەکەنە سەر، تیرۆری دەوڵەت لە هەموو شوێنێکدا بەڕێوەدەبەن. لەسەر باشووری کوردستان بەڕێوەی دەبەن، لەسەر شەنگال بەڕێوەی دەبەن، لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەی دەبەن. ماوەی ٤٠ ساڵە لە باکوری کوردستان هیچ شتێک نەما، کە ئەنجامی نەدەن، هەموو شتێکی دژ بە گەلی کورد کردووە. ئەمە ئەوەیە، کە بڵێین، دەوڵەت تیرۆر ئەنجام دەدات، بە چی؟ ئەوە بە پاساوێک، کە یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا، پەکەکەیان خستوەتە ناو لیستەکەوە. ئەو دەڵێت، ‘لە لیستەکەی ئەواندایە، منیش هەر شتێک بکەم ڕەوایە’. پاڵی بەوەوە داوەتەوە. ئەوانیش پشتیوانیی لێدەکەن. ئەوە پشتگیریە. ئێمە دەزانین پشتیوانییە، ئەگەر پشتگیری نییە، ئەو چۆن دەتوانێت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەو هێرشە زۆرە ئەنجام بدات، هەموو ڕۆژێک لە خەڵک دەدات. بۆ نموونە ماوەیەک پێش ئێستا لە دێرک، لە ڕۆژئاوای کوردستان لە گەڕەکێکی دا، لە ناو دووکانێکدا مرۆڤێکی شەهید کرد. منداڵێکی شەهید کرد. ئەوە ئەو ئازایەتییە لە کوێوە وەردەگرێت. ئەو هێزانە لەوە بەرپرسیارن. بۆ ئەوەش دەبێت ئەو هێزانە سیاسەتی خۆیان بگۆڕن. ئیدی بەسە. ئیدی کۆتایی بە پیلانگێڕییەکە بهێنن. سیاسەتی پیلانگێری لەبەرامبەر گەلی کورد هێرشێکە، سوکایەتییە، ماف، دادپەروەری تێدا نییە، مافەکانی مرۆڤی تێدا نییە. دەبێت هەڵبگیرێت. لە ئێستادا هیوای گەلەکەمان ئەوەیە. ئەگەر هەڵبگیرێت چی رودەدات؟ ئەوکاتە چارەسەری دێتە ئاراوە. ئێستا هەندێک جار پەیاممان بۆ دەنێرن. دەڵێن ‘دەمانەوێت ئاشتی بچەسپێت، ئێوە دەبێت لێدوان بدەن و بڵێن ئاشتیمان دەوێت، ئێمە پارێزگاری دەکەین’. خۆی لە خۆیدا ئێمە پارێزگاری لە خۆمان دەکەین. خۆی لە خۆیدا ئاشتیمان دەویست. مەگەر رێبەر ئاپۆ نەیدەوت دەرفەتم پێبدەن لە هەفتەیەکدا چارەسەری دەکەم. وای نەگوت؟ وتی. دەمانەوێت چارەسەری بێتەئاراوە. ئەوە دوژمنی خوێنمژە دەیەوێت خوێنی هەمووان بڕێژێت و تیرۆر بکات و بگاتە ئەنجام. واتە دەیەوێت گەلی کورد جینۆساید بکات و بەم جۆرە بگاتە ئەنجام. ئامانجەکەی ئەوەیە. ئەمە دژی جینۆساید خۆڕاگری دەکەین. لەپێناو ئازادی و مانەوەدا لە دژی سیاسەتی کۆمەڵکوژکاری ئاکەپە-مەهەپە خۆڕاگری دەکەین. ئەمە راستیەکە. بەرخودانی ئێمە بۆ ئەوەیە. نەک ئەوەی ئێمە چووبێتین و هێرشمان کردبێتە سەر ئەوان. لەبەرامبەر هێرشەکانی ئەوان وەڵاممان داوەتەوە و وەڵامیش دەدەینەوە. ئەوە مافێکی گەردوونی ئێمەیە. بە دڵنیاییەوە ئاشتیمان دەوێت، بەڵام لەوەها کاتێکدا کە ئەوان هێرش دەکەن، هەرگیز بەرامبەریان هەنگاو بۆ دواوە نانێین. بە گیانی ساراکان و روکەنەکان وەڵام پێویست دەدەینەوە. بە گیانێکی فیداییەوە وەڵام دەدەینەوە. نابێت کەس گومانی لەوەدا هەبێت. ئیتر ئێمە گەلێکین و ئیرادەیەکین. چیتر لێرە سیاسەتی قڕکردن و لەناوبردن ناچێتەسەر. ئەگەر پێداگری بکات ئەم شەڕە بۆ دەیان ساڵ بەردەوام دەبێت. چەند نۆکەر لە تەنیشت خۆیانەوە دابنێنن و بڵێن ئێمە سەرکەوتووین، خۆیان دەخەڵەتێنن. گەلی کورد بڕیاری خۆیداوە، لەکەسایەتی ئەو گیانبازانەدا بڕیاریداوە. ئاشکرایە. ئەگەر ئەو دەوڵەتانەی پیلانگێڕییان بەڕێوەبرد لە سیاسەتی خۆیاندا گۆڕانکاری دروست بکەن،خۆی لە خۆیدا ئەو کاتە ئەم دەوڵەتەش ناچار دەبێت مل بۆ چارەسەری بدات. بۆئەوەی دەربکەوێت لە داواکاری بۆ ئاشتیدا کێ راستگۆیە پێویستە ئەو لیستە نەهێدرێت. پێویستە سەرەتا سیاسەتی ئێستای سەر ئیمراڵی هەڵبگیرێت. دەبێت سیستمی ئیمراڵی نەهێڵدرێت. لەبەر ئەوەی ئیمراڵی لەسەر بناغەی سیاسەتی قڕکردن دامەزراوە. دەبێت نەهێڵدرێت، ئازادی بێتە ئاراوە. لە سەر بنەمای ئازادی رێبەر ئاپۆ دەتوانرێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و بە تەواوەتی ئاشتییەک لە کوردستان و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەوپێش بچێت. لەبەر ئەوە ئەگەر لە ئێستادا شەڕ روودەدات، لە ئەنجامی ئەو سیاسەتانەیە کە ئەو دەوڵەتە پیلانگێڕانە پەیڕەویان کردووە. ئەوە لە سیاسەتی دەوڵەتی تورکدایە و دەوڵەت تورک لە بەر ئەوەی سەرنەکەوتووە و زیانی گیانی دەدات، سەرەڕای ئەوەی هەموو جۆرە چەکێک بەکار دەهێنێت بەڵام بێ ئەنجام دەبێت، کەچی پێداگری دەکات. ئەمەش بۆ ئەو ئەوە دەگەڕێتەوە کە پشتیان بەو هێزە نێونەتەوەییانە بەستووە.

لە دژی پیلانگێڕییەکە زۆر شەهید بەخشراون. وەک ئێوەش وتتان ‘شەهیدانی ئێوە ناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن’. یەک لەو شەهیدانە ڤیان سۆرانە. لە کەسایەتی ڤیان سۆراندا ئەوەی رەتدەکرایەوە چی بوو و گرنگی چالاکییەکەی چی بوو؟

سەرەتا هەڤاڵ ڤیان سۆران و لەهەمان کاتدا هەڤاڵ وەیسی تاش، محەمەد ئاکار بە رێز و پێزانینەوە بە بیردەهێنمەوە. لەبەردەم یادەوەری ئەواندا سەرم دادەنەوێنم. ئەوان بە رۆحێکی گیانبازی ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا، بەم جۆرە ویستیان هۆشداری بدەن، پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی سەرۆکایەتی شەرمەزار بکەن. هەڤاڵ ڤیان هەڤاڵێکی بەڕێوەبەریمان بوو. ئێمە پێکەوە ئەرکی بەڕێوەبەری کەجەکەمان رادەپەڕاند. هەڤاڵێکی گەنج بوو کاتێک ئەرکی بەڕێوەبەری جێبەجێ دەکرد تەمەنی ٢٣ ساڵ بوو، تەنانەت ئەو کاتە ٢٢ ساڵ بوو. وەک نوێنەرایەتی گەنجان هەڵبژێردرابوو. وەک کچێکی باشور لە عەشیرەتی جاف، وەک شوێنکەوتوویەکی لەیلا قاسم، خۆی ناوی لەیلا والی حەسەنە. دیارە لە ناو بنەماڵەکەشیدا ئەو ناوەیان لەسەر دانابوو. هەڤاڵێکی ئاسایی نەبوو. هەڤاڵێکی جەوهەری بوو. زۆر زیرەک و زۆر بڕوامەند و بوێر لە گفتوگۆدا، لە هەموو شتێکدا ئازابوو، نەک هەر لە شەڕدا. ئازابوو، بە ئیرادەبوو، هزر و رامانی رێبەر ئاپۆی ناسیبوو، زۆر خوێندبوویەوە. بە شەو و رۆژ لەسەر ئەو بابەتە سەرقاڵ بوو، هەربۆیەش ئیرادەیەکی بەدەستهێنابوو. کاتێک مرۆڤ لێی دەڕوانی ورەی لێوەردەگرت. لەو کاتی پاکتاوکردنەدا کۆمیتەی سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی پەکەکە سازکرا، لە ١٢ کەس پێکدەهات. ئەو هەڤاڵەشمان بووە یەک لەوان. خۆی ئەمەش دەشتنیشانی دەکات کە خاوەنی هەڵوێستێکی جێگەی متمانە بوو هەربۆیە هەڵبژێردرا تا ببێتە ئەندامی کۆمیتەی سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی پەکەکە. بۆ ئەو ئەرکە ماندووبوون و زەحمەتی زۆریکێشا.کۆنگرەی دامەزراندنەوەی پەکەکە بەسترا، لە سازکردنی کۆنگرەکەشدا رەنجی زۆری کێشا و دواتریش پێداگری کرد کە بچێتە ناو هێزی سەربازییەوە. زۆر سوور بوو لەسەر ئەوە. نەیدەویست ببێتە ئەندامی بەڕێوەبەری. هەرگیز خواستی ئەوەی نەبوو ببێتە ئەندامی بەڕێوەبەریی. دیارە هەر لە سەرەتاوە ئامانجی ئەوەی گرتبووەبەر کە ببێتە گیانباز، چالاکی گیانبازی بکات. هەڤاڵێکی بەو جۆرە نمونەیی بوو، زۆر تایبەتمەندی نمونەیی هەبوو. لە هەفتانین کاتێک وەک ئەندامی دەستەی یەژاستار کاری سەربازی دەکرد، دەیویست بچێتە باکور. ئاشکرایە پلانی دانابوو کە بچێت و چالاکی بکات. ئەوکاتە وەک ئێستا لەسەر رێبەرایەتی گۆشەگیر هەبوو ، بێدەنگی هەبوو. بۆ نمونە ئێستا گۆشەگیری هەیە، بەڵام هەوڵیش هەیە. ئەو کاتە هەندێک بێدەنگی هەبوو. وەک ئەندامێکی بەڕێوەبەری لە دژی ئەو بێدەنگییە ویستی ببێتە دەنگێک، خۆی بسوتێنێت و ببێتە بانگەوازێک، بۆ ئێمە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ببێتە فەرمان و رێنوێنی. بۆ هەموو کەس ببێتە بانگەوازێک. ئەو چالاکییەی کرد. ئاگری لە خۆی بەردا، بە شەو هیچ هەڤاڵێک پێیان نەزانیبوو. خۆی لە خۆیدا نوسینێکی دوور و درێژی وەک مانیفیستۆیەک لە پاش خۆی جێهێشت. لەو بڕوایەدام هەموو کەس خوێندوویەتیەوە. نمونەیەک بوو، پێگە و جێگەی خۆی هەبوو. هەرچەندە شێوازەکەشمان بە باش دانەنا، جەنگاوەرێکی بەم جۆرە بە نرخ زۆر جێگەی دڵتەنگی بوو، بۆ ئەوەی سەرنج بۆ سەر دۆخی رێبەر ئاپۆ رابکێشێت بەم جۆرە، لەسەر چیا شوێنێک وەک هەفتانین لە دۆڵی پساخا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و فەرمانەدەیی ئەوێ، زۆر دژواربوو بۆ ئێمە بەراستی بارێکی قورس بوو بۆ ئێمە. بەڵام جێگەی خۆی گرت، چونکە بووە پەیامێک. چەخماخەیەکی لێدا بۆ ئەوەی هەموو کەس وشیار بکاتەوە. بە چ شێوەیەک دەبێت مرۆڤ خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ بکات. جۆن دەبێتە جەنگاوەرێکی رێبەر ئاپۆ، چۆن دەبێتە گیانباز، هەر بۆیە بوو بە پەیامێک. بەڵام ئەو کاتەش شێوازەکەمان بە گونجاو دانەنا. واتە ئەو شێوازەی ئەنجامدرا. بەڵام ئەو پەیامەی درا بۆ ئێمە زۆر واتادار بوو، ئەرێنی بوو، لەو کاتەدا هەنگاوێک بوو، نوێبوونەوەیەک بوو. بەڵام ئەو کاتەش لە رووی شێوازەوە بە گونجاومان دانەنا.

لەم ماوەی رابردووشدا چالاکی لەو جۆرە کران. وەیسی تاش، محەمەد ئاکاریش چالاکیی بەم جۆرەیان کرد. لەم کاتەدا چالاکی لەم جۆرە چەندە جێگە دەگرێت یان نا؟ ئێوە بە گشتی چۆنی دەبینن؟

بەر لە هەموو شت دەبێت مرۆڤ ئەوە بڵێت؛ دەبێت مرۆڤ چالاکی ئەو هەڤاڵانەش لە زۆر رووەوە شرۆڤە بکات و واتای لێبەدەست بهێنێت. هەڤاڵ بوبۆ واتە وەیسی تاش مرۆڤێکی تەمەن ٦٥ ساڵ، ٤٥ ساڵ وەک لایەنگر و وڵاتپارێز جوڵایەوە، زیندانی کراوە، هاتووەتەدەر و جارێکیتر زیندانی کراوەتەوە و هاتووەتەدەر. دەستبەرداری خاکەکەی نەبووە هەندێک جار هەڤاڵان دەڵێن، ‘ ئەوەی ئاوی پەکەکەی خواردبێتەوە هەرگیز لێی دانابڕێت’، واتە ئەویش ئاوی ئایدۆلۆژیای پەکەکە و رێبەر ئاپۆ خواردبووەوە. هەڤاڵ خەیری دورموشی لە زیندان ناسیبوو. دانەدەبڕا، خاوەنی ماڵ و بنەماڵە بوو، بەڵام لە تێکۆشان دانەبڕابوو. لە دوا جاردا بە پێی تواناکانی خۆی دیمەنێکی تۆمارکردبوو. دیارە وەک هەڤاڵ ڤیان ئەویش نەیدەویست کەس پێیبزانێت، بۆ خۆی بە تەنیا ئامادەی کرد و لە پاش خۆی جێیهێشت. کەسێکی لەم جۆرە بەم شێوەیە خۆی بەخت دەکات. دەڵێت ‘من شەرمەزاری دەکەم، بۆ ئەوەی شەرمەزاری بکەم ئەم چالاکییە دەکەم’. بێگومان بانگەوازێکە بۆ هەموو کەس. هەروەها محەمەد ئاکاریش، ئەوەش زۆر سەرنجڕاکێشە. گەنجێکی کوردە، ماوەیەک لەماڵەوە بزر دەبێت. دەوڵەت راستەوخۆ بنەماڵەکەی دێنێتە بەردەم بینای هەدەپە، دەیخاتە ئەستۆی ئەوان. دواتر خۆی دەرخستەوە و وتی ‘نا من لێرەم’. واتە ئاشکرایە کە سیاسەتی شەڕی تایبەتی دەوڵەتی لەسەرە. هەندێک بنەماڵەکەیان خستە ئەو گەمەیەوە. سەرباری ئەوەی لەسەر ئەو سیاسەتە زۆر راوەستە دەکەن، هاوسەرگیری پێدەکەن، بەڵام ناتوانن دەست بەسەر رۆح و دڵی ئەودا بگرن. لە دڵ و ناخی ئەودا هێشتا گیانبازی گەشاوەیە. هێشتا بەهێزە. بەم جۆرە لەناو ئەو هەموو هێرشانەی شەڕی دەروونیدا رۆحی گیانبازانەی خۆی ناسیوە. کوردایەتی بەهێزتر کردووە. بۆ نمونە نوسینەکەی بە کوردییە. ئەمە زۆر واتادارە. من ئەوە دەڵێم هەڤاڵ محەمەد، براکەشی هەڤاڵ چیا سیپان هەڤاڵێکی فیدایی بوو، ئەندامی هێزی تایبەت بوو. مرۆڤێکی بەو جۆرە بوو کە هەموو کات ئامادەبوو خۆی فیدا بکات. هەڤاڵێکی بەو جۆرە بوو ساڵی ٢٠١٦ لە هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر قەندیل شەهید ببوو. لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکی گرنگدا شەهید بوو. هەڤاڵێکی زۆر بە نرخ بوو. ئاشکرایە کە هەڤاڵ محەمەد ئاکاریش وەک ئەوە. وەک براکەی خۆیەتی، وەک هەڤاڵ چیایە. لە ژێر هەلومەرجی بەو رادە دژوار و هێرشەکان ئەو لەگەڵ خۆی رۆحی گیانبازی بەهێز کردووە و چووەتە ئەو شوێنەی هەڤاڵ زەکیە ئاڵکان چالاکی نەورۆزی تێداکرد، ئاگری لە خۆی بەردا و وتی، ‘هیوادارم رووناکی ئاگری من ببێتە هۆی ئازادی سەرۆکایەتی. شتی زۆر کورت و واتادار دەڵێت. ئەمە بۆ هەموو گەنجانی ئامەد، گەنجانی کوردستان پەیامێکی گرنگە. ئەو هەڤاڵانە هەم وەیسی تاش و هەم محەمەد ئاکار ئەوەی کردیان گیانبازییە. مرۆڤ دەتوانێت بەرامبەر بەوە رێز نیشان بدات. زۆر واتادارە. ئەوان بەو گیانبازییەی خۆیان بوونە ئەندامی تابوری نەمران. بەم جۆرە بوون. بە چالاکی خۆیان بەم جۆرە بوون. لەبەر ئەوەی خۆبەخشن، وڵاتپارێزن بەڵام بە چالاکییەکەیان بوونە ئەندامی تابورەکە. هەڵوێستێکی زۆر واتادارە، دەبێت مرۆڤ واتای لێ بەدەست بهێنێت. وکە وتم بەتایبەتی گەنجانی کورد، ژنانی کورد واتای لێ بەدەست بهێنن. گەلی کورد، وەڵاتپارێزان واتای لێ بەدەست بهێنن. جیا لەوە ئەوانەی پیلانگێڕییان بەڕێوە برد دەبێت ببینن؛ لە کەسایەتی وەیسی تاش و محەمەد ئاکاردا مرۆڤی کورد دەڵێن ئیتر بەسە، گەیشتووتە بینەقاقایان. باوەر بکە ئەگەر هاوسەرۆکایەتی دەستەی کەجەکە هەمان رۆژ راگەیەندراوی نەدایە رەنگە دەیان کەس تا ئەمڕۆ بە هەمان شێوە چالاکییان بکردایە. باش بوو هاوسەرۆکایەتیمان وتی، ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین، لە رابردوو رێبەر ئاپۆش رێبازی خۆسووتاندنی پەسەند نەکردووە، ئێمەش پەسەندی ناکەین، پێویستە کەس ئەمە نەکات. لەم کاتەدا نابێت ئاگر لە جەستەی خۆیان بەربدەن، پێویستە ئاگر بەردەنە دوژمن. واتە پێویستە مرۆڤ تێبکۆشێت. وای وت، رێگری کرا. هەموو وڵاتانی پیلانگێڕی پێویستە ئەمە لەبەرچاو بگرن. هەموو کەس، دەوڵەتی تورکیا خۆشی. ئەوانەی عەقڵێکی تەندروستیان هەیە. نەک فاشیستەکان کە هار و شێت بوون و دەڵێن کورد دەکوژین، لە هەڵبژاردنەکانیشدا سەردەکەوین. دەیانەوێت بە کوشتنی کورد دەیانەوێت لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەون. بەڵام محەمەد ئاکار گەورەترین وڵامی دایەوە کە تەیب ئەردۆغان لە هەموو شتێک زیاتر لەسەر ئەو خانەوادانە کار دەکات. گەنجانی کورد بەم شێوەیە وڵامیان دەدەنەوە. پێویستە هەموو کەسێک وانەی لێ فیرببێت. دوژمنیش. وڵاتانی پیلانگێڕیش، گەلەکەشمان دەبێت واتاکەی بزانێت. گەنجانی کوردیش واتاکەی بزانێت و پێویستە مرۆڤ ئەمە ببینێت، ئەمە رێباز نییە. وەک هاوسەرۆکایەتی دەستی کەجەکە وتی، ئەمە رێبازێک نییە کە کەسێک بەڕێوەی ببات. ئەمە کاتی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی نییە. نا، کاتی تێکشکاندنی پیلانگێڕی و ئازادی رێبەر ئاپۆیە. پێویست ناکات بۆ ئەوە خۆت بسوتێنیت، دەبێت دوژمن بسوتێنیت. مەبەستم ئەوەیە کەس بیر لەم بابەتە نەکاتەوە. نەک نیشتمانپەروەر، نە خۆبەخشەکان، بە تایبەتی هەڤاڵان نابێت بیر لەم شتە بکەنەوە. ئێستا ١٥ی شوبات نزیک دەبێتەوە، پێشتر هەڤالان لە ١٥ی شوبات ئەو کارەیان دەکرد، بەڵام بزوتنەوەکە ئەمەی رەخنە کرد. تا ئەو رادەیەک ژمارەیەکیان رانەگەیەندران. منیش ئەمە دەڵێم. نابێت کەس شتێکی لەم شێوەیە بکات. کاتی شەرمەزارکردن نییە، کاتی ڕزگارکردنە. پێویستە هەموو کەسێک بەم شێوەیە نزیک بێتەوە. واتە گەریلا هێندەی تر ڕیزەکانی قووڵتر بکەنەوە، هەر وەک چۆن میلیتانی ئاپۆی لە کەسایەتی خۆیدا پیلانگێڕی تێکشکاند، دەبێتە میلیتانی ئازادی رێبەر ئاپۆ، پێویستە خۆبەخش و گەنجانیش خۆیان بگەیەننە گەریلا. ئەمڕۆ گەریلا وەک خەنجەرێک وایە لەسەر دڵی دوژمن. لە چاوی دوژمندا وەک دڕکێک وایە. ئەمڕۆ دوژمن بۆ کوشتنی گەریلایەک دەیان فڕۆکەی جەنگی هەڵدەستێنێت. ملیۆنان پارەی تێدەچێت. بۆ لەناوبردنی گەریلایەک. دیارە بەم ئەندازەیە لە گەریلا دەترسێت ئەم دوژمنە. ئەوەندە لێی دەترسێت، بۆیەش ئەگەر گەنجێک دەیەوێت ئیرادە بێت لە دژی دوژمن، هێز بێت یان پیلانگێڕی نێودەوڵەتی شەرمەزار بکات، پێویستە بچێتە ناو گەریلا. بەم شێوەیە داوا لە هەموو گەنجانی کورد دەکەم لەم کاتە گرنگەدا، کە دەچینە ناو ساڵی ٢٥ی پیلانگێڕی نێودەوڵەتییەوە، بچنە نێو ڕیزەکانی گەریلا. بە شێوازێک بەشداری بکەن. دەتوانن لە شوێنی خۆیان بەشداری بکەن، بە ڕێگەی دیکەش دەتوانن بەشداری بکەن جیاوازی نییە، بەڵام دەبێت بەشداری بکەن. چونکە کاتی شەڕە، کاتی دروشمی محەمەد ئاکارە. مرۆڤ دەبێ بەم شێوەیە نزیک بێتەوە و مامەڵە بکات. ئەمە بانگەوازی ئێمەیە بۆ هەموو گەنجان. دووباره‌ی ئه‌كه‌مه‌وه‌; نابێت کەس شێوازی سووتاندن دووبارە بکاتەوە. بەو شێوەیە بەڕێوەناچێت. پێویستە هەموو کەسێک لەسەر بنەمای چۆنیەتی شکستپێهێنانی پیلانەکە مامەڵە بکات.

روسیا، تورکیا، سوریا و ئێران کۆدەبنەوە. زۆر ئاشکرایە کە لە بەرامبەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد کۆدەبنەوە. لەم رووەوە بۆچوونتان چییە؟

ڕاستە، ئێمەش چاودێری دەکەین. پلانی جۆراوجۆر لەسەر تەڤگەری ئازادیی کورد هەیە. روسیا پێشتریش دەستی لە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیدا هەبووە. ڕەنگە بەڕێوەبەری نەبووبێت، بەڵام ڕۆڵی هەبووە. هیوادارین رووسیا دژایەتی تەڤگەری ئازادی کورد نەکات. بەڵام هەر کەسێک بەرژەوەندی خۆی هەیە. هەروەها راستی سیاسەتی ئەمڕۆیە. بەڵام ئەوە سیاسەتی تەیب ئەردۆغانە کە سوریای گەیاندووەتە ئەم حاڵەتە. بە واتایەکی تر سوریای وێران کرد، هەموو چەتەکانی ناو سوریای لە دەوری خۆی کۆکردەوە و ویستی سیاسەتی کوردی تێکبشکێنێت. پاشان وتی ‘دەچم بۆ دیمەشق و لەوێ نوێژ دەکەم’. واتە دوژمنی گەلی سوریایە. لەسەرەتادا پەیەدە و یەپەگە پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا هەبووە. ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە چەندین جار سەردانی تورکیای کرد. لەو کاتەدا ئاگربەست لە نێوان ئێمە و دەوڵەتی تورکیادا هەبوو. پرۆسەیەک بوو بە ناوی ‘چارەسەری’ بەڵام لە راستیدا چارەسەری نەبوو. لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتدا ئاکەپە هەڵسەنگاندنی دەکرد،. بەڵام دیالۆگ هەبوو. ئەو کاتە داواکاری دەوڵەتی تورک ئەوە بوو کە کورد لەدژی دیمەشق شەڕ بکات. بە ئاشکرا وتیان، هەڵبکوتنە سەر قامشلۆ، دەروازەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، دەروازەکە بەرووی تورکیادا کراوەیە، دەروازەکە بەدەست بهێنن و هەموو شتێکتان دەدەینێ. دواتر حەلەب، لە شێخ مەقسود لە رژێم بدەن بۆ ئەوەی تێک بچێت. دەیانەوێت حەلەب تێکبدەن، کۆنتڕۆڵی بکەن و دواتر بچن بۆ دیمەشق. کورد ئەوەی قبوڵ نەکرد. دەتوانین بڵێن بەشێک لە گۆڕانکاری سیاسەتی ئەردۆغان دژی کورد، دژی رۆژئاوا بەو هۆیەوەبوو. راستە لەوانەیە هەموو هۆکارەکە ئەمە نەبێت، بەڵام یەکێک لە هۆکارەکان ئەمە بوو. سیاسەتی کورد لەم هێڵەدا مایەوە، لەدژی سوریا شەڕی نەکرد. ئەگەر شەڕی بکردایە تێکدەچوو. ئێستا سوریا پشت بە روسیا دەبەستێت. پشت بە ئێران دەبەستێت. ئەگەر ئەگەر لە ساڵیەکانی ٢٠١٢ و ٢٠١٣ کورد لەدژی سوریا شەڕی بکردایە تێدەچوون. ئەگەر تێکنەشکاوە، ئەنجامی سیاسەتی کوردە لە رۆژئاوا و بەهۆی سیستمی خۆسەریە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. لە ئەنجامی ئەم سیاسەتەدا کورد و عەرەب یەکیان گرت.عەرەبە دیموکراتخوازەکان، پێکەوە داعشیان تێکشکاند. بەو شێوەیە نەبوایە داعش لەوێ سەردەست دەبوو. ئەمە وایکرد سوریا لەسەر پێ بمێنێتەوە. راستی بەم شێوەیەیە. بۆیەش پێویستە حکومەتی دیمەشق هەڵە نەکات. بەشار ئەسەد پێویستە هەڵە نەکات. بگەڕێنەوە بۆ مێژوو. بۆ نمونە بەرێز حافز ئەسەد لە بەرامبەر هێرشەکان وەستایەوە. بە فەرمی یان نافەرمی بە پشتیوانی کورد مایەوە. جارێکی تریش ئەگەر سەدام حسێن پەیوەندی لەگەڵ کورددا بکردایە و هەندێک گۆڕانکاریشی کردبا، ئەگەری ئەوە هەبوو چارەنووسەکەی بەم شێوەیە نەبوایە. کورد لێرە پێکهاتەیەکی هەمیشەیی یە، نابێت کەس هەڵە بکات. بناغەکەت مەکە بە ئامانج. هیوادارین حکومەتی سوریا لێرە هەڵە نەکات و دەستی تەیب ئەردۆغان بەهێز نەکات. ئێستا تەیب ئەردۆغان تاکتیکی هەڵبژاردن بەڕێوە دەبات. تووشی کێشە بووە. لە سیاسەتی سوریادا سەرکەوتوو نەبوو. ئەگەر سەرکەوتوو نەبووە، گەورەترین هۆکار بەرخۆدانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە. بە واتایەکی تر لە سیاسەتی سوریادا شکستی هێنا. بۆیەش، ئێستا تفی خۆی دەلێسێتەوە. جنێوی دابوو، بە هەموو شێوەیەک خراپەی کردبوو و ئێستا دەیەوێت ئەو شتانە راست بکاتەوە. بۆچی؟ چونکە هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێناوە. لەلایەکی دیکە هەڵبژاردن هەیە و لە هەڵبژاردندا شکست دەهێنێت. بۆیە خۆی هەڵدەداتە بەر پێی دیمەشق. پێویستە سوریا ڕەتی بکاتەوە نەک قبوڵ بکات. ئەگەر قبوڵ بکات، ئەوا تووشی هەڵەیەکی گەورە دەبێت. دۆستایەتی هاوڵاتیانی لەدەست دەدات. نابێت بکەویتە ناو ئەم هەڵەیەوە. رژێمێکی فاشیست، خوێنڕێژ، دژە سوریا، دژە کورد، دژە دیموکراسی بە هەر جۆرێکە. زۆر نیگەرانە لە هاوپەیمانی کورد و عەرەب. بۆیە دەیەوێت هێرش بکار. سوریا نابێت لەگەڵیدا بێت، سوریا پێویستە دژی بوەستێتەوە. هیوادارین رژێمی سوریا لەم ئەزموونانەدا وانە وەربگرێت و تێکەڵ بە سیاسەتێکی قیزەونی لەو شێوەیە نەبێت. گەلانی ناوچەکە بڕیاری خۆیان داوە. پێکەوە دژی ئەم هێرشی شۆڤێنیزم و تورانیزمی تورک دەوەستنەوە. لە هەموو دۆخێکدا بەرەنگاری دەکەن. گەل بڕیارێکی بەم شێوەیەی داوە. هیوادارین بەڕێوەبەری سوریاش ئەم ڕاستییە ببینێت و خۆی لە هەڵە بەدوور بگرێت.

لە کۆتایی دەتانەوێت چی بڵێن؟

دەکەوینە ٢٥مین ساڵی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی. پێشکەوتنەکانی شەڕ، بەرخۆدانی گەریلا، بەرخۆدانی ئیمڕالی، گەلەکەمان، سیاسەتی کورد و دۆستانی گەلی کورد، سیاسەتی چەپی تورکیا ئاستێکی بینیوە. بە تایبەتی بەرخۆدانی ئێستا لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا بەردەوامە. وەک ئیرادەیەک پێشکەوت کە دەوڵەتی تورک نەیتوانی ئەنجام بەدەست بهێنێت. لەوێ وەستان. ویستیان لەماوەی دوو حەفتەدا داگیری بکەن، بەڵام نەیانتوانی لەنێوان دوو حەفتەدا داگیری بکەن. تاوەکو ئێستاش لە زاپ شەڕ هەیە. لە رۆژئاوای زاپ شەڕ هەیە. لە رۆژهەڵاتی زاپ شەڕ هەیە. ئەمە ئیرادەیەکە. ئاشکرا بوو کە ئێمە ئیرادەیەکین. بناغەی پێشکەوتنێک هەیە. هەڵوێستی رێبەر ئاپۆ، ئیرادەبوونی گەلەکەمان، ئیرادەبوونی هەموو زیندانیان ئەمڕ ئاستێکی گەورەی بینیوە. فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە لاواز بووە. ئەگەر لەبەرامبەر ئێمە سەربکەوتایە بەهێز دەبوو. هەروەها ئاڵۆزیەکانی کەم دەکردەوە. ئێستا ئاڵۆزی ئابوری هەیە، برسیبوون هەیە، ئاڵۆزی سیاسی هەیە، ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی هەیە. لە زۆر دەڤەردا سیستم کەوتووەتە نێو ئاڵۆزیەک. تێکۆشانی ئازادی کورد ئەمڕۆ لە هەمان کاتدا بووەتە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی تورکیا. تاوەکو ئێستا هەندێک ئۆپۆزسیۆن لەنێو سیستمدا هەن، پێیان دەڵێن ‘ مێزی شەش لایەنەکە’. دەڵێن ئێمە ئۆپۆزسیۆنین، بەڵام ئەگەر رژێمی ئاکەپە و مەهەپە لە بەرامبەرمان، لە بەرامبەر گەریلا لە ساڵی ٢٠٢١ لە گارە سەربکەوتایە، دواتر لە زاپ سەربکەوتایە، نەدەبوون، ٢٠٢٢ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرا و لە هەڵبژاردنەکاندا سەردەکەوت. واتە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی ئەمڕۆ، گەریلاکانی ئازادی کوردستان و تەڤگەری ئازادی کوردستانە. واتە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی ئەمڕۆ دەتوانن هەستیاریەکانی تورکیا باس بکەن، بەڵام پێویستە کەس هەڵە نەکات. ئەگەر کە ئاکەپە و مەهەپە ئێمەی تێکببرا و بە ئیمڕالی هەنگاویان بەرەو دواوە بنایە، ئێستا رژێمەکەیان هەمیشەیی دەکرد. ئەوەی وەک ئیرادەیەکی پۆڵایی لە بەرامبەری وەستایەوە، تەڤگەری ئازادی کورد و تەڤگەری دیموکراسی تورکیا بوو. پێویستە کەس ئەمە لەبیر نەکات. ئەو بەرخۆدانەی بەڕێوەبراوە دەکەوێتە ٢٥مین ساڵی پیلانگێڕیەوە و دەکەوێتە قۆناغێکی نوێوە. تێکۆشانی گەریلا ئێدی لە قۆناغێکی نوێدایە. تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی دەکەوێتە قۆناغێکی نوێ. ئێستا هەڵبژاردنیش هەیە، لەم رووەوە پێشکەوتنی نوێ دروست دەبن. ئەم سەردەمە سەردەمی تێکشکاندنی پیلانگێڕیە. هۆکاری تێکچوونی ئەم رژێمە فاشیستەیە. هۆکاری تێکچوونی رژێمی گۆشەگیری رەها و سیاسەتی داگیرکەریە. بۆیەش پێویستە ئێمە لە ساڵێ نوێدا بەهێزتر بەشداری بکەین. بکەینە ساڵی تێکۆشانی گەورەی ئازادی، لە تێکۆشانی دیموکراسیدا، لە ئازادکردنی رێبەر ئاپۆدا، ئازادکردنی کوردستان و لە دیموکراسیکردنی تورکیادا هەنگاوێکی گەورە بێت. هەموو کەسێک پێویستە بەم شێوەیە بەهێزتر بەشدار ببێت. بۆ ئەوەی بتوانین ساڵی ٢٥، بکەینە ساڵێکی گەورە، بۆ گەلەکەمان، گەلانی تورکیا، گەلانی هەرێمەکە. ببێتە سەردەمی ئازادی، دیموکراسی و رۆناکی. بەم هیوایە پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەین. ٢٥مین ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی بکەینە ساڵی تێکشکاندنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی.