١٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٣

کەجەکە: هێرشەکانی ئیسرائیل و فەلەستین کێشەکان قورستر دەکەن، دەبێت رابگیرێن

کەجەکە رایگەیاند، ئەو هێرشانەی لە ئیسرائیل و فەلەستین بوونە هۆی گیانلەدەستدانی بە هەزاران کەس دەبێت دەستبەجێ رابگیرێن و دەستنیسانی کرد کە هێندەی هێرشەکانی حەماس، مامەڵەکردن و هەڵسوکەوتی دەوڵەتی ئیسرائیلیش مایەی قەبوڵکردن نییە.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێووەبەری کەجەکە رایگەیاند، کە رووداوەکانی فەلەستین و ئیسرائیل دەریدەخەن کە مامەڵەکردنی نەتەوەی دیموکراتیکی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی چەندە گرنگە.

راگەیەندراوەکەی هاوسەرۆکایەتیەکە بەم جۆرەیە:

“لە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بەدواوە لە هێرشەکانی حەماس و هێرشەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلدا لە دژی فەلەستینیەکان بە تایبەتی هێرشەکان بۆ سەر غەززە بە هەزاران مرۆڤی ئیسرائیلی و فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا کۆمەڵکوژی روویدا. ئەو دۆخە جێگەی داخ و پەژارەبوو بۆ ئێمە. وەک بزوتنەوەی ئازادیی کورد، ئێمە سەرەخۆشی هەم لە گەلی عەرەبی فەلەستین و هەمیش لە گەلی یەهوودی ئیسرائیل دەکەن. ئێمە رایدەگەیەنین کە بە هۆی ئەو دۆخەوە زۆر خەمبار و نیگەرانین. ئەو سیناریۆیانەی کە لەبارەی پاشەڕۆژەوە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت و هەروەها ئەوانەی تائێستا کراون، زۆر جێگەی خەمبارین. ئەو هەڵوێستە هەڵەیە، کێشەکە قووڵتر دەکاتەوە و لە ئەنجامدا گەلان قڕ دەکات. بەر لە هەموو شتێک دەبێت بە زووترین کات دەست لەو هەڵوێستانە هەڵبگیرێت و هێرشەکان بوەستێندرێن.

وەک چۆن رێبازەکانی حەمس هەڵەن، هەڵوێستی دەوڵەتی ئیسرائیلیش مایەی قەبوڵ کردن نییە. دەبێت دەوڵەتی ئیسرائیل کۆتایی بە هێرش و گەمارۆکان لەسەر غەزە بهێنێت و بەهیچ جۆرێک توندوتیژی بەرامبەر گەلی فەلەستین ئەنجام نەدات.

رووداوەکانی فەلەستین و ئیسرائیل جارێکی دیکە گرنگی ڕێباز و مامەڵەی نەتەوەی دیموکراتیکیان نیشان دا کە ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەری کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەی پێدا. عەقڵیەتی ستاتیستی سەرچاوەی کێشەکانی کۆمەڵگا و مرۆڤایەتییە. هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ئەقڵیەتی دەوڵەتپارێزی لە کۆنەوە تا ئێستا، کێشەکانیش زیاتر بوون. هۆکاری ئەوەی کە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێندە زۆر و قووڵن، ئەوەیە کە دەوڵەت بۆ یەکەمجار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدایک بووە. ئەم ئەقڵیەتە دەوڵەتپارێزیە سەرچاوەی کێشەی مێژوویی عەرەبی-جوولەکەیە. لە لایەکی دیکەوە بە گواستنەوەی سیستەمی نەتەوە-دەوڵەت کە لە لایەن مۆدێرنیتە سەرمایەدارییەوە پەرەی پێدراوە، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشەکان زیاتر قووڵ بوونەتەوە. لە سەردەمی ئێمەدا هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کێشەی کوردیشەوە لە ئەقڵیەتی نەتەوە-دەوڵەتپارێزیەوە سەرچاوەدەگرن. ئەقڵیەتی نەتەوە-دەوڵەتپارێزی لە بناغەی کێشەی ئیسرائیل و فەلەستیندایە. هەموو کێشەکان بە تایبەت کێشەی کورد و کێشەی فەلەستین کە دوو کێشەی سەرەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، تەنیا بە تێپەڕاندنی ئەقڵیەتی نەتەوە-دەوڵەتپارێزیدا چارەسەر دەکرێن. تەنیا بەم شێوەیە دەتوانرێت ڕەوتی هەڵەی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاست بکرێتەوە.ئەگەر گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبدات، ئەگەر ڕەوتی ڕووداوەکان بگۆڕدرێن، ئەوە تەنیا بە زاڵبوون بەسەر ئەقڵیەتی نەتەوە-دەوڵەتپارێزی، بە بەرەوپێشبردنی سیستەمی نەتەوەیی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ کە لەسەر بنەمای پێکەوەژیان، یەکسانی و هاوبەش مسۆگەر دەبێت. لەسەر ئەم بنەمایە کێشەکانی گەلانی کورد و فەلەستین بە رێگەی دیموکراتیک چارەسەر دەبن. راستی کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم رێکارە پشتڕاست دەکاتەوە کە ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پەرەی پێداوە و پێویستی دەستەبجێ کارکردن بەو رێبازە ئاشکرا دەکات. وەک زۆرجار دەوترێت کێشەکان بە دامەزراندنی دەوڵەتی زیاتر چارەسەر نابن. بە پێچەوانەوە کێشەکان بە بەهێزکردنی کۆمەڵگا و پەرەپێدانی دیموکراسی و پەرەپێدانی ژیانی نەتەوەی دیموکراتیک لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەری ئازاد، یەکسان، دیموکراتیک و ئیرادەی گەلان چارەسەر دەکرێن. بەم شێوەیە دەتوانرێت کێشەکانی هەم گەلی یەهوودی و هەم گەلی فەلەستین چارەسەر بکرێن. لە قودس کە لە لای سێ ئایین بە پیرۆز دادەنرێت و لە جوگرافیا دێرینەکانی فەلەستین و ئیسرائیل، باشتر وایە بە ئازادی و ئاشتیانە، بە پێی ئەم مۆدێلە بژین. جگە لەمەش، ئەو مۆدێلە نەتەوە-دەوڵەتپارێزیانە کە بەکاردەهێنرێن، بە ناچاری دەبنە هۆی شەڕ و یەکتر لەناوبردن. ئەم دۆخە بە باشترین شێوە لە راستی عەرەب – یەهوودیەکاندا خۆی دەردەخات. تاکە میتۆدێک کە کۆتایی بە دژیەکی و ماڵوێرانیە دەهێنێت، مۆدێل و ڕێبازی نەتەوەی دیموکراتیکە.

ئێمە لە گەڵ دۆزی رەوای گەلی فەلەستینداین

دۆزی فەلەستین رەوایە و هیج شتێک ناتوانێت رەوایەتیەکەی لەناو ببات. وەک بزوتنەوەی ئازادی کورد ئێمە هەموو کات لەگەڵ دۆزی رەوای فەلەستینداین. چارەسەرکردنی پرسی فەلەستینیش وەک پرسی کورد، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرەوپێشبردنی بە دیموکراتیکبوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە. دەبێت دەوڵەتی ئیسرائیل راستی ببینێت و بەر لە هەموو شتێک دان بە هەبوون و ئیرادەی دیموکراتیکی گەلی فەلەستیندا بنێت. چارەسەری پرسی فەلەستین بۆ هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی بۆ ئەوەی گەلی یەهوودی لەناو ئازادی، ئارامی و ئاشتیدا بژین مەرجێکی بنچینەییە. لەلایەکی دیکەوە مامەڵەیەکی راست و شکۆمەندانە بەرامبەر تراژیدیا مێژووییەکان و جینۆسایدەکانی سەر گەلی یەهوودی لەئارادایە. بە بێ چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین، گەلی یەهوودیش ناتوانێت ببێتە خاوەنی ویژدانێکی پاک و ئەو ئەو رەفتار و مامەڵەکردنەی رووبەڕووی خۆی بووەتەوە شەرمەزار بکات و بە تەواوەتی لەناوببات.

لەو بڕوایەداین کە گەلی یەهوودی خاوەن زانایی، ئەقڵیەت و ئیرادەیە. گەلی یەهوودی یەک لە گەلانی کۆنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە لە بونیادنانی کولتور و کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیدا خاون پێگەیەکی گرنگە. وەک کورد، عەرەب، فارس، تورک، ئارامی و هتد. وەک گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەلی یەهودیش مافی ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو جوگرافیایەی کە لە مێژوودا تێیدا ژیاون، بژیت.