٢٣ ژانویەی ٢٠٢٣

کەجەکە: واتای کۆماری کوردی مەهاباد زۆر گەورەیە

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بە بۆنەی ٧٧ـەمین ساڵیادی کۆماری کوردی مەهاباد پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “کۆماری کوردی مەهاباد لەمڕۆشدا بۆ گەلی کوردستان واتا و بەهایەکی گەورەی هەیە”.

لە پەیامێکی نوسراوی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێووەبەری کەجەکەدا هاتووە، “٧٧ـەمین ساڵیادی کۆماری کوردی مەهابادمان تێپەڕاند. کۆماری کوردی مەهاباد کە لەلایەن قازی محەمەد و هەڤاڵانیەوە دامەزرا، لەمڕۆشدا بۆ گەلی کوردستان خاوەن واتا و بەهایەکی گەورەیە. گەلی کوردستان هەرگیز ئەو کەسانەی کە لە پێناو ئازادی و دامەزراندن و پاراستنی کۆماری کوردی مەهاباد تێکۆشان و قوربانیاندا، بە تایبەتی قازی محەمەد و هەڤاڵانی لە بیرناکات، بەردەوام یادیان دەکەنەوە.

لەپەیامەکەدا هاتووە، کە لە ئەنجامی سیاسەتی بەرژەوەندی پەرستانەی دەوڵەتە هەژموونخوازەکاندا هێرشکرایە سەر کۆماری کوردی مەهاباد و بەو هۆیەوە کۆمار رووخا. لە پەیامەکەدا هاتووە :” دەوڵەتانی هەژموونخوازی ئەو سەردەمە لەگەڵ رژێمی دواکەوتوو و کۆلۆنیالیستی شادا رێککەوتن و پشتیوانیان لە رووخاندنی کۆماری کوردی مەهاباد کرد. ئەمڕۆ زۆر هێز لە رێگەی سات و سەوداو بازرگانیکردن بەسەر کوردانەوە هەوڵ دەدەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیست و قڕکەر لە دژی کوردان درێژە پێبدەن. ئێمە داوا لە هەموو هێزەکان دەکەن کەبەم جۆرە لەگەڵ ئەم پرسەدا مامەڵە نەکەن و هاوکات نەبنە هاوبەشی ئەو سیاسەتە پاکتاوکارییەی دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە گرتوویانەتەبەر”.