١٠ شوباتی ٢٠٢٤

کەجەکە بانگەوازی بەشداربوونی بۆ ڕێپێوانی ١٧ی شوبات لە شاری کۆڵن کرد

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوبەری کەجەکە داوای لە سەرجەم کوردستانیان و دۆستانی لە ئەورووپا کرد، ١٧ی شوبات لە ڕێپێوانی شاری کۆڵن کە بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوە دەچێت بەشداری بکەن.

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوبەری کەجەکە ڕاگەیاندراوەێکی بڵاوکردەوە و داوای بەشداربوونی لە ڕێپێوانی ١٧ی شوباتی شاری کۆڵن کرد. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە: لە ١٧ی شوباتدا گەلەکەمان لە ئەوروپا بە بەشداریی لە ڕێپێوانە مەزنەکەی شاری کۆڵن، وڵاتپارێزی و دڵسۆزی خۆیان بۆ ڕێبەر ئاپۆ لە بەرزترین ئاستدا نیشان بدەن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکە بەم شێوەیەیە:

“بەدەستپێشخەریی و پێشەنگایەتی دۆستانی نێونەتەوەیی گەلی کورد کە لە 10ی تشرینی یەکەمی 2023 بە دروشمی ‘ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری پرسی کورد’ دەستیپێکرد”. هەڵمەتێکی مێژوویی سەبارەت بە ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دەستی پێکرد، لە ڕووی ئەنجامەکانەوە هەڵمەتێکی مێژوویی بوو، هەڵمەتی ئازادی نەک تەنیا بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی دەرئەنجامی ماناداری خوڵقاندووە. هەر لە سەرەتای پیلانگێڕی نێودەوڵەتییەوە، گەلی کورد هەوڵی ئەوە دەدات دەنگی بگاتە هەموو جیهان. هەڵمەتی ئازادی دەنگی گەلەکەمانی گەیاندە ئامانجی خۆی. سەرەتا گەلانی ستەملێکراوی جیهان و ژنان، کە تینووی ئازادی و دیموکراسین، بە بەدەستهێنانی بیرۆکە و ڕێکخستن و پراتیکەوە بە هەڵمەتی ئازادی گەیشتنە ئامانجە مێژووییەکەیان. مرۆڤایەتی لە ڕووی فیکر و پراتیکییەوە لەو ڕۆژەوە کە سۆسیالیزمی ڕئال هەڵوەشاوەتەوە پارچە بووە. بە تیۆری و پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ، تا ڕادەیەکی بەرچاو ئەم دۆخە پارچەبوونە، تێپەڕێنراوە. بەشداربووانی ڕێپێوانی ئازادی لە هەموو جیهانەوە و لە بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگاوە بە قسە و چالاکییەکانیان ئەم ڕاستییە نیشان دەدەن. کاتێک سەیری ئەم دوو دەرئەنجامە مێژووییە دەکەین بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە هەڵمەتی ئازادی هەنگاوێکی مێژووییە و دەرئەنجامی مێژوویی لێدەکەوێتەوە. بەم مانایە هەڵمەتی ئازادی بۆ هەموو مرۆڤایەتی لەدایک بوونی ڕۆژێکی نوێیە. ئێمە پشتگیری سەرجەم ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە بەشداریان لە هەڵمەتەکە کردووە، هەموو ئەوانەی پێشەنگایەتی ڕێپێوانی مێژوویی ئازادییان کردووە، گەلانی ستەملێکراوی جیهان، کرێکاران، ئیکۆلۆژیستەکان، ڕۆشنبیران، ژنان، گەنجان، و سەرجەم ئەوکەسانەی لە هەموو جیهانەوە، بەشدارییان کردووە، سوپاس بۆ پەیام و چالاکییەکانتان. بێ گومان ئەم سەرکەوتنە بە پلەی یەکەم سەرکەوتنی گەلی وڵاتپارێزی کوردستانە. گەلی کورد بە دڵسۆزی و تێکۆشانی بێوچانی بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، هیوای بە مرۆڤایەتی بەخشیوە و تێکۆشانی یەکسانی و ئازادی و دیموکراسی بەهێزتر کردووە. بۆیە بە تایبەتی پیرۆزبایی لە گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین.

هەڵمەتی ئازادی پرۆسەیەکی مێژووییە

ئێمە لە پرۆسەیەکی گرینگی مێژووییداین. لەم پڕۆسەیەدا هەڵمەتی ئازادی ئەو گەلەی کە لە پێناو یەکسانی و ئازادی و دیموکراسیدا لە دژی ستەم، چەوسانەوە و کۆیلایەتی تێکۆشان دەکەن بە هێزتر کرد. لەم پرۆسەیەدا کە ململانێ و شەڕ نێوان هێزەکانی مۆدێرنیتە سەرمایەداری کە دوژمنی مرۆڤایەتی و سروشتن، قووڵتر بووەتەوە، یەکڕیزی و تەبایی نێوان هێزەکانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک کە لە پێناو یەکسانی، ئازادی و دیموکراسیدا تێدەکۆشن، هێندەی تر گەشەی کردووە.گەلانی جیهان بە هیوای ژیانێکی نوێ، جیهانێکی ئازاد بەبێ داگیرکاری، لە هەڵمەتی ئازادیدا کۆبوونەتەوە. ئێمە ئەمە وەک پێشکەوتنێکی گرنگ و مێژوویی دەبینین. ئێمە پێمان وایە هەموو کەسێک بەم شێوەیە سەیری دەکات و نرخی دەزانێت. ئێستا کاتی ئەوەیە ئەم پڕۆسە مێژووییە بڕواتە نێو قۆناغێکی نوێ، بەرەو ئاستێکی بەرزتری بیبەین. گەلەکەمان و هەموو دوستانیان بە ڕێپێوان و گردبوونەوەی مەزنی کۆڵن ئەم ئیرادەیەیان نیشانداوە.

بە گردبوونەوەی کۆڵۆن قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکات

هەڵمەتی ئازادی، گۆشەگیری ڕەهای سەر ڕێبەر ئاپۆ، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری سیاسی پرسی کوردی هێنایە ڕۆژەڤەوە و بەم شێوەیە دەستی پێکرد. ئێمە پێمان وایە، بەو چالاکییانەی تا ئێستا ئەنجام دراون، ئەم ئامانجە بەدەست هاتووە و قۆناغێکی نوێ بە گردبوونەوە مەزنەکەی کۆلن جێبەجێ دەکرێت. گردبوونەوە مەزنەکەی شاری کۆڵن لەم ڕووەوە زۆر گرنگە لە ئاست و کوالیتیەوە بەڕێوەبچێت. داوا لە هەموو گەلەکەمان دەکەین لە ئەوروپا، لەگەڵ دۆستەکانیان بەشداری گردبوونەوە مەزنەکەی ١٧ی شوباتی شاری کۆڵن ببن و وڵاتپارێزی و دڵسۆزی خۆیان بۆ ڕێبەر ئاپۆ لە بەرزترین ئاستدا نیشان بدەن.