٢٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٣

کەجەکە: پەکەکە تەڤگەری زیهنیەتێکی مەزن و هێزێکی جڤاکییە

کەجەکە ٤٥ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەی پیرۆز کرد و دەڵێت: “پەکەکە تەڤگەری زیهنیەتێکی مەزن و هێزێکی جڤاکییە. پەکەکە بەردەوام دەبێت لە ئافراندنی پێشکەوتنی نوێ”.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، بە بۆنەی ٤٥ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەوە، ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە.

کەجەکە دەڵێت: ” ئێمە لە ساڵی ٤٥ی پەکەکەداین، کە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ١٩٧٨ دامەزرانی فەرمی خۆی ڕاگەیاند. پەکەکە گەلی کوردی زیندوو کردەوە کە لە لێواری لەناوچووندا بوو. لە مێژووی ٤٥ ساڵەی خۆیدا پێشکەوتنی مەزنی ئافراندووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە. ئێمە یادی ٤٥ ساڵەی دامەزراندنی پارتەکەمان، پەکەکە، کە گەلی کوردی سەرلەنوێ ئافراندەوە و پێشکەوتنی مەزنی ئافراند، لە ڕێبەر ئاپۆ، لە هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی، لە گەلی کوردستانی وڵاتپارێز، لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان، لە ژنان و گەنجان، لە هەموو ئەو هاوڕێیانەی لە زیندانەکاندا بەرخۆدان دەکەن، لە هەموو ئەو کەسانەی بۆ ئازادی و دیموکراسی تێدەکۆشن، پیرۆز دەکەین. پیرۆزبایی لە گەریلاکانی ئازادی کوردستان دەکەین کە بە هەڵوەشاندنەوەی سەنگەرەکان، پێشکەوتن دەئافرێنن.

بێ گومان ئەوەندە پێشکەوتنەی کە پەکەکە بنیاتی ناوە، بە تێکۆشانی مەزن و قوربانییەکانی سەر ئەم ڕێگایە بەدی هاتووە. ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند، بڕیاری دامەزراندنی پەکەکە وەک وەڵامێک بۆ شەهیدکردنی حەقی قەرار دراوە. ئەم گوتەیەی ڕێبەر ئاپۆ سەرچاوەی هێزی پەکەکەی ئاشکرا کرد. پەکەکە پارتی تێکۆشان و شەهیدانە. هەموو ئەو پێشکەوتنانەی کە ئافراندی بە دڵسۆزی بۆ یادی شەهیدان ئەنجام دراون. تێکۆشانی دەیان هەزار شەهید، ئەم پێشکەوتنی بۆ ئێمە ئافراندووە. بۆیە شەهیدەکانمان خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم پێشکەوتنانەی پەکەکەن. بەم بۆنەیەوە جارێکی تر بە ڕێز و سوپاسێکی زۆرەوە هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی یاد دەکەینەوە، بەڵێنی دڵسۆزی و سەرکەوتن دووبارە دەکەینەوە، و بە ڕێز و سوپاسەوە سەری خۆمان لە بەردەم یادی شەهیدان دادەنوێنین”.

پەکەکە دژی زوڵم و بێ‌مافی سەریهەڵدا

لە ڕاگەیاندراوەکەی هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکەدا هاتووە:

“دەرکەوتنی پەکەکە مێژووی گەلی کوردستانی گۆڕی، بووەتە هۆی ئەوەی قۆناغێکی مێژوویی نوێ لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناویندا گەشە بکات. لە دەسپێکی سەدەی بیستەمدا هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری سیستەمێکیان لەڕێگەی دەوڵەت-نەتەوەکانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بنیاتنا. سەرچاوەکانی سەرزەمین و ژێرزەمینییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەتەواوی لەلایەن هێزە سەرمایەدارەکانەوە کۆڵۆنیاڵیزە کرا. گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمە و دەوڵەتە نەتەوەپەرست و ئایین‌پەرست و پاوانخواز و فشارکەر و دیکتاتۆرەکاندا ڕووبەڕووی هەموو جۆرە چەوساندنەوەیەک بوونەتەوە. گەلان دابەشکران بەسەر دەوڵەت-نەتەوەکاندا، کراون بە دوژمن و دەستیان کردووە بە شەڕ دژی یەکتر. زۆرێک لە گەلانی دێرینی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەژێر دەسەڵاتی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت-نەتەوە پاشڤەڕۆکاندا، لەبەردەم کۆمەڵکوژی و قڕکردن جێهێڵراون. یەکێک لەو گەلانەی جێهێڵراوە بۆ قڕکردن و چەوسانەوە، گەلی کوردە. گەلی کورد لە وڵاتەکەی دابڕێنراوە، حساب بۆ هەبوونی نەکراوە و خراوەتە نێو پرۆسەی سڕینەوە. پێش هەموو شتێک پەکەکە لە دژی ئەم ناهەقی و ستەمە مەزنە وەک شۆڕشێک سەریهەڵدا. تەڤگەری پەکەکە بە فیکری ئازادی و تێکۆشان لەسەر ئەم بناغەیە، گەلی کوردی لە مردن گەڕاندەوە و سەرلەنوێ ئافراندییەوە. سەرلەنوێ ئافراندنەوە بۆ گەلی کورد هەر قسە نییە، ڕاستییەکە. گەلی کورد لەڕێگەی پەکەکەوە ڕاستی خۆی ناسی، ڕاستی دوژمنی ناسی، زانینی ئازادیی بەدەست هێنا، تێگەیشت لەڕێگەی تێکۆشانەوە ئازادی خۆی بنیات بنێت. لەڕێگەی بوێری ئەم تێکۆشانەوە، ئیرادەی خۆی پێشخست و توانی لەسەر بناغەی ئازادی سەرلەنوێ خۆی بنیات بنێتەوە.

گەلانی جیهان هێز لەم تەڤگەرە وەردەگرن

لەگەڵ هەڵوەشانەوەی کۆڵۆنیاڵیزم لە کوردستان و وەدیهاتنی شۆڕشی ژیانەوە، ستاتۆی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گورزی خواردووە و کەوتۆتە بنبەست. هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بینیان کە ئەو پێشهاتانەی پەکەکە دروستی کردوون، بەرژەوەندییەکانیان دەخاتە مەترسییەوە. بۆیە لەگەڵ ڕژێمە دەوڵەت-نەتەوەکان و هێزە پاشڤەڕۆکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین پیلانێکی نێونەتەوەییان دژی ڕێبەر ئاپۆ دەستپێکرد و بەمەش ویستیان ڕێگری لە پەکەکە بکەن. بناغەیەک بۆ ئەم جۆرە پیلانگێڕییە نێونەتەوەییە هەیە کە ئەمڕۆ وەک گۆشەگیرییەکی ڕەها ئەنجام دەدرێت. بەڵام پەکەکە بە پشتبەستن بە پارادایمە نوێیەکەی ڕێبەر ئاپۆ، هێرشەکانی پووچەڵ کردەوە و تێکۆشانی ئازادی زیاتری پێشخست. بەم شێوەیە پەکەکە بووەتە کاریگەرترین هێزی ئایدیۆلۆژی و سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین. پەکەکە نەک هەر بۆتە سەرچاوەی هێز بۆ گەلی کورد، بەڵکو بە پارادایمی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک و ئازادیخوازی ژنان و فیکری نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەر بووەتە سەرچاوەی هێز بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان. ئەمڕۆ بە ئاسانی دەتوانین بڵێین پەکەکە نەک هەر کاریگەرترین هێزی ڕۆژهەڵاتی ناوینە، مەزنترین هێزی چارەسەریشە.

لە ڕێپێوانی ئازادیدا شان بە شانی ژنان دەوەستین

یەکێک لە پێشکەوتنەکانی هەرە گرنگەکانی پەکەکە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، بێگومان تێکۆشان بۆ ئازادیی ژن و ئەو بیرۆکە و پارادایمەیە کە بۆ ئەم مەبەستە پێشخراوە. ڕێبەر ئاپۆ بەهۆی باوەڕ و خۆشەویستی بۆ ژنان، پەکەکەی وەک تەڤگەرێژی ئازاد دامەزراند کە ژنان سەرلەنوێ خۆیان تێدا دەبیننەوە و ئازادی خۆیان بەدەست دەهێنن. ڕێبەر ئاپۆ وەک هەنگاوی دووەم، پارادایمی ئازادی ژنانی پەرەپێدا و سیستەمێکی ژیانی ئازادی پەرەپێدا کە ژنان تێیدا خۆیان دەئافرێنن و ئازادی خۆیان مسۆگەر دەکەن. ئەمڕۆ ئەم هۆشیارییە بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە و ژنانی جیهان بەم هۆشیارییەوە گوزارشت لە خۆیان دەکەن و خۆیان ئازاد دەکەن. ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی ئازاد. ئێمە پێمان وایە لە ڕۆژێکی لەو جۆرەدا کە وەک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە، داننان بە سەرچاوەی چەمکی “ژن، ژیان، ئازادی” مانادارترین و ڕاستترین هەڵوێست دەبێت. بە ئاسانی دەتوانین بڵێین دامەزراندنی پەکەکە و پێشکەوتنەکانی لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژی و چەوسانەوە و کۆمەڵکوژییەک لە دژی ژنان بووەتە یەکێک لە هەڵوێستە مانادارەکانی مێژوو. بەم بۆنەیەوە وەک تەڤگەرێک کە ژیانی ئازاد دەبەستینەوە بە ئازادی ژنانەوە، هەموو جۆرە توندوتیژی و چەوسانەوە و کۆمەڵکوژییەک دژی ژنان شەرمەزار دەکەین و ڕایدەگەیەنین لە ڕێپێوانی ئازادیدا شان بە شانی ژنان دەوەستین.

پەکەکە لە باخچەی مرۆڤایەتیدا ڕیشەی داکوتاوە

پەکەکە شوێنی خۆی لەنێو تێگەیشتن و دڵی گەلی کورد کردۆتەوە، بە کاریگەری لەسەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان، بە پاڵپشتییەکی گەورەی ژنان و هێزە گەورەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جڤاک لە باغی جڤاک و مرۆڤایەتیدا ڕەگی داکوتاقوە. ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر پەکەکە، ئایا پێیان وایە پەکەکە لاواز دەبێت یان نامێنێت، دوژمنی فاشیست و قڕکەرن کە ناتوانن لەم ڕاستییە تێبگەن. پەکەکە تەڤگەرێکی دەروونی و هێزێکی جڤاکی مەزنە. هەرگیز بە هێرشەکان لاواز نابێت و لەناو ناچێت. بە پێچەوانەوە هەموو ڕۆژێک لەڕێگەی فراوانکردنی تێکۆشانەکەیەوە زیاتر پێشدەکەوێت. لە ئەمڕۆ بەدواوە پەکەکە پێشکەوتنی نوێ دەئافرێنێت. “پارتی ڕۆمانێکی بێکۆتایە، گۆرانییە، شیعر و جوانییە”. بەم باوەڕ و هیوایەوە هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو ئەو کەسانە دەخوازین کە لە ساڵی ٤٦ی تێکۆشاندا بە فیکری پەکەکە بەرخۆدان دەکەن و باوەڕیان بە پەکەکەیە و خۆشیان دەوێت”.