٥ کانونی دووەم ٢٠٢٣

کەجەکە: پێویستە گەلی کورد و دۆستەکانیان بەشێوەیەکی بەهێز بەشداری ڕێپێوانی ٦ ی کانوونی دووەم بکەن

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، بانگەوازی لە گەلی کورد و دۆستەکانیان کرد بەشێوەیەکی بەهێز بەشداربن لەو ڕێپێوانەی سبەی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دژی کۆمەڵکوژییەکانی پاریس بەڕێوەدەچێت.

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەبۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی پاریس ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە. کەجەکە ڕایگەیاند، گەلی کورد دژی کۆمەڵکوژییەکانی پاریس تێکۆشانێکی گرنگیان ئەنجامدا و دەستنیشانیان کرد درێژە بە تێکۆشان دەدەن. کەجەکە بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە ٦ ی کانوونی دووەمی پاریس و گوتی: “گەلی کورد و دۆستەکانیان تا ئەمڕۆ لە دژی کۆمەڵکوژییەکانی پاریس تێکۆشانێکی گرنگیان ئەنجامدا و دووپاتیان کردەوە ئەم تێکۆشانە لە ئێستە بەدواوە هەر بەردەوام دەبێت. ئەم هەڵوێستەی گەلەکەمان و دۆستەکانمان گەلێک واتادار و بەنرخە. لە ئێستەشەوە پێویستە تێکۆشانێکی بەهێزتر ئەنجام بدرێت”.

کەجەکە بانگەوازی لە دەوڵەتی فەرەنسا کرد لە ١١هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەدا، کۆمەڵکوژییەکانی پاریس ڕوون بکاتەوە.

ڕاگەیاندراوەکەی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، بەم جۆرەیە:

“١١ ساڵ پێش ئێستە، هاوڕێ سارا و ڕۆژبین و ڕوناهی لە کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس شەهیدکران. سێ ژنی کوردی شۆڕشگێڕ لە پاریس لە هێرشێکی دڕندانەدا تیرۆرکران. ئێمە جارێکی تر ئەم کۆمەڵکوژییە دڕندانەیە بەتوندی شەرمەزار دەکەین، لە کەسێتی هاوڕێ سارا و ڕۆژبین و ڕوناهیدا هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی بە ڕێزداری و سوپاسەوە یاد دەکەینەوە و بەڵێنمان دووبارە دەکەینەوە کە گرێدراوی یادی شەهیدان دەبین و تێکۆشانمان دەگەیەنینە سەرکەوتن.

کۆمەڵکوژییەکەی پاریس درێژەدانە بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و لە چوارچێوەی قڕکردنی کورداندا پێکهات. بەم کۆمەڵکوژییە ویسترا لە ئەوروپا تێکۆشانی ئازادی پێش نەکەوێت و لەگەڵ گەلانی بندەستی جیهان و گرووپە دیموکراتیکە شۆڕشگێڕەکانی ئەوروپا یەک نەگرن. لەلایەکی ترەوە لەڕێگەی بە ئامانجگرتنی ٣ هاوڕێی ژنەوە کە پێشەنگی تێکۆشانی بوون، دەرکەوت ئەم هێرشە دژی هێڵی ئازادی ژن ئەنجامدراوە و ئامانجیان ئاستەنگکردنی هێڵی ئازادی ژنە. ئەمەش دەریدەخات کۆمەڵکوژییەکەی پاریس بەردەوامی زیهنیەتی قڕکەر و ستەمکار و دوژمنایەتی ژنانە.

وەک پێشتر ڕامانگەیاند، دەوڵەتی تورک بەبێ پشتگیری دەوڵەت و ڕێکخراوە هەواڵگرییەکانی ئەوروپا ناتوانێت بە تەنها هێرشێکی لەم جۆرە بکات. ئەو شتانەی پاش هێرشەکە دەرکەوتن و نزیکایەتی دەوڵەتانی ئەوروپی بەتایبەت لە فەرەنسا ئەم ڕاستییەیان سەلماند. دەوڵەتی فەرەنسا بۆ قووڵکردنەوەی لێپرسینەوەکان و ڕۆشنکردنەوەی ڕووداوەکان هیچ هەوڵێکی نەدا، داڕێژەری ڕووداوەکە لە زیندان گیانی لەدەستدا، بەشێوەیەکی ڕوون بەڵگەکانی ئەم ڕووداوە شاردرانەوە. لەلایەکی ترەوە، لە هێرشی دووەمدا لە ٢٣ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە پاریس، هاوڕێ ئەڤین گۆیی و وڵاتپارێز عەبدولرەحمان کیزیل و میر پەروەر شەهیدبوون، ئەمەش ئاشکرای دەکات، دەوڵەت و دامەزراوە هەواڵگیرییەکانی ئەوروپا لەگەڵ دەوڵەتی تورک هاوکارن. ئەگەر کۆمەڵکوژییەکەی پاریسی ٩ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ ڕۆشن بکرایەتەوە. کۆمەڵکوژی ٢٣ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ ڕووی نەدەدا. بەم هۆیەوە، بەرپرسی سەرەکی کۆمەڵکوژییەکانی پاریس، خودی فەرەنسایە. دەوڵەتی فەرەنسا بەهۆی ڕۆشن نەکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکانەوە، تاوانبارە. دەوڵەتانی تری ئەوروپاش بەرپرسیار و تاوانبارن. لە ١١ هەمین ساڵیادی یەکەم کۆمەڵکوژی پاریسدا،جارێکی تر بانگەواز لە دەوڵەتی فەرەنسا دەکەین کۆمەڵکوژییەکانی پاریس ڕوون بکەنەوە.

تایبەتمەندییەکی گرنگی کۆمەڵکوژییەکانی پاریس ئەوەیە کە تەنها کورد نەکرانە ئامانج. بەم هێرشانەی سەر کوردان، دەوڵەتانی ئەوروپاش کرانە بەشێک لە سیاسەتی دەوڵەتی تورک بۆ قڕکردنی کوردان، بەمەش دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری و یاسا کرانە ئامانج و تیرۆرکران. لە کەسێتی کوردانی تێکۆشەری بواری ئازادی و دیموکراسی، هەموو بەهاکانی مرۆڤایەتی کرانە ئامانج. لەم ڕووەوە، تاوەکو کۆمەڵکوژییەکانی پاریس ڕوون نەکرێنەوە، مرۆڤ ناتوانێت باسی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری و یاسا بکات. لە ئەوروپا خاوەندارێتیکردن و پاراستنی ئەم بەهایانە، بە دژایەتیکردنی کۆمەڵکوژییەکانی پاریس و هەڵوێست وەرگرتن لەپاڵ گەلی کورد و تێکۆشان بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم کۆمەڵکوژیانە دەبێت.

گەلی کورد و دۆستەکانیان هەتا ئەمڕۆ دژی کۆمەڵکوژییەکانی پاریس تێکۆشانێکی گرنگیان ئەنجامداوە و ئەم تێکۆشانە هێشتاش بەردەوامە. ئەم هەڵوێستەی گەلەکەمان و دۆستەکانیان گەلێک واتادار و بەنرخە. لەئێستەشەوە پێویستە تێکۆشانێکی بەهێزتر بکرێت. بەم ئامانجەوە، بانگەواز لە هەمووان دەکەین بەشداربن لە ڕێپێوانی ٦ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە پاریس. پێویستە گەلەکەمان و دۆستەکانمان بە بەهێزی بەشداری ڕێپێوانەکەی سبەینێی پاریس بکەن و دژی کۆمەڵکوژییەکان ناڕەزایەتی دیموکراتیک پیشان بدەن.