١٥ کانونی یەکەم ٢٠٢٢

قەرەیلان: حساباتی هەڵە مەکەن

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە سەبارەت بە سیاسەتەکانی پەیوەندیدار بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هۆشداریی بە حکومەتی تورک دا و وتی: “نابێت بەپێی حساباتی بچوک هەڵسوکەوت بکەن، هەڵە نەکەن، ئەمە مەترسییەکی گەورەیە”.

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، بەشداری ‘بەرنامەی تایبەت’ی ستێرک تیڤی بوو و لە سەرەتادا هەڵسەنگاندن و شیکاریی بۆ گۆشەگیریی تووندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد.

قەرەیلان ڕایگەیاند، ئەو زانیارییانە، کە ماوەی هەفتەیەکە بڵاوکراونەتەوە، ڕاگەیاندراوەکان و لێدوانەکان، بابەتەکان ئاشکرا دەکرێن، دەریدەخەن لە ئیمرالی دۆخێکی نائاسایی هەیە و وتی: “پێش هەموو شتێک گۆشەگیری و ئەشکەنجەی دەروونی ٢٤ ساڵە بەردەوامە. لە ماوەی ٢١ مانگی ڕابردوودا قورستر بووە و ئێمە ناتوانین هیچ زانیارییەک لە ڕێبەرەکەمانەوە وەربگرین. ئەو زانیاریانەی بڵاودەکرێنەوە بەس نین. زانیاریی فەرمیش نییە. لای ئێمەوە کەس ناتوانێت بگاتە لای ڕێبەرەکەمان و سێ هەڤاڵەکەی تری، کە لەوێن. بۆیە ئەو زانیارییانە، کە بڵاو دەکرێنەوە لەو ئاستەدا نین، کە ئێمە بڕوایان پێی بکەین. ئەوان لێڵ و ناڕوونن. ئەم دۆخە نیگەران و گومانەکانی ئێمەیان زیاتر دەکەن”.

شک و گومانیان زیاتر کردین

قەرەیلان تیشکی خستە سەر هەڵوێستی کۆمیتەی بەرگرتن لە ئەشکەنجەی ئەنجوومەنی ئەوروپا (سی پی تی) و وتی: “ئەوان وتیان، ‘ئێمە چاوپێکەوتنمان ئەنجامداوە’ وەک ئەوەی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا دانیشتبێتن نیشاندرا. دواتر زانیاری بڵاو بوویەوە، کە ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ سی پی تی قبوڵ نەکردووە. ئەگەر حاڵەتێکی وەها هەبێت، بۆچی سی پی تی بە زمانی ڕاست قسە ناکات و درۆی وەک ئابڕوچون و سکانداڵ دەکات؟ بۆچی سی پی تی ئەو ئابڕوچوونە ئەنجام دەدات؟ بە کورتی، هەموو ئەوانە شک و گومانی ئێمە زیاتر دەکەن. نیگەرانیمان زۆر زۆرە.

ئاشکرایە بارودۆخەکە زۆر قورسە

ئێمە دەزانین لەوێ گوشار لەسەر ڕێبەرەکەمان قورس و توند کراوە. دەڕۆن و دێن، ئەوانە دەبیسترێن. شاندەکانی تەندروستیش دەڕۆن و دێن. لە دۆخێکی وەهادا نیگەرانییەکانمان سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی ڕێبەر ئاپۆ زیاد دەکەن. ئاشکرایە حاڵەتێکی ئاسایی لە گۆڕێدا نییە، بە پێچەوانەوە دۆخێکی قورس لە گۆڕێدایە. ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە. هەموو کەس دەزانێت؛ بابەتی ڕێبەر ئاپۆ بۆ گەلەکەمان، بزووتنەوەکەمان و زۆرێک لە دۆستەکانمان بابەتێکی گرنگ و ستراتیژییە. پێش هەموو شتێک ئەم بابەتە، واتە نابێت بەهیچ شێوەیەک دۆخی ڕێبەر ئاپۆ بۆ هەڵبژاردن بکەن بە کاڵایەکی حساباتی بچووک. نابێت هیچ کەسێک بەو شێوەیە نزیک ببێتەوە. نزیکبوونەوەیەکی وەها بەرمبەر بە ڕێبەر ئاپۆ و پرسی کورد دەبێتە ڕێبازێکی هەرزان. ئەوەی بەم شێوەیە نزیک ببێتەوە بەسەر خۆیاندا دەشکێتەوە.

تاکە پردی نێوانمانە

ئەگەر گەلی کورد لەگەڵ تورکیا ژیانێکی هاوبەشی هەبێت، ئەوا ڕێبەر ئاپۆ تاکە پردی ئەوەیە. دەبێت هەموو کەس ئەمە بزانێت. دیسانەوە ئافرێنەری ژیانێکی هاوبەش، یەکسان، ئازاد و ئاشتیخوازە لە ناو سنووری تورکیا ڕێبەر ئاپۆیە. پێویستە پێش هەموو شتێک بەرپرسانی دەوڵەت ئەم ڕاستییە لەبەرچاو بگرن و بەجدی لێی نزیک ببنەوە. ئەمە کێشەیەکی جدییە. نابێت هیچ کەسێک لەم بابەتەدا لەسەر بنەمای حساباتی بچووک هەڵسوکەوت بکات، یان سیاسەت بکات، ئەمە مەترسییەکی گەورەیە. ئەمە هۆشداریی ئێمەیە. نابێت هیچ کەسێک ئە بە هەڕەشەکردن بزانێت، بەڵام هەمووانیش دەزانن، کە هەزاران کەس هەیە لە بەرزترین ئاستدا تا مردن پەیوەستن بە ڕێبەر ئاپۆ و فەلسەفەکەیەوە. ئەمە شتێکی گرنگ و ژیانییە و بابەتێکی زۆر گرنگە. بۆیە پێویستە هەمووان بە وریاییەوە نزیک ببنەوە و هیچ کەسێک لەم بوارەدا هەڵە نەکات”.

سیاسەتی خۆتان سەبارەت بە کورد بگۆڕن

موراد قەرەیلان لایەنە نێونەتەوەییەکانی ئەو پرسەشی هەڵسەنگاند و وتی: “لە چ ڕوویەکەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت ئەم بابەتە زۆر جددییە و جێگەی نیگەرانییە. هێزە نێونەتەوەییە پەیوەندیدارەکان، کە ئەم بابەتە حەواڵەی تورکیا دەکەن، ئێمە بە گێل و بێ عەقڵ دەزانن. ئەوە لە کاتێکدایە سیاسەتی ئەوان دەبێتە هۆی ئەوە گۆشەگیری لە ئیمرالی بگاتە ئەو ئاستە؛ دەببێتە هۆی ئەوە شەڕ ڕووبدات، لە کوردستان کۆمەڵکوژی ئەنجام بدرێت، هۆکاری ئەوانە بۆ نزیکبوونەوەی ئەم دەوڵەتانە بۆ نکۆڵیکردن دەگەڕێتەوە. ئێستا لە دژی ڕۆژئاوای کوردستان تیرۆر ئەنجام دەدرێت. لە بناغەی ئەوەشدا سیاسەتی دژ بە ئیمراڵی هەیە. ئەمە سیاسەتی جینۆساید و قڕکردنە، سیاسەتی نکۆڵیکردنە لە کوردان. نابێت هێزە نێونەتەوەییەکان ببنە هاوبەشی ئەو سیاسەتە. ئیدی بەسە! ئەوە بانگەوازی ئێمەیە بۆ ئەوان. بەس بێ ویژدانی و ناساییی بکەن. هەروەها خۆتان وا نیشان نەدەن، کە لەم دۆخە دوورن، وا نەزانن، کە ئێمە تێناگەین. ئێوەش بەرپرسیارێتیتان هەیە. ئەگەر بەرپرسیارێتیتان نییە، ئەوا سی پی تی لەوێ چی دەکات! بۆچی دەچێت بۆ ئەوێ؟ هەم ئەو ناوە لەخۆی دەکات و هەم ڕۆڵێکی پێچەوانەی ناوەکەی خۆی دەگێڕێت. بە دڵنیاییەوە، سی پی تی دامەزراوەیەکی ئەنجومەنی ئەوروپایە. بەکورتی، بانگەوازمان بۆ ئەنجومەنی ئەوروپا و بۆ ئەمریکا ئەوەیە، هێڵی سیاسەتی پیلانگێڕیی خۆتان لەسەر کورد بگۆڕن. ئیدی بەسە! ئیدی سەبر و ئارامگرتن سەڕێژ بووە”.

با گەل و هەموان بزانن ئەمە دۆخێکی جدییە

موراد قەرەیلان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێویستە گەلی کورد و هەموان بزانن ئەمە دۆخێکی جدییە و وتیشی: “ئێمە لە کاتێکی زۆر گرنگداین، هاوکات ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەک بووینەتەوە. ئەمە ئەزموونێکە. دەبێت ئێمە پشتیوانی و خاوەنداری لە ڕێبەرەکەمان بکەن، خاوەنداری لە خۆمان، نرخ و بەهاکانمان بکەین و بە هەموو شێوە و شێوازێک لە بەرامبەر پێشێلکارییە یاسایی و مافدارنەکاندا بوەستینەوە. لەم بوارەدا دەبێت بکەوینە ژێر بار و شان بدەینە بەر بار و بە بەرپرسیاریەتییەکانمان هەستین، مەترسی بدە بەر چاوەکانت، دەبێت وەک وڵاتپارێزێک و نیشتمانپەروەرێک لە هەموو گۆڕەپان و ناوچەکاندا خاوەنداری لە وڵاتەکەمان و ڕێبەرەکەماىن و ڕاستیەکانمان بکەین. بۆ ئەوەش هەرشتێک پێویست بێت دەبێت ئەنجامی بدەین. گەلی کورد ڕاستییەکە. ڕێبەر ئاپۆ ڕاستییەکە. داوای ئازادی ڕاستییەکە. فەلسەفە لەسەر بنەمای ئازادی ژن ڕاستییەکە، سەیربکەن ئەوەتا ئەمڕۆ بە هەموو جیهان دا بڵاو دەبێتەوە.

پێویستە مرۆڤ باشتر و زیاتر کار بکات

بۆ پاراستنی ئەم ڕاستییە لە بەرامبەر ساختەکاری، دووڕوویی و ناعەدالەتی، پێویستە مرۆڤ زیاتر خۆی ڕێکبخات، زیاتر کار بکەن و زیاتر ببنە خاوەنی ئیرادە. ئێمە، بزووتنەوە و گەل دەبێت ئەمە زیاتر نیشان بدەین. دەبێت ئێمە خاوەنداری لە ئەرکەکانی خۆمان بکەین”.

قەرەیلان وتی، “خاوەنداریکردن لە ڕێبەر ئاپۆ خاوەنداریکردنە لە خۆت، خاوەنداریکردنە لە تێکۆشانی خۆت، خاوەنداریکردنە لە ناسنامەی خۆت. دەبێت ئێمە خاوەنداری لە خۆمان بکەین. دەبێت گەلەکەمان خاوەنداری لە خۆی بکات”.

فیداکاریی زیاتر و گەورەتر پێویستە

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە وتیشی: “لەم بابەتەدا بانگەوازمان بۆ گەلەکەمانە. لە پێش هەموو شتێکەوە بانگ لە گەلەکەمان لە ئەوروپا و هەموو گەلەکەمان دەکەین. بە ڕاستی گەلەمەکان لە ئەوروپا زەحمەتی و ڕەنجی زۆر دەدەن. هەموو رۆژێک لە سەر شەقام و لە گۆڕەپانەکاندان، بەڵام دەبێت گەلەکەمان بزانن، کە ئێمە لە حاڵ و دۆخی نائاسایی و ئاوارتەداین. ئەوەتا ماوەی ٨ مانگە زۆرێک لە هەڤاڵانی گەریلامان هێشتا نەیانتوانیوە خۆیان بشۆن، نەیانتوانیوە دەموچاویان بشۆن، شەو و ڕۆژ لەژێر هێرش و بۆردومانی کیمیایدان. واتە ئێمە لە کات و قۆناغێکی واداین. ئەگەر باوەڕی بەوە نەهێنین و لەسەر ئەم بنەمایە فیداکاری نەکەین، ئەوا هیچ کەسێک ناتوانێت لە بەرامبەر ئەوەدا خۆی بگرێت. ئەوە کارێکی ئاسان نییە. با گەلەکەمان ئەمە بزانن، ئەمڕۆ گەنجانمان، شۆڕشگێڕانمان و ڕێبەرەکەمان لە ژێر بارێکی قورسدان. دەبێت بارگرانی سەر ڕێبەرەکەمان سوک بکەین.

بەڵێ; جەماوەری گەل لە ئەوروپا هەرچەندە تا ئێستا تاوەکو ئاستێک فیداکاریی کردووە، بەڵام دەبێت لەم کاتەدا زیاتر فیداکاری بکەن.

خەڵک ل ڕۆژئاواش لە ئاستێکی گرنگدان لە شەقامەکان و گۆڕەپانەکاندان، هەروەها گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵات هەموو ڕۆژێک لە شەقامەکان و گۆڕەپانەکاندان و کەوتوونەتە ژێر بارێک. خەڵکی ئێمە لەوێ لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێران بە دوای هێڵێکی خۆبەڕێوەبەریدا دەگەڕێن. دەبێت لە باکووریش گەلەکەمان بڕژێنە شەقامەکن و گۆڕەپانەکان”.

دەیانەوێت کورد لە ڕۆژئاوا دەربکەن

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە درێژەی قسەکانیدا هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کرد و وتی: “چەمک و دیدی دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی کوردە، سیاسەتی جینۆسایدە. لەو چوارچێوەیەدا نایەوێت کورد لەڕۆژئاوا و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەبەرییەکی خۆسەری هەبێت. ئەوە بۆ خۆی بە هەڕەشە دزانێت و دەیەوێت لەناوی ببات. لەم چوارچێوەیەدا نزیک دەبێتەوە. لایەنێکی ئاوەهای هەیە. لایەنێکی تری پەیوەندیی بەهەڵبژاردنەوە هەیە. دەوڵەت دەیەوێت سنوورەکانی میساقی میلی داگیر بکات. لەسەر ئەو بابەتە پرۆژەی تایبەتی خۆی هەیە. حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە دەیەوێت لە لایەکەوە ئەو چەمک و دیدە بسەپێنێت و لە لایەکی دیکەشەوە دەیەوێت بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردندا دەنگ بەدەست بهێنێت فاشیزم و ناسیۆنالیزم پەرە پێبدات. واتە ئەوان دوو حسابیان هەیە. بۆ ئەوەش سەرەتا ویستویان لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە باشووری کوردستان ئەنجام بەدەست بهێنن، بەڵام ڕوون بوویەوە، کە لە زاپ نەیانتوانی چیرۆکێکی سەرکەوتن بۆ خۆیان دروست بکەن. بۆیە بەشێوەیەکی زەق و کۆنکرێتی ڕوویان لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد.

بێگومان لێکدانەوەکانیان تەنیا بۆ هەڵبژاردنەکان نییە. لێکدانەوەیان بۆ لەناوبردن هەیە. دەوڵەتی تورک لەم بابەتەدا هەرتەنیا بەدوای ئەوەوە نییە کە خۆبەڕێوەبەری لە ناوببات، راستە ئەوەش هەیە بەڵام دەیەوێت کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەربکات. بەکورتی دەیەوێت رۆژئاوا بە تەواوەتی لە کوردان وەربگرێت، هەموو شوێنێک وەک عەفرین لێبکات. بۆ نمونە لە عەفرین ئێستا کورد هەن؟ نزیکەی سەدا ٢٠ هەیە، بەڵام ئەوانیشیان کردووە بە کۆیلە، هەموو رۆژێک بۆ فیدیە دەیانڕفێنن، لەناو گوشار و زۆرداریدان و دەست بەسەر ماڵ و موڵکیاندا دەگیرێت. ئیتر وا بیر مامەڵە دەکەن کە ئەوێیان لە کورد ستاندووە. دۆخەکە لە سەرێکانی و گرێ سپی بە هەمان جۆرە.

لەهەمان کاتدا دژی عەرەب و سوریانی وڵاتپارێزە

نەک هەر هێرش دەکاتە سەر کورد، لەهەمان کتدا هێرش دەکاتە سەر عەرەب و ئاشوری-سوریانی وڵاتپارێزیش. دەیانەوێت ئەو عەرەبانە نیشتەجێ بکەن کە سیخوڕی ئەوانن. ئەلنوسرە و داعش و بنەماڵەکانیان نیشتەجێ دەکەن. بۆ نمونە ئێستا عەرەبی دیموکرات و وڵاتپارێزیان لە گرێ سپی دەرکردووە. راستە لە دژی کوردانن و دەیانەوێت رۆژئاوای کوردستان لە کوردان وەربگرن، بەڵام دەیانەوێت عەرەب و تورکمانی نۆکەری خۆیان لە جێگەی ئەوان نیشتەجێ بکەن. ئەگینا دژی عەرەبی وڵاتپارێزیشن. هەربۆیە هێرشەکە بۆ سەر تەواوی گەلانی باکور-رۆژهەڵاتی سوریایە، لەم بابەتەدا پلانێکی بنچینەییان هەیە. نمونە ئەردۆغان باس لە دامەزراندنی هەرێمی دابڕاو بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر دەکات. ئەگر ٣٠ کیلۆمەتر بکشێنەوە بۆ ناوخۆ خۆی لە خۆیدا رۆژئاوا لەناو دەچێت. واتە سنووری رۆژئاوا تا ئەوێیە. سیاسەتێکی بەم جۆرە قڕکردنە.

ئەم سیاسەتە لە دژی هەموو کوردانە

لەم بابەتەدا دەبێت بزانرێت کە راستە هێرشەکە بۆ سەر رۆژئاوا و باکور-رۆژهەڵاتی سوریا دەکرێت، بەڵام ئەو سیاسەتە لە دژی هەموو کوردانە. ئەگەر لێرەدا سەربکەون لە هیچ شوێنێک کورد ناهێڵن ئەمە ئامانجەکەیانە. واتە ئیتر لە هیچ شوێنێک خۆبەڕێوەبەری ناهێڵن، هەرگیزیش ناسنامەی کورد بەفەرمی نانانسن. هەربۆیە هێرشەکانی سەر رۆژئاوا دەبێت تەنیا لەسەر رۆژئاوا نەبینرێت، هێرشە بۆ سەر راستی کوردستان. دەبێت بەم جۆرە ببینرێت و رۆژئاوا بە تەنیا جێنەهێڵرێت. بەهەموو شێوەیەک دەبێت مرۆڤ پشتیوانی لە رۆژئاوا بکات. رەنگە هەندێک هەبن بە خۆیان بڵێن ‘پارتی کوردانین’ و لەگەڵ تورکیا مامەڵە بکەن. با ئەوان لەگەڵ تورکیا بن. پیرۆزی یەکتر بن، بەڵام دەبێت وڵاتپارێزانی هەر چوارپارچەی کوردستان یەکبگرن، دەبێت پشتیوانی لە بەرخودانی رۆژئاوا و باکور- رۆژهەڵاتی سوریا بکەن”.

با رۆژئاوا سود لە ئەزمونی گەریلا وەربگرێت

موراد قەرەیلان بە بیری هێناەیەوە کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دوو ساڵە هێرش دەکاتە سەر گەریلا، بەڵام هەرچیدەکات ناتوانێت سەربکەوێت و وتی، “سەرباری ئەوەی هەموو جۆرە چەکێکی بەکارهێناوە، سود لە مۆدێرنترین چەک وەردەگرن، چەکی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە و بژاردەترین هێزەکانی هێنایە ئاڤاشین، زاپ و مەتینا نەیتوانی سەربکەوێت. ئەمە ئەنجامێکە. بۆ گەلی کورد بەئیرادەبوونە. لەم شەڕەدا بینرا کە هێزێکی بچوک، بە بێ ئەوەی چەکی قورسی لەدەستدابێت، بە تاکتیکی دروست دەتوانێت خاکی ئازاد بپارێزێت. ئەم ئەنجامە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەرجستە بووە. واتە دەتوانم بڵێم کە گەورەترین دەستکەوتمان سەلماندنی راستی ئەم شێواز و تاکتیکەیە. بەتاکتیکی هاوچەرخ دەتوانین زاکی ئازاد لەبەرامبەر مۆدێرنترین چەکەکان بپارێزین. ئەمە ئەزمونێکی زۆر گەورەیە. بێگومان ئەو ئەزمونە بە بەرخودان قارەمانان ئافرێنراوە”.

قەرەیلان ئەوەشی خستەڕوو کە بەرخودان لە ئاڤاشین، زاپ و مەتینا نمونە ئەوەیە و وتی، “بینرا کە دەتوانین خاکی ئازادی خۆمان بپارێزین. ئەگەر گەلەکەمان لە باکور-رۆژهەڵاتی سوریا و هەموو گەلانی ناوچەکە لە چوارچێوەی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی، لە شەڕی سەر زەوی و بن زەویدا بە بڕیارداری خۆی رێکبخات، دەتوانن سەربکەون. هەروەها ئەو دۆخەی لە عەفرین و سەرێکانی روویداوە جارێکیتر روودەداتەوە. بەر لە هەموو شت دەبێت گەلەکەمان بڕوای بەخۆی هەبێت. هێزی گەل یەکجار زۆرە. هەبوونی گەل لە گۆڕەپانی شەڕ زۆر گرنگە. دواتریش دەبێت رێکخستنی خۆی دابمەزرێنێت. بێگومان دەبێت رێکخستن بە باشی ئامادە بکات. بەتایبەتی پێشەنگەکان دەبێت خاوەن بڕیار بن، دەبێت متمانەیان بە تاکتیکەکان هەبێت. ئەگەر لەم خاڵەدا قووڵ ببنەوە دەتوانن سەربکەون. لێرەدا ئەوەی گرنگە ئەمەیە کە بڕوایان بە خۆیان، بە هێزی خۆیان و خۆبەڕێوەبەری خۆیان هەبێت. لەبەر ئەوەی گەلە و دەبێت لەبەرامبەر تەکنیک گەل دەتوانێت بگاتە ئەنجام. دەبێت بڕوایان بەوە هەبێت.

مانەوەی گەل لە شوێنی خۆی گرنگە

هێشتا هەندێک کەس دەڵێن ‘ئایا هێرش لەبەرامبەر رۆژئاوا دەستپێدەکات؟’ هێرشەکان لە ١٩ی تشرینی دووەمەوە دەستیان پێکردووە. بۆ مەگەر دەبێت هەر هێرشی زەمینی بکات؟ ئێستا بە فڕۆکە لێدەدات، بە تانک لێدەدات، ژێرخان دەکاتە ئامانج، لە سەمونخانەکان دەدات، لە ئاو، سوتەمەنی، نەخۆشخانە، خوێندنگە لە هەموو شت دەدات. دەیەوێت گەل ناچار بە هەڵاتن بکات. ئەو ناوچەیە لە ژیان بەتاڵ بکات. بەرلەوەی بێت بنەمای سیاسەتی قڕکردن ئامادە دەکات. ئەمەش نیەتی ئەوان نیشان دەدات. دەیەوێت گەل لێرە دەربکات و کەسانی خۆی لەوێ نیشتەجێ بکات. داعشییەکان و ئەوانەی خاوەن هەمان مێشکن بێنێتە ئەوێ. دواتریش خۆی بەسەر سوریادا بسەپێنێت و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا گۆڕانکاری بکەن و بەسەر سوریادا باڵادەست بن. ئامانجێکی بەوجۆرەیان هەیە. گەلەکەمان سەرباری ئەوەش لە شوێن و زێدی خۆیانن. ئەو هەمووە هێرشیان کرد، بەڵام نەیانتوانی کۆچبەریان بکەن. ئەمە شتێکی باشە، پیرۆزبایی لەگەلەکەمان دەکەم. ئەگەر هێرشی زەمینیش بکرێت دەبێت هەمان هەڵوێست بگیرێتەبەر، بڕوامان هەیە کە دوژمن ناتوانێت بگاتە ئەنجام. ئێمە لێرەوە ئەمە دەزانین. دەزانین کە کێشیان چەندە. یەک سەربازیشیان نییە کە بتوانێت دەستەویەخە شەڕ بکات. ئێمە لە دوورەوە ئەوە ناڵێین؛ ئێمە لە گۆڕەپانی شەڕەوە دەیڵێین. ئەوانە بە هێزی ئاسمانی خۆیان شەڕ دەکەن و چەکی قەدەغە بەکاردەهێنن. بێگومان ناڵێین لە زەمینییەوە نییە، بەڵام ئەگەر ئیرادە هەبێت، ئەوان ناتوانن پێشڕەوی بکەن. لەم بوارەدا رەنگە چەتەی کورد و عەرەب بەکاربهێنن، بەڵام ئەگەر رێبازی دروست بەکاربهێنن دەتوانرێت ئەوانیش لەناو ببرێن”.

 قەرەیلان هەروەها ئەوەی دەستنیشان کرد کە دەبێت دیپلۆماسییەکی بەهێزیش پەیڕەو بکرێت و وتی، “دیپلۆماسی خۆپاراستن نییە لە هەندێک دەوڵەت. دەبێت رای گشتی هەڵسێننە سەر پێ. دیپلۆماسی دەبێت لە پێناو رای گشتیدا بێت. بەدەڵنیاییەوە دەبێت پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتاندا دابنرێت، چەندە پشتیوانی بەدەست بهێنرێت ئەوە باشە، بەڵام نابێت پشت بە کەس ببەستن. دەبێت بڕوایان بە هێزی خۆیان دۆستایەتی گەلان هەبێت”.

کاتێک خۆڕاگری کرد ئەو کاتە پشتیوانیش وەردەگرێت

قەرەیلان وتی، “ئاشکرایە کە خۆبەڕێوەبەری بۆ ئەوەی بتوانێت لە باکور- رۆژهەڵاتی سوریا ببێتە خاوەنی ئیرادە دەبێت خۆی پارێزگاری لە خۆی بکات. ئەگەر خۆی نەتوانێت خۆی بپارێزێت، ناتوانێت لەگەڵ سوریاش بگاتە چارەسەری. سوریا دەڵێت، ‘تۆ پێویستت بە منە؛ ئەوەتا تورکیا لە تۆ دەدات، من هیچ مافێکت پێنادەم’. هەربۆیە دەبێت گەلی وڵاتپارێزی عەرەب، یاشوری-سوریانی، گەلی کورد لەوە تێبگەن. لەم کاتەدا دەبێت خۆیان بکەنە ئیرادە. ئەگەر ئەمە بکەن سوریاش ناچارە قەبوڵیان بکات، ئەمریکاش قەبوڵیان دەکات، روسیاش قەبوڵیان دەکات، هەمو دەوڵەتان قەبوڵیان دەکەن، رێگەی ئەوەش بەرخودانە”.

قەرەیلان ئەوەشی خستەڕوو، لە بەرخوداندا ژیانی ئازاد هەیە و تی، “لەسەر ئەو بنەمایە لەو بڕوایەداین کە گەلەکەمان خۆڕاگری دەکات و سەردەکەوێت. لەئێستاوە بەو هیوایە سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەخوازم”.