٢٧ تشرینی یەکەم ٢٠٢٣

کەجەکە لەپێناو سەرلەنوێ گفتوگۆ و دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی کورد و تورک بانگەوازی راگەیاند

کەجەکە بەبۆنەی ١٠٠ەمین ساڵەی کۆمار راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “ئێمە داوا دەکەین کە پەیوەندییەکانی کورد-تورک سەرلەنوێ گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت و دەستپێبکرێنەوە. لەسەر ئەو بنەمایە هاوپەیمانی دیموکراتیکی گەلان بخوڵقێندرێت”.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، “١٠٠ ساڵ بە سەر دامەزراندنی کۆماردا تێپەڕبوو. ئێستا لە تورکیا گفتوگۆی ئەوە لەئارادایە کە دووەم سەد ساڵی کۆمار بە چ شێوەیەک دەبێت. ئێمە بە گرنگی دەزانین کە قۆناغی ١٠٠ ساڵەی رابردووی کۆمار بە شێوەیەکی دروست گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت. بونیادنانی سەد ساڵی نوێ بە شێوەیەکی راست گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، بە گفتوگۆیەکی راست، بە وەرگرتنی وانە و پەند لە مێژوو و دووبارەنەکردنەوەی هەڵەکان، ئەمە دەستەبەر دەبێت. تا ئەوە نەکرێت، ئەستەمە کە گفتوگۆیەکی راستی مێژوویی و پلاندانان بۆ داهتوو بگاتە ئەنجام. بەتایبەتی کاتێک بابەتەکە تورکیا دەبێت، بە بێ کوردان، بە بێ لەبەر چاوگرتنی کورد هیچ گفتوگۆیەک راست و ئەنجامگر نابێت. ئەوەش جگە لە خستنەڕووی پێشوو هیچ واتایەکی دیکە هەڵناگرێت، کە شایەنی گفتوگۆ نییە. کورد راستیەکی ئەم جوگرافیایەیە. هەم لە دامەزراندنی کۆماردا هەمیش لە ماوەکانی بەر لەوەدا کۆڵەکەی سەرەکی بەڕێوەبەرایەتی و سیاسی بوون. هەربۆیە گفتوگۆی راست لە سەر قۆناغی مێژوویی، بەتایبەتیش گفتوگۆ لەسەر ماوەی کۆمار، تەنیا لە سەر بنەمای پەیوەندی کورد- تورک مسۆگەر دەبێت. گفتوگۆ لەسەر کۆمار بەدەر لە پەیوەندییەکانی کورد-تورک بە دڵنیاییەوە کەموکورت، هەڵە و مەترسیە”.

کەجەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەداخەوە لەگەڵ دامەزراندنی کۆماردا پەیوەندییە مێژووییەکانی کورد و تورک تێکچوون. ئەمەش بۆ کورد و تورک و هەموو کەشێک بووەتە مایەی قوربانیدانی قورس، ئازار، زیان و ماڵوێرانییەکی زۆر”، بەم جۆرە درێژەی پێداوە: “هەموو ئەو دۆخ و رووداوە نەرێنییانەی کە لەگەڵ قۆناغی کۆماریدا وەک ئەنجامێکی ئەم ماڵوێرانیەی هاتنە ئاراوە، بەداخەوە بەو پێیەی تا ئەمڕۆ ئەم راستیە نەبینراوە و پشتگوێ خراوە، هیچ کام لەو رووداوە نەرێنییانەی کۆتاییان پێنەهێنراوە. بۆیە لەگەڵ تەواوبوونی سەدساڵەی کۆماردا، پێویستە کاری لەپێشینە و سەرەکی بینین و لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە بێت. بە دڵنیاییەوە ئەمە بنچینەییترین پرسە کە پێویستە لە تورکیادا بە شێوەیەکی دروست هەڵبسەنگێندرێت. گفتوگۆیەکی دروست و سەرراستکردنەوە بەم شێوەیە دەستەبەر دەبێت. کاتێک وەڵامی دروست بۆ تێکچوونی پەیوەندییە مێژووییەکانی کورد و تورک بدرێتەوە، کە لە دامەزراندنی کۆمارەوە دەستیپێکردووە و ئەو هەڵەیە ڕاستبکرێتەوە، ئەوا دەتوانرێت رەوت و ئاراستەی هەڵەی مێژوو ڕاستبکرێتەوە و هەموو تایبەتمەندیە ئەرێنیەکان بە تایبەتی دیموکراسی کە لە کۆمار چاوەڕێ دەکرێتم بۆی بگەڕێنرێتەوە و جێبەجێ بکرێت”.

لە درێژەی راگەیەندراوەکەی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکەدا هاتووە:

” پەیوەندییەکانی کورد- تورک لەگەڵ هاتنی تورکەکان بە گروپ-کۆمەڵ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت بۆ کوردستان دەستی پێکرد. ئەم پەیوەندییە کە لەگەڵ شەڕی مەلازگرت لە ساڵی ١٠٧١دا گەیشتە ئاستێکی ستراتیژی، بە درێژایی مێژوو بە شێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەچوو. لەم قۆناغەدا کورد- تورک وەک دوو کۆڵەکەی سەرەکی، ئاگاداری گرنگی یەکتری بوون و پێکەوە دەجوڵانەوە و پێکەوە دەژیان. ئەوان بە یەکگرتوویی و هاوپەمانی قۆناغە هەستیارە مێژوویەکانیان تێپەڕاند. بێ گومان بنەمای ئەم سەرکەوتنە یەکتر قبوڵکردن و کۆبوونەوە بە دەوری ئامانجە هاوبەشەکانبوو. مێژوو هەرگیز شاهیدی ئەوە نەبووە کە کورد و تورک دژی یەکتر مامەڵە بکەن. کێشە و ناکۆکییەکان بە تێگەیشتن لە ئامانجی هاوبەش و داهاتووی هاوبەش چارەسەر کران، هاوپەیمانی ستراتیژی پارێزگاری لێکراو و درێژەی پێدرا. کێشەی نیشتەجێبوونی ئەو پێکهاتە تورکانەی کە زێدی خۆیان بەجێهێشتبوو و کۆچیان کردبوو، بەم شێوەیە چارەسەر کرا. ئەم کێشەیە بە شکاندنی هەژموونی شارستانیەتی بیزەنتی کە دەسەڵاتی ئیمپراتۆری باڵادەستی ئەو سەردەمە بوو لە ئەنادۆڵ و کوردستان چارەسەر کرا. لە ئەنجامی ئەم پەیوەندی و هاوپەیمانێتییە تورکەکان بۆ هەمیشەیی لە کوردستان نیشتەجێ نەبوون. لەگەڵ لەناوچوونی باڵادەستی بیزەنتی، پێکهاتەکانی تورک ڕوویان کردە رۆژئاوا و لە ئەنادۆڵ نیشتەجێ بوون. ئەمە دۆخێکە کە پێویستە بەگرنگی راوەستەی سەر بکرێت و وانەی لێ وەربگیرێت. ئەگەر مێژوو بابەتێک بێت کە دەرەنجامەکانی لێ وەربگیرێت، لە ڕووی بنچینەی پەیوەندییەکانی کورد و تورک، نموونەیەکی فێرکاریتر لەمە بوونی نییە.

پەیوەندی و هاوپەیمانی سەرەتایی کورد – تورک کە بە نیشتەجێبوونی تورکەکان لە ئەنادۆڵ گەیشتە ئەنجام، لە قۆناغەکانی دواتردا بەردەوام رووی لە گەشە کرد. لە بەرامبەر هێرش و لەشکرکێشییەکانی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا، کە لە مێژوودا بە شەڕی خاچپەرستان ناسراون، کە لەسەر بنەمای باڵادەستی و هەژموونی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دامەزرابوون، پەیوەندی و هاوپەیمانی کورد -تورک ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو. ئەیوبییەکان وەک بەشێک لەو پەیوەندی و هاوپەیمانییە سەریان هەڵدا و ڕۆڵێکی مێژوویی گرنگیان بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێگەیاند. ئەم پەیوەندییە لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عوسمانی زیاتر بەرەوپێشچوو. ئەم پەیوەندییە کە بە تایبەتی لە سەردەمی سوڵتانی عوسمانی سەلیمی یەکەمدا بەهێزتر بوو، ڕێڕەو و ئاراستەی مێژووی دیاری کرد. لە سەدەی ١٦دا مەترسی ئیمپراتۆریەتی ئێران و میسر لە کوردستان و ئەنادۆڵ سەریهەڵدا. ئەم دوو مەترسییە گەورەیە بەم هاوپەیمانییە پوچەڵکرانەوە. زاڵبوون بەسەر ئەم دوو مەترسییە بۆ هەردوو گەل لەئاستی مێژوویی و ژیانیدا گرنگی هەبوو. دوای ئەم پڕۆسەیە ئەو پێکهاتە تورکانەی کە زێدی خۆیان بەجێهێشت و کۆچیان کرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەنادۆڵ نیشتەجێ بوون و بە بێکاریگەرکردنی ئەو هێزانەی مەترسیبوون بۆ سەریان، کێشەی هەبوونی تێپەڕاند. هەموو ئەمانەش لە سایەی ئەو پەیوەندی و هاوپەیمانییەی لەگەڵ کورد پەرەی سەندبوو، هاتنە ئاراوە. بەهەمان شێوەش لە سایەی ئەم پەیوەندی و هاوپەیمانییەدا، کورد خۆبەڕێوەبەری خۆی پاراستووە و توانیویەتی پەرە بە زمان و وێژە و کولتووری خۆی بدات و هەبوونی خۆی درێژە پێبدات.

وەک دەبینرێت، لە پەیوەندییە مێژووییەکانی کورد-تورکدا هەوڵدان بۆ باڵادەستی و داگیرکاری دژی یەکتر بوونی نییە. دۆخێکی لەو جۆرە بوونی هەیە کە یەکتر دەناسن و ڕێز لە یەکتر دەگرن. لە سەردەمی عوسمانیدا ئەو خۆبەڕێوەبەرییە بەرفراوانەی کە بۆ ڕێکخستنی کارگێڕی لە کوردستان دانپێدانرا، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە. خۆبەڕێوەبەرییەکی لەو جۆرە بە ناوچەکانی دیکە نەدراوە. ھەربۆیە ئەو پەیوەندییە سەدان ساڵ بەردەوام بووە. ڕێبەر ئاپۆ چوونکە ئەوە زۆر بە گرنگ دەزانێت، بەرەوپێشچوونی مێژوویی پەیوەندییەکانی کورد- تورک و بناغەکانی، لەو چوارچێوەیەدا بە شێوەیەکی بەرفراوان ھەڵسەنگاند و ڕایگەیاند، دەبێت ئەو پەیوەندییە بە گوێرەی ھەلومەرجی ھەنوکە نوێ بکرێتەوە.

یەکێک لە خاڵە مێژووییە یەکلاکەرەوەکانی پەیوەندییەکانی نێوان کورد-تورک، قۆناغی دوای جەنگی جیهانی یەکەم بوو. سیاسەتەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاریگەری خراپی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان کورد-تورک هەبوو. لەگەڵ دەستپێکردنی سەدەی بیستەم، پەیوەندی و هاوسەنگی مێژوویی نێوان ئەو دوو گەلە تێکچوو. دوای جەنگی جیهانی یەکەم، هاتنی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی بەریتانیا و فەڕەنسا، هەڕەشەیەکی نوێیان لەگەڵ خۆیاندا هێنا. جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەنادۆڵ و کوردستانیشەوە لەلایەن هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە داگیرکرا. ئەو دۆخە ھەبوونی تورکەکان و هەروەها خۆبەڕێوەبەری کوردانی خستە مەترسییەوە. هەلومەرجەکە جارێکی تر کورد و تورکی ناچارکرد، هاوپەیمانییەکی مێژوویی پێکبهێنن. کاراکتەرەکانی ئەو سەردەمەش ئاگاداری ئەو پێویستییە بوون و بەو پێیە کەوتنە جموجۆڵەوە، بە هەنگاوێکی لەو شێوەیەش سەرکەوتنێکی مێژووییان مسۆگەر کرد. قۆناغی بەرەو کۆمار لەسەر بنچینەی ئەو هاوپەیمانییە مێژووییە بوو. لە بناغەی ئەو ھاوپیمانییەدا ژیانێکی یەکسان و پێکەوەیی کورد و تورک وەک کۆڵەکە سەرەکییەکانی دەوڵەتی نوێ دادەنران.

لەم قۆناغەدا کوردستان بوو بە ناوەندێکی گرنگ. مستەفا کەمال خۆی دەچێتە کوردستان و بەشداری ئەو کۆبوونەوانە دەکات کە لەوێ بەڕێوە دەچوون. ئیرادە و بڕیاری پێکەوە هەنگاونان لە دژی دوژمنی هاوبەش لەم کۆبوونەوانەدا دەرچوون. لەم دیدارە و کۆبوونەوەکانی دواتردا بڕیار درا کە دان بە مافەکانی کورددا بنرێت و کورد خۆبەڕێوەبەری هەبێت و کورد و تورک وەک دوو گەلی یەکسان بە هاوبەشی دەوڵەت بەڕێبەببەن. ئەم هەڵوێستە لە دەستووری هەمیشەیی ساڵی ١٩٢١شدا ڕەنگدانەوەی هەبوو. ئەو کوردانەی بەشداریان لە یەکەم پەرلەماندا کرد، وەک نوێنەری کوردستان ئامادەبوون و بەو جۆرە بانگهێشت کرابوون. لەم پرۆسەیەدا قەدەغەکردنی کورد نەبوو. مستەفا کەمال خۆی لە چەند لێدوان و راگەیەندراودا ئاماژەی بە خۆبەڕێوەبەری کورد کردووە و جەختی لە گرنگی بەدیهێنانی ئەمە کردووەتەوە. پەیوەندییە مێژووییە درزتێکەوتووەکانی کورد-تورک بەم بەڵێنانە سەرڕاست کرانەوە و ئەم قۆناغە هەستیارەی مێژوو بە سەرکەوتوویی تێپەڕێنرا. ئەم قۆناغە کە بە شەڕی رزگاری یان سەربەخۆیی لە تورکیا ناودەبرێت، پشت بەو جۆرە بناغە مێژووییانە و ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ کورد دەبەستێت. ڕزگاری و سەربەخۆیی لە داگیرکاری لە سایەی تێکۆشانی هاوبەش هاتەدی.

بەڵام قۆناغی دواتر بەو شێوەیە نەبوو کە دیاریکرابوو. دوای ڕەوینەوەی مەترسییەکان، ئەو بەڵێنانەی بە کورد درابوون جێبەجێنەکران و لەبری وڵات و دەوڵەتێکی هاوبەش، نەتەوە دەوڵەتێک لەسەر بنەمای تورکایەتی دامەزرا. لەگەڵ واژۆکردنی پەیمانی لۆزان لەگەڵ هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، کوردستان بەسەر چوار بەشدا دابەش بوو. نەک هەر کوردستان دابەشکرا، بەڵکو سڕینە و نکۆڵی بەسەر کورددا سەپێندرا. لە دەستووری ساڵی ١٩٢٤دا کورد نکۆڵی لێکرا و مۆدێلی نەتەوە دەوڵەتێک کە پشت بە مێشکی تاکپەرست دەبەستێت، بە بنەما گیرا. بە دەستووری هەمیشەیی ساڵی ١٩٢٤ لە لایەک پەیوەندی کورد- تورک لەناوبرا و لە لایەکی تریشەوە پڕۆژەی کۆمار پوچەڵکرایەوە. بەم شێوەیە ئەو بوار و زەمینەیەی کە چارەنووسی تورکیا، کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕی و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەژموونی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دوور دەخستەوە و پەرەی بە هێڵێکی دیموکراسی دەدات، لەباربرا. لەم قۆناغەوە پلانەکانی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە. گەلی کورد، گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو هۆیەوە زیانیان بەرکەوت. ئەم دۆخە دەریدەخات کە لە بری مامەڵەیەکی ستراتیژی، مامەڵەیەکی تاکتیکی لەگەڵ پەویەندی کورد- تورک کراوە. بەهۆی هەلومەرجی جەنگی جیهانیی یەکەم دژواری و سەختیەکانی دوای ئە شەڕە، لە ناچارییەوە پەیوەندی لەگەڵ کورد دانرا، بەڵام دوای رەوینەوە و کۆتاییهاتنی مەترسییەکان درێژە بەو پەیوەندییانە نەدرا. کاتێک ئەم پەیوەندییە کۆتایی هات، سیاسەتە ئیمپریالیستییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زاڵ بوون و تا ئەمڕۆش بەم جۆرە بەردەوام بوون.

بێگومان لەم قۆناغەدا ئەوەی زیانی زۆرتری بینی کورد بوون. کوردستان پارچەکرا و بۆ گەلی کورد سەردەمێکی پڕ لەئکی پڕ لەئازار دەستی پێکرد. ئەمە سەردەمی قڕکردنی کوردانە. دەوڵەت نەتەوەکانی سەر کوردستان، لە دژی کوردان سیاسەتی کۆمەڵکوژیان بەڕێوەبرد. بەداخەوە دەوڵەتی تورک کە بەڵێنی بە کوردان دابوو و بەپشتگیری کوردان هاتە سەرکار، بووە دوژمی سەرەکی کۆمەڵکوژکردنی کوردان. کوردستان وەک هەرێمی بڵاوبوونەوەی نەتەوەی تورک دەست نیشانکرا و بەناوی کوردبوونەوە هەموو شتێک قەدەغەکرا. سەردەمێک بۆ بنیاتنانی دەوڵەت نەتەوە کە بەناوی کۆمارەوە پێناسە دەکرێت، بەگشتی لە سەر بنەمای کۆمەڵکوژی کوردان دەستی پێکرد. کردەوەی دەوڵەت نەتەوەکانی عێراق، سوریە و ئێرانیان بەهەمان شێوە بوون. کاتێکە ئەوان دەسەڵاتیان کەمیکرد، دەوڵەتی تورک دەستی پێکرد و ڕێگری لەو هەوڵدانانە کرد کە مەترسیان لەسەر سیاسەتی کۆمەڵکوژی کوردان هەیە. لەکۆتایی ئارمانجی بنیاتنانی دەوڵەت نەتەوەدا ویستیان گەلی کورد کەیەکێک گەلانی کۆنی مێژووە و پێشەنگایەتی لە بنیاتنانی کۆماڵگای مرۆڤایەتی بووە و لە خۆڵقاندی زمان،کەلتوور و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بووە و خاون ڕەنجێکی گەورەیە؛ گەلێکی کۆنی سەردەمی شارستانییەتی دیمۆکراتیکی، تۆرۆس، زاگرۆس، مێزوپۆتامیایە لەناوی ببەن. بەداخەوە ئێمە باش دەزانین لە کۆتایی بنیاتنانی دەوڵەت نەتەوەدا هەم لە ئاناتۆلی، لە مێزوپۆتامیا هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان گەل و کۆمەڵگا کۆمەڵکوژ کران. کوردیش ڕووبەڕووی ئەم کۆمەڵکوژییە بووەوە وهەتا ئێستایش بەردەوامە. لەم ناوەدا ناڕەزایەتی گەلی کورد ڕووبەرووی کۆمەڵکوژی و خنکاندنێکی گەورە بووەوە. بەوتنی ‘کورد ڕادەپەڕن’ کوردستانیان کردە گۆمی خوێن. هەموو دەشت و دۆڵی کوردستانیان کردە ناوەندی کومەڵکوژی. لەئامەد، لە دێرسیم، لە چەمی زیلان بەسەدان هەزاری کوردیان لەشار، گوند، چەم و ئەشکەوت و کۆمەڵکوژ کرد. هەڵەبجە و ئەنفال ئەنجامدرا. یاسای تونجەلی، پلانەکانی شەرق ئیسلاحەت جێبەجێ کران. دەیانویست بە ڕێگەی سیاسەتی ئاسمیلەکردن و کۆمەڵکوژی کوردایەتی و کولتوری کورد لەناوببەن. کۆچی زۆرەملێ بەسەر گەلی کورددا سەپێنرا و لەماڵ وحاڵی خۆی دەربەدەر کرا. لە هەموو ڕوویەکەوە سوکایەتی پێکرا. لە کوردستان نەک هەر سیاسەتی قڕکردنی کولتووری، بەڵکو سیاسەتی قڕکردنی ئابووریش ئەنجامدرا. کورد وەک هێزێکی هەرزان بەکارهێنرا و ژێرخانی سەر و ژێری جوگرافیای کوردستان تاڵان کرا. قسەکردن بە زمانی دایکی، خوێندن لە کوردستان قەدەغە کرا. ئەم قەدەغەکردنە هێشتا بەردەوامە. ئایا شتێک لە قەدەغەکردنی زمان شەرمەزارتر هەیە؟ ناڕەواترین کردەوەی شەرمەزاریان لە مێژووی کورددا بە ڕەوا زانیوە. ئایا دەکرێت مێشکی ئەو دەوڵەت نەتەوەیەی کە هەموو ئەمانەی ئەنجامداوە بە دروستی ببینرێت؟ ئایا دەکرێ کۆمارێک کە بووەتە هۆی هەموو ڕووداوانە ڕاست و بێ تاوان سەیر بکرێت؟

تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و تورک چەندە زیانی بۆ کورد هەبوو، ئەوەنەش زیانی بە گەلی تورک گەیاند. جگە لە بەرژەوەندی گروپێک، هیچ کام لەو ئامانجانەی کە لە دەوڵەتی نوێ و کۆماری نوێ چاوەڕوان دەکرا، بەدی نەهات. تورککردن و نەتەوە پەرستی جگە لە ئامرازێکی دەسەڵات، هیچ مانایەکی جیاوازی نەبوو. بە هەستی تورک بوون و نەتەوە پەرستی گەلی تورک هەمیشە پالیان پێوەنراوە. کۆمەڵگا بە دوژمنایەتی بەرامبەر بە کورد ژەهراوی کرا. بەمەش ڕێگە بە گەل نەدرا کە داوای مافە دیمۆکراتیکەکانیان بکەن. وایان لە تاکی تورک کرد کە جگە لە پڕکردنی سکی بیر لە هیچ شتێکی تر نەکاتەوە. کۆمەڵگا دەرفەتی ئەوەی پێنەدرا کە قسە لەسەر داهاتووی خۆی بکات. لە سیاسەت و بیرۆکراسیدا میکانیزمی دەوڵەت دەستی بەسەردا گیرا و گروپێک دروست کرا کە کۆمەڵگای بەڕێوە دەبرد. بەم شیوەیە گروپ و خاوەن سەرمایە کۆمەڵایەتییەکانیان تالان کرد. گەلی زەحمەتکێش کە ڕووبەرووی برسیەتی کرابوو، پەنایان برد بۆ ناوەندەکانی مۆدێرنیتە سەرمایەداری. کۆمەڵگاکە ڕادەستی تەریقەت، ئاغا و بازرگانەکان کرا. لەگەڵ دەوڵەت و کۆماری نوێ، نەک تەنیا پێشکەوتن و گەشەکردن دروست نەبوو، بەلکو بوون بە هۆکاری ئەوەی کە تورکیا زیاتر لە جاران دوابکەوێت. ئەوانەی کە دەوڵەتیان بەڕێوە دەبرد هیچ بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتییان نەبووە. لەگەل هەموو جۆرە هێزێکی داگیرکەر و دواکەوتوو پەیمانیان دەبەست. ئەو کۆمارەی کە بە پێوەندیەکانی لەگەڵ کورد و تێکۆشان دژ به سیاسەتی هێزە کاپیتالیستەکان و ئیمپریالیستەکان له تورکیا و کوردستان و ڕۆژهه ڵاتی ناوەڕاست دامەزرا، ڕەفتارێکی تەواو پێچەوانەی نواند. کوشتنی کورد وەک سیاسەتێکی بناغەیی قبوڵ کرا و هەموو جۆرە پەیمانێکیان دژ بە کۆمەڵگا لەگەل هێزەکانی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست ئیمزاکرد. بۆ ئەوەی درێژە بدات بە سیاسەتی کوشتنی کورد، پێویستی بە پشتیوانی هێزی دەرەکی هەبوو. بۆ ئەوەی ئەم پشتیوانییە وەربگرێت هیچ ئیمتیازێک نەما کە نەیدات بە هێزە دەرەکییەکان. دوژمنایەتی بەرامبەر بە کورد دەولەتی بێ بنەما کرد. لە لایەکی ترەوە سیستەمی دەوڵەت کە پشت دەبەستێت بە دوژمنایەتی بەرامبەر بە کورد و کوشتنی کورد وەک بوومەرەنگ هەڵگەڕایەوە لە خاوەنەکەی و لێیدا. بەدەستهێنانی دەوڵەت و بەڕێوەبردنی تەنها لە ڕێگەی شەڕەوە بوو. شەڕی بەدەستهێنان و بەڕێوەبردنی دەوڵەت هێچ جیاوازییەکی لەگەل سەردەمی خانەدانەکان نەبوو. جێبەجێکردن و کردارەکانی لەهی ئەو سەردەمە زیاتر بوو. کودەتا، فیتنە، خیانەت، ئخباری، ئینفاز و کۆمەڵکوژی بێشۆمار کۆتایی نەهات. کاتێک کە مرۆڤ سەرنج دەخاتە سەر ئاکەپە-مەهەپە، لەم دۆخەی ئێستا تێدەگات. دەسەلاتداری ئاکەپە – مەهەپە نەک تەنها دژی گەلی کورد، بەڵکو لە بەرامبەر هەموو بەشێکی کۆمەڵگا و هەموو تاکێک لەم کۆمەڵگیەدا شەڕ دەکات. هەم کۆمەڵگا و هەم دەوڵەت بەتەواوی ڕویان کردۆتە تەریقەت، مافیایی و بازرگانی. بێگومان هەموو ئەمانە بە دۆژمنایەتی کردنی کورد دەکرێت و بەم شێوەیە ڕەوا دەکرێت .

لەگەڵ تێکچوونی پێوەندییەکانی نێوان کورد و تورک، نەک تەنیا پێوەندییەکانی نێوان کورد و تورک، بەڵکو پێوەندییەکانی عەرەب، ئەرمەنی، ڕۆمانی، فارس، جوولەکە، سریانی و هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکچووە. لەو پڕۆسە مێژووییە دا، تیکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و تورک، ململانێ و دۆژمنایەتی نێوانیان، بووە هۆی ئەوەی کە سیاسەتی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست و ئیمپریالیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زاڵ بێت. گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پارچەکراون، بە ئەقلیەتی نەتەوە پەرستی گەلانی ناوچەکە کراون بە دۆژمنی یک. تەنیا هێزەکانی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست سودیان لەم دۆخە بینیوە. کوشتن و جینۆسایدی فەلەستینییەکان کە لە کارنامەی جیهاندایە، هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەل ئەم پرۆسە کۆمەڵکوژییەی کە لە کوردستان بەڕیوە دەچێت. ئەگەر لەدوای دامەزراندنی کۆمار پەیوەندییەکە بەردەوام بوایە، ئەوا ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاوازتر دەبوون. سیاسەتی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست کە گەلی ژهراوی کردووە بە دەوڵەت-نەتەوە و نەتەوە پەرستی و هەمووانی بە خۆیانەوە بەستووە، نەدەبوو بە سەروەر و ڕێگەی بۆ دیموکراتیکبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆش دەکرد.

پەکەکە تەڤگەرێکی سەرهەلدان، تێکۆشان و ڕزگاریخوازانەیە کە گەلی کورد لە دژی سیاسەتی ئینکار، قەتل و کوشتن دەستی پێکردووە. واتە دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندی نێوان کورد و تورک. بەم شێوەیە سەرەتایەکی مێژوویی زۆر گرنگە. پەکەکە سەرلە نوێ کوردی زیندوو کردەوە، زانست، ئیرادە و تێکۆشەری پێبەخشی تا بتوانێت بە ڕۆڵی مێژوویی خۆی هەستێتەوە و هەنگاو بەرەو پێشەوە هەل بێنێت. ئەمە نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو خزمەتێکە بۆ گەلی تورک و بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گرنگە کە لە تورکیا هەمووان ئەم شتە بە باشی ببینن و لێی تێبگەن. کودەتا سەربازییەکەی ١٢ی ئەیلول هەنگاوێک بوو بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە پەیوەندییەکانی نێوان کورد و تورک. ئەو ئەکتەرانەی کە ئەم کودەتایەیان کرد، ئامانجیان ئەوە بوو کە کۆتایی بە بوونی کورد بێنن. بەڵام لە مێژوو و سەردەمی ئەم دواییانەدا بە ڕوونی دیار بوو کە کورد نەبێت تورکیش نابێت، تورک نەبێت کوردیش نابێت. کۆتایی هاتنی کورد واتا کۆتایی هاتنی تورک. پەکەکە لە بەرامبەر کودەتاکەی ١٢ی ئەیلولدا، بە وشیارییەوە هەنگاوینا و ئەم پلانەی پووچەڵکردەوە. بەم شێوەیە لەوە تێدەگەین کە ئەو تێکۆشانەی کە کراوە تێکۆشانێکی ڕەوا و ڕاستە، رۆلی خۆی لە مێژوودا گێراوە. جێگای داخە کە کۆمەڵگای تورکیا ڕێگەی پێنەدراوە لەم بابەتە تێبگات. لە لایەک پڕوپاگەندە و ناشیرینکردن لە لایەن دەولەت، لە لایەکی ترەوە چەپی، سۆسیالیست، دیموکرات و ڕۆشنبیر کە نەیانتوانی بە باشی لە ژێر کاریگەری نەتەوە پەرستی بێنەدەرەوە و نەبوونی ڕێگایەکی دیموکراتیک و تێگەیشتن لەم ڕاستییە دواکەوتووە. ئێستاش بە باشی باسی ئەم ڕاستییە بۆ کۆمەلگای تورکیا نەکراوە. هۆکاری ئەمەش کەموو کورتی و گرینگی نەدانە بەم بابەتە لە لایەن تەڤگەری دیموکراتی کورد، هێزە دیموکراتییەکانی تورکیا و تەڤگەرە سۆسیالیستەکان و ڕۆشنبیران.

لە ڕووی پەیوەندی کورد و تورکەوە زۆر گرنگە باس لە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی بکات کە لە ٩ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٨ دەستی پێکرد و لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ بە دیلکردنی ئیمرالی لە١٠٠ساڵەی کۆماردا کۆتایی هات. چونکە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی یەکێک لە گەورەترین زیانەکانە لە پەیوەندی مێژوویی نێوان کورد و تورکدا ئەنجامدراوە. ئامانجی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی کۆتاییهێنان بە پەیوەندییەکانی کورد و تورک بوو کە پەکەکە هەوڵی سەر لە نوێ دامەزراندنی دەدا و نەهێڵێت ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتوویی کۆتایی بێت. ئەوەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل و ناتۆ هێزی سەرەکی داڕشتن و ئەنجامدەری پیلانەکە بوون، ئەم ڕاستییە ئاشکرا دەکات. ڕێبەر ئاپۆ بە ئاشکراکردنی ڕووی ناوەوەی پیلانگێڕیەکە و ئامانجەکەی نەیهێشت ئامانجەکە سەرکەوێت. ڕێبەر ئاپۆ ٢٥ ساڵە لە هەلومەرجی داخراوی ئیمرالی تێکوشان بەڕێوە دەبات. ئێستاش پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لەسەر بنەمای دابڕانی هەموو پەیوەندییەکانی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ جیهانی دەرەوە بەڕێوەدەچێت، ئەمەش سیاسەتێکە پێی دەوترێت گۆشەگیری ڕەها و نەبوونی پەیوەندی. هەر بۆیە ئەوەی لە ئیمرالی دەگیردرێت وپەیوەندییەکانی لە گەڵ جیهانی دەرەوە دادەخرێت ،گۆشەگیری ڕەها بەسەریدا دەسەپێنن پێوەندییەکانی تورک و کوردە. زۆر گرنگە ئەم ڕاستییە بە تایبەتی لە لایەن بیروڕای گشتی و ڕۆشنبیران و هێزە دیموکراتیکەکان و هێزە سۆسیالیست و ئازادیخوازەکانی تورکیاوە لێ تێبگەن و جەختی لەسەر بکرێتەوە و گوزارشتی لێبکرێت.

ئامانج و کردەوەکانی دەسەڵاتداریی ئاکەپە-مەهەپە، لە ڕێگەی فاشیزمەوە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی کوردە و بەو شێوەیە پێوەندی مێژوویی کورد و تورکیا بە تەواوی لەناو ببەن. ئەم ئامانجە بە کودەتا سەربازییەکەی ١٢ی ئەیلولەوە بەبنەما وەردەگرن. لە مێژوودا یئیتحادپەرەستان دەیانویست لەسەر بنەمای بە تورک کردن ئەم کارە بکەن. لە لایەکی دیکەوە ڕژێمی ١٢ی ئەیلول پلانی دانا کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی دینەوە ئەم کارە بکات. ئەمڕۆ حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە بە یەکخستنی ئەم دوو ڕێبازە هەوڵی ئەنجامدانی دەدات. ئەمەش دەریخست کە ڕژیم خراپترین و مەترسیدارترینە. ئەوان بوونی کورد وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر مانەوەی دەوڵەت دەبینن، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت چارەسەریان بۆ مانەوەی دەوڵەت بە لەناوبردنی کورددا دەبینن. هەروەها باسی ئەم ڕاستییە ناکات، بەڵکو شەڕێکی توند لە دژی کورد دەستپێدەکات و لە هەموو شوێنێک هێرش دەکاتە سەر کورد دەیانکوژن، دەستگیریان دەکەنو زیندانیان دەکەن. بەداخەوە دەتوانێ بەشەڕی تایبەت کۆمەڵگای تورکیا قەناعەت پێبدات. بەڵام لایەنێکی عەقڵانی، ئەخلاقی، ویژدانی، یاسایی نییە. ئاشکرایە کە ئەمە چەندە دوژمنایەتی کوردە، ئەوەندەش دوژمنایەتی تورکە و زیان بە تورکیش دەگەیەنێت. تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و تورک و شەڕی کورد و تورک تەنیا سوودی بۆ دەسەڵاتدارانی بیانی هەیە. ئەگینا هیچ ئەنجامێکی تر نییە. مێژوو بە بەرفراوانی ئەم ڕاستییەی سەلماندووە. ئەم ئەنجامە لە پێشهاتەکانی ئەمڕۆشەوە سەری هەڵداوە. بە شەڕ لەگەڵ کورد، نەمرۆڤ دەتوانێت ببێتە یەکەمی هەرێمی و نەتەوەیی، نە دەتوانێت تێکەڵبوونی گەلی تورکیا و تورکیادا تێک بدات. ئەم ڕێبازە بە ناچاری ئەنجامەکان پێچەوانە دەکاتەوە. وتووێژی هەرێمی، نیشتمانی و شەڕی تیرۆر کە حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە باسی دەکات هیچ پەیوەندییەکی بە ڕاستیەکانەوە نییە. ئەمه به تەواوی بۆ به دەستهێنانی ڕەزامەندی کۆمەڵگەیە له دژی کورد و له کۆتاییدا ئەو سیاسەتەی که به قازانجی دەسەڵاتدارانی دەرەوەیە. لەو بڕوایە دان کە هەموو کێشەکان بە لەناوبردنی پەکەکە چارەسەر دەکرێن. لێرەدا چەواشەکاری زۆر دەکرێت. بەڵام ڕاستیەکە تەواو پێچەوانەیە. کێشەی کورد بە پەکەکەوە دەستی پێ نەکردووە. پێش پەکەکە کێشەی کورد هەبووە. پەکەکە دروستکەری کێشەی کورد نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی کێشەی کوردە. نەبە لەناوچوونی پەکەکە کێشەی کورد چارەسەر دەبێت، نە کوردیش لەناو دەچێت.

یەکێک لەو ڕاستیانەی کە حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە بە درۆی هەرێمی، نەتەوەپەرەستی و تیرۆر دەیشارێتەوە و چەواشەکاری بۆدەکات، سوریا و ڕۆژئاوایە. کۆمەڵگەی تورک بە درۆ کە کورد لە ڕۆژئاوا دەوڵەتێک دروستدەکات، دەخەڵەتێنن و هێرش دەکاتە سەرمان و دەیهەوێت لەناومان ببات. ئەمەش بنەمای هێرش و داگیرکاری و دەستبەسەرداگرتنی سوریا و ڕۆژئاوا دروست دەکات. لە ڕاستیدا کورد لە ڕۆژئاوا دەوڵەت دروست ناکات و دوژمنایەتی لەگەڵ تورکیاش ناکات. بەپێچەوانەوە لەجیهاندا زۆرترین دۆستی گەلی تورکی ڕۆژئاوایە. لە ڕۆژئاوا پێکهاتەیەک بە تێگەیشتنی نەتەوەی دیموکراتیک دامەزراوە و برایەتی گەلان جەوهەرەکەیەتی. بۆیە دوژمنایەتی گەلی تورکیا گرێدراوە بە دوژمنایەتی گەلی کوردەوە. ئاشکرایە دەوڵەتی قڕکەری ئێستا کە ئەو درۆیانە بڵاودەکاتەوە و هەم زیان بە تورک و بە کورد دەگەیەنێت، کەواتە ناتوانێت نوێنەرایەتی تورک و گەلی تورکیا بکات.

ئێستا سەد سال بەسەڕ دامەزراندنی کۆماری تورکیادا تێپەریوە. کاتێک پرۆسەی سەدەی ڕابردوو هەڵدەسەنگێندرێت، بە ڕوونی دەردەکەوێت کە بەبێ چارەسەڕی سیاسی دیموکراتیک بۆ کێشەی کورد، دیمۆکراتیزە بوونی تورکیا مومکین نییە. کێشەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و کولتووری تورکیا و کۆمەڵگای تورکیا بەبێ دیموکراتیزەکردنی تورکیا چارەسەڕ ناکرێت. هیچ پێشکەوتنێک لە کۆماری تورکیاوە چاوەڕوان ناکرێت. سەڕبەخۆیی دەوڵەت و ئازادی کۆمەڵگا بەدی نایەت. دەوڵەت لە میکانیکی کودەتا و لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە شاراوەکانی ناتۆدا نایێتە دەرەوە. بێگۆمان دیموکراتیزە بوونی تورکیا و چارەسەڕێکی سیاسی بۆ کێشەی کورد مومکینە. کێشەی هەرە سەڕەکیش ئەوەیە کە کۆماری تورکیا ناتوانیت بە شێوازێکی دیمۆکراسی و ڕاستی نزیکی ئەم پرسە ببێت. لە ناو کۆمارێکی دیمۆکراتیک دا کورد و تورک دەتوانن لەگەل هەموو گەلانی ناو تورکیا بە شیوەیەکی دیمۆکراتیک بژین.

دەبێت بە بۆنەی تێپەربوونی سەد ساڵ بەسەڕ دامەزراندنی کۆماری تورکیا و چوونە ناو سەدەیەکی تازە سەڕ لە نوێ پێوەندییەکانی نیوان کورد و تورک هەڵبکەندرێت و پێش بخرێت، پێش خستنی پێوەندییەکان واتایەکی مێژوویی هەیە. گەلی کورد بە تێگەیشتن لەم بابەتە هەلسوکەت دەکات و ئیرادەی خۆی نیشان دەدات. کورد کێشەکانی خۆی لە دیموکراتیک بوونی تورکیادا دەبینێت و بۆ ئەمەش تێدەکۆشێت. بێگۆمان گەلی کورد چارەسەڕ بۆ کێشەکانی لێرەدا دەبینێت، باوەری پێ دەکات و لە هیچ شتێکی تر ناگەرێت. هەلوێستی تەڤگەری ئازادیشمان هەر ئەوەیە. ئەو ڕیبازە چارەسەڕییەی کە ڕێبەر ئاپۆ باوەری پێیەتی و دەیپارێزێت ئەمەیە. پێشکەوتنی چارەسەڕییەکانی ڕێبەر ئاپۆ هەم بۆ گەلی کورد و هەمیش گەلانی ناو تورکیا و هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بەسوودە و خزمەتی چارەسەڕی هەموو کێشەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەراست دەکات. پێوەندی تازەی نێوان تورک و کورد کە بە شێوازێکی دیمۆکراسیانە پێش دەکەوێت پێوەندی هەموو گەلانی رۆژهەلاتی ناوەراست خۆش دەکات. ئەمە بەواتای دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێ لە رۆژهەلاتی ناوەراست و چارەسەڕی کێشە مێژووییەکان دێت. سەدەی تازەی کۆمار بێگۆمان دەبێت لەسەڕ ئەم بنەمایە پێش بکەوێت.

بۆ بەجێ گەیاندنی ئەم ئەرکە مێژووییە، بەرپرسیارێتییەکی گرنگ دەکەوێتە ئەستۆی هێزە دیموکراتییەکانی تورکیا، تەڤگەری سۆسیالیستی، بەشی باوەڕی دیموکراتیک، ڕۆشنبیران، نووسەڕان، هونەرمەندان و هەموو ئەو چین و توێژانەی کۆمەڵگا کە لەگەڵ دیموکراسی و ئازادیدان و بێگۆمان تەڤگەری دیمۆکراتیکی کوردیش یێکێکە لە ئەوان. ئێمە داوا لە هەموو کەسێک دەکەین کە بەم تێگەیشتنە و بە بەرپرسیارەتییەکی گەورە هەلسوکەوت بکەن، پرۆسەیەکی گفتوگۆ پێش بخەن و دەست بەکەن بە سەڕ لە نوێ دامەزراندنەوەی کۆمار لەسەڕ ئەساسی پێوەندی نێوان کورد و تورک و بە هەستیاری نزیکی ئەم پرسە ببن. لەسەڕ ئەم بنەمایە بە دروستکردنی هاوپەیمانی دیمۆکراتیکی نێوان گەلان ئەم شتە سەڕبخەن، کە وەک تەڤگەری ئازادی کورد ڕایدەگەیەنین کە ئێمە هەمیشە بۆ ئەم ئامانجەمان تێکۆشان دەکەین.”