١٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٣

کەجەکە: ئێمە کۆمەڵکوژی دەوڵەتی ئیسرائیل بە توندی شەرمەزار دەکەین!

کەجەکە هێرشی دەوڵەتی ئیسرئیل بۆسەر نەخۆشخانەیەکی غەزەی شەرمەزار کرد و رایگەیاند: “ئەو هێرشەی دەوڵەتی ئیسرائیل هێرشێکی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدە. ئەو کۆمەڵکوژیە بە توندی شەرمەزار دەکەین. ئەو رووداوە پڕئازارەی بەسەر فەلەستینیەکاندا هات، مایەی خەم و پەژارەمانە”.

راگەیەندراوەکەی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەم جۆرەیە:

“دەوڵەتی ئیسرائیل دوێنێ لە غەزە هێرشێک ئاسمانی کردە سەر نەخۆشخانەیەک و بە هۆیەوە بەداخەوە سەدان مرۆڤ ژیانیان لەدەستدا. ئەو هێرشەی کە دەوڵەتی ئیسرائیل ئەنجامیداوە، هێرشێکی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدە. ئێمە ئەو هێرشە بە توندی شەرمەزار دەکەین. ئەو رووداوە پڕ ئێش و دژوارەت بەسەر گەلی فەلەستیندا هاتووە، بۆ ئێمە ئازاربەخشە و مایەی خەم و پەژارەمانە. بەتایبەتی خەڵکی غەزە، سەرەخۆشی لە تەواوی گەلی فەلەستین دەکەین. جارێکی دیکە پشتیوانی خۆمان بۆ گەلی فەلەستین و دۆزی رەوای ئەوان دووبارە دەکەینەوە. تێکۆشانی گەلان لە دژی ستەم بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێت و لێپرسینەوە لە سەرجەم کۆمەڵکوژییەکان دەکەن.

بەداخەوە ئەو هێرشەی دەوڵەتی ئیسرائیل بە بەر چاوی تەواوی جیهانەوە ئەنجام دەدرێت. دەوڵەت و هێزە هەژموونخوازەکان نەک بۆ چارەسەری پرسی فەلەستین، بەڵکوو بە گوێرەی بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی خۆیان دەجوڵێنەوە. بە چ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ گەلی کورد دەکەن، بە هەمان جۆریش مامەڵە لەگەڵ گەلی فەلەستین دەکەن. هیچ هێزێکی هەژمونخواز و دەوڵەتان نایانەوێت پرسی فەلەستین بە شێوەیەکی سیاسی چارەسەر بکرێت و لایەنگری ژیانی هاوبەشی دیموکراتیک و یەکسانی گەلانی عەرەب و یەهوودی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نین. لەو پێناوەدا هەوڵ نادەن و تێناکۆشن. پرسی ئیسرائیل-فەلەستین و دۆخی هەنووکەیی لە پێناو سیاسەتی خۆیان بەکاردەهێنن. سەبارەت بە سیاسەتی قڕکردن لەسەر فەلستین، هێندەی دەوڵەتی ئیسرائیل ئەو هێزانەش بەرپرسیار و تاوانبارن. هەر یەک خۆیان وەک لایەنی یەکێکیان نیشان دەدەن، کە ئەوەش هەڵوێستێکی فریوکارانەیە. یەک لەوانەی زیاتر ئەوە دەکات دەوڵەتی تورکە. مەراق، هەوڵەکان و کاری دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە نەک بۆ چارەسەری کێشەی فەلستینە، بەڵکوو ئامانجی ئەوەیە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەر بە دروستبوونی هەرجۆرە هاوسەنگییەک بگرەێت بۆ ئەوەی سیاسەتەکانی پەیوەست بە کۆمەڵکوژکردنی کورد نەخاتە مەترسیەوە. بە تەواوەتی بۆ ئەو ئامانجە تێدەکۆشێت.

دەبێت گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان بەو ڕەفتارە بزانن و بە پشتیوانییان بۆ گەلی فەلەستین باشتر تێکۆشان بکەن و گوڕ بە تێکۆشان بدەن. زۆر گرنگە گەلانی عەرەب و یەھودی، درک بەو مامەڵە و ڕەفتارەی دەوڵەتەکان بکەن و لە تێکۆشانی پشتیوانی و ڕزگاری ھاوبەشدا بەشدار بن. دەبێت گەلی کوردیش زیاتر پشتیوانی خۆی بۆ گەلی فەلەستین نیشان بدات و بەو ھەڵوێستی پشتیوانییەوە درێژە بە تێکۆشانی بدات. تاکە ڕێگە چارەسەری ڕاستەقینەی کێشە و پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیرکردنەوە و مامەڵەی نەتەوەی دیموکراتیکە کە ڕێبەر ئاپۆ خستوویەتیەڕوو. ئەوەی کە ئەو چارەسەرییەش بەدی دەھێنێت تێکۆشانی ھاوبەشی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت گەلی کورد، عەرەب و یەھودییە.

بەناوی بزوتنەوەی ئازادیی کوردەوە، جارێکی دیکە بە توندی ئەو کۆمەڵکوژییە شەرمەزار دەکەین، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی گەلی فەلەستین دەکەین، هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. دەبێت گەل بە تێکۆشانی خۆی لە دژی ئەو هێرشانە بوەستێتەوە، دەوڵەتانیش واز لە هەڵوێستی دووڕوویی خۆیان بهێنن و هەوڵەکانیان بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە و چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین بخەنەگەڕ.