١٨ ژانویەی ٢٠٢٣

کەجەکە پەیامێکی بۆ چالاکییەکەی محەمەد ئاکار بڵاوکردەوە

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بۆ محەمەد ئاکار، کە لە ئامەد ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا ڕایگەیاند، ئێمە خاوەنداری لە یاد و بیری شەهیدان دەکەین و داوایکرد چیتر چالاکیی خۆسوتاندن ئەنجام نەدرێت.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بۆ محەمەد ئاکار، کە لە ئامەد ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا ڕایگەیاند، ئێمە خاوەنداری لە یاد و بیری شەهیدان دەکەین و داوایکرد چیتر چالاکیی خۆسوتاندن ئەنجام نەدرێت.

کەجەکە پەیامێکی بۆ محەمەد ئاکار بڵاوکردەوە، کە بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خۆی سووتاندبوو. لە پەیامەکەدا هاتووە، “جارێکی تر لە کەسایەتیی هاوڕێمان محەمەد ئاکار بە ڕێز و پێزانینەوە یادی هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی دەکەینەوە و بەڵێنی سەرکەوتن و سەرکەوتن دووپات دەکەینەوە، کە بە شەهیدانمان داوە”. لە پەیامەکەدا داواکراوە، با ئیدی چالاکیی خۆسووتاندن ئەنجام نەدرێت.

لە پەیامەکەدا ئەوەش هاتووە: “ڕێبەر ئاپۆ بە ڕوونی ڕایگەیاندووە، کە ئەو بەها بەو ئیرادەیە دەدات و بەرز دەینرخێنێت، بەڵام ئەو کارانە پەسەند ناکات و پێویستە لە جیاتی ئەوە، چالاکیی داهێنەرانە و جیاوازتر ئەنجام بدرێت. پێویستە گەل و گەنجان ئەمە وەک ڕێنمایی ڕێبەر ئاپۆ ببینن و بەو پێیە هەڵسوکەوت بکەن”.

پەیامەکەی هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەمشێوەیەیە:

“زانیاریمان پێگەیشت، کە گەنجێکی کورد بە ناوی محەمەد ئاکار بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ لەسەر شوارەکان و دیوارەکانی ئامەد ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و شەهید بووە. ئێمە لە کەسایەتیی محەمەد ئاکاردا جارێکی دیکە بە ڕێز و پێزانینەوە یادی هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی دەکەینەوە و بەڵێنی سەرکەوتن و سەرکەوتن دووپات دەکەینەوە، کە بە شەهیدانمان داوە. هەڤاڵ محەمەد ئاکار، لە نامەیەکی پێش شەهیدبووندا ڕایگەیاندووە، بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ ئەو چالاکییەی ئەنجامداوە. چەند ڕۆژێک پێش ئێستا هەڤاڵ وەیسی تاش چالاکییەکی دیکەی وەهای ئەنجامدا و شەهید بوو. ئەرکی ئێمەیە گەل و بزووتنەوە، یادی ئەو شەهیدانە بەرز ڕابگرین، کە نوێنەرایەتیی ئیرادە و ورە و خۆشەویستی مەزنی وڵات و تێکۆشانی ئازادی کوردستان و دڵسۆزیی و وەفایانە بۆ ڕێبەری ئاپۆ، تێکۆشانەکەیان بە سەرکەوتن بگەیەنین”.

حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە بۆ ئەوەی گەنجانی کورد لە تێکۆشانی ئازادی دوور بخاتەوە کاری تێکدەرانە و پیلانگێڕی ئەنجام دەدات

ئەوەی بەسەر هەڤاڵ محەممەد ئاکاردا هاتووە بە ڕوونی دەریدەخات، کە چۆن فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە کاری ئاژاوەگێڕی و تێکدەرانە ئەنجام دەدات و شەڕی تایبەت لە دژی گەلی کورد بەڕێوەدەبات. محەمەد ئاکار گەنجێکی کورد و خاوەنی هەستی وڵاتپارێزانە و نیشتمانپەروەرانەیە و هاوسۆزیی بۆ بزووتنەوەی ئازادی هەبوو. وەک هەموو گەنجێکی نیشتمانپەروەری کورد هەڤاڵ محەمەد ئاکار لەهەوڵ و کۆششدا بوو بۆ ئەوەی دژی داگیرکەریی پاکتاوکار تێبکۆشێت و دەیویست بەرپرسیارێتی خۆی زیاتر جێبەجێ بکات، بەڵام دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە، کە ڕژێمێکی جەنگی تایبەتە و بۆ ئەوەی گەنجانی کورد لە تێکۆشانی ئازادی دووربخاتەوە پیلانگێڕی و ئاژاوەگێڕی ئەنجام دەدات. یەکێک لە شێوازەکانی دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە ئەوەیە، کە بە شێوازی جیاواز کار دەکاتە سەر خێزانەکان و ڕێ لە گەنجانی وڵاتپارێز و دڵپاک و دڵسۆزانی کورد دەگرێت. گەنجی وڵاتپارێزی کورد محەمەد ئاکار یەکێک بوو لەو کەسانە، کە دەیانویست بە پیلانگێڕی و ئاژاوەگێڕی تووش بکەن.

دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە، ویستی بە شێوازی جۆراوجۆی شەڕی تایبەت و تێکدەرانە لەسەر بنەماڵەی محەممەد ئاکار، هەڤأڵ محەمەد ئاکار لە رێگاکەی و تێکۆشان بکشێنێنەوە. بۆ ئەوەش زەمینەی ئاژاوەگێڕییان دروستکرد و خواستیان وەهای نیشان بدەن، کە ئێمە گەنجان دەڕفێنین و ئەوەش لە ڕێگەی هەدەپەوە دەکەین، بەڵام هەڤاڵ محەمەد ئاکار ڕایگەیاند، ئەمە کارێکی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەیە و هەر لە سەرەتاوە فێڵ لە بنەماڵەکەی کراوە و هەڵخەڵەتێنراون، بەڵام دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە لە ڕێگەی شێوازەکانی شەڕی تایبەتەوە ئەم دۆخەی گۆڕی بۆ هێرشکردنە سەر هەدەپە، بەڵام لە ڕاستیدا دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە هەڵگری عەقڵیەتی دژ بە کوردە و دەیەوێت کورد لە دۆزی ئازادی دووربخاتەوە. هەموو شێوازەکانی شەڕی تایبەت، کاری تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە، ئۆپەراسیۆنەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە بۆ ئەو مەبەستەیە. جارێکی دیکە داوا لەو لایەن و دەورووبەرانە دەکەین، کە بەپێی چەواشەکاری و فێڵەکانی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە کار دەکەن، نابێت بکەونە تەڵەی دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپەوە.

پێویستە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە و سەرکردەکەی شەڕی تایبەتی ئەو دەسەڵاتە سلێمانی سۆیلو واز لەو هەڵوێستە ئاژاوەگێڕانەیانە بهێنن. سەرکردەی فاشیستەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە بەتایبەتی تەیب ئەردۆغان و سولەیمان سۆیلو ئەم یاریانە لەبەر ئەوە ناکەن، کە لە خەمی گەنجانی کوردان، بەڵکو بۆ ئەوەیە کورد واز لە دۆزی ئازادی بهێنن، زمان، کلتور و ناسنامەی خۆیان نەپارێزن و پاکتاوکردن و سڕینەوە قبوڵ بکەن، ئەم سیاسەتانە بۆ دەستبەردارکردنیانە لە کوردبوونیان و قبووڵکردنی تورکبوونە، ئەم سیاسەتەی جەنگی تایبەت بە یاریکردن و دادۆشینی هەستی هەندێک کەس، بە چەواشەکاری و فێڵکردن و بە دابەشکردنی پارە بەڕێوەدەبەن. ئەم دەسەڵاتە فاشیستە، کە دوژمنایەتی کورد دەکات، چەند کەسێکی بێ ئابڕووی کوردی خستووەتە پاڵ خۆی و دەیەوێت ئەو ڕوخسارە پاکتاوکار و بکوژ و دوژمنکارانەی خۆی بەرامبەر بە کورد بشارێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئامانجی ئاکەپە و مەهەپە پاکتاوکردن و سڕینەوەی کورد و کۆتاییهێنانە بە کوردبوون.

دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە هەموو ڕۆژێک بۆ کۆمەڵکوژکردن و پاکتاوکردنی گەنجانی کورد ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدات و بە چەکی کیمیایی و چەکەکانی تر هەموو جۆرە ڕێبازێکی کوشتن و پاکتاوکردن لە دژی گەنجانی کورد بەکاردەهێنێت. کچان و کوڕانی کورد بە چەکی کیمیایی دەکوژرێن، ڕژێمی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە، کە ڕۆژانە کچان و کوڕانی کورد دەکوژێت، چۆن دەتوانێت بیر لە قازانجی کورد بکاتەوە؟ بێگومان ئەمە ڕاست نییە و فێڵ و چەواشەکارییەکی گەورەیە. دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە پەنا دەباتە بەر هەموو شێوازێک و نائەخلاقییەک، کە هیچ نموونەیەکی لە جیهاندا نییە و بەپێی هیچ پێوەر و پێوانەیەک ناجوڵێتەوە. هەستی بنەماڵە و دایکایەتیش دەکاتە بابەتی شەڕی تایبەت و دادۆشین و خراپ بەکارهێنان. لەم ڕووەوە پێویستە هەمووان هۆشیار بن و بزانن کە ئەمە فێڵە. دەبێت ئەم بنەماڵەیە بزانن، کە بەم هەڵوێستەیان هیچ سوودێک بە خۆیان و منداڵەکانیان ناگەیەنن. دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە بەرپرسیارە لە بە بنبەستگەیشتنی کیشەی کورد و هەموو ئازار و نەهامەتییەکانی کورد، بۆیە پێویستە بنەماڵەکان واز لەو هەڵوێستە چەواشەکارانە بهێنن و کاردانەوەیان بەرامبەر بە ئاکەپە – مەهەپە هەبێت.

هەڵوێستی هەڤاڵ محەمەد ئاکار کردار و پلانەکانی شەڕی تایبەتی پووچ کردەوە

محەمەد ئاکار بە هەڵوێستی خۆی سیاسەتی پاکتاوکردن و جینۆسایدکردنی کورد و داسەپاندنەکانی شەڕی تایبەتی شەڕی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە و سەرۆکی شەڕی تایبەت سولەیمان سۆیلوی پووچکردەوە. ئەم هەڵوێستە و ئەو مانایەی گوزارشت لەوە دەکات، کە کردەوەکانی پووچ کردوەتەوە. دەبێت ئەم هەڵوێستە و ماناکەی بە دروستی لە لایەن هەموو کەسێکەوە لێکبدرێتەوە و لێ تێبگەن. کورد گەلێکە، کە داوای ئازادی دەکات و بەڕێوەی دەبات و دۆزی گەلی کورد دۆزێکی ڕەوایە. قوربانییەکەی هەر چییەک بێت با ببێت، بەڵام گەلی کورد هەرگیز دەستبەرداری ئەو دۆزە نابێت. گەلی کورد هەموو ڕۆژێک بە هەڵوێست و تێکۆشانی خۆی لە دژی سیاسەتە داگیرکەرە پاکتاوکار و بکوژەکانی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە ئەمە دەوەستێتەوە و هەموو رۆژێکیش ئەوە دووپات دەکاتەوە و دەیسەلمێنێت. ئایا ئەم دۆزە بە چەواشەکاری، تێکدەی و ئاژاوەگێڕی، بە بەکارهێنانی شێوازەکانی شەڕی تایبەت و کاریگەری دروست کردن لەسەر هەندێک کەس و هەڵخەڵەتاندنی هەندێک کەس، کۆتایی پێ دێ؟ گەلی کورد، کە ملیۆنەها کەسىە و بەئاگایی و هۆشمەندی و هەستی ئازادییەوە دەژین، ئایا دەتوانن بەم شێوازانە لە رێگاکەی خۆی دووری بخەنەوە؟

ئایا دەتوانن بەم جۆرە تێڕوانین و لۆژیکە ملیۆنەها گەنجی کورد لە ڕێگەی خۆیان دووربخەنەوە؟ بە دڵنیاییەوە، ئەمە ئەستەم و مەحاڵە و هیچ لۆژیکێکی تیادا نییە، بەڵام سەرباری ئەوەی ڕاستییەکە بەمشێوەیە بۆچی پێداگری لەو شێوازەیاندا دەکەن؟ کێ سوود لەو سیاسەتانە وەردەگرێت؟ ئاشکرایە ئەمە جگە لە رژێمی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە و چەتەکانی و هاوکارەکانی سودی بۆ هیچ کەسێک نییە. بێگومان فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە بەرپرسیارە لە هەموو ئەو کۆمەڵکوژی و مەرگەساتانە، کە وەک شێوازێکی کۆمەڵکوژیکردن و پاکتاوکردن و سڕینەوە بەڕێوەی دەبات. ئەوان نەک تەنها لە کوشتنی کوردان بەرپرسیارن، بەڵکو لە هەموو زوڵم، ناعەدالەتی و نادادی، گەندەڵی و ڕووڕەشییەکانی تورکیاش بەرپرسیارن، بەڵام دەبێت تێبینی ئەوەش بکرێت، هەر کەسێک بڕوای بە بەهاکانی وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەری، دیموکراتیزەکردن، سۆسیالیست، ئازادیخوازبوون و باوەڕی بە کەرامەتی مرۆڤ هەیە، نابێت لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا خەمسارد و بێباک بێت و پێویستە هەڵوێست و کاردانەوەی توندی خۆیان نیشان بدەن. پێویستە هەموو کەسێک هەست بەم بەرپرسیارێتییە بکات و سەرەتاییترین ئەرکی مرۆیی و ویژدانیی خۆی جێبەجێ بکات.

ئێستا پێویستە کۆمەڵگای تورکیا لەم دەسەڵات و ڕژێمە فاشیستە ڕزگاری ببێت. لە دژی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ نەک تەنها گەلی کورد، بەڵکو هەموو ئەو کەسانەی، کە لە تورکیا دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپەن و خاوەنی بەها مرۆییەکانن، پێویستە کاردانەوەیان هەبێت و هەوڵ بدەن. ڕێبەر ئاپۆ بەهۆی برایەتیی گەلان، دیموکراتیزەبوونی تورکیا و ژیانی هاوبەش گۆشەگیرکراوە، بۆیە پێویستە هەموو ئەوانەی پشتیوانی لە دیموکراتیزەکردنی تورکیا دەکەن، چاوی خۆیان لە ئاست گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ دانەخەن و دژی گۆشەگیری و ئەشکەنجە لە ئیمرالی تێبکۆشن. بەبێ پشتیوانیکردن لە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد و لاوانی کورد، ئەستەمە تورکیا ببێتە دیموکراسی و لە بواری دیموکراسیدا گەشە بکات.

پێویستە گەلی کوردستان و گەنجان زیاتر خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن

پێویستە گەلی وڵاتپارێز و گەنجانی کوردستان بە پێی پەیامی شەهیدان زیاتر و بە شێوەیەکی بەهێز خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن. هەڤاڵ محەمەد ئاکار سەرەتا پەیامێکی ئاراستەی گەنجانی ئامەد کرد و داوای لە گەنجانی ئامەد کرد، کە زیاتر بەشداری ئەو خەباتە بکەن و خاوەنداریی لێ بکەن. چالاکییەکەی لە کاتژمێر ٢١:٢١ دا ئەنجامدا و پەیامێکی ئاراستەی گەل و گەنجانی ئامەد کرد. واتای ئەم پەیامە زۆر قووڵە. هەڤاڵ محەمەد ئاکار داوای لە هەموو گەلی کورد و گەنجانی وڵاتپارێز کرد، کە زیاتر لە دژی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری ئاپۆ تێکۆشن. پێویستە جەماوەری وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەر و لاوانی کوردستان ئەم بانگەوازە بۆ خۆیان بکەنە بنەما و زیاتر خاوەنداری و پشتیوانی لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن و تێکۆشانیان زیاتر و بەهێزتر بکەن.

چیتر نابێت چالاکی خۆسووتاندن ئەنجام بدرێت

بەبۆنەی شەهیدبوونی هەڤاڵمان محەمەد ئاکارەوە، جارێکی تر بەڕوونی باس لەوە دەکەین، کە ئێمە ئەو جۆرە چالاکییانە قبوڵ ناکەین. ڕێبەر ئاپۆ بە ڕوونی ڕایگەیاند، ئەو ئیرادەیە زۆر بە بەها و بە نرخ دەزانێت، بەڵام چالاکیی لەو جۆرە پەسەند ناکات و پێویستە لە جیاتی ئەو جۆرە چالاکییانە، چالاکی داهێنەرانە و جیاواز ئەنجام بدرێت. پێویستە گەلی کورد و گەنجانی کورد ئەمە وەک ڕێنمایی ڕێبەری ئاپۆ ببینن و بەو پێیە هەڵسوکەوت بکەن. بە دڵنیاییەوە چیتر نابێت چالاکیی خۆسووتاندن ئەنجام بدرێت. بێگومان چالاکیی هەڤاڵ محەمەد ئاکار نمونەیەکی گەورەیە لە ئازایەتی، فیداکاری، قوربانیدان، دڵسۆزی و وەفاداری. بەم مانایە چالاکییەکی مەزنە، بەڵام ئەو شێوازە، بەڵام ئەو شێوازانە، کە ئێمە بە بنەمایان دەزانین، دەبێت بەو پێیە کار و چالاکی ئەنجام بدرێن و هەڵبسەنگێنرێن. تێکۆشانی ئێمە ئێستا ئیدی پێشکەوتووە و پەرەی سەندووە و گەشەی کردووە. لە زۆر بواری خەبات و تێکۆشاندا دەرفەتی کار و خەبات و گەشەپێدان هەیە. نابێت گەنجانی کوردی وڵاتپارێز ئەم کارە بکەن و بەم شێوەیە بجوڵێنەوە.

پێویستە گەنجانی کورد بۆ زیاتر گەورەکردنی تێکۆشان بەشداری ڕیزەکانی گەریلا ببن و لە دژی دوژمن تێبکۆشن. ئەوانەی ناتوانن خۆیان بگەیەننە گەریلا، پێویستە لە شار و گوندەکانیاندا لە دژی دوژمن تێبکۆشن، گەل پەروەردە، هۆشیاریان بکەنەوە، ڕێکخستن دروست بکەن و بەم شێوەیە تێکۆشان لە هەموو شار و گوندێک دا بەهێز و گەورە بکەن. پێویستە گەنجان لە هەموو شوێنێکدا خۆیان پەروەردە بکەن، خۆیان رێکبخەن و پێشەنگایەتی بۆ تێکۆشان و گەل بکەن. ئەمە ڕێگای دروستی خەباتە و دەبێت ئەمە بکەنە بنەما و لەبەرچاوی بگرن. ئێمە جارێکی دیکە داوا لە دۆستانی گەلی کوردی وڵاتپارێز دەکەین، کە کاردانەوە و هەڵوێستی توندتر و بەهێزتری خۆیان لە دژی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ نیشان بدەن، بە بەرزکردنەوە و بە بەهێزکردنی تێکۆشان ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە بڕوخێنن و تێکۆشان بۆ بنیاتنانی تورکیایەکی دیموکراتیک زیاتر و گەشتر بکەن”.