٦ ژانویەی ٢٠٢٣

قەرەیلان: پێویستە فەرەنسا ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژیەکەی پاریس ئاشکرا بکات

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە وتی، حکومەتی فەرەنسا بەرپرسیارە کە ئەنجامدەرانی هەردوو کۆمەلکوژیەکەی پاریس ئاشکرا بکات و رایگەیاند، گەلی کوردستان چاوەڕێی ئەو هەنگاوە دەکات.

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕیوەبەری پەکەکە رایگەیاند، دوای کۆمەڵکوژی ٢٣ی کانونی یەکەم کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ١٠مین ساڵایدی شەهیدکردنی ساکینجە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لە پاریس ئەنجامدرا، بەڕێوەبەری فەڕەنسا رووبەرووی تاقیکردنەوەیەکی گەورە بووەتەوە و وتی، ” یان بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری قێزەون لەبەرچاو دەگرێت، یان یاسا جێبەجێ دەکات. لەم کاتەدا ئەم دوو بژاردەیەی هەیە. زۆر ئاشكرایە کە نزیکایەتیەکی راست و دادپەروەرانە نەبێت، دەوڵەتی فەرەنسا بەرپرسیاری دەبێت.”

قەرەیلان گۆشەگیری قورسی سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردی هەڵسەنگاند و وتی، سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمڕالی یاسای دادگیرکەریشی تێپەڕاندووە و هەموو بەها مرۆڤایەتی و ئەخلاقیەکان پێشێلکراون.

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕیوەبەری پەکەکە وڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فوارت (ANF) دایەوە و چاوپێکەوتنەکە بەم شێوەیەیە؛

گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رۆژ بە رۆژ قورستر دەبێت. دەوڵەتی تورک دەیەوێت چی بکات؟

کردەوەکانی ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە لە ئیمرالیەدژی ڕێبەر ئاپۆ لە هیچ یاسایەکدا جێگەیان نابێتەوە. لەم سەردەمەدا نموونەی ئەم سیستەمە گۆشەگیری و ئەشکەنجە نییە. لە سیستەمی یاسایی داگیرکەریدا هەندێک ماف هەیە، بەڵام سیستەمی ئەشکەنجەی دەروونی لە ئیمرالی و سیاسەتی گۆشەگیری کە ساڵانێکە بەردەوامە، ئەوەی تێپەڕاندووە. لە ڕاستیدا ئەمە پراکتیزەیەکی نوێیە کە پێویستی بە پێناسەکردنێک هەیە، پێشێلکردنی هەموو مافەکانی مرۆڤ و بەها ئەخلاقیەکانە. ئەمە وەک ئاوێنەیەک وایە کە دڕندەیی و نادادپەروەری سیاسەتی قڕکردنی دەوڵەتی تورک لە کوردستاندا نیشان دەدات. بەم پراکتیزەی قڕکردنی ئیمرال، هەموو جیهان رووی راستەقینەی رژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپەی بینی. ئەم سیاسەتە کە لە کەسایەتی رێبەرماندا بەڕێوە دەچێت، لە راستیدا هەموو کۆمەڵگا دەگرێتەوە. سیاسەتی گۆشەگیرکردنی کۆمەڵایەتی و بە تەنیا هێشتنەوە و دواجار تەسفیەکردنە.

پارێزەران و خانەوادە داواکاری پێشکەش دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن، بەڵام وڵامی هیچ داواکاریەکیان نادرێتەوە.

وەک ئەوەی باستان کرد، زیاتر لە هەزار پارێزەر داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی بچنە ئیمرالی و چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن. سەندیکاکان و پەرلەمانتاران داواکارییان پێشکەش کرد. پارێزەران و بنەماڵەی ڕێبەرتی هەموو هەفتەیەک بە بەردەوامی داوای چاوپێکەوتن دەکەن. لەم دواییانەدا زۆرێک لە دامەزراوەکانی یاسای نێودەوڵەتی بە ئاشکرا خواستی خۆیان بۆ دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ راگەیاندووە. بە واتایەکی تر ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و کردەوەکانی رژێمی ئاکەپە – مەهەپە تا رادەیەک ئاشکرا بوون. هەروەها لایەنە جۆراوجۆرە نەتەوەیی و نێودەوڵەتیەکان هەڵوێستی خۆیان لە دژی نادادپەروەری نامرۆڤانە لە ئیمڕالی دەربڕیوە. سەرەڕای هەموو ئەمانە، دەوڵەتی تورک کە پشت بە هێزی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دەبەستێت، ئەم کردەوەی نامرۆڤانە و بێ یاساییە لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا بە ڕەوا بۆ هەموو گەلەکەمان دەزانێت. بەرخۆدانی گەریلاکانی کوردستان، رێبەرتی و هەڤاڵانمان لە ئیمرالی، بەرخۆدانی زیندانەکان لە دژی ستەم و ئەشکەنجە، بەرخۆدان و خەباتی سەرباری ئەو هەموو فشار و هێرشانەی لە دژی هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان لە گۆڕەپانی سیاسییەوە، جارێکی دیکە نیشانیدا کە ئەم شێوازە نامرۆڤانەی ئەشکەنجەدان و توندوتیژی لە کوردستاندا و سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردن ئەنجام بەدەست ناهێنێت.

ئەو ئیرادە و بریارداریەی کە خەباتی گەلی کوردی بەرزکردەوە؛ خەبات و خۆڕاگری ژنانی کوردستان لە هێڵی رێبەرتیدا و ئەوەی کە گەریلا ناتوانرێت شکست بهێنێت، کە چەندین جار ئەمە سەلمێندراوە، بە روونی ئەمە دەردەخات کە ئەم سیاسەتە توندوتیژییەی دەوڵەتی تورک ئەنجامی دەدات، هیچ ئەنجامێکی نابێت. لە هەموو ئەو پرۆسانەدا جارێکی تر سەلمێندرا کە تاکە چارەسەر روانگەی چارەسەری رێبەر ئاپۆیە. بۆیە نەک گۆشەگیری، بەڵکو ئازادی ریبەری ئاپۆ تاکە کلیلی چارەسەریە. پێشکەوتنی دیموکراسی و سەقامگیری لە تورک؛ تاکە ڕێگە بۆ بۆ ژیانی برایەتی و یەکسانی و ئازادی گەلانی تورک، ئازادکردنی ڕێبەر ئاپۆ و جێبەجێکردنی رێنماییەکانیەتی. هیچ ڕێگەیەکی دیکە نییە. هەموو ئەو بەرخۆدانانەی کە دەکرێت و هەڵوێستی بەبڕیار، بە شێوەیەی ئاشکرا لەبەرچاوە و ئەمە دەردەخات.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی پاریس لە ٩ی کانونی دووەمدا لە پاریس، کۆمەڵکوژی دووەم ئەنجامدرا و سێ کورد شەهید بوون. لەنێویاندا ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا) هەڤاڵێکی ئێوە هەبوو کە ئێوەش دەیناسن. بۆچوونی ئێوە لەبارەی کۆمەڵکوژیەکە چییە؟

کۆمەڵکوژی یەکەم و دووەمی پاریس پراکتیزەیەکی دیکەیە کە بێباکی سیاسەتی قڕکردنی دەوڵەتی تورک لە کوردستاندا نیشان دەدات. بە تایبەتی، بەڕێزەوە یادی هەڤاڵ سارا (ساکینە جانسیز) کە ئەندامی دامەزرێنەری حیزبەکەمان بوو و هەڤاڵان رۆژبین (فیدان دۆغان) و رۆناهی (لەیلا شایلەمەز) کە پێکەوە شەهید بوون، لە دەیەمین ساڵیادی شەهیدبوونیاندا دەکەمەوە. داوا لە هەموو گەلی نیشتمانپەروەری کوردستان و دۆستانیان دەکەم کە لە گردبوونەوە مەزنەکەی ٧ی کانونی دووەم لە پاریس بۆ یادکردنەوەی ئەو هەڤاڵە بەنرخانە بەشداری بکەن. هەروەها ئەو بەشدارییە بەهێزە پەیامێکی گرنگ دەبێت بۆ لێپرسینەوە لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک.

بەرێزەوە یادی ئەمینە کارا (ئەڤین گۆیی) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، میر پەروەر و عەبدولرەحمان کزل دەکەمەوە کە لەم دواییانەدا لە پاریس شەهید بوون. میر و عەبدولرەحمان وڵاتپارێزی ئێمە بوون کە بە بڕیار و فیداکاری خۆیان لە رێپێوانی ئازادیدا خەباتیان کرد. هێزیان هەبوو، ژیر بوون. تێکۆشانی میر پەروەر وەک هونەرمەندێکی کورد پیشانی دەدات کە جەوهەری وڵاتپارێزیەکەی چەند قوڵە. هەروەها عەبدولرەحمان کزل خاوەن راستی ئازادیخوازی و رەنجێکی دەیان ساڵەیە.

هەڤاڵ ئەڤین گۆیی ئازادیخواز و سەرکردەی هێڵی ژنی ئازادی ئیرادەدار بەردەوامە کە ئێمە باش دەیناسین. ژنێکی کوردی قارەمانە کە رەمزی دڵسۆزی، قوربانیدان و هەڵوێستی ئەخلاقی ئازادییە. ژنێکی ئاسایی نەبوو، بە تایبەتمەندیەکانی دڵپاکی، راستگۆیی، جددیەت و رەنجی دەیان ساڵە پێشەنگ بوو. میلیتانێکی شۆڕشگێری هێژا بوو، لە چوارچێوەی نیشتمانپەروەری قووڵی بۆتان و خەباتی ئاپۆیی خۆی پەروەردە کردبوو. هەڤاڵێک بوو کە کۆمەڵگایەکی لە دڵی خۆیدا بە زیندووی هێشتبووە و وەک نوێنەری نیشتمانپەروەری، فیداکاری و قارەمانێتی بۆتان لە خەباتی ئێمەدا بەهێزتر بوو. لەم ڕووەوە شەهیدبوونی هەڤاڵ ئەڤین بۆ تەڤگەری ئازادی و گەلی کورد زیانێکی ئاسایی نییە.

کاتی ئەنجامدانی ئەم کۆمەڵکوژیە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئەم هێرشە ٥ رۆژ بەرلە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی روویدا، ئایا ئەمە رێکەوتە؟ لە کاتێکدا کە ساڵیادی ١٠ ساڵەی شەهیدانی پاریس و ١١ ساڵەی شەهیدانی رۆبۆسکی نزیک دەبێتەوە، بە ئامانجگرتنی ئەڤین گۆیی و دوو هەڤاڵەکەی دیکە ناکرێت ڕێکەوت بێت. هەڤاڵ ئەڤینیش خەڵکی ناوچەکانی نزیکی رۆبۆسکی بوو. واتە لە یەک هۆز، خزم و کەسوکارن. میلیتانێکی شۆڕشگێڕ بوو لە پاریس کە خەباتی لەسەر هێڵی ساکینە جانسزەکان بەرزکردەوە و نوێنەری ئەوان بوو لە پاریس. ئایا دەکرێت بەڕێکەوت بێت کە چالاکوانێکی پێشەنگی ژن کە پەیوەندی بەم دوو ڕووداوەوە هەیە لە ناوەندی پاریس کرایە ئامانج؟ بکوژەکە کە بە رەگەزپەرست ناودەبرێت، بە ئەنقەست ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری کەجەکە ئەڤین گۆیی کردە ئامانج و ئەم هێرشە بەشێکە لە پلانێکی گەورە، کێ دەتوانێت ئەمە رەتبکاتەوە؟ ئاشکرایە کە پلانێکە. لێرەدا ئامانج و رێکخستنێک هەیە. مەحاڵە ئەم کۆمەڵکوژی بە رێکەوت ئەنجامدرابێت.

دەوڵەتی قڕکەری تورک کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا ١٧ هەزار کەسی لە شەقامەکاندا لە ژێر ناوی کوشتنی کردەوە نادیار’ شەهید کرد و تیرۆری دەوڵەتی ئەنجامدا، بە ئامانجگرتنی ژنانی کورد نابێتە رێکەوت. بەم شێوەیە دەیانەوێت رێگە لە هێڵی ژنانی ئازاد بگرن کە هێڵی ڕێبەر ئاپۆیان نەک تەنها لەناو کۆمەڵگەی کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بڵاودەکەنەوە. بۆیە ئاشکرایە کە کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس وەک کۆمەڵکوژی ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ لەلایەن میتەوە پلانی بۆ دانراوە. هەرگیز قبووڵی ناکەین کە خەڵکی بێ چەک و بێ بەرگریمان، بە شێوەیەکی نامرۆڤانە بکرێنە ئامانج. بە دڵنییاییەوە لێپرسینەوەیان لێدەکەین. یادی هەڤاڵانی هێژامان لە سەرکەوتنی خەباتی ئازادیماندا زیندوو دەهێڵینەوە.

ئێمە زۆر باش دەزانین کە رژێمی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە بە تایبەتی لە بەرامبەر بزووتنەوەی ژنانی ئازاد پڕە لە رق و قین. رۆژی ٥ی کانونی دووەمی ٢٠١٦ لە ناوچەی سلۆپیای شرناخ، ڕۆڵەکانی کورد و پێشەنگەکانی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد، سێڤێ دەمیر، پاکیزە نایر و فاتیمە ئویار و گەنجێک بە ناوی ئیسلام کە لە گەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێکی دیکە دەروویشتن، گولەباران و شەهیدکران. لە کەسایەتی ئەم چوار شەهیدەدا، یادی هەموو شەهیدانی بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەری دەکەمەوە. لێرەدا بریاری خۆمان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی کە بە شەهیدانمانداوە دووبارە دەکەمەوە. وەک قارەمانی گەورەی سەردەمێک رۆڵێکی مێژووییان گێڕا. هەڵوێستی بەرخۆدانیان هێزێکی بنەڕەتییە کە تا ئێستا بنەمای تێکۆشانی ئێمەیە.

لەبارەی کۆمەڵکوژی پاریس ئەرکی دەوڵەتی فەڕەنسا چییە؟

دەوڵەتی فەڕەنسا ناچارە کە ئەنجامدەرانی هەردوو کۆمەڵکوژی پاریس لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا ئاشکرا بکات. هەموو گەلی کوردستان چاوەڕێی ئەو هەنگاوە دەکات. هەڵوێستی لایەنە دیموکراتەکانی فەرەنسا لەمبارەیەوە ئەرێنی و دۆستانەیە. پێویستە حکومەتیش بە هەمن شێوە هەڵوێست دەرببڕێت و تاوانباران ئاشکرا بکات. بۆ ئەوەش نابێت لەسەر حسابی تاریک و بەرژەوەندی قێزەونی ئابوری کە بوونە هۆکاری کۆمەڵکوژی ٢٠١٣ بمێنێتەوە. بەڕێوەبەری دەوڵەتی فەڕەنسا لەم رووبەرووە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە. یان بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری قێزەون لەبەرچاو دەگرێت، یان یاسا جێبەجێ دەکات. لەم کاتەدا ئەم دوو بژاردەیەی هەیە. زۆر ئاشكرایە کە نزیکایەتیەکی راست و دادپەروەرانە نەبێت، دەوڵەتی فەرەنسا بەرپرسیاری دەبێت.”