١٥ کانونی یەکەم ٢٠٢٢

ئۆک: تا زانیاری لە ڕێبەرایەتییەوە وەرنەگیردرێت دەبێت گەلەکەمان لە مەیدانەکاندا بن

سەبری ئۆک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە باسی لە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی: “دۆخەکە زۆر جددییە تا زانیاری لە ڕێبەرەکەمانەوە وەرنەگیرێت، دەبێت گەلەکەمان لە مەیدانەکاندا بن”.

دوابەدوای ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە سەردانەکەی ئەم دواییەی کۆمیتەی بەرگرتن لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (سی پی تی) بۆ ئیمرالی و ئەنجامنەدانی چاوپێکەوتنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ شاندی سی پی تی، سەبری ئۆک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە وتی، لێدوانێکی دا و وتی: “تا زانیاری لە ڕێبەرەکەمانەوە وەرنەگیرێت، دەبێت گەلەکەمان لە مەیدانەکاندا بن”.

 ئۆک ئاماژەی بەوەکرد، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ٢٤ ساڵە لە زیندانی ئیمرالی بە دیل گیراوە و لە ماوەی ٢١ مانگی ڕابردوودا هیچ زانیارییەک لە ئۆجالانەوە بەدەست نەگەیشتووە. ئۆک ڕایگەیاند، دەوڵەتی فاشیستی تورک و ڕژێمی ئاکەپە – مەهەپە بە هەموو شێوەیەک گوشار دەخەنە سەر ڕێبەری گەلی کورد و وتی: “پارێزەرانی ڕێبەر ئاپۆ ماوەی چەندین مانگە نەیانتوانیوە زانیاریی لێوەر بگرن. دەوڵەتی تورک هەمیشە بە ناوی ‘سزای دیسپلین’ ڕێبەرایەتی سزا دەدا. ئەو سزایانەش ڕێگرن لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەرایەتیدا. بەم شێوەیە گۆشەگیری توند و قورس دەکرێت. وەک دەزانراوە ڕێبەر ئاپۆ زیندانییەکی ئاسایی نییە. هەموو جیهان ئەوە دەزانێت، کە ڕێبەر ئاپۆ کێیە. ئەو ڕێبەری گەلی کوردە، کە ئافرێنەر و دروستکەری پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکە. پارادایمێکی هەیە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەری لەسەر ژنان لە سەرانسەری کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی دەکات. لە سەدەی ٢١دا رێبەر ئاپۆ بەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە هەستاوە. لە ڕووی ئایدۆلۆژی و تیۆری و فەلسەفیشەوە ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات.

مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی، ئەو هێزانە، کە بەشدارییان لە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیدا کردووە و دەوڵەتی تورکیش لەم هێزەی ڕێبەر ئاپۆ بێزارن، بۆیە بە پێشێلکردنی هەموو یاسا نێونەتەوەییەکان و هەموو یاسا و مافەکان، بە شێوەیەکی دژ بە مرۆڤایەتی گوشار لەسەر ڕێبەرەکەمان دروست دەکەن. گۆشەگیریی تووند و قورسکراو نەک تەنها بە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە، بەڵکو لەلایەن هێزە پیلانگێڕە نێونەتەوەییەکانی وەک ئەمریکا، ئەوروپا و ئەنجومەنی ئەوروپاوە دەسەپێنرێت. سی پی تی، کە گوایە کۆمیتەی نەهێشتنی ئەشکەنجەیە، لە ڕۆژی یەکەمەوە ئەرکی خۆی لە دژی گۆشەگیری جێبەجێ نەکردووە. سیاسیانە ڕەفتاریان کردووە، پێوەرە یاساییەکانی وەلاناوە. ڕێکخراوی سی پی تی هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، سەردانی ئیمرالی کردووە و لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، هەڤاڵ عومەر خەیری کۆنار، وەیسی ئاکتاش و حامیلی یڵدرم کۆبووەتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە، لەبارەی دۆخی تەندروستی ڕێبەری ئاپۆوە بڵاونەکردەوە. ئەوان تەنها چوون بۆ سەردان. پاشان پارێزەرانی ڕێبەر ئاپۆ لە بارەی دۆخی تەندروستیی ڕێبەرایەتییەوە پرسیاریان لە سی پی تی کرد و ویستیان زانیاری لەو بارەیەوە وەربگرن. سی پی تی وەڵامی پارێزەرەکانی نەدایەوە، هەروەها نەیانوت، رۆیشتوون بۆ ئیمرالی، یان نەڕۆیشتوون. بەوەش بارودۆخێکی جیاواز دروستبوو.

بۆچی سی پی تی ناڵێت، لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە یان نا؟ بێگومان ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە بۆچوون و پێشنیارەکانی خۆی لەسەر پرسی کورد، دیموکراتیزەبوونی تورکیا، ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەخاتەڕوو و باسیان لێدەکات. دەوڵەتی تورک و هێزە نێونەتەوەییەکان نایانەوێت بیروبۆچوون و پێشنیارەکانی ڕێبەر ئاپۆ ببیسترێت و بگاتە کۆمەڵگا، چونکە دەزانن بۆچوون و تێڕوانینەکانی ڕێبەر ئاپۆ چەندە گرنگ و کاریگەرە. ئەوەی ئێمە دەخاتە گومانەوە دۆخی تەندروستیی ڕێبەر ئاپۆیە. ئەگەر سی پی تی بڵێت، ئێمە لەگەڵی کۆبوینەتەوە، لەو کاتەدا پارێزەران پرسیار لە دۆخی تەندروستیی ڕێبەرایەتی دەکەن و سی پی تیش دەبێت بە ناچار وەڵام بداتەوە، بەڵام سی پی تی بۆ ئەوەی خۆی نەخاتە ژێر ئەو بەرپرسیاری و ئەرکەى خۆی، وەڵام ناداتەوە، هەموو داواکاریەکان بێ وەڵامن و وەڵامیان نادنەوە، لەبەر ئەوەیە ناڵێن رۆیشتوون بۆ ئیمرالی، یان نەڕۆیشتوون. بە ناوی پەکەکە و گەلی کوردەوە ئەم کێشەیە زۆر بە گرنگ دەزانین.

دۆخەکە جدییە

بەپێی زانیارییەکان، سی پی تی ٢ جار چووە بۆ ئیمرالی، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ لە هەردوو سەردانەکەدا لەگەڵ سی پی تی چاوپێکەوتنی نەکردووە. ئێمە مافی خۆمانە، کە بە گومان و تووڕەیی لەم بابەتە نزیک بینەوە. ئێمە بە تەواوی نازانین چی ڕوویداوە، یان تاکە شت کە دەیزانین، ئەوەیە دۆخەکە جددییە. دۆخێکی نائاسایی هەیە. ئەم دۆخە لە ئێمە و گەلەکەمان دەشاردرێتەوە، بۆیە دەبێت گەلەکەمان ئەوە بزانن، کە دۆخەکە نائاساییە و جدییە. دەبێت بەم شێوەیە هەڵیبسەنگێنین و لە بابەتەکە نزیک ببینەوە. پێش هەموو شتێک ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە و هێزە نێونەتەوەییەکان باش دەزانن، کە تەندروستی، ژیان و هەناسەی رێبەر ئاپۆ بۆ گەلی کورد چی دەگەیەنێت. ڕێبەر ئاپۆ بوونی ئێمەیە، مێژوومان، ژیانمان و هەموو شتێکی ئێمەیە. پێش هەموو شتێک دەبێت ئەم ڕاستییە بزانرێت. نە هەڤاڵانمان و نە گەلی کورد و نە دۆستانی گەلی کورد، نابێت لە بابەت و پرسی ئیمراڵی دا ئاسوودە بن، ئەوەی دەربارەی ئیمراڵی و ڕێبەر ئاپۆ وتراوە بەس نییە بۆ ئەوەی دڵمان ئاسوودە بکات.

ئێمە دەزانین دەوڵەتی تورکیش و هێزە پیلانگێڕەکانیش دەیانەوێت ڕاستییەکان لە گەل و حزبەکەمان بشارنەوە. ڕاستیەکان دەشارنەوە. ئەوان دەیانەوێت کات تێپەڕێنن، بەڵام ئێمە دەزانین ئەوان لە مێشکیاندا پلان بۆ چی دادەنێن، بۆیە دۆخەکە ئاسایی نییە. لەم بوارەدا بەرپرسیارێتیی دەکەوێتە ئەستۆی زۆرێک لە ڕێکخراوەکان، دەزگاکان و تاکەکان. سی پی تی بەرپرسیارە، پێویستە دەستبەجێ ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، ڕاستگۆ بێت، لە نزیکبوونەوەی گەلی کورد تێبگات و ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی و گەلی کورد بڵاوبکاتەوە. لەو بابەتەدا تاوانبارە. ئەنجومەنی ئەوروپاش تاوانبارە. ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ چەندین بابەت و مەسەلە هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت، بەڵام کاتێک بابەتەکە دێتە سەر هەبوون، ژیان و ئایندەی گەلی کورد بێدەنگی دەکات. ئەم شێوازە پەسەند نییە. گرنگە ئەنجومەنی ئەوروپا ڕۆڵی خۆی جێبە جێ بکات و ڕێگە لەم دۆخە مەترسیدارە بگرێت. ئەمەریکا و هێزە نێونەتەوەییەکان لەم دۆخە بەرپرسیارن. گەلی کورد و پەکەکەش باش دەزانن تا ئەو کاتەی ئەم کێشەیە چارەسەر نەبێت، دەبێت گەلەکەمان و بزووتنەوەکەمان و هەڤاڵانمان بە بێ ڕاوەستان و دوو دڵێ لەسەر پێ بن و راپەڕن.

پێویستە دەستبەجێ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت هیچ یاسا و مافێک بۆ گەلی کورد جێبەجێ نەکراوە. ڕێبەرایەتیش ڕایگەیاندبوو، نە یاسا و مافی مرۆڤەکان و نە یاسا و مافی ئاژەڵانیش بەرامبەر بە کورد جێبەجێ ناکەن. کۆمەڵگایەکە، کە ناسنامەکەی قبوڵ ناکرێت، بە نەبوو دەزانرێت. بە تێکۆشانی ٥٠ ساڵە و بە تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ و گەل، کورد نەک تەنها کاریگەری لەسەر داهاتووی خۆی دروستکرد، بەڵکو لەسەر داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کاریگەرییەکی تەواوی دروستکردووە. لە ئەنجامی ئەو ڕەنج و تێکۆشانەدا دەبێت ڕێبەر ئاپۆ بە جەستەش ئازاد بکرێت. هەتا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، تێکۆشانی ئێمە بەردەوام دەبێت، تێکۆشانەکەمان بە بەردەوامی گەورە دەکەین و درێژەی پێدەدەین. ئەو زانیارییانەی دەربارەی ڕێبەرەکەمان بە دەستمان گەیشتوون و بیستومانە، بە گرنگ و بە جدی وەریاندەگرین. بابەتەکە رێبەر ئاپۆیە. دەبێت گەلەکەمان ئەوەش بزانێت، کە ئەم دۆخە نائاساییە و تێکۆشانێکی بەپێی خۆی دەوێت، کە بۆی ئەنجام بدرێت.

پێویستە ژنان و گەنجانی کورد پێشەنگایەتی بۆ پرۆسەکە و قۆناغەکە بکەن

دۆخی ڕێبەرمان بە تێکۆشان، بە سەرهەڵدان و ڕاپەڕینەکان ڕوون دەبێتەوە. پێش هەموو شتێک دەبێت بە هەموو شێوەیەک لایەنە سیاسی، دیپلۆماسی، یاسای ناوخۆ و یاسای نێونەتەوەیی و هەموو شێواز و رێگاکان بەکاربهێنرێت، بە خۆتەیارکردنی جەماوەری و هەمەلایەنە لە دژی ئەم دۆخە هەڵوێستە بگیردرێتەبەر. دەبێت گەلەکەمان لە هەموو ناوچەیەکدا بە ڕۆحی سەفەربەرییەوە تێبکۆشن. بابەتەکە رێبەر ئاپۆیە. هەتا زانیاری لە ڕێبەرایەتی وەرنەگیرێت دەبێت گەلەکەمان هەموو ڕۆژێک لە مەیدانەکان و سەر شەقامەکاندا بن، بێگومان ئامانجی ئێمە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە. دەوڵەتی تورک تۆمارێک و پێشینەیەکی پیسی هەیە. ساڵی ٢٠٠٦، ٢٠٠٧ پرسی ژەهراویبوونی ڕێبەر ئاپۆ بوو بە ڕۆژەڤ. ئەوە ڕاستیەک بوو. دەوڵەتی تورک بەشێوازی نائەخلاقی هەڵسوکەوت دەکات و چەند ساڵێک دواتر ئەنجامەکانی ئەمە ئاشکرا دەبن. ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک ڕۆژانە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا چەکی کیمیایی دژی گەریلا بەکاردەهێنێت. ڤیدیۆی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو بڵاوکرایەوە. ڕۆژانە چەکی کیمیایی لەدژی گەریلاکان بەکاردەهێنێت.

دوژمن بەهەموو شێوەیەک هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد و بەردەوامیش دەبێت لە هێرشەکانی. بێگومان ئێمەش ئاگادارین. ئەو ڕێگایە، کە ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمەی داناوە، ئێمە بە بڕیار و پێداگری و ڕێکخستنکراو بۆی تێدەکۆشین. بۆیە ئێمە قۆناغەکەیمان وەک قۆناغی مان و نەمان پێناسە کرد. دوای ئەوەی ڕووداوەکانی ئەم دواییە، بابەتی پەیوەندیدار بە ڕێبەر ئاپۆی پێ زیاد بوو، دۆخەکە زیاتر هەستیار دەبێت، بۆیە پێش هەموو شتێک پێویستە سی پی تی و ئەنجومەنی ئەوروپا و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بارودۆخی ڕێبەرایەتی ڕوون بکەنەوە، چونکا ئەمە ئەرکی ئەوانە. بانگەوازی ئێمە ئەوەیە، ئەو ئەرکەیان جێبەجێ بکەن. ئەگەرنا جارێکی تر دەبنە هاوبەش لەم تاوانەدا. بانگەوازمان بۆ گەلەکەشمان و بەتایبەتی گەنجانی کورد و ژنانی کورد و دۆستانمان ئەوەیە، کە دەبێت پێشەنگایەتی بۆ ئەم پرۆسە و قۆناغە بکەن، دەبێت ئەم بارودۆخەی ئێستا قبوڵ نەکەن، تا ئەو کاتەی زانیاری لە ڕێبەرایەتیەوە وەرنەگیردرێت، دەبێت بە بەردەوامی لەچالاکیدا بن.

هەرچۆنێک بێت، بە دڵنیاییەوە پێویستە پارێزەرەکان سەردانی ڕێبەرایەتی بکەن. دەبێت ئەوان لە شوێنی بارودۆخەکەدا ئەو ببینن. تا ئەم کارە نەکرێت بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان ئاسوودە و ئارام نابن. هەر خۆی دۆخێکی گوماناوی لە گۆڕێدایە، بۆیە پێویستە بنەماڵەکە بچنە ئیمرالی و مافی ئەوەیان هەبێت لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆببنەوە و چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن. لە باری یاساییەوە هیچ بەربەستێک نییە، بەڵام دەوڵەت بە ئەنقەست ڕێگری لە سەردانەکان دەکات. دەکرێت ئەم بەربەستانە بە تێکۆشان لاببرێن. لە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەدا، هەم بنەماڵە و هەم پارێزەران دەتوانن سەردانی ڕێبەر ئاپۆ بکەن. ئەگەر دەوڵەتی تورک رێگری لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا بکات، ئەوە بەو مانایە دێت، کە تاوان ئەنجام دەدات. لە دۆخێکی وەهادا، مافی وەڵامدانەوەمان هەیە”.