١٩ تەموز ٢٠٢٤
کەجەکە: سڵاو لە شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکەین، لەهەمان کاتدا گرنگی بە دیالۆگ دەدەین لەکێشەکانی سوریا
کەجەکە سڵاوی لە شۆڕشی ڕۆژئاوا کرد و داوای لە هەموو کەسێک کرد خاوەنداری لە شۆڕش بکەن و هەڵوێستی ڕوون لە دژی داگیرکاری نیشان بدەن و وتی: “گرنگی بە دیالۆگ و دانوستانەکان دەدەین لە سوریا، ئەگەر ئەم کارە بکرێت، پلانەکانی ئەردۆغان بەهەموو شێوەیەک پووچەڵ دەبێت.”
هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوبەری کەجەکە لە ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوادا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. کەجەکە ڕایگەیاند شۆڕش لەسەر بنەمای فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دامەزراوە. هەروەها کەجەکە داوای لە هەموو لایەک کرد خاوەنداری لە شۆڕش بکەن و بە شێوەیەکی توند وڵامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بدەنەوە.
ڕاگەیاندنی هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەم شێوەیەیە:
“گەلی ڕۆژئاوا و هێزە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژئاوا لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢ بە بڕیارێکی مێژوویی لە کۆبانێ ـەوە دەستیان بە پرۆسەی ئازادیی ڕۆژئاوا کرد. ئەم هەنگاوە مێژووییە لە ماوەیەکی کورتدا گۆڕا بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا و پاشان لە ئەنجامدا سیستەمی دیموکراتیک لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پەرەی سەند. ئێمە ئێستا لە ١٢هەمین ساڵوەگەڕی ئەم پێشکەوتنە مێژووییەداین. ئەم پێشکەوتنە مێژووییە سەرەتا لە گەلی ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە گەلی عەرەب، ئەرمەن، سوریانی، تورکمان و هەموو گەلانی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەلانی ستەملێکراوی جیهان، ژنان، گەنجان و هەموو هێزە شۆڕشگێڕ و دیموکرات و ئازادیخوازەکان پیرۆز دەیکەن. لە ١٢هەمین ساڵوەگەڕیدا بە ڕێزدارییەوە سڵاو دەنێرن بۆ پارێزوانان و گەلی ئەم شۆڕشە و بە ڕێزەوە یادی ئەو گیانبەختکراوانەی ئەم شۆڕشە دەکەینەوە کە لە گەشەپێدان و پاراستنی ئەم شۆڕشدا شەهید بوون، لە کەسایەتی شەهیدانی شۆڕشی ڕۆژئاوادا سەری خۆمان لە بەردەم هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی نەوی دەکەین و بەڵێنمان دووبارە دەکەینەوە.
سڵاو لە کەسایەتیە شۆڕشگێڕە ئینتەرناسیۆنالیستەکان کرا
کاتێ باسی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکرێ پێویستە هەمیشە ئەو ئینتەرناسیۆنالیستانە لەبیر نەکەین کە گەورەترین و مانادارترین پشتیوانی مێژووییان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا نیشان دا. گەل لە هەموو جیهانەوە بۆ پاراستنی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە بەرەکانی شەڕدا تێکۆشانیان کرد و شەڕیان کرد. زۆرێک لە دۆستانی ئینتەرناسیۆنالیست لەو تێکۆشانەدا شەهید بوون. هەروەها ئێمە بە ڕێزداریی و حورمەتەوە یادیان بەرز ڕادەگرین. ئێمە وەک گەلی کورد و گەلی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆر قەرزداری ئەوانین. ئێمە جارێکی تر حورمەت و ڕێزی بێکۆتایی خۆمان ئاراستەیان دەکەین. هەروەها جارێکی تر ڕێز و سوپاسی خۆمان ئاراستەی دۆستانی نێونەتەوەیمان دەکەین کە بەبێ ڕاوەستان لە پێناو شۆڕشی ڕۆژئاوا و ئازادی گەلی کورد و هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێکۆشانیان کرد.
شۆڕشی ڕۆژئاوا پشت بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دەبەستێت
شۆڕشی ڕۆژئاوا بە تایبەتمەندییەکانی بەهای نوێی بە مرۆڤایەتی بەخشیوە. وەک پێشکەوتنێکی نوێ لە ڕێپێوانی ئازادی جیهانی گەلان، ژنان و چینە چەوساوەکاندا جێگای خۆی لە مێژوودا گرتەوە. شۆڕشی ڕۆژئاوا دژی ستەم، نایەکسانی و دڕندەیی لەسەر میراتی تێکۆشانی مێژوویی بۆ ئازادیی ستەملێکراو پەرەی سەند. لەم ڕووەوە ڕەگ و ڕیشەی لە مێژوودا چەقاندووە. بە پشتبەستن بە فەلسەفە و پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ، ڕێگەی بۆ پێشکەوتنە نوێیە مێژووییەکانی شۆڕش کردەوە. ڕێبەر ئاپۆ بە تیۆری مۆدێرنیتەی دیموکراتیک و پارادایمی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئیکۆلۆژی لەسەر بنەمای ئازادی ژن، چارەسەرێکی گرنگی بۆ کێشەی ئازادیی سەردەمی ئێمە خوڵقاندووە. ڕێبەر ئاپۆ بە مەبەستی زاڵبوون بەسەر سیستەمی چەوسانەوەی پێنج هەزار ساڵە و مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، کە کۆمەڵگا و سروشتی بە بەرهەمهێنانی لەڕادەبەدەر بەرەوڕووی لەناوچوون کردووتەوە، پێشکەوتووترین هۆشیاری و ڕێکخستنی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە. بۆیە شۆڕشی ڕۆژئاوا بووەتە گرنگترین و پێشکەوتووترین گۆرانکاری سەدەی ٢١.
“گرنگترین و مانادارترین گۆرانکاری سەردەمی ئێمە”
شۆڕشی ڕۆژئاوا بە پێشکەش کردنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری بە ناوی بەڕێوەبەری گەلی دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، چارەسەری بۆ ئەو ئاستەنگیانە هێنایەوە کە شۆڕشەکان بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی بوونەتەوە و بووە هۆی شکستهێنانیان. پشتبەستن بە ئازادی ژن، بووە هۆی ئەوەی بتوانرێت بەسەر ئەو عەقڵیەتە پیاوسالارییەدا زاڵ بێت کە هۆکاری هەموو چەوسانەوەێکە و پەرە بە هۆشیارییەکی ئازاد بدات. ئەم تایبەتمەندییە بنەڕەتیانەی شۆڕشی ١٩ی تەمموزی کردووە بە گرنگترین و مانادارترین گۆڕانکاری ئەم سەردەمە.
بەردەوامی دان بە پاراستنی شۆڕش زۆر گرنگە
لە لایەکی تریشەوە شۆڕشی ڕۆژئاوا و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ بەرەنگاری هەموو جۆرە هێرشێک بووەتەوە، بە بەرخۆدان ماوەتەوە و بەم شێوەیە خۆی سەلماندووە. بێگومان ئەم سەرکەوتنە به تێکۆشانی گەل و هێزه شۆڕشگێڕەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی به دی هاتووە. زۆر گرنگە ئەم تێکۆشانە لە قۆناغێکی وەهادا کە مەترسییەکانی سەر شۆڕش زیاتر و زیاتر بووە، زیاتر پەرە بسێنێت. لەم بارەیەوە داوا لە هەموو گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هێزە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دەکەین کە بەردەوام بن و پەرە بە تێکۆشانی پاراستنی شۆڕشی ڕۆژئاوا بدەن.
دەوڵەتی تورک کێشە و ململانێکان قووڵتر دەکاتەوە
دەوڵەتی تورک و ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە کە دەستبەرداری عەقڵییەتی داگیرکەری و کۆمەڵکوژیی نەبووە، لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ بە مەبەستی شکستپێهێنانی شۆڕشی ڕۆژئاوا هێرش دەکاتە سەر شۆڕشی ڕۆژئاوا و دەستی داوە بە هەموو جۆرە پەیوەندییەکی گەندەڵەوە. هەموو چەتە کۆنەپەرەست و فاشیستەکان بە تایبەت داعشی ڕێکخستووە و هێرش دەکەنە سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. بەو پێیەی بە چەتەکانیەوە ئەو ئەنجامەی کە دەیویست بەدەستی نەهێنا، هێرشی ڕاستەوخۆی دەستپێکرد و ڕۆژئاوا و خاکی سوریای داگیرکردووە. لەو شوێنانەی کە داگیری کردووە ڕژێمێکی تاڵانکەر و دڕندەی دامەزراندووە و دیمۆگرافیای ناوچەکانی گۆڕیوە و ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی هەموو جۆرە کردەوەیەکی نامرۆڤانە. بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی چارەسەریی دیموکراتیک و پێکەوەژیان لە سوریا هەموو جۆرە شێوازێکی بەکارهێناوە. بە ئەنقەست ملیۆنان سوری بۆ تورکیا ڕاکێشا و بۆ ئەوەی شەڕەکە قووڵتر بکاتەوە، چەتەکانی بەڕێکخستن کرد. هەوڵیدا گەلانی هەرێمەکە لە دژی یەک بەکار بێنێ. تەیب ئەردۆغان، سەرکردەی فاشیست، بە عەقڵیەتی کۆنی عوسمانی نوێ ڕژێمێکی زۆر مەترسیداری بنیاتناوە. ئەم ڕژێمە هۆکاری سەرەکی قووڵکردنەوەی کێشە و ململانێکانی سوریایە.
ئێمە گفتوگۆ و دانوستان لە سوریا بە گرنگ دەزانین
ئێمە بە گرنگی دەزانین کێشەکانی سوریا لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە بە شێوەیەکی دیموکراتیک و یەکسان چارەسەر بکرێت. چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا بەم چەمک و ڕێبازەوە دەکرێت. ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی ئەمە زۆر بە گرنگ دەزانین و پشتیوانی لێدەکەین. هەرکەسێک گرنگی بە ئایندەی سوریا و گەلانی سوریا بدات، دەبێت نزیکبوونەوە و هەوڵێکی لەو شێوە بدات. لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە هەموو لایەک دەکەین بەم ڕێبازەوە مامەڵە بکەن و لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکەن. داوا لە دەوڵەتی سوریا و هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانن، لە چوارچێوەی یەکێتی سوریا لە ڕێگەی دانوستانەوە کێشەکان چارەسەر بکەن. ئەگەر ئەمە ڕووبدات، پلانەکانی تەیب ئەردۆغان، سەرکردەی فاشیستان بۆ لەناوبردنی سوریا و شەڕی ناوخۆیی گەلانی سوریا بە تەواوی پووچەڵ دەکرێتەوە.
جارێکی تر بە دڵ و گیان ١٢هەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ڕۆژئاوا پیرۆز دەکەین. شۆڕشی ڕۆژئاوا کە بەهایەکی هاوبەشی مرۆڤایەتییە، لە هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان پیرۆز دەکەین. داوا لە هەموو لایەک دەکەین خاوەنداری لە شۆڕشی ڕۆژئاوا بکەن. هەروەها داوا له هەر کەسێک دەکەین بەرامبەر هێرشی داگیرکاری و لکاندنی باشووری کوردستان بە تورکیاوە هەڵوێستێکی بەهێز نیشان بدەن و پاڵپشتی لە گەلی کوردستان بکەن.