٦ ئەیلول ٢٠٢٤

کەجەکە: بەرپرسیارێتی سەرەکی داگیرکەری و کۆمەڵکوژی لە ئەستۆی پەدەکە و بارزانیە

کەجەکە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستانی شەرمەزار کرد و رایگەیاند، “بەرپرسیارێتی سەرەکی داگیرکەری و کۆمەڵکوژی لە سەر باشوری کوردستان لە ئەستۆی پەدەکە و بارزانیدایە”.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باشوری کوردستان کە لەماوەکانی رابردوودا زیادیان کردووە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە:

راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:

“لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیستی قڕکەردا بۆ سەر باشوری کوردستان، ژمارەیەکی زۆر کەسی مەدەنی، خەڵکانی وڵاتپارێزی گەلەکەمان شەهیدبوون، ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون. ئێمە بە رێزەوە یادی ئەو کەسانە دەکەینەوە کە لەو هێرشانەدا شەهیدبوون و هاوکات هیوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین. داوا لە گەلەکەمان، رێکخراوە وڵاتپارێز و دیموکراتیکەکان دەکەین کە خاوەنداری لە شەهیدان و برینداران بکەن و پشتیوانیان لێبکەن. ئەوە ئەرکێکی سەرەکی وڵاتپارێزیە، دەبێت ئەو ئەرکە بێ کەموکورتی جێبەجێ بکرێت.

ئەو هێرشە نامەردانەیەی دەوڵەتی تورک جارێکی دیکە بە توندی شەرمەزار دەکەین. هەروەها حکومەتی عێراقیش شەرمەزار دەکەین کە کە بە هۆی پەیوەندی و رێککەوتنەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورک بناغە و زەمینەی بۆ کۆمەڵکوژییەکان دروست کردووە. ئاشکرایە کە ئەو هێرشانەی دەووڵەتی تورک کە زیادیان کردووە، لێکەوتەی رێککەوتنە چەپەڵەکان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقە. سەلمێندراوە کە ئەوە بە واتای داگیرکەری و کۆمەڵکوژیە. دەبێت بزانرێت کە هێرشەکانی ئێستا و لەمەودوا لە سەر باشوری کوردستان و عێراق، لە داگیرکەری و کۆمەڵکوژیەکاندا هێندەی دەوڵەتی تورک حکومەتی عێراقیش بە بەرپرسیار دادەنرێت. هەروەها ئەو هێزانەی پشتیوانی لە عێراق دەکەین، دەبنە هاوبەشی ئەو هەڵە مێژووییە، یاخود ئەگەر بە ئاشکرا هەڵوێستیان نییە، دەبنە تاوانبار.

هۆشداری دەدەینە هێزە پەیوەندیدارەکان بە تایبەتی حکومەتی عێراق کە لەو پەیوەندییە مەترسیدار و هەڵانە لە گەڵ دەوڵەتی تورک پاشگەز ببنەوە. ئەو پەیوەندیانە لە خزمەت بەرژەوەندی چەپەڵدایە کە ئامانجەکەی داگیرکردن و قڕکردنە لە کوردستان، هەروەها عێراق دەخاتە ژێر هەژموونی دەوڵەتی تورک، ئایندەی ئازادی دیموکراتیکی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە مەترسیەوە.

ئامانجی دەسەڵاتداری ئاکەپە – مەهەپەی فاشیست، نیۆعوسمانی و داگیرکەر ئەوەیە کە گەلان بکوژێت، تێکیان بەربدات، میساقی میلی داگیربکات و زاڵبوونی خۆی لە هەرێمەکە ساز بکات. ئەو سیاسەتە بەر لە هەموو شتێک هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق و یەکپارچەیی عێراق. بۆیە دەبێت زیاتر لە هەمووان عێراق ئەو راستیە ببینێت.

بەهۆی ئەم پەیوەندییە هەڵانەی حکومەتی عێراقەوە، عێراق بە خێرایی بەرەو لایەنێکی هەڵە و مەترسیدار چووە، ئەو هێزانەی کە دەڵێن دژی ئەم ڕێڕەوەن، پێویستە هەڵوێستێکی بەهێزتر نیشان بدەن، نەک بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، بەڵکو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا پێویستی بە هەڵوێستێکی بەهێز هەیە، بۆیە هێزە وڵاتپارێز و دیموکراتەکانی عێراق کە لایەنگری سەروەریی و یەکگرتوویی عێراقن، ڕۆشنبیرانی عێراقی دەبێت هەڵوێستێکی جددی و بەهێز نیشان بدەن بۆ ئەوەی حکومەت لەم ڕێڕەوە بگەڕێننەوە.

بەرپرسیاری سەرەکی کۆمەڵکوژیی و داگیرکاریی لە باشووری کوردستان پەدەکە و بارزانییە، پەدەکە و بارزانی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بوونەتە هاوبەشی لەناوبردنی کورد و بۆ کوردستان بوونەتە گەورەترین هەڕەشە، بارزانی بۆ ئەوەی هەڵوێستی هاوکاریی و خیانەتی خۆی داپۆشێت و ئەمە ڕەوا بکات، دەوڵەتی عێراقی ناچار کرد کە پەیوەندییەکی لەم جۆرە دروست بکات، ئەگەر باسی وڵاتپارێزیی بکرێت، بە ناوی وڵاتپارێزییەوە شتێک بکرێت، پێش هەموو شتێک دەبێت ئەم مەترسییە ببینرێت و بەرامبەر بەم مەترسییە هەڵوێستێکی بەهێز نیشان بدرێت، دەبێت سیاسەت، هێزە وڵاتپارێزەکان و ڕۆشنبیرانی کورد بەم بەرپرسیارێتییەوە هەڵسوکەوت بکەن و پێشەنگی ئەمە بکەن، گەلەکەشمان دەبێت بەرامبەر ئەم هێرشانە بێدەنگ نەبێت، دژی کۆمەڵکوژیی و هێڵی خیانەتی هاوکاران هەڵوێستی خۆی بە بەهێزی نیشان بدات، زیاتر خاوەندارێتی لە ڕاستیینەی شەهیدان بکات، یەکڕیزیی خۆی بەهێز بکات و خەباتی ئازادیی بەرفراوان بکاتەوە.