٢٣ ژانویەی ٢٠٢٣

کەجەکە پەیامێکی سەرەخۆشیی بۆ قوربانیانی شێخ مەقسود و مێردین بڵاوکردەوە

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە پەیامێکی سەرەخۆشیی بۆ قوربانیانی کارەساتەکەی گەڕەکی شێخ مەقسودی حەلەب و کۆمەڵکوژییەکەی مێردین بڵاوکردەوە.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە پەیامێکی سەرەخۆشیی بۆ قوربانیانی کارەساتەکەی گەڕەکی شێخ مەقسودی حەلەب و کۆمەڵکوژییەکەی مێردین بڵاوکردەوە.

پەیامی هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەو شێوەیەیە:

“بەپێی بڵاوکردنەوەی لێدوان و ڕاگەیاندراوەکان بۆ ڕای گشتی، ١٦ کەس بەهۆی ڕووخانی بینایەک لە گەڕەکی شێخ مەقسودی حەلەب گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش بە برینداری ڕزگارکراون و ژمارەیەکی زۆریش هێشتا لەژێر داروپەردوی بینا ڕووخاوەکەدان. ئەم ڕووداوە قورسە خەڵکی ئێمەی لە حەلەب و شێخ مەقسود، گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەموو گەلی کوردستانی ئازار دا. ئەم ڕووداوە زۆر ئازاری داین، بۆیە هاوخەمیی خۆمان ڕادەگەیەنین و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو کەسانە دەکەن، کە گیانیان لەدەستداوە. با سەری خەڵکەکەمان لە شێخ مەقسود، خەڵکەکەمان لە حەلەب، گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەموو گەلی کوردستان ساخ بێت. هەروەها هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. هیواش دەخوازین ژمارەی قوربانییەکان زیاتر نەبێت و ئەوانەی لە ژێر دار و پەردوی بیناکەدا بە زیندوویی ڕزگار بکرێن.

خەڵکەکەمان لە حەلەب و شێخ مەقسود تا ئێستا لە دۆخێکی سەخت و قورس دا لە دژی هێرش و برسێتی و وێرانکاری و کەم ئیمکانیدا خۆڕاگریی گەورەیان کردووە و لە سایەی ئەم ڕۆحە خۆڕاگرە هەموو سەختی و زەحمەتیەکانیان تێپەڕاند و بەسەریاندا زاڵ بوون. خەڵکی ئێمە لە حەلەب و شێخ مەقسود لە بابەتی پشتیوانی و ژیانی هەرەوەزی و کۆمیناڵ دا پراتیکێکی نموونەییان نیشاندا. ئێمە لەو بڕوایەداین گەلەکەمان لە شێخ مەقسود ئەو ڕووداوە سەختە، کە هەموومانی ئازار دا، بەو ئیرادە و ورە و ئەو هەستانەوە و بە خاوەنداریکردن لە یەکتر تێدەپەڕێنن. ئێمە جارێکی تر سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو کەسانە دەکەین، کە گیانیان لە دەست داوە، هیوای سەلامەتی و سەرکەوتن بۆ گەلی کوردستان و خەڵکەکەمان لە شێخ مەقسود و حەلەب و هەموو گەلانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەخوازین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.

دەبێت ڕاستیی کۆمەڵکوژییەکەی مێردین ئاشکرا بکرێت

یەکێک لەو ڕووداوانە گەلی کوردستانی ئازاردا، هێرشەکەی مێردین بوو، کە بووە هۆی کوژرانی پێنج کەس لە گەلەکەمان لە باشووری کوردستان. خوا ڕەحم و بەزەیی خۆی بە سەر ئەو پێنج کەسە لە گەلەکەمان دا ببارێنێت، کە لەو هێرشەکەدا گیانیان لە دەست داوە و هیوای سەلامەتی بۆ بنەماڵەکانیان و هەموو گەلی کوردستان دەخوازین. بە دڵنیاییەوە دەبێت ئەم کوشتارە وەک کۆمەڵکوژییەک سەیر بکرێت. تا ئێستا دەیان کوردی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەری مێردین لەلایەن چەتەکان و کۆنتراکانەوە کوژراون. گەلی کوردستان باش ئاگاداری ئەوەن، کە ئەو کۆمەڵکوژیانە لەلایەن دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپەوە ئەنجام دراون. هەر وەک ئەوەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)ی ئێمە ڕوونی کردەوە، چەندین نیشانەی زەق و کۆنکرێتی و بەهێز هەن، کە دەریدەخات ئەو کۆمەڵکوژییە لەلایەن ئاکەپە – مەهەپە و لەلایەن کۆنتراکانەوە ئەنجام دراوە. ئەو پێنج کەسە، کە کوژراون کەسانێک بوون، کە بە وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەریی خۆیان ناسرابوون.

عەشیرەتی ڕێکانی بە عەشیرەتێکی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەر ناسراوە و شەهیدی زۆریان هەیە. دەوڵەتی تورک خێرا بڕیاری نهێنیی بۆ دۆسیەکە دەرکرد و بەو شێوەیە ڕێگری لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان کرد.

ئەوەش جێگای سەرنجە، کە پارتی (پەدەکە) و میدیاکانی پارتی (پەدەکە) هەرگیز لەسەر ئەو ڕووداوە ڕانەوەستان و کۆمەڵکوژییەکەیان وەک هێرشێکی ئاسایی باسکرد و بەوەش هەوڵیاندا بەسەر ڕووداوەکەدا تێپەڕن. هەڵوێستی پارتی (پەدەکە) و میدیاکانی پارتی (پەدەکە) خزمەت بە پەردەپۆشکردن و شاردنەوەی ڕاستییەکان دەکات. نابێت پارتی (پەدەکە) بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا ئەو جۆرە ڕێبازانە بگرێتەبەر. ئێمە داوا لە ڕای گشتیی دیموکراتیک دەکەین، کە لەم بوارەدا وریا بن و بە دواداچوون بۆ ئاشکراکردنی ڕاستیی ڕووداوەکە بکەن”.