١٤ ڕێپێوان ٢٠٢٣

سۆزدار ئاڤێستا: لە نەورۆزدا بە ڕۆحی بەرخۆدان و تۆڵەسەندنەوە ڕاپەڕن

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەی گشتیی سەرۆکایەتیی کەجەکە پەیامێکی بۆ نەورۆز بڵاوکردەوە و وتی: ” پێویستە لە نەورۆزی ٢٠٢٣دا گەلەکەمان لە هەموو کاتێکی تر بەهێزتر بەرەنگاری بکەن و بە ڕۆحی لێپرسینەوە و تۆڵەسەندنەوە ڕاپەڕین”.

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی کەجەکە پەیامێکی ڤیدیۆیی بۆ نەورۆزی ٢٠٢٣ بڵاوکردەوە. پەیامەکە بەو شێوەیەیە:

“سەرەتا یادی شەهیدانی مانگی ئادار، شەهیدی مەزنمان، شەهیدی نەورۆز هاوڕێ مەزڵوم دۆغان، مەعسووم کۆرکماز، زەکییە ئالکان، ڕەهشان دەمیرەڵ، ڕۆناهی و بێریڤان، سەما و فکری بایگەلدی و لە کەسایەتی ئەو هەڤاڵانەدا بە رێز و پێزانینەوە سەر بۆ یادی هەموو شەهیدان دادەنەوێنم. پێزانینی خۆمیان بۆ دەردەبڕم. ئێمە ئەو بەڵێنە دووپات دەکەینەوە، کە بە شەهیدان و گەلی خۆمانمان داوە، بە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادیی ژنان وڵاتێکی ئازاد دەئافرێنین و ئێمە بەم بۆنەیەوە جارێکیتر ئەوە دووپات دەکەینەوە.

لەم مانگی ئازارەدا چەندین کۆمەڵکوژیش ئەنجام دراون. کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە، کۆمەڵکوژیی شاری قامیشلۆی، کۆمەڵکوژیی ناوچەی غازیی ئەستەنبوڵ و هەروەها داگیرکردنی عەفرین لە ئازاری ٢٠١٨دا، ئەو کۆمەڵکوژییانە لەلایەن دەوڵەتە فاشیستی دەسەڵاتدای دوژمنی گەلی کوردستانەوە ئەنجامدراون. من جارێکی تر ئیدانەیان دەکەم و یادی هەموو قوربانییەکان بەرز ڕادەگرم.

ئێمە ٨ی مارسمان تێپەڕاند، ئێستا لە ڕۆژانی نەورۆزداین. ژنان لە ٨ی مارسی ئەمساڵدا بە شێوەیەکی سەرەکی لە باکوری کوردستان و تورکیا و هەروەها لە دەرەوەی وڵات، بەهۆی بومەلەرزەکەوە، کە ناوەندەکەی باکوری کوردستان بوو، نەک وەک هەموو ساڵانی تر، بەڵکو وەک ڕۆحی ٨ی مارس پێشوازییان لەو ڕۆژە کرد. بە بەرخۆدانێکی گەورەوە، بە تووڕەیییەکی زۆرەوە ئەوانەی بوونە هۆی ئەو زیانە گەورەیەی بوومەلەرزەکە و لە دەسەڵاتی فاشیستیی پیاودەوڵەت لێپرسینەوە کرد. سڵاو لە هەموو ئەو ژنانە دەکەم، کە بەشدارییان لەم چالاکییە مەزنانەی لێپرسینەوە لە سیستەمی پیاوسالاری لە هەموو کیشوەرەکانی جیهان، لە کوردستان و لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد. ئەو چالاکییە مەزنانە بە ئیرادەی ئازادانە ئەنجامدراون و پیرۆزیان دەکەم.

بەدروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ بەرەو شۆڕشی ژنان، بە هاواری ژنان و بە ڕەنگەکانی ئازادییەوە و بەدەنگی بەرزی ژنان، ئیدی ئێمە پێشوازی لە نەورۆز دەکەین. جارێکی تر لە ٨ ی مارسدا دەرکەوت، کە ژنان بنەما و هێزی سەرەکیی ئازادی کۆمەڵگەن. لە ژێر هەموو هێرشەکاندا، ژنە خۆڕاگرەکان هەڵوێستی خۆیان بۆ تێکۆشانی یەکگرتوانە و ئیرادەیان بە هەموو شێویەک بە پێداگری لەسەر هێڵی ئازادی دا سەلماندەوە. ئەمە زۆر گرینگ و مانادارە. ژنان ئەمڕۆ ڕایانگەیاند، هیچ هێز و دەسەڵاتدارێک ئیدی ناتوانێت ئەم جوڵە مەزنە بەرەو ئازادی ڕابگرێت. بە هەڵوێستێکی دیموکراتیانە، بە هەڵوێستێکی زانستییانە و بە فکر و فەلسەفەی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا، یەکگرتوویی و هاودەنگییەکی گەورەیان پێکهێناوە. ئیدی ئێمە بەم یەکگرتنە مەزنە، ئێستا ئاگری نەورۆز دەکەینەوە.

ئەمە نەورۆزە، نەورۆزی ٥٠ ساڵەی ڕێپێوانی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆیە. ٢ هەزار و ٦٣٥ ساڵ بەسەر نەورۆزدا تێدەپەڕێت. ئاگری نەورۆز بە دەرکەوتنی ڕێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەی ئازادی، ئیدی زۆر گەشتر و بەهێزتر کڵپە دەستێنێت. نەورۆز جەژنی گەلی خۆڕاگر و بەڕەنگارە. نەورۆز ژیانەوەیە. نەورۆز ژیانێکی نوێیە. نەورۆز هاتنی بەهار و نەورۆزی سەرهەڵدانە لە دژی ستەمکاران و زاڵمان. ڕۆژی گەورەی لێپرسینەوەیە. یەکەمین لێپرسینەوە ٥٠ ساڵ پێش ئێستا بە وتەیەکی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد. وتەیەک مانایەکی زۆر گەرەی هەبوو. ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژێکی نەورۆزدا وتی: ‘کوردستان بندەستە بۆ ئەوەی ئازاد بکرێت، دەبێت تێکۆشانی بێ ڕاوەستان و پاراستن بە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی بەڕێوە بچێت’. بە یەک وتە دەستیپێکرد و ماوەی ٥٠ ساڵە بڵێسە و ڕووناکی ئەو ئاگرە هەڵگرساوە، ئەمڕۆ بۆتە مەشخەڵی ئازادی لە سەرتاسەری کوردستان و دەرەوەی وڵات. بەم بۆنەیە، ئەم جەژنە مەزنە، جەژنی گەلان و ڕێپێوانی نەپساوەی ماراسۆنیی ڕێبەر ئاپۆ بووە بە ڕۆژی ژیانەوە. من بەم بۆنەیەوە لەناخی دڵمەوە و بە دڵ و بە گیان سڵاو لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەم. خۆشەویستی، تامەزرۆیی و پێزانینی خۆم ڕادەگەیەنم.

‘نابێت گەلەکەمان شوێن و واری خۆیان چۆڵ بکەن’

ئێمە وەک بزووتنەوەی ئازادی و هەموو گەلی کوردستان و ژنانی خۆڕاگر بە بانگەشەیەکی زۆرەوە پێشوازی لە نەورۆزی ٢٠٢٣ دەکەین. بە شێوەیەکی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوودا پێشوازیی لێدەکەن. بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەوە، کە لەم ڕۆژانەی دواییدا ڕوویانداوە، هەزاران کەسی گەلەکەمان هێشتا لە ژێر داروپەردووەکاندان. تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە دیاری نەکراوە. لەو ژمارەیە زۆر زیاترە، کە ئەوان باسی دەکەن. بەم بۆنەیەوە ڕایدەگەیەنم، من خۆم بە بەشداری ئازار و خەمی هەموو بنەماڵەکان دەزانم. گەلەکەمان زۆر خۆڕاگر و بەرەنگارن. بەتایبەتی ناوچەکانی مەرەش، سەمسور، مەلەتی، دیلۆک و شوێنی هێڵی بەرخۆدانی تەڤگەری ئازادی. لە مەرەش کاری و ڕەنجی مەزنی کەمالەکان هەیە. لە دیلۆک حەقی هەیە. ئەوانە پێشەنگی تێکۆشانی ئازادین. بیرو و ڕامانی ئازادییان بە کوردستان و تورکیا بڵاو کردەوە. دوژمن دەیەوێت بەو شێوەیە ئەو ناوچانە چۆڵ بکات، دیمۆگرافیاکەی بگۆڕێت و گەلەکەمان کۆچبەر بکات. من لەم ڕێگەیەوە بانگەوازی ئەوە دەکەم، کە نابێت گەلەکەمان ماڵ و حاڵ و واری خۆیان بەجێ بهێڵن. هەرچەند سەختی لە ژیانیاندا هەبێت، هەر پێویستە لەسەر خاکەکەی خۆیان بمێننەوە و بەرگری و بەرەنگاری بکەن.

بۆ ئەوەش وەک تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، بۆ ئەوەی ئەوانە بکرێن، هەر لە ڕۆژانی سەرەتادا ئێمە ڕاگرتنی چالاکیمان بە ئەرکی ئەخلاقی و ویژدانی و مرۆیی خۆمان زانی و پێکمانهێنا. چالاکیەکانمان لە مەترۆپۆلەکان ڕاگرت. دوژمنی فاشیست، ئەردۆغانی دیکتاتۆر و باخچەلی هێشتا بەبەردەوامی درێژە بە هێرشەکانیان دەدەن. هەم لە دژی گەریلاکانی ئازادی، هەم لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، باشووری کوردستان و شەنگال لە هەموو کاتێک زیاتر هێرش دەکەنە سەر ئەو ناوچانە. گەریلاکانی ئازادی لە بەرگری و خۆپاراستندان. لەم دواییانەدا لە سەرەتای مانگی ئازاردا لە شەنگال هێرشیان ئەنجامدا و فەرماندەکانی یەبەشە و ئاسایش شەهید بوون.

سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان دەکەم. سەرەخۆشی لە یەبەشە و تەواوی گەلەکەمان دەکەم و دەبێت بزانن بەو هێرشانە دەیانەوێت ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنن. لە کاتێکی بەو رادەیە گرنگدا، لەهەموو شوێنێک کە هێرش لە ئارادایە، ئێمە وەک بزوتنەوەی ئازادی رێپێوانی ٥٠ ساڵەی ئازادی رێبەر ئاپۆ زیاتر بە گوێرەی رۆحی نەورۆز، هەرچەندە بەراورد بە ساڵانی رابردوو لە رووی موزیک و شانۆشەوە ساز نەکرێت، بە گیانی بەرخودان، تۆڵەسەندنەوە و لێپرسینەوە دەبێت لە دژی هەموو دوژمنان کە دەستیان لە خوێنی گەل و گەریلاکانی ئازادیدا هەیە، بوەستنەوە. نەورۆز لە خۆیدا سەرهەڵدانێکە. تۆڵەسەندنەوەیە لە تەواوی ئەو کەسانەی لە مێژوودا بوونەتە هۆکاری کۆمەڵکوژی. لەسەر ئەو بنەمایە گۆشەگیری دژوارکاو لەسەر رێبەر ئاپۆ، ئەو کۆمەڵکوژیەی بەسەر گەلەکەماندا جێبەجێ دەکرێت، ئیتر کاتی لێپێچینەوە و حیسابپرسین لێیان زۆر نزیکە.

لە باکوری کوردستان و تورکیا ئەم ساڵە دەبێت ببێتە ساڵی شکستهێنانی ئەم فاشیزمە، رووخانی کۆشکی ستەمکاران. لە باکور و رۆژهەڵاتی کوردستان مسۆگەر کردنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک و دامەزراندنی نەتەوەی دیموکراتیک، چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانی ئێستا، بە مسۆگەرکردنی شۆڕشی ئازادی دەبێت. لە باشووری کوردستان بە یەکێتیی رۆحی نەورۆز، بە یەکگرتنێکی نیشتمانی لە بەرامبەر هێرشەکانی داگیرکەران وەستانەوە، کۆتاییهێنان بە داگیرکەری لە باشوری کوردستان دەبێت. لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە شەش مانگ تێپەڕیوە، بە دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ بە پێشەنگایەتی ژنان شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بەڕێوەدەچێت. نەورۆزی ئەمساڵ بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی، بەرەوپێشبردن و سەندنەوەی تۆڵەی هەموو شەهیدانی ئەو شەش مانگە، بە تێکۆشانێکی دیموکراتیک بە شۆڕش بە پێشەنگایەتی ژنان تاجدار دەبێت. هەروەها لە تەواوی وڵات و دەرەوەی وڵات، ئێمە لەناو قۆناغێکی ستراتیژیکداین، سەدساڵەی لۆزانە. قڕکردن و بێ قەوارەهێستنەوە بەسەر کوردستان، ئیتر کاتی دامەزراندنی ئەوەیە. ئیتر ئەستەمە کورد بە بێ قەوارە، بەبێ ناسنامە و بە بێ وڵات بژین. تێکۆشانی ٥٠ ساڵەی رەندان و زەحمەتکێشانی رێبەر ئاپۆ، ماراسۆنێکی گرتووەتەبەر. بە هێڵی مەزڵومەکان، عەگیدەکان، بێریتانەکان و زیلانەکان شۆڕشی گەورەی ژنان ئەو ئیرادەی هاتووەتە ئاراوە، ئیتر پێویستی بە فیناڵی گەورەی تاجدارکردنە. نەورۆزی ئەمساڵ، ئەوەندە گرنگە. زۆر تایبەتمەندی هەیە. یەک یەک راوەستەکردن لە سەریان، بە گوێرەی شوێن بەرەوپێشبردنی تێکۆشان ئەرکی هەموومانە. ئێمە وەک بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان، لەسەر ئەو بریارەین. رۆژەڤی ئێمە روونە. مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و لەناوبردنی سیستمی باوکسالاری، پەیمانی لۆزان و فاشیزمی سەر گەلان، ئیتر خەون و خەیاڵ نییە. ئەنجامی تێکۆشانێکە کە ٢٥ ساڵە بە تایبەتی بە بەرخۆدانی بێ وچانی ئیمراڵی کە رێبەر ئاپۆ بەرەوپێشی بردووە و ٨ ساڵە بەو هێرشە بێ پسانەوانەی دەکرێن و بە گۆشەگیری دژوارکراو و هەروەها بە ٥٠ ساڵ تێکۆشانی بێ وەستان، ئەو ئاستەی کە پێی گەیشتووە لە ئێستا بەدواوە زۆر بەروونی ئەو شتانەی کە دەبێت بیکەین لەبەردەممان دایناوە. ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئیتر گەلەکەمانیش، لە وڵات و دەرەوەی وڵات بەم هەڵوێستەوە، بەم زانابوونەوە و بەم بڕیاردارییەوە بەم هیوا گەورەوەی نەورۆزەوە، لەناو تێکۆشانێکی بێ راوەستان و بێ هاوتادایە.

‘کات کاتی لێپێچینەوە و حیسابپرسینەوەی گەورەیە’

ئیتر کات کاتی لێێچینەوەی گەورەیە. کات کاتی شکستدانی هەموو جۆرە هێرشەکانە. کات کاتی ئەوەیە بە دەوری رێبەر ئاپۆ و گەریلاکانی ئازادی جێبگرن. کات کاتی یەکێتیی نەتەوەییە لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک، کاتی بەرەوپێشبردنی مافی گەلی کورد و ئازادیی ژنە. کاک کاتی مسۆگەر کردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیە بە پێشەنگایەتی ژن. ئەو توانایەی بەدەست گەلەکەمانەوەیە کەم نییە. ئەم رێپێوانە لە لەناوچوونەوە دەستیپێکرد. ئەمرۆ ئێمە بە سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک کە پشتی بە ئازادی ژن بەستووە، ١٨ ساڵ بە سەر دامەزراندنی کەجەکە و کەژەکەدا تێپەڕیوە. ١٨ ساڵە ئەو سیستمە بووەتە هیوای گەلان، ژنان و کۆمەڵگاکان. نەتەوەی دیموکراتیک کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک، ئیتر کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی جیهانی خۆیان رێکخستووە و بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێت. لەم دواییەدا کۆڕبەند و کۆنفڕانس لەسەر ئەو هزرە پێشخراون، لە کوردستان تا باشوری ئەفریقا و هەموو بوارەکاندا ئەوە دیاریکرا. تەنیا یەک هێڵ و چارەسەری لە دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، بەرەوپێشبردنی مۆدێرنیتە و نەتەوەی دیموکراتیکە بە پێشەنگایەتی ژن. ئازادی ژن بەم جۆرە بناغەی تەواوی ئازادییەکانە. پرسی سەرکی ئەمڕۆ، پرسی ئازادی ژن، گەلان و پێداگری دەسەڵاتدارانە لە سەر بە چارەسەرنەکراوی هێشتەوەیان. لەبەرامبەر ئەوەدا تێکۆشان دەتوانێت ببێتە هۆی سەرکەوتنی گەورە. ئەمرۆ ئەوانەی خاوەن سیستم، هزر و فەلسەفەی ئازادی، خاوەنی هزری ئازاد و زانستیی ئازادیی ژنن، تەنیا بزوتنەوەی ئازادیی ژن و گەلانی کوردستانن. بە پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ و شەهیدان، پەکەکە و پاژک بە سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک کەجەکە، کەژەکە بەرەوپێش دەچێت. ئێمە لەم نەورۆزەدا بەم سیستمە دیموکراتیک و بە هاتنی نەورۆز پێشوازی لە بەهاری ئازادیی رێبەر ئاپۆ و تەواوی ژنان و مرۆڤایەتی دەکەین. ئەندازیاری ئەو هزر و فەلسەفە گەورەیە و رێبەری سیستمی کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیک، رێبەر ئاپۆ کە ئەم هزرە گەورەیەی کردە دیاری مرۆڤایەتی، جارێکی دیکە سڵاوی لێدەکەم. نەورۆزی رێبەر ئاپۆ و تەواوی ژنان، خۆڕاگرانی زیندانەکان، گەریلاکانی ئازادی خۆڕاگر، هەپەگە و یەژاستار پیرۆز دەکەم. هەروەها جەژنی گەلەکەمان لە وڵات و دەرەوەی وڵات لە دۆستانی گەلەکەمان و هەموو ئەوانەی نەورۆز بە جەژنی خۆیان دادەنێین، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا ئەو وڵاتانەی کە نەورۆز وەک جەژنی خۆیان دەبینن، پیرۆزباییان لێدەکەم. من دەڵێم کە هێڵی نەورۆزدا، لە هێڵی مەزڵوم و زەکیەکاندا بەدڵنیاییەوە سەرکەوتنی گەورە بەدەستدەهێنین. لەسەر ئەو بنەمایە دەڵێم ‘ بژی سەرۆک ئاپۆ’، ‘ژن، ژیان، ئازادی’ و ‘بژی نەورۆز’.