٨ ژانویەی ٢٠٢٣

کەجەکە: بە پەردەپۆشکردنی کۆمەڵکوژییەکەی پاریس بناغەی کۆمەڵکوژیی دووەم ئامادەکرا

کەجەکە لە ١٠یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ٩ی کانوونی دووەمدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و یادی سێ شۆڕشگێڕی کوردی کردەوە و ڕەخنەی لەفەرەنسا گرت بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو کۆمەڵکوژییە و ڕایگەیاند، بەم هەڵوێستەی بناغەی دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس ئامادەکرا.

هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە ١٠یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەمی پاریسدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، کە لەو کۆمەڵکوژییەدا ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز کۆمەڵکوژکران. لە راگەیەندراوی هاوسەرۆکایەتییەکەدا یادی ژنانی شۆڕشگێڕی شەهید کراوەتەوە و بەڵێنی سەرخستنی تێکۆشانەکەیان دووپاتکراوەتەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو کۆمەڵکوژییە ڕەخنە لە فەرەنسا گیراوە و ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی ئەو هەڵوێستەدا زەمینە بۆ دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس لە ڕۆژی ٢٣ی کانوونی یەکەم ئامادەکرا، کە تیایدا ئەڤین گۆیی و میر پەروەر و عەبدولڕەحمان کزل شەهید بوون.

ڕاگەیاندراوی کەجەکەدا هاتووە:

“لە ١٠یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣دا، کە لە مێژووی گەلی کورددا بە کۆمەڵکوژیی پاریس دەناسرێت، لە کەسایەتیی هەڤاڵ ساکینە جانسز (سارا)، ڕۆژبین و ڕۆناهی دا بە ڕێز و خۆشەویشتیەوە یادی هەموو شەهیدانی کانوونی دووەم و شەهیدانی دیموکراسی و شۆڕش دەکەینەوە. لە کەسایەتی شەهیدانی پاریسدا بەڵێنی سەرکەوتن دووپات دەکەینەوە، کە ئێمە ئەو بەڵێنەمان بە شەهیدەکانمان داوە.

نابێت کۆمەڵکوژیی پاریس وەک ڕووداوێکی ئاسایی هەڵسەنگێنرێت

گەلی ئێمە لە ئەوروپا لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ەوە بە بەرخۆدانی شکۆمەندانەیانەوە لێپرسینەوە لەو کۆمەڵکوژییە دەکەن. لە کۆمەڵکوژیی پاریسی دووەمیشدا هەڵوێستی تێکۆشان و بەرخودان زۆر بەهێز و شکۆمەندانە نیشاندرا. لە ٧ی کانوونی دووەمدا ئەم بەرخۆدانە گەیشتە بەرزترین ئاست. ئێمە بە ڕێز و خۆشەویستییەوە سڵاو لەو هەڵوێستە شکۆمەندانە و ڕەسەنەی گەلەکەمان دەکەین و پیرۆزباییان لێدەکەین. گەلەکەمان بە بەرخۆدان و تێکۆشانی فرە لایەنەیانەوە بە دڵنیاییەوە بە بەهێزترین شێوە ڕاستیەکان ئاشکرا دەکەن.

هەرگیز ناکرێت کۆمەڵکوژیی پاریس وەک کۆمەڵکوژی و هێرشێکی ئاسایی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. ڕێبەر ئاپۆ ئەو کۆمەڵکوژییەی لە کەسایەتیی هەڤاڵ سارا بە بەردەوامی و دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژیی دێرسیم هەڵسەنگاندبوو. دەوڵەتی تورکی بکوژ لە بە درێژایی مێژوو هەمیشە سیاسەتی نکۆڵیکردن لە دژی گەلی کورد پەیڕەو کردووە و ئەمەشی گەیاندە ئاستی سڕینەوەی جەستەیی. دەوڵەتانی جیهان و هێزە نێونەتەوەییەکان لەبەرامبەر ئەم سیاسەتەی جینۆسایددا بێدەنگ بوون، یان پشتیوانیان لەو سیاسەتە کردووە. ئەم نزیکبوونەوەیەی دەوڵەتانی جیهان بۆ دەوڵەتی تورکی بکوژ، زیاتر هانی دەوڵەتی تورک دەدات بۆ جینۆسایدکردن و پاکتاوکردنی کورد. لە ئەنجامی ئەم سیاسەتەی هاندانی دەوڵەتانی جیهان و بە تایبەتی دەوڵەتە ئەوروپییەکان دا، دەوڵەتی تورک مەودا و و گۆڕەپانەکانی کۆمەڵکوژییەکانی فراوانتر کردووە، تەنانەت لە ناوەڕاستی ئەوروپاش دا کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات. دەوڵەتی تورکی بکوژ پێشتریش ئەندامێتیی ناتۆی وەک بنەمایەک بۆ جینۆسایدکردن و سڕینەوەی کورد بەکارهێناوە.

بە ئەنقەست هێرش دەکاتە سەر ژنانی پێشەنگ

سیاسەتی جینۆسایدکردنی کورد، کردەوەکان و لێدوان و وتە فەرمییەکانی دەوڵەتی تورکی بکوژ و داگیرکەر لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، کە لە کەسایەتیی بەڕێوەبەریی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپەدا زۆر زەق و بەرچاوە، بە وتەکانی وەک، ‘ئەوەی پێویست بێت بەرامبەریان دەیکەین، ئەگەر ژن بێت یان منداڵیش’. لە ئەنجامی ئەوەدا لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەزاران ژن و منداڵی کورد کوژران. ئەم سیاسەتەی کۆمەڵکوژکردن و سڕینەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەوامە. دەوڵەتی تورکی بکوژ، کە پارتەکەمان پەکەکە بە پارتی ژنان پێناسە دەکات، زیاتر هێرشی کردووەتە سەر ژنانی کورد و پێشەنگەکانیان، چونکە ڕێبەر ئاپۆ کاتێک پەکەکە وەک بزووتنەوەی ئازادیی کورد دامەزراند، ئازادیی ژنانی کردە بنەمای ئازادی. ئەم دیالێکتیکە نەک تەنیا لەنێو ژنانی کورد، بەڵکو لەنێو هەموو ژنانی جیهان جۆش و خرۆشێکی گەورەی لێکەوتەوە و پشتیوانییان لێکرد. ئەم ڕاستییە هۆکاری سەرەکیی ئەوەیە، کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە شێوەیەکی تایبەت هێرش دەکاتە سەر ژنانی پێشەنگ.

کۆمەڵکوژیی پاریس لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣دا یەکێکە لە بەرجەستەترین نموونەکانی ئەم سیاسەتەی کۆمەڵکوژکردن و سڕینەوە. دەوڵەتی تورکی بکوژ و داگیرکەر بوونی خۆی بەستووەتەوە بە سڕینەوە و لە ناوبردنی گەلی کورد. لە ناوەوە و دەرەوە هەموو دەرفەت و تواناکان و پەیوەندیەکانی خۆی بۆ ئەم سیاسەتە فاشیستییەی جینۆسایدکردن بەکاردەهێنێت. گەورەترین بەربەستی بەردەم ئەم سیاسەتە پاکتاوکارییە، بزووتنەوەی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانە، بۆیە لە چیاکاندا هەموو جۆرە چەکێکی کیمیاوی و قەدەغەکراو لە دژی بەکاردەهێنێت. بەڕێوەبەرایی دەوڵەتی تورکی فاشیست بە کەڵک وەرگرتن لە بێدەنگیی دەوڵەتانی ئەوروپا، هێزە جیهانییەکان و هەموو ئەوانەی، کە بەرامبەر ئەم تاوانانەی دژی مرۆڤایەتی و جەنگ بێدەنگن، هێرشە پاکتاوکارییەکانی گەیاندووەتە ناوەندەکانی ئەوروپا. لە چیا، دەشت و شارەکانی کوردستان نەیتوانی بەرخودانی ئازادی بشکێنێت، بۆیە بۆ داپۆشینی بێچارەیی خۆی، کۆمەڵکوژیی سیاسیی پیس ئەنجام دەدات. دووەمین کۆمەڵکوژیی پاریس، کە لە ئەنجامی ئەو سیاسەتانەدا ئەنجامدرا، بێشک لەلایەن میتی تورکەوە ئەنجامدراوە کە بووەتە تۆڕێکی تاوان و کوشتن. هەندێک لە یەکە هەواڵگرییەکانی وڵاتانی ئەوروپاش پشتگیری لە کۆمەڵکوژییەکانی ئەم تۆڕە تاوانبارە دەکەن، یان لە بەرامبەریدا بێدەنگ دەبن.

ڕەخنە لە فەرەنسا

نزیکبوونەوەی دەوڵەتی فەرەنساش بەدوورە لە هەڵوێستی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سیادە، بە داپۆشینی یەکەمین کۆمەڵکوژیی پاریس، بە ئاشکرانەکردنی ڕاستییەکان لە دۆسیەکەدا بۆ ڕای گشتی، بناغەی کۆمەڵکوژیی پاریسی دووەمی ئامادە کرد، کە میتی تورک ئەنجامی بدات. ئەگەر دەوڵەتی فەرەنسا بۆ ڕای گشتیی ڕوون بکردایەتەوە، کە ئەنجامدەری کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ ئەردۆغان و میت و هاوکارەکانیان و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکردنایە، ئەوا کۆمەڵکوژیی دووەمی پاریس ڕووی نەدەدا. ئەم گەلە لە دژی دوژمنی مرۆڤایەتی، لەدژی داعش زیاتر لە ١٠ هەزار شەهید و زیاتر لە ٢٠ هەزار برینداریان هەیە. بێدەنگی بۆ هێرشکردنە سەر ئەم گەلە و داپۆشینی ئەم هێرشانە مانای هاوکاریکردنە لەگەڵ سیاسەت و عەقڵیەتی دەسەڵاتی فاشیستیی بکوژی ئاکەپە – مەهەپە، کە دۆست و هاوپەیمانی داعشە. هەمووان باش دەزانن، کە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە لە هەوڵی تۆڵەسەندنەوەی داعشدایە و ئەوەش بە هێرشکردنە سەر ژنان و گەلی کورد ئەنجام دەدات، کە بوونەتە سیمبول و شانازیی مرۆڤایەتی لە شەڕی دژی داعشدا.

پێویستەچالاکییە دیموکراتیکەکان بەردەوام بن

ئەگەر دەوڵەتی فەرەنسا نەیەوێت ببێتە هاوبەشی هێرشەکانی ئاکەپە – مەهەپە – داعش، ئەوا دەبێت دەستبەجێ ئەو دوو کۆمەڵکوژییە، کە لەناو سنوورەکانیدا ڕوویانداوە ڕوون بکاتەوە و ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی بڵاوبکاتەوە و بەرپرسیارانی ئەو کۆمەڵکوژییانە دادگایی بکات. تا ئەو کارە نەکرێت فەرەنسا وەک تاوانبارێک لە نێو گەلی کورد و مرۆڤایەتیدا دەبینرێت و زەمینە بۆ کۆمەڵکوژیی نوێ ئامادە دەکات، بۆیە داوا لەفەرەنسا دەکەین، کە خاوەنی بەها مرۆییەکان و بەها دیموکراسیە هاوبەشەکانی ئەوروپایە، خاوەنداری لەو بەهایانە بکات و نەیانکاتە قوربانیی بەرژەوەندییە سیاسییەکان. ئێمە داوا لە گەلەکەمان و دۆستانمان لە ئەوروپا دەکەین، کە پێشەنگایەتی بۆ هێزە دیموکراسی و ئازادییەکان بکەن، تاوەکو ئەو کۆمەڵکوژییە ڕوون دەبێتەوە درێژە بە چالاکییە دیموکراتییەکانیان بدەن.

هاوڕێ سارا لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا تفی لە ڕووی فاشیزم کرد و بووە سیمبولی تێکۆشانی ژنانی کورد، بەرخۆدانی مرۆڤایەتی و گەل، بوو بە سیمبولی ئازادی. ئەمڕۆ ژنان و ئەو گەلانەی، کە بۆ ئازادی تێدەکۆشن، سود لە خەبات و تێکۆشانی هاوڕێ سارا لە زیندان، شاخ، سیاسی و گۆڕەپانی کۆمەڵایەتیدا وەردەگرن. ئەوانەی ئەمڕۆ لەسەر هێڵی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ بۆ ئازادی تێدەکۆشن، لەسەر رێگاکەی هاوڕێ سارا درێژە بە تێکۆشان دەدەن و بەڕێوەی دەبەن.

هەڤاڵمان ڕۆژبین، لە بەدیهێنانی وتەکان و چالاکییەکانی گەلەکەمان لە ئەوروپادا خاوەندی ڕەنج و تێکۆشانێکی گەورە بوو. هاوڕێمان ڕۆناهی بە وزەی لاوێتییەوە داوای بەرخودانی بە ژنان و پیاوان و گەنجان دەدا. یادی ئەو سێ هەڤاڵە ئازیز و هێژایە، تێکۆشانی ئێمە ڕووناک دەکەنەوە.

لە ١٠هەمین ساڵیادی شەهیدبوونیاندا، ئێمە بە ڕێز و خۆشەویستی و پێزانینەوە جاریکێتر یادی هاوڕێیانی خۆمان سارا، ڕۆژبین و ڕۆناهی دەکەینەوە و بەڵێنەکەمان بۆ سەرخستنی تێکۆشانەکەیان دووپات دەکەینەوە”.