٢٨ ئەیلول ٢٠٢٣
کەجەکە: هاوڕێ سەید شۆڕشگێڕێکی گەورەبوو
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، “هاوڕێ سەید شۆڕشگێڕێکی گەورەبوو، کە بە هەڵوێست و ژیانی خۆی نیشانیدا رێگەی تێگەیشتن لە راستی ژیان و یەکگرتنی لەگەڵدایە”.
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، “لە موسڵ بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان زیاتر لە ١٠٠ مرۆڤ ژیانیان لەدەستدا و بە دەیان کەسیش برینداربوون. ئەو رووداوە ئازاربەخش و دژوارە بووە مایەی دڵتەنگی و پەژارەمان. هیوادارین ئەوانەی ژیانیان لەدەستداوە بکەونە بەر بەزەیی و لێبوردەیی خوداوەند و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاریشیان دەکەین. هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. خۆمان بە هاوبەشی خەم و ئازارەکانی خەڵکی موسڵ و عێراق دەزانین و سەرەخۆشییان لێدەکەین.
لە راگەیەندراوەکەی کەجەکەدا هەروەها هاتووە:
“لە پێشەنگانی بزوتنەوەی راگەیاندنی ئازاد و دیموکراتیک هەڤاڵ سەید ئەڤران شەهید بوو. گەلی کوردستان و رێکخراوە دیموکراتیکەکان بەتایبەتی بزوتنەوەی راگەیاندنی ئازاد و دیموکراتیک هاوڕێ سەید بە بیردەهێننەوە. هاوڕێ سەید شۆڕشگێڕێکی گەورە بوو کە بە هەڵوێست و ژیانی خۆی نیشانیدا کە رێگەی تێگەیشتن لە راستی ژیان و یەکگرتن لەگەڵ ئەودایە. لە کەسایەتی ئەودا شەهیدانی دیموکراسی و شۆڕش سەرجەمیان بە شکۆ و پێزانینی زۆرەوە بەبیردەهێنینەوە و بەڵێنی سەرکەوتن، کە بە شەهیدانمان داوە دووبارە دەکەینەوە.
دەوڵەتی تورک چەندەش هێرش بکات ناتوانێت خەڵکی قەندیلی قارەمان بترسێنێت
لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و قڕکەردا ژمارەیەک لە خەڵکەکەمان ژیانیان لەدەستداوە و برینداربوون. یەک لەو ناوچانەش قەندیلە. لەدوایین نمونەدا بە فڕۆکەی هێرشبەر گوندەکانی ئێنزێ و بۆکریسکان کرانە ئامانج. لە هێرشەکەی سەر گوندی ئێنزێدا ئۆتۆمبێلێکی هاووڵاتیان بۆردومان کرا. لە ئەنجامی هێرشەکەی سەر گوندی بۆکریسکانیش گوندنشینێک شەهیدبوو، چەند کەسیش برینداربوون. ئێمە سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدەکە و خەڵکی قەندیل دەکەین، هیوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین. دەوڵەتی تورک بەو کۆمەڵکوژیەی سەلماندییەوە کە تاکە ئامانجی کوشتنی کوردانە. ئێمە ئەو هێرش و کۆمەڵکوژیانە بە توندی شەرمەزار دەکەین و داوا لە هەموو کەس دەکەین کە خاوەنداری لە خەڵکی قەندیل بکەن، لە دژی هێرش و کۆمەڵکوژیەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێستی بەهێز نیشان بدەن. دەوڵەتی تورک زۆر توڕەیە لە هەبوونی خەڵکی قەندیل، هەربۆیە بەتایبەتی هێرش دەکاتە سەر قەندیل. لەبەر ئەوەی خەڵکی قەندیل دەستیان لە هەڵوێستی وڵاتپارێزی خۆیان هەڵنەگرتووە. بەم هێرشانە دەیەوێت داواکارییەکانی ئەوان لەناو ببات. دەووڵەتی تورکی فاشیست داگیرکەر و قڕکەر چەندەش هێرش بکات ناتوانێت خەڵکی قارەمانی قەندیل سەرکوت بکات”.