٥ کانونی دووەم ٢٠٢٤

کەجەکە: ئیدارەی تەیب ئەردۆغان وایکرد کە داعش هێرشەکەی کرمان ئەنجام بدات

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە هێرشە خۆکوژیەکەی شاری کرمانی ئێرانی شەرمەزار کرد و رایگەیاند، “بە خەمگینی زۆرەوە، بە هۆی ئەو کۆمەڵکوژیەوە هاوخەمی خۆمان بۆ گەلی ئێران دەردەبڕین”.

ڕاگەیەندراوەکەی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەم شێوەیە دەستپێدەکات:

“٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ لە شاری کرمانی ئێران لە دژی جەماوەرێک کە بۆ یادکردنەوەی قاسم سولەیمانی دەچوونە گۆڕستان هێرشێک ئەنجامدرا و کۆمەڵکوژی گەورە روویدا. لەو هێرشەدا دەیان کەس ژیانیان لەدەستدا و بە سەدانیش برینداربوون. لەسەر ناوی بزوتنەوەکەمان و گەلەکەمان، ئێمە بە رێزەوە یادی ئەو کەسانە دەکەینەوە کە لەو کۆمەڵکوژیەدا گیانیان لەدەستداوە و سەرەخۆشی لە گەلی ئێران، بە تایبەتی بنەماڵەی ئەو کەسانە دەکەین کە ژیانیان لەدەستداوە و هیوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین. لەسەرەتاوە دیاربوو کە هێرشەکە بە مێشکی داعش ئەنجامدراوە و ئێستاش راگەیەندرا کە داعش ئەو کردەوەی ئەنجامداوە. ئەو کۆمەڵکوژیە بە توندی سەرکۆنە دەکەین.

ویستیان لە شەڕ بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوببێتەوە

ئەو هێرشە نەک هەر لە بەرامبەر گەلانی ئێران بوو، بەڵکوو هێرش لە دژی تەواوی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدرا و بەئامانجی قووڵکردنەوەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. هەربۆیە ئەو هێزانە لە پشت ئەو هێرشەوە کە دەیانەوێت شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژوارتر بێت. هەندێک لەو هێزانەی کە حەماس و ئیسرائیلیان بەشەڕدا و بەرامبەر یەک وەستاندیاننەوە، بەڵام ئەو ئەنجامەی دەیانویست بەدەستیان نەهێنا، دەیانەوێت شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر قووڵببێتەوە و بە تەواوی هەرێمەکەدا بڵاوببێتەوە. بۆ ئەوەش هەوڵەکانیان خستووتەگەڕ. ئەو هێزانەی دەیانەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕ قووڵتر بکەنەوە، لە مێژە هەوڵ دەدەن کە دەوڵەتی ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا بەشەڕ بدەن. ئەنجامدانی ئەو هێرشە لە ئێران و هاوکاتبوونی لەگەڵ رۆژی یادکردنەوەی قاسم سولەیمانی و هاوڕێکانی، ئامانج و پلانێکی بەو جۆرە دەخاتە بەرچاو. لە رێگەی ئەو هێرشەوە، رووی راستەقینەی ئەو هێزانە ئاشکرابوو کە خۆیان وەک دژبەری شەڕ لە غەززە نیشان دەدەن.

ئەو هێزانەی دوێنێ لە پشت داعشەوە بوون، وایانکرد داعش هێرش بکات

ئەنجامدانی ئەم کۆمەڵکوژییە لەلایەن داعشەوە ڕاستی داعش و هێزەکانی پشت داعش و ئامانجەکانیان دەخاتەڕوو. ئەو هێزانەی دەیانەوێت شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قووڵ ببێتەوە، پشتیوانی داعشیان کرد، ڕەوایەتیان بە داعشدا و کردیان بەگژی گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکە. ئێستا هەمان هێز بۆ هەمان مەبەست وایانکرد کە داعش هێرش بکات. دوێنێ کێ لە پشت داعشەوە بوو، ئەمڕۆ هەمان هێز لە پشتی داعشەوەن و وایانکرد کە داعش هێرش بکات. بزوتنەوەی ئازادیی کورد و گەلی کوردستان دژی فاشیزم و دڕندەیی داعش شەڕیان کرد، داعشیان تێکشکاند و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیان لە بەڵا و کارەساتێکی گەورە ڕزگار کرد. گەورەترین شەڕی دژ بە داعش لە لایەن گەلی کورد و بزوتنەوەی ئازادیی کوردەوە ئەنجامدرا. بۆیە بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان لە دژی داعش و ئەو هێزانەی لە پشت داعشەوەن درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن، هەموو جۆرە هێرشێکی داعش بەرپەرچ دەدەنەوە. ئەم هێرشە هاوشێوەی ئەو هێرشانەیە کە لە باکور و ڕۆژئاوا، تورکیا و زۆر شوێنی دیکە لە دژی گەلەکەمان و هێزە دیموکراتیکەکان ئەنجامدران. هەروەک چۆن لە هێرشی کرماندا کرا، لەو هێرشانەشدا راستەوخۆ گەل کرایە ئامانج و سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.

شەڕ لەدژی گەلی کورد بە واتای قووڵکردنەوەی شەڕە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەو کەسەی داعشی بە گژ کورد و گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد، دەوڵەتی تورک و حکومەتی تەیب ئەردۆغان بوو. ئێستاش ئەوە دەوڵەتی تورک و حکومەتەکەی تەیب ئەردۆغانە کە پشتیوانی داعش دەکات و بۆ مەبەستی خۆی بەکاری دەهێنێت. حکومەتی تورک و دەسەڵاتداری تەیب ئەردۆغان دەیانەوێت شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قووڵتر بکەنەوە. هەر بۆیە لە هەموو شوێنێک هێرش دەکەنە سەر کورد، هێرش دەکەنە سەر ژێرخانی ڕۆژئاوا، کە ئەم هێرشە ئەو راستیە نیشان دەدات. پێویستە هەموو کەسێک ئەمە بزانێت و لێی تێبگات. شەڕی کورد بە مانای قوڵبوونەوە و پەرەدانە بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام پلانی ئاشتی و نەهێشتنی شەڕیان هەیە، نابێ لە دژی کوردان شەڕ بەڕێوە ببەن.”

لە کۆتایی لێدوانەکەدا کەجەکە جارێکی تر کۆمەڵکوژی کرمان شەرمەزار کرد و بە ڕێزەوە ئەو خەڵکەی لە کۆمەڵکوژیەکەدا گیانیان لەدەستداوە بەبیر هێنایەوە و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان خواست و هاوخەمی خۆی بۆ گەلانی ئێرانی دەربری.